ھوشیارئەحمەدی: کۆکوژیی ئەرمەنییەکان و بەکارھێنانی ئامرازیی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەکارھێنانی شارێ کوردی، بۆ کوشتارێ. ڕووداوێ کە بە شاراوەیی ماوەتەوە.
چووینە پۆلی قۆناغێک لە فێربوونی زمانی ئەڵمانی، دەبوا خۆمان بناساندبا، لە پۆلەکەمانا یەکێ خۆی بە ھاووڵاتی تورکیا ناساند. من خێرا وەک تورکێ حەسابم بۆ کرد و لای خۆمەوە وتم جا خۆت حازر بکە بۆ شاخ بە شاخ بوون تەک فاشیستێ ترا. ئاخر ئەزمونم ھەبوو، شتی وام زۆر لە ئڤڵمان تووش بوون.
لە ھەمووی ناخۆشتر ناسناوەکەی بوو، ناسناوی “گورگ بۆز”ی ھەبوو، واتە “گورگی خۆڵەمێشی”، ئەمە لای ھەموو کەسێ کە تورک بناسێ، واتە تورکێکی بە مێشک و خوێن فاشیست.
ئاخر تورکەکان لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا بە درێژایی چەندین پشتیان، بە شێوازی سیستماتیکی، وایان بارھێناون، وەک گاکانی گابازیی ئیسپانیا، بێ بیرکردنەوە بەرامبەر وشەی کورد، کوردستان، کوردی و مرۆڤی کورد شێتانە ھەستیارن و تەنانەت ھەشیانە شێتییەکەی ئەگاتە ڕادەیەک ناتوانێ خۆی کۆنترۆڵ بکات و ھەرچی بە مێشکە فاشیستییەکەیا بێ، نایگێڕێتەوە.
کەوتە نۆبەی منەوە، جوان و پۆخت خۆم وەک کوردێ لە نەتەوەی کورد، بێ دەوڵەت و بە ناچار ئێرانی خۆم ناساند. چاویشم لە ناوچاو کابرا بوو، دیتم ھەستیار نەبوو و بە ئارامی چاو لە پێش خۆی ئەکات.
کاتی یەکەم پشوو داھات، ھاتە لام و خۆی وەک کوردێ ناساند و دڵخۆشی دەربڕی کە منیش کوردم. بەڵام ھیچ کوردیی نەئەزانی. بە ئاڵمانی وتم باشە تۆ چ کوردێکی ناسناوی گورگ بۆزت ھەس؟!
وتی با بۆت باس بکەم. ئەو خەڵکی شاری “قارەمان ماراش”ە Kahramanmaraş، ئەو شارە لە بنەڕەتا شارێکی کوردییە. بۆ خۆی ناوی “مەرعەش” بووە، بەڵام پاش کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان، ناسناوی “قارەمان”ی پێدراوە.
ئەو کوڕە ئەیوت: تەواوی کەسوکارم لەوێن، مێژوو و کارەساتەکانی دەمبەدەم ھاتوون، خەڵکی ئەو شارەی ئێمە، لە لایەن سوپای عوسمانییەوە دوو بژاردەی خراوەتە بەردەم:
1- یان دەبێ سەرجەم نێرینەکانی لە 14 ساڵ بۆ سەرەوە چەک ھەڵگرن و فرمانەکانی سوپا جێبەجێ بکەن کە کوشپاری ئەرمەنییەکانە.
2- یان خۆیان و کەسوکاریان وەک ئەرمەنییەکان و وەک دوژمنی ئیسلام و خەلافەتی عوسمانی ئامادەی مردن بن و ھەرچییەکیان ھەیە دەستی بەسەرا ئەگیرێ.
بە وتەی ئەو، پاش ئاگاداریی خەڵکی شار لەو پیلانەی عوسمانییەکان، شەوانە ھەوڵی ڕاکردن لە شارەکە و پەنابردن بۆ گوند و چیاکان ئەدەن، بەڵام تەواوی ڕێگاکان پێشتر گیرابوون و بۆسەیان لێ نرابووەوە. بۆیە سەرجەم ئەوانەی ڕایانکردووە، ئەگیرێن و بێ سین و جیم ئەکوژرێن.
خەڵکی شار کە بەمە ئەزانن، بەشێکی ناچار بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان لەگەڵ سوپا ئەکەون و ئەوانەش کە ئامادە نابن، وەک ئەرمەنییەکان کۆمەڵکوژ ئەکرێن. بە وتەی ئەو، ئەم ڕووداوە لە ھیچکوێ نە تۆمار کراوە و نە بە بەرینی و ئاشکرا باسیش کراوە.
بۆیە سوپای عوسمانی لە کوردەکان وەک ئامرازێ کەڵکی وەرگرتووە و دواتڕیش بۆ ئەوەی بەردەوام وەک بەڵگەیەکی سەلمێنەری مێژوویی لە دەست ھەبوونی کوردان لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانا بمێنێتەوە، ناسناوی “مەرعەشی قارەمان⁄ کارامان ماراش” یان بەو شارە بەخشیوە ۆ لەمەش خراپتر، لە سەردەمی ھاتنەسەرکاری ئاتاتورکیشا ھەر کەڵکی ئامرازییان لێوەرگرتن و ناسناوی “گورگ بۆز”واتە گورگی خۆڵەمێشی یان بەسەرا بڕین.
کوڕە مامۆستای فیزیک بوو لە تورکیا، ماڵە خەزووری لە ئاڵمان بوون، ئەویش ھاتبوو، نەگەڕێتەوە. بۆیە بەردەوام لە پرس و ھەوڵا بوو بۆ لابردنی ئەو ناسناوە لەسەر خۆی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت