ئالان جەلال دەرگەڵەیی: خەلیل وەزیر ناسراو بە ئەبو جیھاد.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای یاسر عەرەفات کەسی دووەمی ناو *رێکخراوی فەتح* بو. لە رێکەوتی 16/4/1988 لەتونس،ی پایتەخت کوژرا لەلایەن دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل * موساد* دوای ئەوەی توانیان چەند کەسێکی تونسی نزیک لەو کەسایەتیە بکرن لەوانە ئەفسەرێکی پایەبەرز لەناو دەزگای ھەوالگری تونس کە بو بە چاوساغ و رێنیشاندەر.
ئەفسەرێکی موساد بەناوی *ڤیکتۆر ئوسترۆڤسکی* لە بیرەوەریەکانی لەژێرناوی ( عن طریق الخداع، لەرێگای ھەلخەڵەتاندنەوە) من بە عەرەبیەکەی خوێندمەوە بەر لە چەند ساڵێک، باسی ئەو چالاکیە دەکات و دەنوسێ،کامێراو ئامێری تۆمار کردنی دەنگیمان لەناو ھەمو ژورەکانی ماڵەکەی چاندبو بەمەرجێ ژوری خەوتنیشی لەژێر چاودێری ئێمەدا بو ئاگاداری ھەمو نەھێنیەکانی ژیانی ھاوسەریشی بوین و ھەمویمان تۆمار دەکرد.
دوای ئەنجامدانی چالاکیەکەو کوشتنی خەلیل وەزیر بەسەرکەوتوانە دەرچون و خۆیان گەیاندە کەنار دەریا بە بەلەمێکی خێرا دور دەکەونەوە بەرەو قوڵایی دەریاو لەوێ کەشتیێکی ژێر دەریایی خۆیان چاوەروانی دەکردن و دەرباز بون.
خەلیل وەزیر ؛ ئەبو جیھاد لە ئەنفالە بەدناوەکان و کارەساتەکەی ھەڵەبجە زۆر نامرۆڤانە لە یەکەمەکانی سەرکردە عەرەبیەکانی ئەوکات بو پیرۆز بایی سەرکەوتن و دەست خۆشی لە سەددام و سوپاکەی کرد . بەڵام رێک یەک مانگ دوای کارەساتی ھەڵەبجە کوژرا،ھەڵەبجە لە 16/3 رویدا خەلیل وەزیر لە 16/4 کوژرا.
پیرۆزباییەکەی خەلیل وەزیر لە سەددام بەبێ ھیچ گوێدانێک بۆ پەیوەندیە دۆستانەکەی نێوان سەرکردەکانی کورد لەوانە نەمر مام جەلال کە چەند ساڵ لە لوبنان لەگەڵ فەلەستینیەکان ژیابو نوسینەکانی لە گۆڤاری « الھدف» کە بەرەی ئازادیخوازی فەلەستینی دەریدەکرد لەژێر ناوێکی خوازراو بلاو دەکردەوە، وەکو مام لە بیرەوەریەکانی باس دەکا دەڵێ لەگەڵ نوسەری فەلەستینی * غەسان کەنەفانی* لەژورێکدا دەژیاین بەیەکەوە ئەویش ھەر موساد کوشتی لە رێگای نامەیەکی بۆمبڕێژکراو، جگە لەمام زۆرێک لە سەرکردەکانی تری کورد بە وانەی ناو حیزبی شیوعیشەوە پەیوەندی توندوتۆڵیان ھەبو لەگەڵ ھەمو لایەنەکانی فەلەستین بە نایف حەواتمەو جورج حەبەش و… ھتد.
بەڵام رێکخراوی ئازادی خوازی فەلەستین بەتایبەتی لایەنەکەی یاسر عەرەفات رێزی ئەو پەیوەندیانەشیان نەگرت دەست خۆشیان لە سەددام کرد بۆ ئەنفال کردنی 182000 ھەزار کوردو وێرانکردنی نیوەی کوردستان خنکاندنی ھەلەبجە بە گاسی ژەھراوی.
باکەس واتێنەگات ئەوەی روئەدات لە غەززە دڵم پێی خۆشە لە تۆڵەی ئەو ھەڵوێستەی باسم کردوە،بەلکو دەزانم ئەوە خەلکی ھەژارو بێتاوانە کەوتۆتە ژێر ئاگری دەزگای جەنگی ئیسرائیل لە ئەنجامی ھەڵەی حەماس و سەرکردەکانی کە چەندین جار ئەوەیان کردوەو چەند بارە کردۆتەوە دوایش بە ئاگر بەستێکی لەرزۆک کۆتای دێ لەدوای زیانێکی زۆری گیانی و ماددی، لەکاتێکدا پێش کات دەزانن کاردانەوەو ھەڵویستی ئیسرائیل چیەو چۆنە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت