بەهمەن تاهیر نەریمان: کۆمەڵی نمایش، کۆمەڵی دووڕوو.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە یەککاتدا، چوار ڕووداو لەگەڵ یەکدا دێن (بەربونەوەی قورئانێک لە ئۆتۆمبێلێک، سەمای دوو گەنج، هێرشی تورکیا بۆ ناوچەی هەستیاری هەرێمی کورستان، گرانبوونی بەنزین)، دوو دیاردەیان خەڵکیی دەهەژێنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داگیردەکات (بەربونەوەی قورئانەکە و سەمای دوو گەنجەکە)، دوانەکەی تر کەسێکی وای نەهەژاند.
بەڕاستیی بەنزین گرانبوو، کەس دەنگی لێوە نایەت، بەڕاستیی تورکیا هاتوەو خاکت داگیردەکات، کەس فەززە ناکات. بەدواداچوون بۆ بابەتی قورئانەکە کرا، لانی کەم ئەوە ڕوونکرایەوە بەئەنقەست نەبووە(هەرچی بێت بابەتەکە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی بۆ گیرا و ڕوونکرایەوە). دوو گەنجەکەش هێنرانە سەر شاشە و بابەتەکەیان ڕوونکردەوە و داوای لێبوردنیان کرد، کاردانەوەکان گەشتنە ئەوەی کۆمەڵێک پارێزەری دینی داوای فەرمییان لە دادورەی گشتی کرد و سکاڵایان بەرزکردەوە. کۆمەڵێک خەڵک چونە هەمان شوێن و نوێژی تەروایحیان کرد.
سەماکە خۆی، بەشێوەیەکی فەرمیی پێی دەگوترێت (نمایش)، واتە لە بوارە هونەرییەکەدا تەواو ئەوە ڕاستە کە بوترێت: دوو گەنج نمایشیان کرد. هیچ لە ئاستی بابەتەکە ناهێنێتتەخوار و وەسفی وەسفکراوێکە وەک خۆی و نمایشیی هونەرییەو تەواو.
قورئان دڕاندنەکە، ڕوداوێکی ڕاستەقینەبوو، دەرکەوت نمایش نەبوو(گریمان ئەوە قبووڵدەکەین)، بەڵام کاری ئەو خاتونە لە پۆپۆلیستی بەدەرنەبوو، زۆر ئاسایی دەی توانیی پەڕەکان کۆبکاتەوە و بێدەنگبێت، پەرستشێک بێت لەنێوان خۆی و خودادا، بەڵام هاتوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دای بەزاند و چاوپێکەوتنیشیان لەگەڵ کرد. ئەمەش نمایشێکی پۆپۆلیستانەی بە کارەکەی ئەو خاتونە دا و نەی توانی وەک پەرستشێکی پوخت لەنێوان خۆی و خودادا بی هێڵێتەوە. بۆیە ئەنجام بویە بەشێک لە نمایش، نمایشیک بۆ خۆعەرزکردن، نەک نمایشی هونەریی هونەرنواند.
بەنزین گرانبونەکە، هەقیقییە، دەتوانیت هەر ئێستا بچیت و سەرێک لە بەنزینخانەکان بدەیت، بۆت دەردەکەوێت، بەنزین فڕیوە و نەک هەر ئاگردەکاتەوە، چەخماخە دەدات، کۆمەڵ بۆ ئەم بابەتە هیقیقییە ناهەژێت و ناهەژێت.
هاتنی سوپای تورکیا هەقیقەتە، هیچ لاموجیمی تیانییە، نمایش نییە، هاتووە و بۆشی بکرێت ناگەڕێتەوە، کەچی کۆمەڵی باشوری کوردستان موی نابزوێت، هەست ناکات خاک ناموسییەتی، نەبای دیوە و نە بۆران، بۆ؟ زۆر بەئاسانی، چونکە هەقیقەتەو نیمایش نییە.
دنیای هەقیقی و دنیای ناو زمان دوو دنیای جیاوازن، زمان هەرگیز ئاوێنەی بێخەوشی دنیای مادیی نییە، بەڵکو ئەو دنیایەیە کە قسەکەر، گوێگر، کلتور، بەرژەوەندیی، کۆمەڵ، ئایدیۆلۆژیا ڕۆڵیان لە ماناپێدانی دا هەیە. بەڵام دنیای واقعی مادیی، وەک خۆی ڕوودەدات، هەر کە چووە ناو زمانەوە، ئیتر دەگۆڕێت و دەبێت بە دنیای زمان، لێی زیاددەکرێت و لێی کەمدەکرێتەوە، دەگۆڕێت و دەستکاریی دەکرێت.
سەمای دوو گەنج، بەئاسانیی دەچێتە ناو زمانەوە، دەستکاریی واتاکانی دەکرێت و لایەنگرانە خۆ نمایاندەکاتەوە و هەرگیز بێلایەن نابێت. لای هەندێ کەس بابەتێکە هەڕەشە لە بەهاکانی کۆمەڵ دەکات. کەچی هەمان بابەت، لا خەڵکی تر، هونەرەو هونەریش پڕە لە جوانی و لیریک. ئەها مادام سماکردنەکە هاتە ناو زمانەوە، چۆن دوو ڕوی تەواو جیاواز، بۆ یەک ڕوداوی واقعی دروستبوو؟ دنیای ناو زمان، ئاوایە، وێنەی دەستکاریکراوی ناو واقعە، نەک واقع وەک خۆی بێت.
بەڵام بەنزینگرانبوون یەک ڕوی هەیە، ئەویش کاردەکاتە سەر ژیانی گشتیی و جگە لە خاوەن بەنزینخانە و حوتەکانی بیرەنەوەتەکان، هەموو خەڵکی زەرەرمەندن و زیان بە بەرژەوەندیی گشتیی دەگەیەنێت. تێگەیشتن لەوەی گرانبوونی بەنزین زیان بە هەموان دەگەیەنێت ئاسانە، کەچی کۆمەڵی کوردی، وەک کۆمەڵێکی نیمایشپەرست، ئەم ڕووداوە هەقیقییە نای هەژێنێت و موی غیرەتی ناجوڵێت.
لە فەلسەفەی دیندا یەکێک لە ئەرکە گەوهەرییەکانی دینی زیندوو، دینێک کە ئایکۆنەکانی نەبوون بە بت، دادپەروەریی لای مەتڵەبی قووڵ و گەوهەرییە، کاتێک بەنزین گران دەکرێت، دەبێت دیندارە نمایشنەکەرەکان داوای دادپەروەریی بکەن و بێنە سەرشەقام و جیهادیی (نەچەوساندنەوەی هەژاران)بکەن. ئەمە ناکەن، چونکە لەم ئاستەدا دین لە نمایش دەردەچێت و دەبێتەوە بە خۆی، دەبێتەوە بەو دینەی نمایش و نیفاق دەکوژێت. لەجێی ئەوە، دێت و لەجێی نمایشی سەماکەدا، ئەویش لە لوتکەی نمایشکردنێکی ناهونەریدا، نمایشی نوێژ دەکات، دێت و پرسی دادپەروەریی دادەپۆشێت و پرسی نمایشکردنی ناهونەرییانەی سروتێکی دینی دەکات بە کاڵا و بە خۆی و بە دەوروبەرەکەی دەفرۆشێتەوە، چونکە دیندارەکان کەوتونەتە ناو نمایشکردنەوە و لەوە بونەتەوە بەشوێن پرسی دادپەرەوەریی و بەرژەوەندیی گشتییەوە بن.
ئەم جۆرە دیندارییە، دیندارییەکی پتەو نییە، ئەو جۆرە دیندارییە ئیبراهیمییە نییە، کە دێت و بتەکان دەشکێنێت و پرسیار دروستدەکات، بەڵکو ئەو جۆرە دیندارییە ترسنۆکانەیە کە وارسی بتخانەکەیە و دەڵێت (ئەگەر خاوەنی کردەن، بیان سوتێین و خواوەندەکەتان سەربخەن). ئەو جۆرە ئیمانە ئیبراهیمییە نییە کە دێت و ڕووبەڕووی شەپۆلی دینداریی باو ببێتەوە، بەڵکو دێت و شوێن قەرەباڵخیی دەکەوێت، ئەو جۆرە دیندارییە ئیبراهیمییە نییە بە ئەزمونی دینیدا ڕۆشتبێت و خۆی بێت و پرسیار لە پیرۆزییەکان بکات و بیربکاتەوە، بەڵکو ئەو جۆرە دیندارییەی پەرستگەکانە کاری پۆلیس دەکات و باری قائیم دەپارێزێت و بیرکردنەوەی بە باوان و مێژوو و کلتوری باو سپاردووە.
ئەمان شەڕ بۆ خوای بەهێزی دادپەروەریی ناکەن، بەڵکو شەڕ بۆ خواوەندی لاوازیی نمایشکردن دەکەن و بە شەڕی خوای پێغەمبەرە پرسیار وروژێنەرەکان پێمان دەفرۆشنەوە، ئەمان نمایشی ساختەی خوا گەورەکە دەکەن، نەک چیرۆکی دادپەروەریی هەقیقی ئەو بگێڕنەوە، ئەمان میراتگری کاهینەکانی مەعبەدی باون، نەک میراتگری پێغبەرەکان بن، کەچی بەناوی ئەوانەوە بە خەڵکی دەفرۆشنەوە. ئیمانی ئەمان ئیمانی بەهێزی ناوەکی نییە، بەڵکو ئیمانێکە لەسەر قاڵ و مۆدێلی سەردەم کاردەکات، دەکرێت چاوەڕیی ئەوە لەم جۆرە کۆمەڵەیە بکەین، گەنجەکانی لەدەوربەری نمایشی سەماکە چەپڵە بۆ سەماکەرەکان لێبدەن، لەگەڵ نوێژخوێنەکانی هەمان شوێنیش نوێژ دابەستێت، بێگومان نوێژی نمایش، نەک نوێژی نوێبوەنەوە(نوێژ: نوێ+یەژ(نوێ+وتن)).
نمایشکردن سەرتاپای کۆمەڵی لاواز دادەپۆشێت، نەمایشی هونەریی نا، بەڵکو نمایشی نیفاق و دووڕویی، کۆمەڵی لاواز، هونەریی ناوێت، بەڵکو نمایشی ساختەی پڕ لە نیفاقی قبوڵە. نمایشێک بەکۆمەڵ شوێنی بکەون(یدخلون في دین للە افواجا)، ڕەنگیشە بە کۆمەڵ لێی درەبچن، نمایشێک پرسە هەقیقییەکان داکاتە قوربانیی نمایشکردنی ساختە.
ئەم جۆرە دیندارییە نمایشکارە، بەخۆی بزانێت یان نا، بەرهەم و تەواوکەری دەسەڵاتی گەندەڵە، هیچ دژی نییە، بەڵکو پارێزەری یەکترین. دەکرێت نمایشکارانی دینی، خەڵکی هەژار و نەدار بن، بێئاگاشبن لەوەی دەسەڵاتی گەندەڵ تەواودەکەن، چونکە لەسڕبونێکی ئایدیۆلۆژیی ترسناکدان، دەبێت ئیبراهیمێک بێت و بتەکانیان بشکێنێت، تا ساتێ، بەخۆیان و بە دیندارییەکەیان، هۆشیارببنەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت