ئەحمەد ڕەزا: میدیای بکوژ/ بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سێ تەوەری گرنگ، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیان و بیرکردنەوەی تاکەوە هەیە، شایانی هەڵوێستە لەسەر کردنن، کە میدیای ئێمە بە گشتیی، دەستەپاچەیە لە ئاستیانداو هەڵوێستی میدیا بە گشتیی دوورە لە هەر جۆرە مەعریفەیەک.. بە جۆرێک لە ئاستی واتەواتی چایخانەو گوزەرەکانی ناو بازاڕ تێناپەڕێت.. ئەم سێ تەوەرەش کە بریتین لە:
1- دیاردەی خۆکوشتن.
2- بەرهەمهێنانی هونەریی.
3- هەڵاوساندنی قەبارەی ڕووداوە ئاساییەکان.
یەکەم: دیاردەی خۆکوشتن.
لە ساڵی 2018 بابەتێک لە ڕۆژنامەی ” سکای نیوز” بڵاوکرایەوە، کە هۆشداریی بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەدات، سەبارەت بە بڵاو کردنەوەی هەر جۆرە خۆکوشتنێک.. کە باسی کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی تیمێکی نێودەوڵەتیی ئەکات، بە سەرپەرشتی مامۆستا ” ئایال شافر” کە پزیشکێکی دەروونیی و گەورە لێکۆڵیاری تیمەکەیە.. تیمەکەی شافر لە نێوان ساڵانی 2011 – 2014 زۆرترین باس و لێکۆڵینەوەیان دەربارەی کاریگەرێتییەکانی ڕاگەیاندن لەسەر دیاردەی خۆکوشتن بڵاوکردەوە.. دەرەنجامەکەش بەوجۆرەیە، کە کاریگەرێتیی میدیایەکی ئەکادیمیی، لە گرنگییدان بە دیاردەی خۆکوشتن ڕێژەی2% ی خۆکوشتنی زیاد کردووە.
لە دیارترین ئەو مەرجانەی کە پێویستە ڕاگەیاندن لەبەرچاوی بگرێت، خۆپاراستنە لە نیشاندانی چۆنێتیی خۆکوشتنەکەو ئاسەوارەکەی بە جەستەوە.. جگە لەوەش دواندنی کەس و کاری خۆکوژ یەکێکیترە لە تابۆکان.. بەدەر لەوەی کە پێویستە میدیا ئەو پرسیارە لە خۆی بکات، ئامادەکردنی هەواڵێکی لەوجۆرە، چ سودو زیانێک بە تاک ئەگەیەنێت، وەک دکتۆرە ” مەنال القبلاوي” لە ڕۆژنامەی ” الرأي” لە ساڵی 2017 دا لە وتارێکیدا نوسیویەتی.
” دکتۆر عبدالرحمن مزهر” لەگەڵ ئەو ڕایەدایە، کە ناکرێت بە تەنها تەرکیز بخرێتە سەر بابەتی خۆکوشتنەکەو هیچ جۆرە بنکۆڵی کردنێکی زانستیی لەگەڵدا نەکرێت.. لەبەرئەوەی ئەم جۆرە وروژاندنە ئەبێتە هۆی تەشەنە کردنی دیاردەکەو بە نێگەتیفە.. بەڵکو پێویستە هەر کردەیەکی خۆکوشتن کە ڕووئەدات، لەگەڵ بڵاوکردنەوەیدا بخرێتە ژێر ڕۆشنایی تیۆرە سۆسیۆلۆژییەکانەوە.. لەبەرئەوەی خۆکوژ بە نەخۆشی دەروونیی ناوزەد ناکرێت.. بەڵکو بڕیارە بە هۆکارێکەوە ئەبەسترێتەوە.. بەڵام کاتێک ڕاگەیاندن ڕەواڵەتگەرییانە بابەتەکە باس بکات و هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵدا پێشکەش نەکات، ئەو کاتە وەک دکتۆر شافر ئەڵێت، ڕەنگە وەرگر خۆی لێ ببێتە پاڵەوانەکە، کە خۆکوژەکەیەو ئەو کردەیە دووبارە بکاتەوە.
ئایا میدیای کوردیی لە ئێستادا لە کوێی هەستکردنە بەم بەرپرسیارێتییە؟ لەکاتێکدا کۆمەڵگە بەهۆی سەغیی تەبیعەتیی حوکومڕانەکانییەوە، بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی بانقی نێودەوڵەتیی و سندوقی نەختینەوە، تا ئاستی هەژاریی سوخت تاک پێش خۆیان ئەدەن.. هیچ کەسێکیش نییە تروسکایی لە هیچ شوێنێکی ئایندەدا ببینێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت