ھوشیار ئەحمەدی: رامانێ لە چەمکی خەیانەت یان ناپاکی نیشتمانی.

خەیانەت کە لە کوردیدا یەکسانە بە ناپاکی، وشەیەکی عەرەبییە کە چاوگەکەی(خَوًن)ە و ئاماژەیە بۆ(خيانة) کە زیاتر بە مانای بەڵێن و پەیمان شکێنی نھێنی و ژێربەژێر و پەنامەکی و لەپشتەوە وەرسووڕان و زەبر لێدان لە لایەن کەس یان لایەنێکەوە دێ بەرامبەر کەس یان لایەنێکی دیکە کە لەو پێوەندییەدا ئەو دوو کەس یان لایەنە بە ھاوپەیمان دۆست و ھاوڕێ و ھاوئامانج و ھاوبەرژەوەندیی بەحیساب دێن. جۆرەکانی خەیانەت بە رادەی جۆرەکانی رەھەندی ژیانی مرۆڤەکانن، بەڵام زقترین جۆرەکانی خەیانەت، کۆمەڵایەتی، خێزانی، ھاوڕێیەتی، و بەرچاوترینیان نیشتمانی و نەتەوەیین.
خەیانەت یان ناپاکی شکاندنی بەڵێن و پەیمانە بە شێوەیەکی یەکلایەنە و نابەرپرسیارانە و کردنە قوربانی بەرژەوەندیی گشتە بۆ بەرژەوەندی تاک یان لایەن و بەش. قۆناغی پاش ئەو کردەوەیە ھەمیشە بە بونیاتنانی دوژمنایەتی و دڵشکان و نیگەرانی و دڵگرانی و تووڕەیی و بێزاریی لایەنی خەیانەت لێکراو دەست پێ ئەکات.
لە کولتووری تەواوی نەتەوەکانی جیھانا خەیانەت بە کردەوەیەکی نەشیاو و دوور لە ئەخلاق و دژەبەھا ناسراوە. خەیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی زقترینیانە کە لە زۆربەی کۆمەڵگا و نەتەوەکانا بە دوژمنکاری دائەنرێ و سزاکەشی مردنە و رووەکەی دیکەشی کە ھەر دژ بە نەتەوە و نیشتمانە، بە کردەوەی دژەئاسایشی و ئەمنیەتی نەتەوە دێتەھەژمار و نمونەشی لە ھەموو وڵاتانا ھەبووە و ھەیە.
ئەم دیاردەیە لە ناو میلەتی ئێمەدا بەرامبەر بە نەتەوە و نیشتمان شتێکی زق و دیارە. ریشەی خەیانەت لە ناو نەتەوەی ئێمەدا زۆر قووڵ رۆچووە، بە ئاستێ کە ھەزاران پەند و چیرۆک و شێعر و بەند و گۆرانی و رۆمان و…ی لەسەر بونیات نراوە.
زقترین خائینان لە ناو میلەتی ئێمەدا ئێستا جاشەکانن. ھێڵی سووری سنووری خەیانەت و ناپاکی جاشایەتییە. بەڵام خائینتر لەوان ئەو کەس و لایەن و ھێزانەن کە وانیشان ئەدەن لە خزمەت نەتەوە و نیشتمانەکەیانان، بەڵام بۆ بەرژەوەندییەکی کورتبینانەی ھێزیی و لایەنیی خۆیان لەگەڵ دوژمنانی نەتەوەکەیانا، خەیانەت بە نەتەوە ۆ نیشتمانەکەیان و ھێز و لایەنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دیکە ئەکەن.
بۆ ئەم جۆرە خەیانەتە نمونەی دوور و نزیکمان زۆرن و دەبێ راشکاوانە و روون ئاماژەیان پێ بکەین و بیانخەینەڕوو بۆ ئەوەی ببنە وانە بۆ داھاتوانی نەتەوە و نیشتمانەکەمان و ببنە پەند بۆ ئەوانەی کە بیری خەیانەت و خەیانەتکاریی لە مێشک و باوڕیانا گەرا ئەکات.
بابەتی تیرۆرەکەی 17ی سەرماوەزی دەروازەی کۆیە کە تێیدا سێ کادری رێبەری و دوو پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات بە دەست کوردان بۆ داگیرکەران تیرۆر کران، نمونەی زقی بابەتی خەیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانییە و ھیوادارم لەم پێوەندییەدا ئەوانەی ئاگاداری رووداوە نەشیاوەکانی ھاوچەشنی ھاوچەرخی بزاڤی کوردین، ھەر لە خەیانەتی سەرۆک عەشیرەکانەوە بە کۆمار و رێبەرایەتییەکەی تا کوشتنی رێبەرایەتی حیزبی دیمۆکرات و تەسلیم کردنەوەی تەرمەکانیان بە ساواک و شەڕی قیادە موەقەتە دژ بە ھێزە رزگاریخوازەکانی رۆژھەڵاتی پاش روخانی رێژیمی پاشایەتی ئێران تا ئەگاتە تیرۆری بەرفراوانی شۆڕشگێڕانی رۆژھەڵات بە ئاشکرا و نھێنی بۆ کۆماری ئیسلامی لە ژێردەسەڵاتی یەکییەتی نیشتمانیدا و قۆڵ و چاوبەست کردنی کادرو پێشمەرەگەکانی حیزبی دیمۆکرات لە سەر خوانی میوانداری لە لایەن تیرۆریستانی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە و تەسلیم کردنەوەیان بە ئیتلاعاتی ئێران و تۆپبارانی 12 سەعاتیی بارەگاکانی حیزبی دیمۆکرات لە کۆیە بە چاوساغیی یەکییەتی نیشتمانی و… هتد، ھەر ھەموو دەبێ بکرێنە بابەتی لێکۆڵینەوەیی و بە روونی بخرێنە بە دیدی نەسڵی ئێستاو داھەتوومان.
ئەمە بەرپرسایەتییە و ئەکەوێتە سەرشانمان. شان خاڵی کردن لە ژێری، چاوپۆشییە و ئەمانکاتە شەریکی خائینان.

تێبینی یەکەم: ھەرکام لەو لایەنانەش کە ئاماژەیان پێ کراوە، ئەتوانن بۆ پاک بوونەوەیان لەو تۆمەت و تاوانانە، بەجێی رووگرژ کردن و ھەڵبەزینەوە و ھەڕەشە ۆ گوڕەشە و بێڕێزی، دان بە تاوانەکانا بنێن و داوای لێبوردن لە نەتەوەکەیان و لایەنی خەیانەت لێکراو بکەن و تاوانبارانی زیندوو بکێشنە پای یاسا و دادپەروەرانە دادگاییان بکەن و ماف بگێڕنەوە بۆ مافخوراوەکان، بەتایبەت حکومەتی ئێستای ھەرێم کە دەسەڵاتی دادی ھەیە و بەپایبەتیتر یەکییەتی نیشتمانی کە نزیکەی 500 شۆڕشگێڕی رۆژھەڵاتی کوردستان لە زۆنی ژێردەسەڵاتی ئەواندا بۆ حەز و بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کران.

تێبینی دووھەم: ئەم نووسینە را و بۆچونی تایبەتی خۆم وەک تێکۆشەرێکی نەتەوەخوازی کوردە.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies