شێرزاد ڕۆژهەڵاتی: ڕیشەی دوژمنایەتی دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان بەرامبەر پ ک ک/ بەشی سێهەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شڕۆڤەی دوشمنایەتی دێموکڕاتەکان بەرامبەر پ ک ک لە تەرازووی بەرژوەندی چینایەتی‌دا
کوردستان لە سەد ساڵەی ڕابردوو دا، بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی دیکەی دونیا لە بوارەکانی ئابوری و پیشەسازی‌دا، پەرەسەندن و گەشەی تەبیعی کەمتری بەخۆیەوە دیوە.
لە ئاکامی سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوەکانی حاکم، هەڵکەوتەی جوگڕافیایی سەر‌سنور، دورەپەرێزمانەوە، شەڕ و نائارامی، سەرمایەداری بەرهەمهێنەری سەربەخۆ لە کوردستان پەرەی نەستاندوە.
لە جیاتی چینی سەرمایەداری بەرهەمهێنەر(بورژوازی)، ئەم کۆمەڵە توێژانەی خوارەوە بوونیان هەیە کە سەرجەم وەک چینی‌سەردەست پێناسە دەکرێن و 10٪ی کۆمەڵگای کوردی پێک دێنن:

توێژەکانی چینی سەردەستی کوردستان:
1- تاجرەکان- کاڵا بەرهەمهێنراوەکانی شارە گەورەکانی دەوڵەت-نەتەوەی حاکم هاوردەی کوردستان دەکەن و بەرهەمە کشت و کاڵی، ئاژەڵداری و مەعدەنیەکان هەناردە دەکەن.
2- ڕانتخۆرانی دەوڵەت- ڕەئیس،جێگر و کارمەندانی ساحەب پلە و پایەی بەرزی ئیدارەکان، نوێنەرانی مەجلیس، مەلا و شێخی بەشدار لە ڕانتی دین و دەوڵەت، قازی، وەکیل و..
3- دەڵاڵ و سەوداگەران- لە هەر بەستێنێک قازانجی تێدا‌بێ کار دەکەن وەک کڕین و فرۆشتنی زەوی نیشتەجێ‌بونی شارەکان، قۆنتەراتچی پڕۆژەکانی ڕێگاو بان. هەناردە و هاوردەکردنی نایاسایی کاڵا و شتومەک بە شەریکایەتی لە گەڵ بەرپرسانی دەستڕۆییشتوی دەوڵەت(قاچاغچیەتی ڕانتی)
4- بنەماڵە دەست ڕۆییشتوەکانی شار- پاشماوەی ئاغاوات و مڵکدارەکان، کەسانی خاوەن مڵکی ناو شار،پاساژ، دوکان، و خانووی زیادی بۆ کرێ و…
5- سەرمایەداری بەرهەمهێنەری ناوخۆ (بورژوازی)- خاوەن کارگە و کارخانەکان، کەسانی خاوەن سازەی یارمەتیدەری بەرهەمی باغی و کشت و کاڵی وەک ساردخانەی سێو، کارگای دروست کردنی سیپە(جەعبە)ی میوە، کارخانەی قەند، ئارد، سیلۆ، جوجەخانە، کارگەی خۆراکی ئاژەڵ و پەلەوەر، کوشتارگای مریشک و …
سەرمایەداری بەرهەمهێنەری ناوخۆ بە هۆی بەرژوەندی ئابوری، سەرەڕای چەوساندنەوی چینی کرێکار، هێندێک تایبەتمەندی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازانەی هەیە.
وەک گەشەی ئابوری، دروست کردنی هەلی کار، هەڵوەشاندنەوەی مڵکداری و پاشماوەکانی فیئۆداڵیزم، ئازادکردنی ژنان لە کۆت و بەندی بە میرات ماوی دەرەبەگایەتی و ژێردەستەیی بنەماڵە، سەروەری یاسا، پەرەپێدانی زانست، کز کردنی سوننەت و خوڕافات و…
بورژوازی کورد توێژێکی کەمینە و کزی ناو چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردستانە. ناتوانێ نوێنەرایەتی و ڕێبەری سیاسی ئەم چینە بگرێتە دەست. ناچارە بۆ مانەوەی خۆی گوێڕایەڵ و پاشکۆی زۆرینەی توێژە بێبەرهەمەکانی چینی سەردەستی کوردستان بێت. یان سەرمایەکەی لە پایتەخت و شارە گەورەکانی دەوڵەت نەتەوەی سەردەست وەگەڕ خات. (من ئاگادارم هێندێک سەرمایەداری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شارە ناوەندیەکانی ئێران بە تایبەت تاران سەرمایەگوزاریان کردوە)
بەرژوەندی چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردی لە مانەوەی پاشماوەکانی دەرەبەگایەتی، پلەداری سامان و دەسەڵات، سوننەتگەرایی، داخراوی کۆمەڵگا و بنەماڵە، ژێردەستەیی ژنان، سات و سەودا لە گەڵ دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست بۆ بەشداری لە ڕانتی دەوڵەتی، سەرکوت و چەوساندنەوەی چینی ژێردەستی کۆمەڵگای کوردی، سەرکوتی ئازادیخوازان، بەتایبەت ڕووناکبیران و هۆگرانی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دایە.
مارکس دەڵێ: ” کرێکاران نیشتمانیان نیە” بەڵام لە کوردستان ئەوە چینی سەردەستی کۆمەڵگایە کە نیشتمانی نیە.

هەڵەیێکی مێژوویی کۆمەڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە ساڵەکانی هەشتای سەدەی بیستەم دا، کۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دوای نەمانی کاک فوادی مستەفا سوڵتانی، لە فەقیری تیئۆری دا دەژیا. پەنای بۆ تێزەکانی مەنسوری حیکمەت برد.
ڕابردووی خۆیان بە پوپولیسم ناودێر کرد و رەدیان کردەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان وەک کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری پێناسە کرد. لە گەڵ یەکیەتی تێکۆشەرانی کومونیست(اتحاد مبارزان کمونیست) لە سەر لەشی کۆمەڵە حیزبی کومونیستی ئێرانیان دامەزراند.
خۆیان وەک حیزبی کرێکاران(پڕۆلتاریا) و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئیران وەک حیزبی سەرمایەداری(بورژوازی) لە قەڵەم دا . لە حاڵێک‌دا نە کۆمەڵە نوێنەری پڕۆڵتاریا بو، نە دێموکڕات نوێنەری بورژوازی.
لە کۆمەڵگای کوردستان سەروەتمەندی تێدا بوو، بەڵام سەروەتمەندەکان سەرمایەدار نەبوون. ڕێبەرانی کۆمەڵە نەیاندەزنی کە سەرمایە و سەروەت(سەرمایەدار و سەروەتمەند) جیاوازن.
سەرمایە بریتیە لە پووڵ، کاڵا و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کە لە کەش و هەوایەکی لەبار‌ دا گەشەی ئابوری، پیشەسازی، بە دامەزراوەیی کردنی کۆمەڵگا و سەروەری یاسا لە گەڵ خۆی دێنێ. بەڵام سەروەت لە زەوی دا چەقبەستوو دەمێنێتەوە، زاوو و زێی نیە، نابێتە هۆی گەشەی ئابوری،ئاوەدانی، زانست و …
بۆ ناسینی جیاوازی نێوان سەروەتمەند و سەرمایەدار سرنج دەدەینە پێگە و ماهیەتی دوو توێژی جیاوازی چینی سەردەستی کۆمەڵگا :
ئەلف- خاوەن خانووی کرێ- لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەدان سەروەتمەندی تێدایە کە دەیان خانوی نێشتەجێ‌بونیان هەیە. ئەم خانوانە بە کرێ دەدەن. بێ ئەوەی لە بەرهەمهێنانی ئابوری دا ڕۆڵێکیان هەبێ، داهاتێکی زۆریان هەیە.
بونەتە هۆی گران‌بونی خانوو و زەوی. هەر یەک لەم کەسانە، تەنانەت ئەگەر خاوەنی هەزار خانوی کرێ بن، سەرمایەدار حیساب ناکرێن. بەڵکە تەنیا بە سەروەتمەند دەناسرێن.
پێناسەکردنی ئەم توێژە بە سەرمایەدار، وەک ئەوە وایە کە زوێروو، کرم و ئەسپێی ناو لەش بە بەشێک لە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ بزانی.
بێ- خاوەن کارگەی کەوش- کەسێک کارگایەکی بچکۆڵەی دروستکردنی کەوش و دو کرێکاری هەیە و گریمانەی ئەوەی لێدەکرێ کارگەکەی گەورەتر بکاتەوە، کەوشی زیاتر بەرهەم بێنێت و کرێکاری زیاتر دامەزرێنێت، سەرمایەدار حیساب دەکرێ و دەتوانێ لە پێشکەوتنی ئابوری، پیشەسازی و… ڕۆڵی باشی هەبێت.
بە داخەوە توێژی سەرمایەداری بەرهەمهێنەر لە نێو چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردی دا زۆر کەمە و قورساییەکی نیە. دێموكڕاتەکان یان هیچ حیزبێکی دیکە نوێنەر یان پارێزەری مافی ئەم توێژە کز و لاوازە نین.
چینی سەردەستی کورد ئەگەر توێژی لاوازی بورژوازی لێدەرکەین، نە تەنیا لە بەرهەمهێنانی ئابوری کوردستان نەخشێکی نیە، بەڵکە بارێکی قورسە لە سەر شانی چینی ژێردەست. ژیانێکی ئەنگەلی هەیە. سوننەتی و کۆنەپارێزە. نایهەوێ بۆ وەدیهێنانی سیستمێکی پێشکەوتوو، بەرهەمهێنەر و دادپەروەر هەنگاو هەڵێنێ. چونکە بە قیمەتی نەمانی خۆی تەواو دەبێ. بەتاڵە لە هەر خەونێکی گەورەی ئینسانی.
شەڕی ئەم چینە لە گەڵ دەوڵەت-نەتەوەی حاکم، کێشەی سەروەری و دەسەڵاتە بە سەر چینی ژێردەستی کوردستان (نزیک 90٪ی جەماوەر)
گەورەترین ئاواتی ئەم چینە دروستکردنی قەوارەیێکی دەوڵەتی کوردیە لە پارچەیێکی خاکی کوردستان. بەڵام چونکە ئەم ئاواتە بە خەونێکی نەزۆک دەزانێ، ڕازیە بە ئیمارەتێکی کوردی ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرێک. وەک ئیمارەتە فیئۆداڵیەکانی بابان و ئەردەڵانی ژێر دەستی ئێران و عوسمانی.
دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان بە گشتی نوێنەر و پارێزەری بەرژوەندی چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردین.
ئاکار، بیر و بۆچونی سیاسیان نیشانی داوە بە پێچەوانەی ئەوەی خۆیان بە نوێنەری گشت چین و توێژێکی کوردستان ناساندوە، تەنیا لە چوارچێوەی بەرژوەندی چینی سەردەستی کورد هەنگاویان هەڵێناوە. ناسیۆناڵیسمەکەیان لە جۆری کوردایەتی دیوەخانە
چینی سەردەستی کورد لە ژێر ڕێبەری بنەماڵەی بارزانی، لەم شێست ساڵی ڕابردوو تا ئێستا، دوو جار توانیویەتی بە هاوکاری ڕاستەوخۆی بێگانە و داگیرکەرانی کوردستان لە بەشێکی باشور بە ئاوات بگات و جەوهەر و ماهیەتی خۆی لە مەیدانی دەسەڵاتداری دا نیشان بدات:
1- ساڵی 1961 ئاغاوات و سەرۆک عەشیرەتەکانی باشور لە دژی ئیسلاحی زیراعی عەبدولکەریم قاسم (دابەشکرانی زەوی بە سەر جوتیاران) ڕاپەڕین. مەلامستەفا لە ژێر نێوی کوردایەتی و مافی نەتەوایەتی بو بە ڕێبەری ئەم شۆڕشە!!!
شای ئێران، ئامریکا و ئیسڕائیل بۆ کز کردن یان لەناوبردنی دەوڵەتی قاسم بونە پشتیوانی مەلا.
دەوڵەتی پێشکەوتنخوازی قاسم کە دوو ساڵ سەرقاڵی کوژانەوەی شۆڕشی فیئۆدال- عەشیرەیی مەلا مستەفا بوو، لە بەرابەر پیلانی بەعسی و نەتەوەپەرەستەکانی بەغدا غافڵگیر کرا و لە گەڵ پڕۆژە چاکسازی و دادپەروەیەکانی لەناو چو ( 1963 )
لە ئاکامی پیلانی ئامریکا، ئیسڕائیل، شای ئێران، مەلا مستەفا و نەتەوەپەرەستەکانی عەڕەب، بە گشتی تەواوی ئێراق و باشوری کوردستان لە بوارەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، کەلتوری و دێموکڕاسی بۆ سەد ساڵ دوا کەوت.
لە باشوری کوردستان، کەلتوری خێڵەکی و مەزهەبی، جێگای ڕەسەنایەتی و بەها مرۆڤیەکانی میراتی هەزاران ساڵەی کوردی گرتەوە.
شایی ڕەشبەڵەک حەرام کرا. ژن ڕەدوکەوتن کە عورفێکی لەمێژینەی کوردەواری بوو، بۆ مافی بەرابەری ژن و پیاو لە هەڵبژاردنی هاوژین و دەرباز بوون لە حوکمی نێرسالاری، قاچاغ کرا و حوکمی کوشتنی بۆ بڕایەوە. ئەم یاسایە بوو بە کەلتور و ئێستاش هەمو ڕۆژێ خوێنی لە سەر دەڕژێ.
حکومەتەکانی دوای عەبدولکەریم قاسم تەنازولی زۆریان بۆ مەلا مستەفا کرد. بە پێوەری ئەو زەمان خودموختاریەکی باشیان بۆ باشوری کوردستان قەبوڵ کرد. بەڵام مەلا مستەفا بە پیلانی ئامریکا، ئیسڕائیل و شای ئێران لە گەڵیان نەسازا.
دوای چاردە ساڵ لە نەتیجەی ڕێککەوتنی شا و سەدام کۆتایی بە شۆڕشی کوردایەتی! هێندرا ( 1975 )
2- ساڵی 1991 دەوڵەتی ئێران بۆ پێشگیری لە سەرکوتی شیعەڕاپەڕیوەکانی باشوری ئێراق، سەردار مەسجیدی بەرپرسی سپای قودسی ئێرانی ڕاسپارد کە لە باشوری کوردستان ڕاپەڕین ساز بکات. ئەم ڕاپەڕینە لە سەر دەستی پێشمەرگە و جەماوەری یەکیەتی نیشتمانی بە ئەنجام گەییشت.
مەسعود بارزانی کە دەورێکی زۆر کەمی هەبو لە ڕاپەڕین دا، لە 1994 تا 1998شەڕێکی گەورەی بە سەر یەکیەتی دا سەپاند. بە هاوکاری ڕاستەوخۆی دەوڵەتانی ئێران، تورکیا و ئێراق توانی شکستی سەربازی بە سەر یەکیەتی دابێنێت و 85٪ی سامان و دەسەڵاتی باشوری بۆ خۆی و بنەماڵەکەی قۆرغ بکات.
سەرانی یەکیەتی نیشتمانی بە شەرتی بەشداری لە ڕانت و گەندەڵی، ئیمارەتی بارزانیان قەبوڵ کرد. دوایە بزوتنەوەی گۆڕان کە بۆ چاکسازی، دادپەروەری و سەروەی یاسا دامەزرابو، دوای نەخۆشی و مەرگی نەوشیروان مستەفا، توشی چارەنوسی یەکیەتی بوو. هێز و کەسایەتیەکانی دیکەش وەک ئەوان ڕازی کران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت