عیماد عه‌لی: ته‌نها پرسیارێكی بێ مه‌به‌ست!

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

وه‌ك ده‌زانین یه‌كه‌م جاره‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كانی جیهان ئاوا به‌ توندی و به‌و شێوه‌یه‌ به‌ راشكاوی سه‌ركۆنه‌ی زیندانیكردنی رۆژنامه‌نوس و چالاكوانانی بادینانیان كرد و به‌ هه‌موو جۆرو شێوه‌ و ده‌ربڕینێك قسه‌یان له‌سه‌ر كرد، ئه‌مه‌ش له‌ لایه‌ك جێگه‌ی خۆشحاڵیه‌ كه‌ دهسه‌ڵاتی هه‌رێم ده‌كه‌وێته‌ ژێر فشاری وڵاتان و ده‌كرێت بۆ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م ره‌فتارانه‌ی له‌مه‌ودوا هه‌زار و یه‌ك حساب بكات، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ جێگای سه‌رسوڕمانه‌ بۆ چاودێران و خه‌ڵكی ساده‌ش، كه‌ بۆچی ئه‌م جاره‌ وا له‌و ره‌فتاره‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادگه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌حێكردنی هه‌رێم ده‌ڕوانن و به‌ زووی و توندی وا هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت؟
ئه‌وه‌ی له‌م ماوه‌یه‌ بۆته‌ خولیای بیركردنه‌وه‌م له‌م باره‌وه‌ و چه‌ندین پرسیار خۆی قوت ده‌كاته‌وه‌ و پێویستی به‌ وه‌ڵامه‌ و گرنگترینیان: خێره‌ وا بۆ یه‌كه‌مجار و به‌ توندی و ده‌ربڕینی و زاراوه‌ی توند كه‌ زۆرێكی دوور له‌ دیبلۆماسیه‌ت بێت به‌ناوی ده‌زگا دیبلۆماسیه‌كانی وڵاتانی جیهانه‌وه‌ هه‌ڵوێستی له‌م جۆره‌ ده‌ركه‌وێت و له‌ كاتی شه‌هیدكردنی رۆژناموسان سه‌رده‌شت عوسمان و كاوه‌ گه‌رمیانی و سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و ویداد بادینی و ئامانج و لانه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ قسه‌یه‌كی خێریان نه‌كرد، یان هه‌ڵوستیان ده‌رنه‌بڕی یان قسه‌یه‌كی شه‌رمنانه‌یان له‌و باره‌وه‌ كرد؟ ئایا ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م قسانه‌ی كراون كه‌ گوایه‌ ناوی ئه‌و وڵاتانه‌یان هێناوه‌ و به‌ جاسوسی كردن بۆیان له‌ قه‌ڵه‌م دراون، ئه‌گینا ئه‌م بڕیارانه‌ش هیچ مه‌سه‌له‌یه‌ك نه‌بوو لایان؟
بۆیه‌، ده‌بێت به‌ وردی قسه‌ی ئه‌م وڵاتانه‌ بخوێنرێته‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانیان لێكبدرێنه‌وه‌ و راست له‌ گومان لێكراو جیا بكرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر پێشتر هیچ گومانێك له‌و چالاكوانانه‌ نه‌بوو و هه‌مووان به‌ یه‌قینی باوه‌ڕیان به‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌م چالاكوانانه‌ ته‌نها قسه‌یان له‌به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌كردووه‌ و دژی وه‌ستاون بۆیه‌ سزا ده‌درێن به‌ دادگا، به‌ڵام پاش هه‌ڵوێسته‌ تونده‌ ده‌گمه‌نه‌كانی ئه‌م وڵاتانه‌ی ناویان له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ هاتووه‌ یان نه‌هاتووه‌، گومانێكی تر ده‌خاته‌ سه‌ر پرسه‌كه‌ ئه‌وانیش.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت