ھوشیار ئەحمەدی: گۆرانستان” یان پیلانێکی نوێی داگیرکەران!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەڵامێ بۆ “سەی مەھدی سجادی” و جاشقەڵەمە بەکرێگیراوە ھاوچەشنەکانی.
دوژمنانی کورد ھەموو ڕێگایەکیان بۆ لێدانی کورد، نیشتمان و ئامانجە نەتەوەیی نیشتمانییەکانی تاقی کردووەتەوە، لە لێدانی سەختەوە بگرە تا چەرخی نوێ و لێدانی نەرم. ئەگەرچی لە ھەمووشیانا کورد زەرەرمەند بووە، ڕەوتی بەرەوپێش چوونی ئامانجەکانی ھێواش کراوەتەوە، بەڵام نەوێستێنراوە. بریندار بووە، کەوتووە، بەڵام نەمردووە و لە بەرەو ئامانج ھەڵکشان نەوەستاوە. ئەمانە دروشم نین، دیارن و ئەسەلمێنرێن.
بەڵام لە زقترین و ناشیرینترین پیلانەکان، بەکارھێنانی جاشقەڵەمە کوردەکانە بۆ لێدانی ڕیشەیی لە نەتەوەکەیان. لەم ڕۆژانا جاشقەڵەمێتر لە مێدیاکانی ڕێژیمەوە ھەندێ کاوێژی کاوێژەکانی پێش خۆی کردووەتەوە و بەشانازیشەوە بەناوی خۆیەوە تۆماری کردووە و پێشیوایە داھێنانێکی نوێی لە جاشایەتییا کردووە!
ئەو کەسێکە بە ناوی “سەید مەھدی سجادی” و پاشگری دوکتۆریشی لکاندووە بە پاشی خۆیەوە. لە باوڕی ئەم جاشقەڵەمەدا “کورد” ناوێکی دەستکرد و بە قەوڵی ئەو “جعلی”یە و “کوردستان”یش ناوێکە لە سەردەمی سوڵتان سنجەری سەلجوقیەوە بۆ پارێزگایەکی کوردنشین دانراوە کە دواتر لە لایەن ناسیونالیستە کوردەکانەوە، بە چۆڵەختکێی ھێزە ئێستێعمارییە ڕۆژئاواییەکان بۆ مەبەستی ئاژاوەگێڕیی و لە ژێر ناوی دەوڵەتخوازی و سەربەخۆیی خوازییا، وەک ئامراز بەکارھێنراوە.
سەی مەھدی سجادی گەرەکیە بیسەلمێنێ و بیقەبڵێنێ بە بەردەنگانی، نەتەوەیەک بە ناوی کورد و وڵاتێ بە ناوی کوردستان بوونی نیە، بە جێگای، نەتەوەیەک بە ناوی “گوران” و وڵاتێ بە ناوی “گۆرانستان” بوونی ھەس!
سەی مەھدی سەجادی لە وتارێکیا لە ژێر ناوی ” کارەساتی ھەڵبجە: پەڵەیەکی شەرم بەننێوچاوانی ناسیونالیسمی دەستکرد(جعلی) و شوڤینیسمی کوردی یەوە” پێوایە ئەوەی بە نیشتمانی کوردەکان ناسراوە و بە باوەڕی ئەو دابەشکراوی سەر (3سێ وڵات!)ی ئێران، عێراق و تورکیایە[ کوردستانی بندەستی سوریا لای ئەو چی لێ ھاتووە، موسڵمانان وتەنی “اللەاعلم”]، لە بنەڕەتا نیشتمانی نەتەوەی گۆرانە نەک کورد.
سەی مەھدی پێیوایە وشەی “کورد” لە ھیچ سەرچاوەیەکا واتای نیە، تەنیا وەک ئاماژە بۆ کۆمەڵێ کۆچەر بەکار ھاتووە کە ھاتوون و نیشتمانی نەتەوەی گۆرانیان داگیر کردووە و بە درێژایی مێژوو ئەوانیان پەراوێز خستووە و خۆیان کردووەتە جێگرەوەیان!
نە نەتیا کوردەکان، بەڵکوو ھەر کەسێ تۆزێ لەم نووسینە ڕابمێنێ و تۆزێکیش شارەزای کورد و مێژووەکەی بێ یان ھەر نا، کتێبخانەشی دەست نەکەوێ، تۆزێ شارەزای ئینتێرنێت بێ و گەڕانێ بە ناو گوگڵا بکات، گومان لە ساغ بوونی نووسەر ئەکات و پێی وایە یان مێشکی تێکچووە، یان بەردەنگەکانی خۆی پێ شێت و گێل و نەزانە.
یەکێ لەو سەرچاوانەی جێگا متمانەی مێژوونووس و لێکۆڵەرانە، “گزنفون” فیلسوف و مێژوونووسی یونانییە کە 2400 ساڵ پێش ئێستا ژیاوە و ناوی “کردۆ”ی بۆ ناساندی کۆمەڵێ مرۆڤ بەکارھێناوە کە بە ئاماژەکانی ئەو، کوردەکانی ئێستان.
ھەر “گزنفون” لە باسی گەڕانەوەی دەھەزار کەسەکەدا، ئەو خەڵکە بە “کوردۆک” یان “کاردۆخ” ناو ئەبات. بە بڕوای میرشەرەفخانی بدلیسی، کورد کە ناوی نەتەوەیەکە، وەک ناسناوی جەنگاوەری و پاڵەوانیەتی بەکار ھاتووە.
لە بەڵگەنامەکانی شارستانیەتی “ماری” دا کە چوار ھەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاون، ئاماژە بە دەوڵەت شارێ بە ناوی “کوردا” کراوە لە باکووری موسڵی ئێستادا.
فێردیناند ھێنر بیشلێر نووسەری کتێبی “ڕەچەڵەکی کورد” لەو باوڕەدایە ڕیشەی ناوی کورد “سومڕی”ە و لە زۆر شوێن لە کەتیبە و نووسراوەکانی سومڕی، بابلی و ئاشوری دا وەک خەڵکانی “کرتو” ئاماژە بۆ کوردەکان کردوە کە لە دێرینترین دانیشتوانی زاگرۆس بوون.
“ئاریستۆ بلۆس” لە فەرماندەکانی ئەسکەندەری مەقدونی ئاماژە بە خەڵکانێ ئەکات بە ناوی “کاردۆ ” کە دانیشتووی ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا بوون و ڕووبەڕووی سپاکەی بوونەتەوەو تێکیان شکاندووە.
لە کتێبی”کێوە نەناسراوەکانی ئاوێستا یان جوغڕافیای ڕۆژئاوای ئێران” لە نووسینی “عمادالدین دولتشاھی” دا ھاتووە؛ کە زەڕتوشت 2700 ساڵ پێش دێتە ناوچەی پاوەی ئێستا[لە ئاوێستادا بە “پوە” ناوی ھاتووە] دانیشتوانی ئەو ناوچەیە خەڵکانێ بوون بە ناوی (کرتە، کرتی یان کرتو).
ئێسترابۆن جوغڕافیناس و مێژوونووسی یۆنانی ، لە کتێبی جوغڕافیای ژێردەسەڵاتی ھێخامەنشییەکانا ئاماژە بە نیشتمانی گوردیان ئەکات کە ھەمان کوردستانی ئەمڕۆیە. جراڵد ڕایۆر لە کتێبی “کورد لە سەرچاوە کۆنەکانا” ئێژێ: کوردەکان لە سەرچاوە جوراوجۆرەکانا وەک کاردۆ، کوردۆئینی، کوردیایوس، کوردیایا، کورتی و… ناو براوە.
ابن خلدون لە کوردەکان وەک گەلێکی سەربەخۆ ناو دەبات کە لەگەڵ عوممەری کوڕی خەتاب، خەلیفەی موسڵمانگەلا شەڕیان کردووە.
ابن وحشی لە کتێبی “شوق المستهام فی معرفه الاقلام” دا ئاماژە بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ ئەکات کە خاوەنی ئەلوفبێی زمانی بوون. بێجگە لەمانەش، ھەر شاھنامەی فێردوسی دا(گەرچی من شاھنامە بە شێوێنەری ڕۆڵی کورد ئەبینم و پێموایە کاوەی ئاسنگەر وەک جاشەکوردێ ڕۆڵی ھەس) لە چەندین جێگادا بە ڕوونی وەک نەتەوەیەک (بە قسەی ئەوان قەوم)ێکی سەربەخۆ ئاماژە بە کورد ئەکەن و ڕەگەزی کاوەی ئاسنگەر بۆ کوردەکان ئەگەڕێنێتەوە:

کنون کُرد از آن تخمه دارد نژاد
که ز آباد ناید به دل برش یاد

لە جێگایەکی دیکە ئێژێ:
بپویید کاین مهتر آهرمنست
جهان آفرین را به دل دشمن است

همی رفت پیش اندرون مرد گُرد (کُرد یا پهلوان)
جهانی برو انجمن شد نه خرد»

یان شاوەیس قولی کە ساڵی 810ی کۆچی ژیاوەو شاعێرێکی یارسان بووە، چەن جوان ھەر بە بنزارێکی دیالێکتی گۆرانی ئاماژە بە ڕەچەڵەکی کورد بوونی خۆی ئەکات:

ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد
بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد
من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی گورد
سلسلەی سپای زەحاک کەردم ھورد

یان سەرنج بدەنە خانای قوبادی شاعێری ناوداری کوردی لەدایکبووی ساڵی ١٧٠٠ی زایینی، چەن جوان وەک نەتەوەخوازێ باسی زمانی خۆی(کوردی) ئەکات:

ھەرچەن مواچان فارسی شەککەرەن
کوردی عەلاو من، بەس شیرینتەرەن
مەعلومەن جە دەور، دونیای پڕدئەندێش
دڵشادەن ھەر کەس، وە زوانو وێش

جودا لەمانەش، زمانی کوردی وەک زمانی نەتەوەیی، بە ھەموو پێوەرە زمانی و زانستییەکان ئەسەلمێنرێ کە بە کۆمەڵێ دیالێکت و شێوەزارەوە یەکێ لە زمانە دەوڵەمەنەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانە. ھەر لەو پەیوەندییەدا لە پلەبەندییەکی زمانە گرینگەکانی دونیادا، زمانی کوردی ئەکەوێتە پلەی سی و یەکەمی ھەشتا زمانی گرینگی دونیاوە.
ئیدی باسی دۆزرانەوەی پاشماوەی ئێسک و پروسکی بەشەر لە ئشکەوتی شانەدەر و نیشتمانی کوردەکانا با بمێنێ کە بەڵگەیە بۆ بوونی ژیان لە ٦٠ ھەزار ساڵ لەمەوپێشەوە لە نیشتمانەکەیانا.
لە چەندین نووژراوەدا باس لەوە کراوە، کوردەکان سەردەمانێ کە خەتی بزماری باو بووە، بەو خەتە پیتەکانی خۆیان نووسیوە. “نلدکە” زمان ناسی ئاڵمانی ئێژێ: ئەگەر کەتیبەگەلێ لە کوردەکان پەیدا بکرێ، بێگومان وێدەچێ وەک کەتیبەی ھێخامەنشییەکان بچێ.

احمد ابی‌بكر وحشیه نبطی كلدانی لە کتێبی (شوق المستهام فی معرفه رموز الاقلام) دا ئێژێ:
نزیکەی سەدای دەھەمی پێش زایین، کەسێ بە پێی پیتە ئەبجەدییەکان، ئەلفوبێیەکی بە ناوی (ماسی سورات) داھێناوە، لەو کاتەوە کوردەکان بەو پیتانە نووسیویانە. بە بڕوای ئەو ئەو ئەلفوبێیە بەو ئەلفوبێیە ئەچێ کە دواتر لە سەدەی شەشەمی زایینی دا داھێنراوە و ناوی زمانی ئاوێستایی لێ نراوە.
مینۆرسکی سەبارەت بە گرینگیی زمانی کوردی ئێژێ:” زمانی کوردی بناغەیەکی جێگیر و قاییمی بەڵگەمەندو مێژوویی ھەیە کە ئەگەڕێتەوە بۆ زمانەکانی مادی و سکایی.
پڕۆفسور محمد ئەمین زەکی بەگ، بە ئاماژە بۆ شەرەفنامە، زمان کوردی دابەشی زارەکانی کرمانجی، گۆرانی، کەلھوڕی و لوڕی ئەکات.
مامۆستا تۆفێق وەھبی، زامنی کوردی بە چوار دیالێکتی سەرەکیی کرمانجی، لوڕی، گۆرانی و زازایی دابەش کردووە.

زانا فارقینی سەروکی ئەنستیتۆی کورد لە ئیستانبوڵ، سەبارەت بە زمانی کوردی ئێژێ:
ئێمە بە پێی لێکۆڵینەوەی گرووپی لەگەڵ چەندین زانای جیھانیی بواری زمان، لەسەر زمانی کوردی، بەو ئەنجامە گەییشتووین، ئەگەری ھەس، زمانی کوردی نزیکەی 1500 ساڵ پێش، لە زمانەکانی ھیندوئۆروپایی جودا بووەتەوە و زمانگەلێ وەک ئینگلیسی و فارسیش، نزیکەی 800 ساڵ پێش لەو گروپە زمانییە جودا بوونەتەوە.
دوکتۆر “کامران بەڕواری”ش لە زانکۆی دھۆک جەخت ئەکاتەوە کە کوردەکان ئاری بوون و زمانی کوردی تەمەنێکی 5000 ساڵەی ھەس. ئاماژەش بەوە ئەکات کە ئەم زمانە لە قاڵبگەلی جۆراوجۆرا ۆۆکراوەتەوە و ئەسەلمێنرێ. ئەو تەنانەت جەخت لەوەش ئەکاتەوە، یەکەم پەرتوکی نووسراوی جیھان “گلگەمیش” بە زمانی کوردی نووسراوە.
ھەر نەشمانھەوێ بۆ ڕابردوو و مێژوو بگەڕێینەوە، ئەتوانین بە پێی تواناییەکانی ئێستای زمانی کوردی کە پشت ئەستوورە بە پاشاخانێکی وشەیی و زاراوەیی و کولتوریی زمانی، بە پێی زانستە زمانییەکان بە دونیا بسەلمێنین، زمانی کوردی نە تەنیا لە زمانی داگیرکەرانی لاوازتر و کەمتر نیە، بەڵکوو لە بەتایبەت زمانەکانی فارسی و تورکی گەلێ بەھێزترە. بەڵام ڕاستییەکەتان گەرەکە، نووسینەکەی جاشقەڵەم “سەی مەھدی سەجادی” ، بەگشتی شایانی وەڵام نیە. چونکی زمانی دەربڕین و داڕشتنەکەی ئەو، زیاتر بە زمانێکی شاڕلاتانی و لۆمپێنیستانە ئەچێ تا زمانێکی زانستی، ئەدەبی ، مێژوویی ئاکادێمیک. ئەو لە نووسینەکەیا بە جێی بەڵگاندن و فەکت ھێنانەوە، وەک کەسێکی شەڕەجنێوکەری ھەمبانە بۆشی سەر کۆڵانی، پەنا ئەباتە بەر جنێو، بێڕێزی، بوختان، درۆ و سووکایەتی. بە شێوەیەک کە زۆر ڕووھەڵماڵراوانە کوردەکان بە سەگ و ناسیونالیستەکان بە توولەسەگ و کوردە گۆرانەکان بە توولە ناو ئەبات. بەڵام بۆ ئەوەی خوێنەری کورد زیاتر پیلان و مەبەست و ئامانجی داگیرکەران و بەکرێگیراوەکانیانی بۆ ڕوون ببێتەوە، بەرپرسیارانە پێویستە وەڵامێ بەگشتی بۆ ئەم ھەمبانەبۆشانە ھەبێ و ماڵە پووشینەکانی ئامانجیان بە با بدات.
دیارە ئەمە یەکەم جاشقەڵەم و بەکرێگیراو نیە ، ھەوڵی لەم چەشنە ئەدات، بە دڵنیاییشەوە دوایین کەس نابێ. پێشتریش لە بابەتی دیکەدا باسم کردووە، ساڵانی سەرەتای 2000 بوو، لە بەرنامەی ھانەڕەنگینەی تەلەوزیۆنێکی پەکەکەوە ، ئازاد نەقشبەندی بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە کەسێکەوە کرد لە پاوە بە ناوی “مەنسوور سەلیمی” ، ئەوی وەک خوێندکاری ماستێری زانکۆی مەشھەد ناساند. لەسەر تێز ، واتە نامەی ماستێریەکەی قسەی لە تەکا کرد، ناوونیشانی نامەی ماستێریەکەی بەم چەشنە بوو؛”ھەورامی زمانە، نەک زاراوە”، ئەم بابەتە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی کرابوو، بە پلەی بەرز وەک نامەیەکی سەرکەوتوو وەرگیرابوو، بە وتەی نووسەر، ھەر لە لایەن ڕێژیمەوە بڕی 4000 دانەی وەک پێشەکی لێ چاپ و بڵاو کرابووەوە و قەولی پێ درەبوو زیاتری لێ چاپ بکرێ. بەمەشەوە نەوەستابوون، لە شاری پاوە ناوەندێکیان بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بۆ دانابوو.
یان چەند سال لەمەوبەر لە باشووری کوردستان، جەماعەتێ نزیک بە 250 واژۆیان کۆکردبووەوە و دابوویانە پەرلەمان، گوایە ئەیانھەوێ فیدراڵی فەرھەنگی بدرێ بە ھەورامان و ھەورامییەکان. با حاشا لەوە نەکەین، زاراوەی ھەورامی وەک ئەشێ، خزمەتی نەکراوە، کاری بۆ نەکراوە، زاراوەیەک کە ساڵانێ زمانی نامەنووسین و بەڵگە و دێکیۆمێنت نووسینی ئەمارەتی ئەردەڵان بووە، زاراوەیەک کە زاری نووسینی دەیان گەورە شاعێری کورد بووە و دەیان شاھکاری ئەدەبیی پێ خوڵقێنراوە. بەڵام ئەمانە نابێ ببنە ئامراز بۆ بەکارھێنران لە لایەن داگیرکەرانەوە بۆ دابڕاندنی ناوچە، خەڵک، شێوەزار و جوغڕافیا لە کوردستان ، بە مەبەستی ئاژاوەخستنە ناو ڕیزە شپرزەکانی کورد و کەوتنە باوش داگیرکەران.
دوکتۆر “حەمەعەلی سوڵتانی”ش ھەر یەکێ لەوانەیە کە لە خزمەت خامنەیی دا لە کرماشان، لە وتاری بەخێرھێنانیا، بە مەبەستی خۆشخزمەتی و دڵخۆشکردنی ئاغاکەی، کورد ئەکاتە کاڵایەک و ئەیخاتە خزمەت فارسچییەتی، ئێرانچیەتی و ئیسلامچییەتیەوە.
ھەزاران بەڵگەی دەرەکی و ناوخۆیی، ھەزاران بەڵگەی لێکۆڵەرانی شەرقی و غەربی ڕەسەنایەتی کوردی وەک کورد و نیشتمانەکەی وەک کوردستان سەلماندووە، ھەمووشیان وەک بەڵگە تۆمار کراون، لەم نووسینەدا ئاماژەم بە زقترینەکانیان کرد. بەڵام ئەو جاشقەڵەمانە بە ھەمانەی بەتاڵەوە گەرکیانە کۆمەڵێ خەڵکی سادە و خۆشباوڕ ھەڵخڵەتێنن و بیانخەنە خزمەت ئامانجەکانی داگیرکەران.
شاراوەش نیە، ڕێژیم لەم سیاسەتی ئاژاوەنانەوە بەردەوام کەڵکی خۆی وەرگرتووە، زقترین شێوازی کەڵک وەرگرتنیشی لە کات و ساتی شانۆەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و شورای شار دایە. بۆ ئەم مەبەستە لەو شارانەی خەڵکی ھەورامی و ئەردەڵانی یان سۆرانی تێکەڵ بوون. ڕێژیم بەردەوام چەند پاڵێوراوی سۆرانی،ئەردەڵانی و ھەورامیی پەسەند ئەکردو لە ڕێگای دەستەکانی خۆیەوە، بە مەبەستی کێشانی خەڵکەکە بۆ سەر سنۆقەکانی دەنگدان، شەڕێکی ناشیرینی لە نێوانیانا ساز ئەکرد و سەرکەوتنێکی باشی لە ئامانجەکانیا بە دەست ئەھاورد. بێجگە لەوەی خەڵک بە لێشاو ئەھاتنە سەر سندۆقەکانی دەنگدان، بەڵکوو بە حەماسەتێکی تایبەتی دژبەیەکەوە ئەھاتن، کابرای سۆرانی یان ھەورامی ئامادە بوو، داپیرە کەنەفتی ناو جێگاکەی بە کۆڵ بباتە سەر سندۆقەکانی دەنگدان، تا بە سەر بەرامبەرەکەیا سەرکەوێ. دەیان قسەی ناشیرین دەیان دروشمی زبر و جنێو و بوختانیشیان بەیەک ئەکرد.
ڕێژیم لە شانۆەکانی ئەمجارەی ھەڵبژاردن بە تەواوی بێ ھیوایە، زۆربەی بەرپڕسانی نزم و بەرزی ڕێژیم نایشارنەوە، ترسیان لە بەشداری نەکردنی خەڵک بە ھیچ فێڵ و تەڵەکەیەک ھەس. گومانم نیە کە یەکێ لە گرینگترین ھۆکار و ئامانجەکانی ئەم جۆرە ھەوڵ و تەقالایەی جاشقەڵەمە کوردەکانیش ھەر لە خزمەت ئەو ئامانجەی ڕێژیم دایە.
لە کۆتاییا، جاشقەڵەمە کوردەکان پێویستە بزانن، چەکەکەی ئەوان فرە لە چەکی جاش پاسدارە چەکدارەکان کاریگەرتر و کوشەندەترە. گومانیان نەبێ، ڕۆژێ دادێ ئەوان وەک خائینێ بە نەتەوە و نیشتمانەکەیان لە دیوانی گەلا ئەبێ وەڵامدەر بن و سزای تاوانەکانیشیان وەرگرن. ئەو ڕۆژە دێر یان زوو، ھەر دێ.
_ نووسینەکەی جاشقەڵەم”سەی مەھدی سجادی” بە فارسی بوو، ئامانجیش ئەوەیە یەکەم لەوانەیە کوردی نەزانێ، لەوانەشە بزانێ بەڵام لەبەر نەفرەتی لە نەتەوەکەی، ئامادە نەبێ بە کوردی بنووسێ، یان لەوانەیە زمانی فارسیی ھەڵبژاردبێ چونکە ڕووی دەمی زیاتر لە فارسەکان بێ، ئاخر ئەو کاوێژانەی ئەو تەنیا ئەتوانن خۆراکی مێشکی پەسڵەھێنراوی خۆی بن، زبڵ و زاڵی وا ناتوانێ ببێتە خۆراکی ھیچ مێشکێکی ساغ و خاوێن.
منیش زمانی کوردیم ھەڵبژارد، چونکی ڕووی دەمم لە نەتەوەکەی خۆمە. پێموایە نەتەوەکەی خۆم بڕیاردەرە لە چارەنووسی خۆی نەک داگیرکەر و بێگانە و دوژمن.

_ تێبینی: من مێژووناس و مێژوونووس نیم، بەڵام گرینگیی بابەتەکە ناچاری کردم بێ ھەڵویست نەبم. ھیوامە ئەم بابەتە ببێتە ھاندەرێ کە شارەزایان و پسپۆڕانی مێژوو، کەمتەرخەم نەبن لەم بوارەوە و قۆڵی ھیمەتی لێ ھەڵماڵن و کاری پسپۆڕانەتر، شارەزایانەتر و بابەتیانەتر لەسەر ئەم پیلانە بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت