بورهان شێخ رەئوف: پڕ کردنى بەنداوى نەهزە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دواى ڕاگەیاندنى شکستهێنانى وتوێژەکانى کینشاسا لە نێوان هەرسێ وڵاتى میسرو سودان و ئەسیوبیا کە سەرۆکایەتى ڕێکخراوى یەکێتى ئەفریقیا ڕێکى خستبوو، کە ئێستا لاى ئەنگۆلایە، هەروەها لە گەڵ نزیک بوونەوەى قۆناغى دووەمى پڕکردنى بەنداوەکە لە ئاو لە لایەن ئەسیوبیاوە، وردە وردە کات بەرتەسک دەبێتەوە بوار نامێنێت بۆ چارەسەرى سیاسى قەیرانەکە، ئەگەرەکانى هەڵکشانى توندوتیژى و بەریەککەوتن لە نێوان هەرسێ وڵات ئەسیوبیا لە لایەک و میسرو سودان لە لایەکى ترەوە دێتە ئارواوە و ئەگەرى بۆردوومانکردنى بەنداوەکە لەلایەن میسرەوە یەکێکە لە ئەگەرەکان.
لە دواى ئاماژەکانى سەرۆک کۆمارى میسر عەبدولفتاح سیسى بۆ پەنابردن بۆ ئۆپەراسیۆنێکى سەربازى یان هەواڵگرى دژى ئەدیس ئابابا لە دواى شکستى وتوێژەکانى کینشاس، هەروەها ڕاگەیاندنى وەزیرى دەرەوەى میسر سامح شوکرى کە گفتوگۆکانى کینشاسا دوا هەل و بوار بوو بۆ چارەسەرى ئاشتیانە.
ئێستا ئەو پرسیارە خۆى قووت دەکاتەوە ئایا هەنگاوى دواترى میسرو سودان چیە کاردانەوەکانیان؟ ئایا کار دەگاتە جەنگ و بەریەککەوتنى سەربازى لە نێوان ئەدیس ئابابا و قاهیرەو خەرتووم ؟

ئەى کاردانەوەى ئەسیوبیا چى دەبێت؟ هەڵوێستى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەفریقیا چۆن دەبێت لە لێدوانە توندو زبرەکانى میسرو سودان؟
ئەگەرچى قەیرانى بەنداوى نەهزە کە لە سەر ڕووبارى نیل ئەسیوبیا بنیاتى ناوە، قەیرانێکى کۆنەو دەساڵە گفتوگۆى لە سەر دەکرێت و ئێستا بە بنبەست گەیشتووە ئەو دانوستانانە کە لە لایەنى ڕێکخراوى یەکێتى ئەفریقیاوە سەرپەرشتى دەکرێت، چونکە نیل ڕووبارێکى نێودەوڵەتیە و بە هەرسى َ وڵاتى ئەسیوبیاو سودان و میسردا دەڕوات، و یەکێکە لە گەورەترین ڕووبارەکانى جیهان و پێچەوانەى هەموو ڕووبارەکانى ترە ئەم لە باشوورەوە بۆ باکوور دەڕوات. لە 7/ 4/ 2021 سەرۆکى میسر سیسى بۆ جارى دووەم هۆشدارییەکى توندى ئاڕاستەى ئەدیس ئابابا کرد، لە ئەگەر سووربوونى لە قۆناغى دووەمى پڕکردنى بەنداوەکە لە مانگى تەمووزى ئەمساڵدا، ئەوا دەستى میسر کراوە دەبێت بۆ هەموو ئەگەرو بژاردەکان بە تایبەتى ئەگەر بەشە ئاوى میسر کەم بکرێتەوە و دەستى بۆ ببرێت.

بژاردە سیاسى یەکان
وەزیرى دەرەوەى میسر ڕایگەیاند کە وڵاتەکەى و سودان ڕوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنى ئاسایش دەکەن سەبارەت بە ناکۆکیەکانیان دەربارەى بەنداوى نەهزە لە دواى شکستى دانوستانەکانى کنشاسا. هەرچەندە پێشتر ئەنجوومەنى ئاسایش کۆبوونەوەیەکى بۆ تاوتوێ کردنى ئەم مەسەلەیە کردبوو. بەڵام لە بەر ڕۆشنایى هەڵوێستى ئێستاى وڵاتانى ئەندامى هەمیشەیى ئەنجوومەنى ئاسایش ئاسان نیە بڕیارێک دژى ئەسیوبیا دەربکرێت لە چوارچێوەى بەندى حەوتەمدا، بە تایبەتى چین خاوەنى پەیوەندییەکى توندوتۆڵ و دۆستانەى پتەوە بەتایبەتى لە بوارى ئابوریدا لەگەڵ ئەسیوبیا تەنانەت ئەسیوبیا بە چینى ئەفریقیا ناودەبرێت هەندێکجار.

هەڵوێستى وڵاتان
هەڵوێستى ڕوسیا دۆڵمەییە و ناڕوونە، هەڵوێستى ئەمریکا توند تر بوو بە تایبەتى لەسەردەمى ئیدارەى ترەمپ ڕەخنەى ئاراستەى ئەسیوبیا کردبوو سزاى بەسەردا سەپاند دواى ئەوەى شکستى بە دانوستانەکان هێنا کە نێوەند گیرى ئەمریکا بەڕێووە دەچوون، بەڵام دواتر ئیدارەى سەرۆک بایدن سزاکانى هەڵوەشانەوە، لە بەرئەوەى دیموکراتەکانى ئەمریکا زیاتر سەرسام و هاوسۆزن لە گەڵ لۆبى ئەفریقیە ئەمریکیەکان کە هاوسۆزن لە گەڵ ئەسیوبیا بەو پێیەى کۆنترین ئتنیکى ڕەشى ئەفریقیان.
ئەوروپیەکانیش هەڵوێستێکى ڕوون و ڕاشکاوو یەکلا کەرەوە و یان نیە لەسەر ئەم قەیرانە و زیادەڕەویش دەکەن، بە تایبەتى حزب و لایەن لیبراڵ و چەپە ئەوروپیەکان هەمیشە مەیل و سۆزدارییان بۆ ئەفریقیەکان هەیە.

بژاردەى هەواڵگرى
یەکێک لەو بژاردانەى بۆ میسر ئاسانترین و خۆشدەسترین و کەمترین خەرجى بوێت، بژاردەى هەواڵگرییە ئەویش هاندانى ململانێ ناوخۆییەکانى ئەسیوبیایە واتە پشتیوان بزوتنەوە جوداخوازەکانە بە هاوکارى سودان، لە بەرئەوەى ئەسیوبیا بە درێژایی مێژووەکەى ئیمبراتۆریەت بووە واتى کەمینەیەکى ئتنیکى حوکمڕانى گەلەکەى کردووە، دەستەڵاتى ئیمهرى لە زۆربە کاتدا بەسەر ئەوانى تردا، یان تیگراى لە دەیەکانى ڕابردوودا.
لەلایەکى ترەوە جوگرافیاو کەژو کێوەکانى ئەسیوبیا قەڵغانێکى پتەو بووە بۆ بەرەنگارى و داکۆکى لە وڵاتەکەیان لە هەمبەر دوژمنان و پەلاماردەران، لە ڕووى ناوخۆیشەو پشت و پەناى هێزو لایەنە ناوخۆییە بەرهەڵستکارەکانى حکومەتى ئەدیس ئابابایە، بەتایبەتى کە سوپاى وڵات لاوازەو لە ڕووى چەک و کەرەسەکانى جەنگیەوە. بەڵام ئەو سیناریۆ تائێستا لە لایەن میسرو سودانەوە کارى بۆ نەکراوەو لە بەرنامەى کاریاندا نیە، چونکە لە کۆتایی ساڵى 2020 کە شەڕى هەرێمى تیگراى لە ئەسیوبیا قەوما سودان و میسر بێلایەن بوون، عەبدوڵا حەمدۆکى سەرۆک وەزیرانى سودانیش دەست پێشخەرییەکى ئەفریقى بۆ ئاشتى پێشنیار کرد، بەڵام گوێی لێ نەگیرا. تەنها میسرو سودان مانۆڕێکى سەربازى هاوبەشیان لە خاکى سودان ئەنجامدا لە کاتى ئەو شەڕەدا، ئێستا وا ئەسیوبیا لە قۆناغى دووەمى پڕکردنى بەنداوەکە نزیک دەبێتەوە، حکومەتى ئەسیوبیاش سەرکەوت لەسەرکوتکردنى جودای خوازانى تیگراى، بۆیە تازە ئەو سیناریۆیە کاتى بەسەرچوو تا ڕوداوێکى ترى وا کاتى زۆرى دەوێت، بەڵام ئاکانى پڕکردنى بەنداوەکە بەو شێوەى ئەسیوبیا دەیەوێت کارەساتبارە بۆ میسرو سودان.

بە ئامانج گرتنى بەنداوەکە
یەکێکى تر لەو بژاردانەى کەباس دەکرێت بە ئامانج گرتنى بەنداوى نەهزەیە بە ئۆپەراسیۆنێکى هەواڵگرى وردو کاریگەرو تەقاندنەوەى کە دوایى میسرییەکان دەتوانن خۆیان لێ بێبەرى بکەن، پێشتریش ساڵى 2012 میسرییەکان کارێکى وایان کردووە هەروەکو لە بەڵگەکانى ویکیلیکسدا باسى کراوە کە بۆ باڵوێزخانەى ئەمریکایان ناردووە کە لەناوەڕاستى ساڵانى حەفتاکانى سەدەى پێشوو میسرییەکان ئەو کەرەسەو تەقەمەنیانەیان تەقاندۆتەوە کە بەڕێوە بوون بەرەو ئەسیوبیا.
لە ئێستادا و لە دواى تەواو بوونى بەنداوەکە ئەنجامدانى هەر ئۆپەراسیۆنێکى هەواڵگرى بۆ تەقاندنەوەى بەنداوەکە زۆر قورسە، جگە لە کاریگەرییەکانى بۆ سەر سودان ئەگەر بەنداوەکە بڕوخێت زیانى زۆر و کارەساتى مرۆیى و ئابورى گەورە دەخوڵقێنێت. لەلایەکى تریشەو شکستى هەر ئۆپەراسیۆنێکى لەو شێوە یان دەستگیرکردنى ئەنجامدەرانى لەوەیە ببێتە هەڵایەکى ئابڕوبەرانە بۆ میسرو سودان لەلایەن ئەسیوبیەکانەوە.

بژاردەى جەنگ
بژاردەى جەنگ قورسترین بژاردەیە، ئەگەر بەراوردێکى ئاسایى هەردوو سوپاى میسر و ئەسیوبیا بکەین ئەوا دەبینین سوپاى میسر لە ڕووى ژمارەو چەندایەتى و چۆنایەتی و کەرەسەى جەنگی و چەکەوە لە سوپاى ئەسیوبیا بەهێزترە بە گوێرەى پێگەى (گلۆباڵ فیربۆر ) ئەمریکى.
لەلایەکى ترەوە هەرچەندە جەنگ تەنها ژمارەو جۆرى چەک نیە، بەڵکو جوگرافیا و کەشوهەواو سروشت و زۆر شتى تریش یەکلایى دەکەنەوە، ئەسیوبیا یەکێک لە شاخاویترین وڵاتانى جیهانە، جگە لە سەختى و قوڵى هەردوو دۆڵ و دەشتەکانى، کێشەى گەورەى سوپاى میسر ئەوەیە سنوورى هاوبەش و ڕاستەوخۆى لە گەڵ ئەسیوبیا نیە، ئەسیوبیاش کەنارى دەریایى نیە تا لە دەریاوە پەلامارى بدەن میسرییەکان، بەڵکو هەردەبێت لە خاکى سودانەوە پەلامارى بدەن، سودانیش لە ئەسیوبیا لاوازترە.

بۆمبابارانکردنى بەنداوى نەهزە لەلایەن میسرەوە
بۆمبابارانکردنى بەنداوەکە لە لایەن هێزى ئاسمانى میسرەوە کارێکى ئاسان نیە هەرچەند هێزى ئاسمانى میسر زۆر لە پێش هێزى ئاسمانى ئەسیوبیاوەیە ، نزیکترین بنکەى ئاسمانى میسر لە ئەسیوبیاوە 1500 کم ، میسریش ژمارەیەکى کەم فڕۆکەى جەنگى هەیە بتوانێت ئەو ماوە دوورە ببڕێت ، لەوانە فڕۆکەى ( رافالى فەرەنسى ) 24 فڕۆکەیە کە تواناى بڕینى 1800 کم یان هەیە ، جکەلە ( 12) فرۆکەى F16 و فرۆکەشیان نیە لە ئاسمان بەنزینیان بۆ دابین بکات .
ئەگەر لە حاڵەتێکیشدا بەنداوەکە لە خاکى سودانەوە بۆمبا باران بکرێت ، ئەو پاساو دەدات بە ئەسیوبیا کە پەلامارى سودان بدات.

بەرگرى ئاسمانى ئەسیوبیا
هەرچەندە سیستمى بەرگرى ئاسمانى ئەسیوبیا زانیارى زۆر نیە لە سەرى، بەڵام هەندێک سەرچاوە باسى بوونى سیستمى S300 ڕوسى دەکەن، سەرەڕاى هەندێک مووشەکى دروستکراوى ناوخۆ، لە لایەکى تریشەوە هەندێک سەرچاوە باسى ئەوەدەکەن کە ئیسرائیل سیستمى بەرگرى مووشەکى کورت و ناوەڕاست مەودایان بە ئەسیوبیا داوە بۆ بەرگری لە بەندواى نەهزە.

ڕۆکێت هاوکێشەکەى گۆڕى
خاڵێکى بەهێز بۆ قاهیرە ڕۆکێتى ( سکالب) ستورم شادو ى ئەوروپیە کە میسرییەکان دەستیان پێ ڕاگەیشتووە و دەتوانن لە دوورەوە پەلامارى بەنداوەکە بدەن.

کات لە بەرژەوەندى میسر نیە
بە ڕۆیشتنى کات بوار تەسک دەبێتەوە بۆ پەلاماردانى بەنداوەکە، چونکە لە حاڵەتى پڕ بوونى تەواوى بەنداوەکە ئیتر میسرو سودان دەکەونە بەرمەترسى و زیانى گەورە ئەگەر بەنداوەکە بڕۆخێنن، بۆ یە پێویستە ئەگەر نیازى وایان هەبێت پێش پڕ بوونى بەتەواى پەلامارى بدەن.

سیناریۆکانى تۆڵە سەندنەوەلە لایەن ئەسیوبیاوە
دوورنیە ئەسیوبیاش تۆڵە بکاتەوە و ئاسانترین ئامانج بۆ سوپاى ئەسیوبیا سودانە کە لە ڕووى ژمارەى دانیشتوان و سوپایشەوە ئەسیوبیا دوو هێندەى سودان دەبێت، خاکى ئەسیوبیا سەخت و شاخ و داخە سودان دەشتاییە، ڕژێمى ئەسیوبیا توندو تۆڵ و یەکگرتووە و حکومەتى سودان ڕاگوزەرو فشۆڵەو کێشەو قەیرانى ناوخۆیی زۆرى هەن. بەڵام میسر ئەگەر نیازى وا هەبێت پێویستە لە پێشدا سوپاى سودان سازو ئامادەو چەکدار بکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى هەموو ئەگەرەکان.

کاردانەوەى ئەسیوبیا بەرامبەر میسر
یەکێک لەو ئامانجانەى کە ئەسیوبیا ئەگەر بتوانێت لێ ى بدات بەنداوى عالى میسرە، کە ئەمەش کارێکى قورسە و ئەسیوبیا مووشەک و ڕۆکێتى دوور مەوداى نیە، ئەسیوبیەکان دەتوانن ئاوى ڕووبارى نیل پیس بکەن کە لە خاکى وڵاتەکەی خۆیان دەردەچێت بۆ ئەوەى میسرو سودان کەڵکى لێ نەبینن.

هەڵوێستى یەکێتى ئەفریقیا
هەڵوێستى یەکێتى ئەفریقیا سۆزدارى و لایەنگریە بۆ ئەسیوبیا، بە تایبەتى باشورى ئەفریقیا کەلەدواى سیستمى ئاپارتایدەوە خۆى وەکو پێشەنگى ئەفریقیا دەنوێنێت و دژ بە ڕۆڵى مێژوویى میسرە، بۆیە لە حاڵەتى ڕوودانى هەر شەڕێکدا دوورنیە سزا بە سەر میسرو سوداندا بسەپێنن و ئەندامێتیان لە یەکێتى ئەفریقیادا سڕ بکەن.
لە کۆتاییدا بۆ گەلانى هەژارى ئەفریقیا جەنگ ماڵوێرانى و کارەساتێکى گەورەیە و هەژارى و دواکەوتویی زیاتریان بۆ دەخوڵقێنێت، بۆیە باشترە لە ڕێگەى دانوستانەوە چارەسەرى ئەم کێشە بکەن بە تایبەتى دەساڵى ڕابردوویان بە گفتگۆەوە بەسەر بردووە وناکۆکیەکانیش هەر پاپەند بوونە بەکاتەوە بۆ پڕکردنى بەنداوەکە، لە برى بە دەساڵ پڕبێت بە بیست ساڵ پڕ بێت لە ئاو بەنداوەکە بێ ئەوەى سامان و خوێنى هەژارانى ئەفریقیا لە شەڕدا بە فیڕۆ بڕوات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت