هۆشیار جەمال: لە کاتی زۆربوونی تاوانەکانی کوشتن ئەرکی میدیا چیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ژنێک خۆی کوشت، ژنێکی تر لە لایەن پیاوەکەیەوە کوژرا، گەنجێک کوژرا، پیاوێک بە دەستی ژنەکەی کوژرا، کچێک بەرگەی ئازاری نەخۆشی شێرپەنجەی نەگرت و خۆی کوشت. ئەم دێرە پڕ لە ئازارانە مانشێتی یەکەمی میدیای کوردییە بە تایبەت ئەو میدیایانەی کە زیاتر لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چالاکن، زۆرترین کاریگەرییان لەسەر هاوڵاتی هەیە و زۆر بە خێرایش هەواڵەکە بڵاودەکەنەوە، هێشتا کەسوکاری کوژراوەکان دڵنیانین هۆکارەکان چین و وردەکاریەکان چیە، ئەمان پەخشی راستەوخۆیان ئامادەیە و بێ ئەوەی حساب بۆ ئەوە بکەن کە ئەم ماڵە کەوتوون بەسەر ئازارێكی گەورە و خەمێکی گەورەدا، کە گیانلەدەستدانی کەسێکی نزیکیانە کە لە هەمانکاتدا بەشێكی ئەم کێشانە تەنها بە مەرگی ئەم کەسانە تەواو نابێت، بەڵکو زۆربەی ئەم کێشانە دەرگای چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دەکەنەوە، میدیاش بێباکانە بەردەوامە لەسەر نیشاندانی ئەم ڕووداوانە، لە کاتێکدا ئەگەر کاری میدیای بە شێوەیەکی سیستەماتیک ڕێکبخرایە و لێپرسینەوەی هەبوایە لە میدیاکان بە ئاڕاستەی پاراستنی مافی هاوڵاتی نەک بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەوانی ئەم دۆخە دروست نەدەبوو.
لەلایەکی تریشەوە بەشێكی زۆری ئەم تاوانانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم گۆڕانکاریە خێرایانەی کوردستانی گرتۆتەوە بە تایبەت خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا کە دادگاکان شاهیدی خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیان، هەروەها خراپی باری دارایی هاوڵاتیانیش کاریگەری هەیە لەسەر زیادبوونی تاوانەکانی کوشتن، کە وا ڕووداوەکان لە حاڵەتەوە دەبن بە دیاردە.بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگە قسەی لەسەربکرێت کە میدیا لە جیاتی ئەو دۆخە پر لە فەوزایی دروستی کردوە لە پێناو گواستنەوەی هەواڵیکدا، کار لەسەر لایەنێکی تری ژیانی هاوڵاتیان بکاتەوە ئەویش ڕێنمایی کردنی بەردەوامی هاوڵاتیە لە ڕێگای بەرنامەی تایبەت و ڕاپۆرتی تایبەتەوە تاوەکو هاوڵاتی کاتێک توشی کێشە بوو بچێتە لای توێژەری دروونی و دکتۆری دەروونی وە ئەو ترسەی خەڵک بڕەوێتەوە لەوەی لەلایەن کۆمەڵگاوە بە چاوێكی کەم سەیری بکرێ و تانەی لێبدری کە گرفتی دەروونی هەیە. ئەنجامدانی چەندین بەرنامەی تایبەت لەگەڵ بەرپرسانی حکومی تاوەکو ئەم دۆخە شیکاری بکرێت، چونکە بە بۆچوونی من ئەم دۆخەی تێکەوتوین لە ئێستادا جیاوازە لە ڕابردوو کە لە کاتی بوونی ڕووداوەکانی کوشتن و کێشە خێزانیەکان ڕاستەوخۆ دەبەسترایەوە بەلایەنی مادی و شەرەفەوە، بەڵام من پێم وایە زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی لە ئێستادا ماندوبونی دەروونی هەیە و کێشەی دەروونی بە بێ دەنگی بەرۆکی پێ گرتووین کە هەموو ڕۆژێک هەواڵی مەرگی هاوڵاتی سۆشیاڵ میدیا داگیردەکات کە پێویستی بە چارەسەری خێرایە بۆ ئەوی تاڕادەیەک لەم دۆخە ڕزگارمان بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت