جیهاد جۆڵا: نەدادپەروەری و نەشعور.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ نیە گوێی لەدەنگی دەھۆڵی دادپەروەری بێت و بەرەوڕووی ڕانەکات، ئەگەر گوێشی لێەوە نەبێ دڵی دەگەشێتەوە کاتێک لە چیرۆکێدا وشەی دادپەروەری گوێ لێدەبێت؛ خۆ ئەگەر لەچیرۆکەکەدا کەسە دادپەروەکە حاکمی وڵات بێت و ئیتر بێئەوەی بینیبیێتی بەیعەتی پێدەدات، خۆشیدەوێت، تەمەنای حاکمی وەھا بۆ وڵاتەکەی دەکات. بەڵام کاتێک لە چرۆکێکدا گوێی لە نادادپەروەیەک دەبێت ڕادەچڵەکێت، نەفرەت بارانی دەکات، لۆمەی ھەموو ئەوانەی ناوچیرۆکە دەکات کە لەبەرامبەر ئەم نادادپەرەوەریە دەستەوەستان بوون؛ خۆئەگەر نادادپەرەوەر حاکمی وڵات بێت وەک لە حەوتمین تەبەقەی ئاسمانەوە بکەوێتە خوار، ھەردەپەنجەی خۆی دەگەزێت؛ دووربێت!
ھەرمرۆڤێ گوێی لەدەھۆڵی نادادپەروەری بێت تا ھێزی ھەیە لێی ڕائەکات، بەڵام سەیرو عەجایبی ئەم ھەرێمە لێرەیە نەبەرەو دادپەروەری ڕادەکەن و نە لەنادادپەوەری ڕادەکەن نەڕادەچڵەکێن پێی و نەلەدژی دەوەستەنەوە، لێرە ئەگەر تۆزێ بەرزببیەوە دەبینی نەک حکومڕانی وڵات حاکمیش نادادپەروەرە، حاکێمێک وەچەی ئەم کۆمەڵگایە کە ھیچ شتێکی نیە نەدادپەروەری و نەشعور. بە مێژووی تەمەن و خوێنراو بیستراو نادادپەورەی زۆر بیستراوە کە لەوەی ئەم ھەرێمەی ئێمە گەورەتر بووە، بەڵام بێشعوری وەھا! نەک لەمێژوو لەڕۆمانە جیھانیەکانیش نەبینراوە، ڕەنگە بڵێی بۆ بێشعوری، بێ شعوری تانەیەکی دزێوەو وەک ئەو نادادپەروەریەی دەکرێ نادادپەروەریە بەرمبەر کۆمەڵگا یان پێیان وایە ئەم ناونانە هاستیان بریندار دەکات ئەویش لەبێئاگایی و نەزانینی ئەوڕاستیەیە کە بێشعورەکان هیچ جۆرە هەستێکیان نیە، ڕاستە خەڵکانی ئاسایی حەزیان لێنیە بە بێشعور ناو ببرێن بەڵام خەڵکانی ئاسایی خۆ بێشعورنین، بەڵام لێتان دەپرسم، تەولابوون نەک لەئازادی تەولابوون لەخەسڵتە بنەرەتیەکانی مرۆڤیش بێشعوری نیە ، ویژدانێکی بێگای چەقبەستوو، لەکوێوە دێت، ئەگەر کۆمەڵگەیەکی بێشعوری لەپشت نەبێت، دادەوەرێک و فەرمانرەوایەک ئەگەر لەشعوری ڕەعیەت ڕانەبینێ چ زاتی نادادپەروەری دەکات، ئەسڵەن دەكرێ خۆی خاوەنی ئەومەزرەعەیەی بێشعوریەبێ لەکۆمەڵگادا.
ئاخر من دڵنیام ئەم بێشعوریە بابەتێکی فیتری کۆمەڵگەی کوردی نیە، نەخۆشیەکی ئەم سەدەیەو بەگیانی کۆمەڵگای ئێمەدا بڵاو بۆتەوە، ئەگیان سامان و داھات و قوتی کۆمەڵگەیەک دیزە بەدەرخۆنە بکرێت، برابەشی لوقم و پاروی گەروی مناڵە ئەنفال و شەھید و پێشمەرگە بکرێ، ئازادی و سیمبولی ئازادی چالاکوان، رۆژنامەنوس، وەک عەتری پاریس لەشوشەی تەڵخی زیندانی نادادی بکرێت، ئەم گەلە کوردەش بەگەورە و بچوکەوە قەڵاقوپی لێبکات، ئەی ئەمە بێشعوری نەبێ چیە؟ با دانیپیدابنێین، ئەگەر نەنگیش بێت، ئێمە کۆمەڵگایەکی نەخۆشین، نەخۆشیەکەی ئێمە زۆر کۆرۆناو تاعونی سەدەی پێشوو خراپترە، ئەم نەخۆشیە یەک یەک لەناومان نابات ھەموومان بەیەکەوە لەناو دەبات، ئەم نەخۆشیە نەخۆشی بێشعوریە! بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ھەمووان دەکەونە بەرھەڵستی ئەم بابەتە دەتوانین زۆرتیرین رێژەی بێشعورەکان دیاری بکەین، یاخود لەگەڵ پەسندکردنی ئەم بابەتە دیسان دەتوانین ڕێژەیەکی زۆرتردیاری بکەین. کەواتا با ئێمە وەک کۆمەڵگا دانیپێدابنێین، نەک بۆ خۆمان، دادوەرەکانیشمان بێ شعورن، بازارگانەکانیشمان، ھەمووان، ھەمووان بێشعورین؛ بێشعوری ئاڵودەبوونە بەدەسەڵات و هێز و وەڕەسکردن و بێدەربەستی بوون و هەوەسی زاڵبوون بەسەر دنیادا لەکاتێکدا بێشعور ناتوانێت بەسەر خۆشیدا زاڵبێت، تەنانەت بەرادەیەک کاتێک بۆیان رووندەبێتەوە کە بەراستی بێشعورن دڵخۆشدەبن و ھەست بەسەرکەوتنی خۆی دەکات بەسەر ھەموواندا، زیاتر لەخۆی رازی دەبێت، سەربای ئەمەش لەوەیە نەتوانن پیناسەی بیشعوری بکەن لێ کاتێک بێشعورێک دەبینین بەدڵنیایەوە دەیناسنەوە. یەکێک لە بەڵەکانی کۆمەڵگەی بێشعور ئامادەبوونی هەلومەرجەکانی پەرەسەندنی بێشعوریە.
ئەگەر دانیپدابنێین بێشعورین لەوانەیە بریاری خۆچارەسەرکردن بدەین و ھەنگاو ھەنگاو خۆمان کۆمەڵگاو حاکم و حکومرانیش بکەینەوە خاوەن شعور، ئەگەر دەمانەوێت دادپەرەوەری بگێرینەوە دەبێت شعور بگێرینەوە بۆ دادوەرەکان، چونکە هەرکارێک پەیوەندیداربێت بەیاساوە، بەتایبەت ئەگەر گرێدراوی چاودێری زۆر و سەپاندن بێت مەترسی بێشعورسازی تێیدا زیاترە، چونکە بێشعورەکان ئەگەر بەترس و تۆقاندنی خەڵک نەتوانن کارەکانیان ئەنجامبدەن دەکەونە تەڵەکەبازی و یاساو ڕێنمایەکان بەجۆرێک چوڵکەچیزێ دەدەن بەرئەنجامەکەی لەبەرژەوەندی خۆیاندابێت.
چارەسەرکردنی نەخۆشیەکی وەک بێشعوری سەبارەت بەتاک و سەبارەت بە کۆمەڵگەش کارێکی ئاساننیە بەتایبەت کاتێک لەڕوویان بدڕێتەوە دەستدەکەن بەگازندە لەوکەسەی کە وتوویەتی پشتی چاوت برۆیە و دەبێژێت کەمرڤێکی بێبەهایەو ڕقەبەرایەتیکەرە، ئەگەر نەیان توانی هیچ بکەن ئەڵێن ئەمانە هەمووی پلان و کەین و بەینن، بۆیە زۆرکەسی شۆرشگێر لەچارەسەرکردنی ئەم نەخۆشیە بەبنبەست گەیشتوون، بەڵام من پێموایە کاتی ئەوە هاتووە ئازایانە سەبارەت بەم دەردە دەست بکەین بەچارەسەرکردن، دەبێت خەسڵەتە مرۆییەکانی بێشعورەکان ببوژێنینەوە، ئەگەر نەتوانین ھیچ شتێ بکەین دەتوانین خۆمان ڕزگار کەین و لەپەنای شعوردا دادپەروەریش بچەسپێنین.
ڕەنگە کەم نەبن ئەوانەی ڕەخنە لەم بابەتە ئەگرن، من دەڵێم با هێندە ڕەخنەبگرین تا گیانمان دەردەچێ، ئەگەر دڵمان بەخۆمان ناسوتێ پێویستە بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەم کارەبکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت