دڵشاد خۆشناو: ئێوەن مەترسی بۆ سەر سیادەی خاک و وڵات.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بڕیارەکەی دادگای هەولێر و پاشان پەسندکردنی لە دادگای پێداچوونەوەی هەولێر، لە بڕیاری دادگاکانی وڵاتی تورکیا سەبارەت بە هەمان کەیس توندترە.
ئەو یاسایەی رۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی بادینانی پێ سزا دراوە بریتییە لە مادەی 156 لە یاسای ژمارە 111ی ساڵی 1969ی عێراقی و هەموارکراوی ساڵی 2003 پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
یاساکەی عێراق بەم شێوەیەیە: هەرکەسێک بە ئەنقەست هەستێت بە ئەنجامدانی کارێک بەمەبەستی زیانگەیاندن بە سەروەری ولات یان یەکپارچەیی خاکەکەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێندرێت.
هەمان یاسای لەژێر ناونیشانی یاسای ژمارە‌ 21ی ساڵی 2003 لە دانیشتنی ژمارە 33 رۆژی 25- 09- 2003 هەموار کراوەتەوە بەم شێوەیە دارێژراوەتەوە (هەرکەسێک بەدەستی ئەنقەست لە کارێک تێوەگلێ بەمەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بەبەندکردنی هەتا هەتایی یان بە بەندکردنی کاتی سزا دەدرێت).
ئەگەر بەڕاستی ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت، سیستمی دادوەری هەرێم پێویستە پێش هەموو کەسێک سەرانی حکومەتی هەرێم بەو یاسایە سزا بدات، چونکە ئەوە ئەوانن زیان بە سەربەخۆیی وڵات و یەکپارچەیی خاکەکەی دەگەیەنن، بە کردەیی خاکی باشوری کوردستانیان پارچە پارچە کردووە، هەر رۆژە و سوپای وڵاتێکی دراوسێ بە ئارەزووی خۆی تەڕاتێنی تێدا دەکات، دیارە ئەوەش زیانێکی گەورەی بە سەربەخۆیی هەرێم گەیاندوە، ئەوەش راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بە رۆژی رووناک دیار و بە بەرچاو هەموو جیهان و گەلی کوردستان ئەو کارە دەکەن.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئاخۆ ئەو کارەی یان ئەو تاوانەی کە چالاکوانانی بادینانی پێ سزا دراوە و لە یاسادا ئاماژەی پێکراوە ئەنجام دراوە یان نا؟ بێگومان هیچ رووداوێک رووی نەداوە کە پشتی بەو بەڵگانە بەستبێت کە ئەو چالاکوان و رۆژنامەوانانەی پێ تۆمەتبار کراوە، لە کاتێکدا هیچ تاوانێک رووی نەدابێت، چۆن دەکرێت تاوانبار هەبێت، یان کەسانێک بە تاوانبار لەقەڵەم بدرێن!
حکومەتی هەرێم نوێنەرایەتییەکی گەمژانەی تورکیا دەکات لە باشووری کوردستان و بە کردەوە بوەتە ویلایەتێکی ملکەچی تورک، بۆیە دەبینین هەمان تۆمەت لە تورکیا خۆی سزاکەی نیوەی ئەو سزایەیە کە دادگای هەرێم بۆ ئەو تۆمتبارانەی بڕیوەتەوە.
لە بەندی یەکەمی یاسای ژمارە 220/7 ی لە یاسای سزادانی تورکیا کە تایبەتە بە سزای ئەو کەسانەی کە یارمەتی رێکخراوێکی چەکدار دەدەن هاتووە:
سزای کەسێک کە بە ئاگاییەوە یارمەتی رێکخراوێکی چەکدار دەدات بۆ ئەنجامدانی تاوانێک، تەنانەت ئەگەر پەیوەندی بە بەرپرسانی رێکخراوەکەشەوە نەبێت. سزای هاوکاریکردنی ئاگایانەی ئەو کەسەی کە لە دەرەوەی ئەو رێکخراوە بێت و بۆ ئەنجامدانی کارێک یان چەند کارێک زانیاری پێدابن یان هاوکاری کردبن کە ئەم کارانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
– پێدانی خواردن و خواردنەوە بە رێکخراوەکە.
– فەراهەمکردنی شوێن.
– زانیاری پێدانی ناوچەیی کە رێکخراوەکە تاوانێکی تێدا ئەنجام بدات.
– هەڵگرتن یان شاردنەوەی کەرەستەکانی ئەنجامدانی تاوان دوای بەڕێوەچوونی تاوان.
– دابینکردنی چەک بۆ رێکخراوەکە.
– پێدانی کەرەستەی دیکە کە ئەنجامدانی تاوان ئاسانتر دەکات.
– یارمەتی دارایی.
– دابینکردن و پێدانی بەڵگە و زانیاری بە رێکخراوەکە.
سزادانی ئەو کەسەی ئەم کارانەی کە لە بڕگەی 220/7 دا هاتووە بەم شێوەیەیە:
– سزای تاوانبار دەدرێت بە زیندانیکردنی یەک هەتا سێ ساڵ، کەمیی و زۆریی ساڵەکانی زیندانیرکردنەکە پەیوەندی بە جۆری هاوکارییەکە هەیە، دەشکرێت هەتا سێیەکیش کەم بکرێتەوە.
– ئەگەر رێکخراوەکە چەکدار بێت، سزای سەرەوە لە چارەکێک بۆ نیوە زیاد دەبێت.
بەم شێوەیە دەبینین کە ئەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵ رۆژنامەوان و چالاکوانەکانی بادینان، ئەگەر لە تورکیا بوایەن، سزاکەیان لە یەک هەتا سێ ساڵ دەبوو، بۆیە پێویستە بڵێین (حکومەتی هەرێم بووەتە کوچکی گەرمتر لە ئاگر)، ئەوانن کە مەترسین بۆ سەر سیادەی خاک و وڵات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت