دکتۆر نازەنین عوسمان: دیپلۆماسی و تریپلۆماسی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیپلۆماسیەت، ئەو رێگە گرنگەیە کە کار دەکاتە سەر بڕیار و هەڵوێستی وڵاتان و میللەتان، تا لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکەن و رێگری لە گرژی و شەڕ بکەن و پەیوەندییەکانى؛ بازرگانی و ئەمنی و تەکنەلۆجیا و ژینگە و مافی مرۆڤ… توندتر بکەن.
هەموو کاتێک دیپلۆماسیەت رێگەی نەرم ناگرێت، هەندێ جار هەڕەشە و وردە شەڕیشی تێدایە تا رێگە بۆ ئاشتیی خۆش بکەن، کە هەندێ جار مۆڵەتێکی کاتیی دادەنێن.
دیپلۆماسیەت، لە زۆر کۆنەوە بەکار هاتووە؛ کۆنترین بەڵگەنامە دەگەڕیتەوە بۆ رێککەوتنی نێوان رەمسیسی دووەم لە میسر و هیتییەکان لە ساڵی 1280ی پێش زایین، کە بە خەتی بزماری و بە زمانی ئەکەدی نووسراوە.
لەو کاتەوە زۆر گۆڕانکاری بەسەر دیپلۆماسیەتدا هاتووە، رێککەوتنی نێوان میللەتان کڵێشە و شێوەی جیاجیای بۆ دانراوە. زۆربەی کات ئەم گفتوگۆیانە دووقۆڵی بوون، ناوەکەشی هەر لەوەوە هاتووە؛ (بی) بە لاتینی بە مانای دوو دێت. هەرچەندە زۆر جار کۆنگرە و کۆبوونەوەی چەند لایەنەش هەبوون، وەکوو: کۆنگرەکانی وڵاتانی ناتۆ، گرووپی 7 و 8، گرووپی 20، کە لەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانەدا ژمارەیان لە دوو زیاترە، بەڵام ناوەندە پەیوەندیدارەکان هەر وڵاتی سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵات و حکومەتن و سیاسەتی دەرەوەی حکومەتەکان دەستنیشانی جۆری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکە دەکەن لەنێو ئەو گرووپانەدا.
تریپلۆماسی؛ (تری) بە لاتینی مانای سێ دەدات، لێرەدا مەبەست لە سێ لایەن، یان سێ دەوڵەت نییە وەک چۆن لە گرووپی 7، حەوت دەوڵەتن، بەڵام پەیوەندییەکان هەر لە قاڵبی دیپلۆماسییە، بەهۆی ئەوەی تەنها حکومەتی وڵاتەکان لە گفتوگۆکاندا بەشدارن. لە تریپلۆماسیدا، لایەنی سێیەم و چوارەم و زیاتر هەن، بەڵام جگە لە دەوڵەت هەندێ لایەنی تر دەکەونە نێو ئەو گفتوگۆیە کە راستەوخۆ سیاسەتی وڵاتەکەیان بەڕێوە نابەن و راستەوخۆ سەر بە حکومەت نین.
بەهۆی گۆڕان و پێشکەوتنی شێوازی گفتوگۆ و رێککەوتنەکان لەسەر ئاستی جیهان و بەشداریی خەڵک و هەستکردنی خەڵک بە كێشە گرێکوێرەکان، دیپلۆماسییە کلاسیکەکەی جاران ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، پێویستی بە هێزی جەماوەریی هەیە کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کێشەکان دەیانگرێتەوە. ئەو لایەنانە کاریگەرییان زۆرە لەسەر دیپلۆماسیەت و بە چ ئاڕاستەیەکیاندا ببەن. کرانەوەی زۆربەی وڵاتان و بەشداربوونی خەڵک بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە سیاسەتی وڵات و گەشەکردنی؛ وای کردووە حکومەتەکان بە تەنها نەتوانن بڕیار بدەن و رەزامەندی رای گشتی رۆڵی گرنگی هەیە لەسەر بڕیارە دیپلۆماسییەکان. خۆ ئەگەر گوێ نەدەنە ئەو دەنگە ناڕازییانە، سبەی کار لەسەر هەڵبژاردن دەکات و دەبێ باجەکەی بدەن، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی فرە پارتن و هەڵبژاردن تا رادەیەکی باش بەشێوەیەکی دیموکراتییانە بەڕێوە دەچێ.
رێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکانی لە بابەتی: گرین پیس، منداڵپارێز، پزیشکانی بێسنوور، رێکخراوی مافی مرۆڤ، ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ، تۆڕی لەناوبردنی پیسیی ژینگە، هاوخوشکانی شار و … دەیان رێکخراوی تر لەسەر ئاستی جیهان کار دەکەن و لە زۆر وڵات لقیان هەیە، کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر دیپلۆماسیەت و سیاسەتی وڵاتان و بڕیارەکان. هەروەها بەشداریی هێزی ئابووری و بانکەکان و کۆمپانیا زەبەلاحە نێودەوڵەتییەکان کە سەر بە یەک وڵات نین، کاریگەرییان هەیە لەسەر سیاسەت و پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان.
تریپلۆماسی، کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر دیپلۆماسیەت و هێزی دیپلۆماسی. بەشداری لایەنی سێیەم، هەندێ لە هاوکێشەکانی تێک داوە. وڵاتە زلهێزەکان وەک جاران ناتوانن بە بڕیاری خێرا پەیوەندییەکان بە ئاڕاستەیەکدا ببەن کە دیپلۆماسییەکانیان هەوڵی بۆ دەدەن. لایەنی سێیەم، دوو جۆر کاریگەری هەیە لەسەر دیپلۆماسیەت؛ هەندێ جار لە هێزی دیپلۆماسیەت کەمدەکاتەوە کە ناتوانن بەتەنها بڕیار بدەن، لە لایەکی تریشەوە ئاسۆی دیدی دیپلۆماسیی فراوان کردووە و وای لێ کردوون روانگەیان فراوان بێ و کێشەکان لە هەموو لایەنەکانەوە ببینن.
لە ساڵی 2018 بینیمان رێکخراوی کچە بچکۆلانە تەمەن 15 ساڵییەکە (گرێتە تونبرگ)، چەند کاریگەر بوو بۆ سەر سیاسەتی وڵاتان لەسەر ژینگە و وەک باڵیۆز لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە سەردانی دەکردن، پێشوازیی لێ دەکرا و بیرۆکەی ژینگەپارێزیی بڵاو دەکردەوە و بوو بەهۆی هاتنە کایەی بزووتنەوەی گەنجان و قوتابیانی ناوەندی و دواناوەندی و لە دەیان وڵات خۆپیشاندانیان کرد. ئەمە وای لە وڵاتان کرد نەک تەنها گوێ لە گەورەکان بگرن، بەڵکوو دەبێ بۆ هەر هەنگاوێک لە سیاسەتدا گوێ بۆ مێرمنداڵێکیش بگرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت