لاوک کونجرینی: هەڵوێستی یەکێتی لەسەر چونی عه‌بدوڵاى كوێخا موباره‌ك بۆ ناو پارتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێک لەسەرکردە هەرە باڵاکانی ناو یەکێتی، کاتێک هەواڵی چوونی عەبدوڵای کوێخا موبارەک دەبیستێت بۆ ناو پارتی، لەوەڵامدا دەڵێت: قەت ئەوە قبوڵ ناکرێت، دوومەڵێک لەسەر جەستەمان هەڵتۆقێت.

پیادەکردنی دیموکراسی،  بە فەنتازیای حیزبەکان و لەگەڵ هۆشیاریی خەڵك، پردێکی لێکتێگەیشتن و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی فەراهەم دەکات. حیزب جگە لە بەرنامە چوارساڵییەکەی بۆ کارکردن لەسەریی، کارەکتەری شیاو و خۆشەویست  و ڕاستگۆ بە خەڵکی دەناسێنێت  و، هەموو ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی دەدات بەپێی بەرنامەو کات، ئەگەر سەرکەوت، جێبەجێی دەکات. چوونکە هەوڵ دەدات ڕاستگۆ بێت بۆئەوەی بۆ چوارساڵی تر بێبەڵێنی توشی شکستی گەورەی نەکات. کەواتە ڕایەڵەی گەیاندنی حیزب بە دەسەڵات پەیوەستە بە ئەرک و بەرنامەو بەڵێن. ئەم جیهانە لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە، چوونکە حیزبەکانی لەمەڕ ئێمە هێندەی تێگەیشتنیان بۆ شەڕی براکوژی هەیە، نیو هێندە تێگەیشتنیان بۆ جیهانی دیموکراسی نییە. ئەم جنجاڵە بەناو سیاسییە، کۆمەڵێک فاکتەری دەرەکی و ناوخۆیی دروستی کردووە. دوو نمونەی پچووک:

1- کاتێک 31 ئاب ڕوودەدات و یەکێتی تێک دەشکێت بەدەستی هێزەکانی سەدام و پارتی، لەپەرچەکرداری یەکێتی بۆ سەر هێزەکانی پارتی، پارتی بەتەواوی تێکدەشکێت بە ئاستێک لە هەولێریش هیچ بەرگرییەکی نامێنێت، هێزەکانی یەکێتی دەیانەوێت بەتەواوی هەولێریش بێ بەرگری کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام بە پەیامێکی تاڵەبانی لە دێگەڵە ستۆپ دەکەن و دەبێتە سنوری نێوان زۆنی سەوز و زەرد.

2- لە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، هێزەکانی ئەمریکا سەرەتا لەنێوان چوارقورنەو دووکان، بە هێلیکۆپتەر هەڵدەکوتنە سەر  کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی مامۆستا عەلی باپیر و قۆڵ بەستیان کردوو لەگەڵ خۆیان بردیان.

هەر دوای چەند مانگێک غەزعەلیش سەرۆکی عەصائبی ئەهلی حەقە، بەهەمان شێوەی عەلی باپیر ڕاپێچی زیندانەکانی خۆیان کرد،  پاش چەند مانگێک لە شۆڕدنی مێشک و  بیریان، ئینجا وەک هەموو سەرکردەکانی کوردو  عێراقی پەلوپۆیان کردن. کەواتە وەک کورد وتەنی، ئەم دوو سەرکردەیە باڵدار بوون نەک وەک ئەوانی تر بێ پا.

ئەوانەی لە ڕابردووی حیزب و شۆڕشی گەلی کورد تێنەگەیشتوون، لە ژورێکی بێدەنگ و ئارام، بەدەم خواردنەوەی کافییەک، بیربکەنەوەو بزانن شۆڕش چۆن سەریهەڵداو لە کوێ دامەزراو چۆن شکستی دەهێناو هەڵدەسایەوەو، سەرچاوەی بوونی کێ بوو؟، ئەوسا بۆیان دەردەکەوێت شۆڕشی کورد سینارۆی دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان بوو بۆ مەبەستی زەمەن بەرێکردن بۆ زەمەنێکی تر. کەواتە ئەوانەی لە ناوشۆڕشدا بوونە سوتەمەنی: بەداخەوە نەبوون بەسووتەمەنی بۆ ڕزگاری نیشتمانی، بەڵکوو خودی شۆڕشەکە ئامانجێکی تری لەدوا بوو، هەمووشمان لە مەقۆلەی خوا لێخۆش بوو” مستەفا بەرزانی” نەگەیشتین، کە وتبووی: کاری من کۆتایی هات.

ئێستا زەمەنێکە، بەدوای ڕاپەڕین، جەولەیەکی شەڕی ناوخۆ و، هێزیك دوای 40 ساڵ جارێکی تر، پێش لەشکری داگیرکەر کەوتوو، زەمەنی دووبارەکردوە بۆ کوشتنی براکانی. ئیتر زەمەنیکی تر هاتە پێشەوە، سینارۆی ڕیفراندۆم و ئینجا 16 ئۆکتۆبەر، بەدوای ئەمانەدا بۆ سینارۆکانی تر تێگەیشتنی زۆریی دەوێت. ئەوەی تێی دەگەین هەموو سەرانی شۆڕش و دەسەڵاتی ئەمڕۆ، تەنها بەکار دەهێنرێن و زەمەنیان پێناشرین دەکەن. تاڵانی و گەندەڵی و ناپاکی و تیرۆر تا دەگاتە ئاستێک دەبنە دەسەڵاتێکی قێزەوەند. هەموو ئەم وانانە خۆیان خاوەنی نین، بەڵکوو هێزێکی ئامانجدار پێیان دەکەن.

گەر لە ڕابردووی شۆڕشەکانی کورد گەیشتین، گەر لەسەرانی کورد گەیشتین، ئەوا لە زۆنی سەوز و زەردیش دەگەین. ئەوسا لەوە دەگەین، کاتێک فەرەیدون جوانڕۆیی پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی یەکێتی دەبەستێت، بەناشرین شێوە تیرۆری دەکەن. کاتێک ڕۆشنبیر و ڕوناکبیر فەلەکەدین کاکەیی، گلەیی و گازندە دەگەیەنێتە مەسعوود بەرزانی لەڕووی ئیداری و سیاسیەوە، پەرداخێک شەرابی مەرگی بە قورگدا دەکەن.  پارێزگاریی هەولێر” فرسەت سۆفی” تەنها بۆ داوایەک، نەخێریی وت، دەبێ بەرگی مەرگی بەبەردا بکرێت.

وەک دەڵێن: ئەم هەموو شێر و ڕێوییەم بۆ ئەوە هێنایەوە، تەنها بۆ باسی چوونی عه‌بدوڵاى كوێخا موباره‌ك بوو بۆ ناو پارتی، چوونکە چەند ڕۆژێکە باس باسی ئەم زاتەیە بۆ ناو پارتی. بەڵام قسە لەسەر ئەوە نەکرا ئەویش تەنها بەرخۆرێکی زەمەنێکەو کۆتایی دێت. زەمەنێکە نە سەرانی کورد و نەحکومەت و  پەڕلەمان خاوەنی پچوکترین ئیدیای نین، خۆشیان بەشێکن لە جێبەجێکردن نەک بڕیار دەر.

لە بەشێکی نوسینێکیدا عه‌بدوڵاى كوێخا موباره‌ك  بەناونیشانی” شەهید نازم حەمەی سڵێمان” وادەنوسێت:

تا ئیستا کەم کەسی سنوری ئیمە ئەزانێ بۆچی شەهید نازم چوە ڕیزەکانی یەکێتی لە کاتێکا ئەو بە فەرماندەیەکی هەرە دیاری پارتی ناسرابو لە کوردستاندا، بەڵام دوو هۆکار هەبو کە ئەو بیر لە دووبارە پارتی بون نەکاتەوە.

یەکەم/ وەک لە سەرەوە باسم کرد ئەو نیگەرانبو لەو هەوڵەی ماڵی مەلا مستەفا بۆ تیرۆرکردنی

دوەم/ ماوەیەکی کەم پێش دەرچونەدەرەوەی شەهید نازم بۆ ناو پێشمەرگە ئەوەبو مەفرەزە خاسە جاشەکانی چەمچەماڵ چونە سەر گوندی مامڕەش و چەند پێشمەرگەیەکی یەکێتیان شەهید کرد و تەنانەت بزماریشیان لە نێوچەوانی شەهیدەکان داکوتا کە شەهیدەکان ئامۆزا و خزمی شەهید نازم بون، ئیتر شەهید نازم زۆر نیگەرانبو بەو کارە و ئەو ڕەیس جاشانەش کە هەندێکیان سەرلق و سەرپەلی بەردەستی مامم نازم بون لە کاتی پارتی دا ئەیان زانی شەهید نازم لێیان خۆش نابێت و ڕۆژێ هەر تۆڵەیان لێدەکاتەوە، بە خەیاڵی خۆیان وستویانە خۆیان بە شەهید نازم بناسێنن و لێیان ببورێ هەنگاوێکیان ناوە، هەنگاوەکەشیان ئەوە بووە نامەیەک لە بنەماڵەی بەرزانی لە ئێرانەوە ئەنێردرێ بۆ مامم نازم و دوای سەرەخۆشی و ڕێزوحورمەت داوا لە مامم دەکەن کە لەو ڕەیس جاشانە خۆشبێت چونکە ئەوانە هەر سەرلق و سەرپەلەکانی جارانی پارتین بەڵام ئەمڕۆ ئەوان خەباتی شار دەکەن بۆ لە ناوبردنی جەلالیەکان، ئیتر شەهید نازم بە تەواوی لە پارتی نا ئومێد ئەبێت و وڵامیان ئەداتەوە کە ئەو جاشایەتی ناکات و بۆ گیانی ئەو جاشانە ئەچێتە ناو یەکێتیەوە.

من ئەم نوسینەم چەند ڕۆژێکە بەرچاو کەوتووەو لەوەو پیش نەم بینییوە، گەر بم بینیایە، بۆچوونی خۆم وەک ئێستا لەسەر ئەم زاتە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەنوسی، لەبەر ئەوەی تەواوی نوسینەکە وەک پاکانەو خۆبردنەپێشەوەیە بۆ پارتی، یان ئەو ساتەی ئەم نوسینەی نوسییوە لە ژێرەوە پارتی بووەو دیسانەوە پاکانەیە بۆ پارتی، بەڵام بە دیوێکی تردا کە دەڵێت: مامی شەهید نازمی حەمەی سڵێمان” پارتی بووەو هەر پارتیش بووە، بەڵام زەمەن بردوویەتییە ناو یەکێتی.

بەم نوسینەدا خەڵکی هۆشیار بەوردی بیخوێنێتەوە بۆی دەردەکەوێت زەمەن و پێداویستی کات و بەرژەوەندی حیزبی ئەم برادەرەی کردۆتە گۆڕان و دەرچوون و هاتنە دەرەوەو ڕەخنەو گازندەکانی هی خۆی نەبووە، بەڵکوو دەبێت وا بڵێت و وابکات، چوونکە بەکارهاتووە، نەک خاوەنی پێگەی خۆی بووبێت.

بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و پارتی نە هی پارتییە نەهی یەکێتی، بەڵکوو دەبێت وا کار بکەن تا بەرژەوەندی هی تر بپارێزن، ئەم نێوەندە بە 16 ئۆکتۆبەر لەرەی پێ نەکەوت، بە تیرۆری عەبدوڵای کوێخا موبارەک، هیچ ئاڵوگۆڕێک دروست نابێت، چەند ڕۆژیک ساردی دەکەوێتە نێوانیان، بەڵام دواتر لەپیشتر بەهێزتر دەبێت. ئەوەی ئەم سیستەمەی لەهەرێمی کوردستان داڕشتووە هی کورد نییە، بەڵکوو وەک ژمارە وایە، یەک و یەک دەکاتە دوو. تۆ سەیر بکە ئەم هەرێمەی کوردستانی لەمەڕ ئێمە، نە دەبێتە دەوڵەت و نە دەبێتە خواردەی دەوڵەتانی داگیرکەر، هەمووشیان وەک دەولەت مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

بۆیە تکایەکم لە بەڕێز ” عەبدوڵای کوێخا موبارەک” ـە، بۆتە پارتی پیرۆزی بێت، با بەخۆی و ماڵ و منداڵییەوە هەر ئەمڕۆ نەک بەیانی بگوێزێتەوە بۆ هەولێر، چوونکە پێش ئەوەی ئەو بەیانی بوونی پارتی بکات، پارتی بێخەمی لە کوشتنی داڕشتووەو چەند دەقە شمشاڵەکەی بۆ ئامادە کردووە. یەکیتیش دومەڵێک لەسەر جەستەی قبوڵ ناکات، وەک ئەو سەرکردە باڵایەی یەکێتی وتوویەتی.

تەواوی نوسینەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک.

شەهید نازم حەمەی سڵێمان

بۆچی بنەماڵەی بارزانی ویستیان تیرۆری بکەن لە ساڵی ۱۹۷٥؟

بۆچی شەهید نازم پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتیەوە کرد و نەبوەوە بە پارتی لە ساڵی ۱۹۸۳؟

چی لایەنێ شەهیدیان کرد و هەوڵی چەواشەکردن و خۆڵکردنە چاوی بنەماڵەی ئێمە و خەڵکی عەشیرەتی شوانیاندا؟

ئایە هەقی منە گلەی لە خزمە پارتیەکانم بکەم کە کەوتونەتە دوای بکوژی ئەم مامەیەم؟ یان هەقی ئەوانە کە چەند ڕۆژێکە زۆر گلەی دەکەن لەو قسانەی من لە سەر پارتی دەیانکەم؟

مامەم نازم فەرماندەیەکی دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بو تا ئاش بەتاڵی ساڵی ۱۹۷٥ و چونیان بەرەو سنورەکانی ئێران، لەو سەردەمەدا شەهید نازم داوا لە ماڵی مەلا مستەفا دەکات کە ئەو نایەوێ کوردستان چۆڵ بکات و بەو هێزە چەند سەد کەسیەی لەگەڵی دایە ئەمێنێتەوە وەکو پارتی زان و چالکی دەکات بەڵام بە بیستنی ئەم قسەیە بنەماڵەی بارزانی گڕ ئەیانگرێ و ئەڵێن دیارە نازم ئەیەوێ دوای ئێمە شۆڕش دروست بکات، بۆیە هەر بۆ شەوەکەی بەرنامەی تیرۆر کردنی دا دەنێن بەڵام وەکو باسم کرد شەهید نازم هێزێکی باش و دڵسۆزی خۆی لەگەڵدا بوە و بە هاوکاری ئەو هێزە توانیوێتی ڕزگاری بێت لە دەستیان. گەر هەڵە نەبم ئەم ڕوداوە لە پێنجوێن بووە.

تا ئیستا کەم کەسی سنوری ئیمە ئەزانێ بۆچی شەهید نازم چوە ڕیزەکانی یەکێتی لە کاتێکا ئەو بە فەرماندەیەکی هەرە دیاری پارتی ناسرابو لە کوردستاندا، بەڵام دوو هۆکار هەبو کە ئەو بیر لە دووبارە پارتی بون نەکاتەوە:

یەکەم/ وەک لە سەرەوە باسم کرد ئەو نیگەرانبو لەو هەوڵەی ماڵی مەلا مستەفا بۆ تیرۆرکردنی.

دوەم/ ماوەیەکی کەم پێش دەرچونەدەرەوەی شەهید نازم بۆ ناو پێشمەرگە ئەوەبو مەفرەزە خاسە جاشەکانی چەمچەماڵ چونە سەر گوندی مامڕەش و چەند پێشمەرگەیەکی یەکێتیان شەهید کرد و تەنانەت بزماریشیان لە نێوچەوانی شەهیدەکان داکوتا کە شەهیدەکان ئامۆزا و خزمی شەهید نازم بون، ئیتر شەهید نازم زۆر نیگەرانبو بەو کارە و ئەو ڕەیس جاشانەش کە هەندێکیان سەرلق و سەرپەلی بەردەستی مامم نازم بون لە کاتی پارتی دا ئەیان زانی شەهید نازم لێیان خۆش نابێت و ڕۆژێ هەر تۆڵەیان لێدەکاتەوە، بە خەیاڵی خۆیان وستویانە خۆیان بە شەهید نازم بناسێنن و لێیان ببورێ هەنگاوێکیان ناوە، هەنگاوەکەشیان ئەوە بووە نامەیەک لە بنەماڵەی بەرزانی لە ئێرانەوە ئەنێردرێ بۆ مامم نازم و دوای سەرەخۆشی و ڕێزوحورمەت داوا لە مامم دەکەن کە لەو ڕەیس جاشانە خۆشبێت چونکە ئەوانە هەر سەرلق و سەرپەلەکانی جارانی پارتین بەڵام ئەمڕۆ ئەوان خەباتی شار دەکەن بۆ لە ناوبردنی جەلالیەکان، ئیتر شەهید نازم بە تەواوی لە پارتی نا ئومێد ئەبێت و وڵامیان ئەداتەوە کە ئەو جاشایەتی ناکات و بۆ گیانی ئەو جاشانە ئەچێتە ناو یەکێتیەوە.

لە ساڵی ۱۹۸۳ مامم نازم لە شەڕێکدا لەگەڵ پارتی لە قەندیل شەهید بو لە بەرامبەریشدا لە ناو پارتی حەسۆ میرخان کوژرا، ئیتر دوای شەهید بونەکەی پارتی لە ڕادیو و هەواڵەکانیانەوە کەوتنە چەواشکردنی خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی بنەماڵەی ئێمە و ناوچەی شوان و ئەیانوت گولەی ئێمە ڕوناکاتە نازم حەمەی سڵێمان و ئێمە شەهیدمان نەکردووە و یەکێتی خۆی ئەوەی کردووە بە قسەی ئەوان شەهید نازم بەردەوام لە هەوڵدابووە مەجالێکی بۆ ڕێک بکەوێت و بێتە ئێران و ناو پارتیەوە، ئەمە لەکاتێکدا شەهید نازم چەند ڕۆژێک بو لە ئێران گەڕابۆوە کە یەکێتی بە پۆلێ پێشمەرگەوە ناردبوی بۆ هاوکاری حیزبی دیموکراتی ئێران.

من لێرەدا چەند پرسیاێک ئەکەم

یەک ئەگەر وابو بۆ لەو سەفەرەی ئێران نەچوە ناو پارتی؟

دوو ئەی بۆ هەر لە سەرەتاوە لە چەمچەماڵەوە سواری سەیارەیەک نەبو بچێتە سەیسایەق و لەوێوە بچێتە شاخی سورێن خۆ پارتی لەوێ هەبو؟

سێ کاتێ چوە ناو یەکێتی بۆ یەک سەر هاتەوە سنوری چەمچەماڵ و کەوتە گیانی ئەو ڕەیس جاشانەی کە پێشتر باسمانکرد و چەند جاشێکی لێیان کوشت و بە دیلگرت خۆ ئەو لە لایەن بنەماڵەی بارزانیەوە ئاگادار کرابووە کە ئەوانە هەر پێشمەرگەی پارتین و بەس بۆ جەلالی کوشتن لە شارماونەتەوە.

ئەم ماوەیە زۆربەی خزمە پارتیەکانم چ بە سەردان و چ بە تەلەفون گلەی ئەوەیان لێکردوم کە گوایە من قسە لە سەر پارتی نەکەم لە بەر حورمەتی ئەوان من لێرەوە بە خزم و دۆستانم بە تایبەتی خەڵکی ناوشوان لە ناو پارتی ئەڵێم ئەم بابەتانەی من پەیوەندی بە سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی ئەم هەرێمەوە هەیە و هیچ پەیوەندیەکی بە ڕوە کۆمەڵایەتیەکەوە نیە و تا ئەم کاتەیش خزم و دۆستانم لە ناو هەموو لایەنەکان لە جاران زیاتر لێم نزیکن و دڵی کەسیانم نەڕەنجانووە بە شەخسی.

بەڵام لەمڕۆ بە دواوە و لە ڕوی کۆمەڵایەتیەوە گلەیم لە هەر خزم و ناوشوانیەک هەیە کە ببنە داکۆکی کار و شوێن کەوتەی بکوژی

شەهید نازمی ڕەمزی کوردایەتی و خەبات

شەهید نازمی ڕەمزی بنەماڵەکەم

شەهید نازمی ڕەمزی ناوشوان

شەهید نازمی مامم

عەبدوڵای کوێخا موبارەکە

۸-۱-۲۰۱٦

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت