حەسەن ڕازانی: خەڵکی کوردوستان نە مەڕجەعی دەوێ و نە پێویستیشی پێیەتی.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خەڵکی کوردوستان پێویستی بە ئیدارەو یاساو دەستوورێکە کە: مافەکانی بپارێزێت، ژیان و هەلی کاری بۆ بڕەخسێنێت. ئارامی و ئاساییشی بۆ دەستەبەر بکات. خەڵک دەیەوێت هەقی کارو مووچەکەی بە تەواوی بدرێتێ، وەک و هاووەڵاتی سەیر بکرێت و خاوەنی ڕێزو حوڕمەت بێت. خەڵک دەیەوێت ئەو ئیدارەو یاساو دەستوورە عەدالەتی کۆمەڵایەتی جێبەجێبکات، دزی و گەندەڵی کۆتایی پێ بهێنێت، ژن کوشتن بنەبڕبکات، شەڕی براکان لە دژی یەکتر هەلنەگیرسێنێت. دەیان و دەیان شتی تر کە خەڵک بەدوایانەوە وێڵەو پێویستی پێ هەن . بەڵام خەڵکی کوردوستان بێجگە لەبەرژەوەندخوازان و بازرگانانی نێو بارودۆخی گەندەڵیی هیچ کەسی تر بەدوا بوونی مەڕجەعەوە وێڵ نییەو نایەوێت.
خەڵکی کوردوستان دەبینێت کە پەڕلەمان و حکومەتێک هەیە. ئێ دەباشە لێگەڕێن با ئەو پەڕلەمانەو ئەو حکومەتە ببن بە پەڕلەمان و حکومەتی ڕاستەقینەی خەڵک، لەو سەری کوردوستانەوە بۆ ئەو سەرو لاکەی تری. با یاسا دەربکەن و توانای جێبەجێکردنیشیان هەبێ. نەک دێگەڵە ببێتە سنوور و خاکەکەیی و خەڵکەکەشی بەسەر زۆناندا دا دابەش بکرێن. جا ئەو کاتە ئەو پەڕلەمانەو ئەو حکومەتە بە پێی دەستوورو یاسا دەبنە مەڕجەع. دەبنە مەڕجەع بۆ هەموو خەڵک بە دیندارو بێدینیەوە، بە تەواوی نەتەوەو ڕەگەزەکانەوە، بە هەموو ڕەنگەکانییەوە، بۆ تەواوی بیروڕای سیاسی جیاوازیش و…،…، هتد، کە نیشتەجێی کوردوستانن و هاووەڵاتی و هاونیشتیمانین.
پێناسەی سادەو کورتی مەڕجەعی نەتەوایەتی و سیاسی و نیشتیمانی بۆخەڵکی کوردوستان، بە بڕوای من، بریتییە لە: لێوەشاوەترین و دەراو پاکترین و راستگۆترین کەس لەگەڵ خەڵکی کوردوستان. بەڵام بە پێی ئەو پێناسەیە تا ئێستا لە نێو ئەوانەی کەدیارو ماوون کە بیانەوێت خۆیان وەک مەڕجەعی سەرتاسەری بێ زۆنی و بێ دێگەڵەیی نیشان بدەن، مێژوو پاڵپشتییان لێ ناکات. خەڵکی کوردوستانیش لە مێژوو بە ئاگان و دوێنێیان لەبیرە. تەماشا هەڵوێست و دیدی هەر یەکێکیان بکەی لە دژی ئەوەی تریاندا ئەم مێژووەت بۆ پشتڕاست دەکاتەوە.
ئەگەر هەر بێت و بەرژەوەندخوازانی هەبوونی مەڕجەع وەک شتەکانی تر بیسەپێنن بەسەر خەڵکی کوردوستاندا، ئەوە دڵنییا بن کە ئەویش دەبێتە بارگرانییەکی تر بۆسەر داهاتی گشتی خەڵکی کوردوستان و بەهەدەردانی سەروەت وسامان لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە دەبێتە بنکەو سەرچاوەو مۆڵگایەکی تر بۆ حەواندنەوەی لەشکرێکی تری بندیواری.
بۆیە: خەڵکی کوردوستان هیچیتر ناتوانێت بەرگەی ئەوهەموو نەداری و نەهامەتییە بگرێت. خەڵکی کوردوستان دەیەوێت وەک ئینسانێک لە وڵات و نیشتیمانی خۆیدا بە ئازادانە بژیت. نیشتیمانی لێ نەکرێتە دۆزەخ و بەندیخانەیەک ، لەباتی مانەوە تێیدا هەوڵی ڕاکردن بدات لێی.. خەڵک دەیەوێت ژیانێکی شیاوی هەبێت. وە ئێستا خەڵک لەو ژیانە شیاوە و لەو ژیانە ئینسانییەی کەمە. ئێستاو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە مەڕجەعی کەم نییە و بۆیە ناشیەوێت. خەڵک دەیەوێت کەسێک و بنەماڵەیەک و لایەنێکی سیاسی نەبێت لەسەرووی یاساو حکومەت و دەستوورەوە بڕیار بدات و حاکم و قسە بەدەستی کۆتایی بێت..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت