ئارام قزلەری: جەژنە پیرۆزە بۆ بەرپرسان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گەرمی پیرۆزبایی جەژنتات لێ بێت ئەی بەرپرسانی حیزبی و حکومەت! ئەی نوێنەران و پەرلەمانتارانی پۆشتەو پەرداخ وحازر خۆر! پیرۆزبایی جەژن هەر شایستەی ئێوەیە کە هیچ بەهایەکی جوانیتان نەهێشت لە کوردستاندا.
ئەوەی چەند ساڵە میلەتی کورد بەگشتی و بە تایبەتیش تێکۆشەران و دلسۆزان بۆی تێکۆشان و بە دەستیان هێنا و شانازیمان پێوە دەکرد. خوێنی پیرۆزی شەهیدەکانمان و خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگەکانمان و خۆراگری و ورەی پۆڵاینی زیاندانیانی سیاسی و ڕێخستنە دێرینەکان و زۆرینەی بەشەرەفی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو بە هەموو پێکهاتەکانەوە. بەڵام حەزاران هەزار جار حەیف ئێوە هەرهەموتان کردە قوربانی بەرژەوەندی و پرۆژەکانتان. ئێوەی دەسەڵاتداران دەبێ ئەو ڕاستیە بزانن کە ئەو مێژوە پڕ لە سەروەری و پیرۆزەی ئێمەی خەلکی کوردستان بەدەستمان هێنابوو لە ڕابردودا بەرهەمی زوڵم و زۆرو رەفتاری دیکتاتۆریانەی بەعسیەکان بوو. کە گەلی کورد بگەیەنێتە ئەو ئاستەی ببێتە خاوەنی ئەو مێژوە پڕ لە سەروەریەی کە هەر هەمومان شانازی پێوە بکەین دەنگمان نێر بێت لە بەرامبەر دوژمەنکانماندا.
بەکوردی و بە پوختی زوڵم و تاوانەکانی بەعسیەکان بو کە بوە قوتابخانەیەک بۆ دەولەمندکردن و گۆشکردنی رۆڵەکانمان تا ببنە شۆرشگێرو دەیان داستانی قارەمانانە تۆمار بکەن لە مێژوی گەلەکەماندا. بەڵام ئێوەی دەسەلاتدارانی کورد زۆرینەتان بونە مامۆستا و قوتابخانەیەک بۆ ناشرین کردن و داڕماندنی ئەو ئەو مێژوە پڕ لە سەروەرییەی کە هەمان بوو بە ئینتیمای نیشتیمانیشەوە.

ئێوە چی ماوە دەستی بۆ نەبەن؟ چی ماوە ناشرینی نەکەن؟.
ئەوەی تۆزێ بەهای ماوەو دەستان بۆ نەبردوەو تێکتان نەداوە گۆرستانەکانە، مزگەوتەکانە، قوتابخانەکانە، ئەوانەش تەخت بکەن و مەیان هێڵن وەکو کارگەی شەکر، وەکو کارگەی چمەنتۆ، وەکو کارگەی جل و بەرگ وەکو سایلۆکە وەکو دیان شوێنی تری کە کراونەتە مۆڵ و جێگای نیشتە جێ بون. هەندێک جێگاش لە بازاری مەرگدان و تەنها خواو خۆتان ئەزانن بۆچی و بۆ کێ دانراون و چارەنوسیان تا ئێستاش نادیارە. بەردەوام بن و پشو مەدەن شۆفڵ و حەفارەکانتان با لە کارا بێت و کاتی فرۆشتن و روخاندنی ئەمانەش هاتوە وەکو ئەوانی تر:

گۆرستانەکان
گۆرستانەکان بۆ چی باشن؟ رۆحی مردوەکانمان شاد بێت ئەوانە چونەتە جێگای ڕەحمەتی خۆیان. ئەو پانتاییە گەورەیەی هەیانە بێڕۆحەکان داگیریان کردوە هەر بۆ دزو چاوچنۆکەکانان باشە، کە نە بەشاخ و نەبە دۆڵ و نە بە دەشتایی چاویان تێر نابێت بۆ خۆ دەوڵەمەند کردنیان.
تکایە گۆرستانی شەهیدەکانمان لە پێش هەمویانەوە بروخێنن بۆ چیمانە تازە خانەوادەکانیان لەدەستیان چون و ئێوەش کارتان بەو نەمرانە نەماوە تا بۆ جارێکی تر بەناوی کوردو کوردایەتیە بە کوشتیان بدەن.
تەنها وشە بریقەدارو قسەزلەکانی بەردەم کامێراو میکرەفۆنەکان بەسە بۆ ئەوەی خۆتانی پێ ئاسودەبکەن و خێزانی شەهیدانیشی پێ چەواشەو رازی بکەن. دەستبەکار بن شۆفڵ و حفارەکانتان بخەنە گەر تەختیان بکەن باشترین شوێنن زەویەکانیان بۆ دروستکردنی جێگای نیشتە جێبون بۆ بەرزکردنەوەی باڵەخانەکانتان!.
دەتوانن دەیان پرۆژەی گەورەی لەسەر دروست بکەن بیکەن بە شوقە و ڤێلای شاهانە بیانکەنە مۆڵ و گەلەری و بەنزینخانە ، بۆ ئێوەی بازرگانان ئەوپەری چەند دەفتەر دۆلارێکی تێ دەچێت دواتر دەیان ملێۆن دۆلارتان بۆ ئەکات.
ئەوە مافی خۆتانە ئێوەی دەسەلاتداران و بازرگانان بون کە کوردستانتان رزگار کردو خوێنتان بۆ بەخشی! بۆیە مافی خۆتانە هەرچی بکەن بۆ خۆتان و کاسەلێسەکانتان. شاخەکان، گردو گردۆڵکەکان، دەشتاییەکان، زەویە کشتوکاڵەیەکان ، بیانکەنە بارەگا ، بیانکەنە جیگای نیشتە جێبون، بیانکەنە مۆڵ و باڵەخانەی بەرز، بیانکەنە کەناڵی تەلەڤیزۆنی و بیانکەنە بەنزینخانەو بیانکەنە و… هتد. با دلتان ئیسراحەت بکات و گیرفانتان پربێت .

مزگەوتەکان
ئێوەی دەسەلاتداران لە هیچ بوارێک شارەزا نەبن لە بواری بازرگانیدا کەس ناتوانێ شان بات لە شانتان و پێویست ناکات ئێمە بەرچاو رونیتان پێ بدەین، خۆتان ئەزانن ئەو شوێنانەی مزگەوتەکانیان لێ دروست کراوە زۆربەیان گونجاون بۆ باڵەخانەو دروستکردنی مۆڵ و کافتریاو ڕێستۆران .
باشترە ئەوانەش تێک بدەن و خەمی موسڵمانانتان نەبێت لە مالی خۆشیاندا بێت خوا خواپەرستی خۆیان ئەکەن و لە هەر شوێنێکدا نوێژو عیبادەت بکرێت دەگاتە لای خوای گەورەو میهرەبان. دڵنیا بن خوای گەورەش پێی ناخۆش نیە ئەزانێ ئێوە چاوتان بەهیچ تێر نابێت و مەگەر خۆڵی گۆرستانەکان چاوتان پڕ بکاتەوە .

قوتابخانەکان
قوتابخانەکانیش بە بۆنەی ئەم ڤایرۆسە نەگریسەوە قوتابیان پێویستیان بە قوتابخانە نەماوەو هەر هەمویان بە ئۆنلاین دەخوێنن ، ئەوانەشی بروانامەیان بەدەست هێناوە زۆربەیان بێ کارن و رۆژ بەڕێ ئەکەن، هەندێکیشیان بۆ بژێوی ژیانیان یان شاگردی دەکەن یاخود لەفەو قاورمە دەفرۆشن لە سەر شەقامەکان. بۆیە گەر قوتابخانەکانیش بفرۆشن زۆر زیانی نابێت بۆ کۆمەڵگاکەمان، چونکە سەردەمی خوێندن و دامەزراندن مۆدی نەماوە لە کوردستاندا. بۆیە باشترە قوتابخانەکانیش بروخێنن و بیانکەنە پرۆژەو کە سودی بۆ خۆتان هەبێت و مامۆستاو قوتابیانیانیش هەر هەموو قەرزار باری ئێوەن کە هەمومانگێک لە کاتی خۆیدا موچەتان پێ داون بە مامۆستاکانیان و بە جۆرێکیش گەشەتان داوە بە کەرتی پەروردە و فێرکردن لە قوتابخانەکاندا.
هەر هوو قوتابیەکان نەچنەوە قوتابخانەش رادەی رۆشنبیریان ئەوەندە بەرزە بێ بە دەست هێنانی بروانامەش بیرو عەقڵیان لە ئاست زاناو پرۆفیسۆرەکانی جیهاندایە. بۆیە نۆشی گیانتان بێت نەوەستن هەرچی تواناتانە بیخەنە گەر بۆ کاولکردنی کوردستان بۆ تێکدان و فرۆشتنی شوێنە پیرۆزەکان، شوێنە کلتوریەکان و هەموو ئەو شوێنانەی دوژمنانی کورد دەستیان پێدا نەگەشت و بۆیان نەکرا فرسەتە ئێوە بیکەن و لە نەخشەی وڵات و لە مێژوی گەلەکەماندا بیان سڕنەوە هیوادارین لە داهاتو پرۆژەکانتان بگەیەننە ئاسمان و ئەوێش بۆ خۆتان داگیر بکەن.

ڕاوێژکار بۆ کاروباری بازرگانی دەسەڵاتداران

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت