هەژار نامیق: جەنگی ڕێویەکان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەتوانیت بۆ ماوەیەک هەندێک لە مرۆڤەکان فریوبدەیت، بەڵام ناتوانیت بۆ هەمیشە هەمووان فریو بدەیت ….( ئەبراهام لینکولن )
ژیانی ئێستا پڕ بووە لە فریودان، لە درۆکردن و بوختان، لە قسەی نەشیاو، لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕۆژانە دەیان و سەدان قسەی نەشیاو نادروست پڕ لە غەم و ناخۆشی پڕ لە ئازار و میحنەت دەبینین و دەیبیستین، جەنگی سیاسیەکان، جەنگی وڵاتان، جەنگی قەبیلەکان، جەنگی شارەکان و… هتد، کوشت و بڕینى بەردەوام دۆخی ژیان بە ڕادەیەک شێواوە ئەوەی کە هەبووە بێزارە، ئەوەشی کە نەبووە هەر بێزارەم ئەوەی خاوەنی کارێکە هەر بێزارەو ئەوەشی بێ کارە هەربێزارە. ڕۆژانە درۆ لە گەڵ خۆمان دەکەین ڕاسیتەکان دەزانین و پێمان خۆشە بەرەو درۆکان ڕابکەین، ڕۆژانە فێڵ لە یەکدی دەکەین لە عەشق و خۆشەویستی لە ژیانى سیاسی، لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانە لە قسەکردن لە دانیشتن و کۆڕوکۆبوونەوە لە میوانی و… هتد، لە کاتێکدا ئێمە دەزانین کە قسەکە وانیە و ئەوی دەزانێت کە وانیە.
ڕێویەکانى ژیان زۆر بوون هەر جارەو شتێکمان لێدەبەن، هەرگیز ڕێوی ڕاستی نەکردووە ژیانی پڕە لە درۆ لە فرت و فێڵ، ئازارەکانمان زیاد دەبن و برینەکانمان ڕۆژ دوای ڕۆژ زۆر دەبێت و مەڵهەم و ساڕێژکەرەکان کەم.
دەگێڕنەوە دوو ڕێوی لە دەرەوەی ئاوایی دەست دەکەن بە شەڕ و دەنگیان هێندە بەرز دەبێتەوە خەڵکى گوند دەڕۆن بزانن چیە دەبینن کە دوو ڕێوی بە جەنگ هاتوون سەروچاوی یەکدیان هێناوەتە خوار، خەڵکەکەش دادەنیشن و تەماشا دەکەن و، کونەبەبویەکیش بەسەر درەختێکەوە پێدەکەنێت. خەڵکەکە چێژ لەشەڕی ڕێویەکان دەبینن، چونکە ڕزگاریان دەبێت لێیان و خەیاڵیان ئەرخەیان دەبێت کە چیتر زیان بە پەلەوەرەکانیان ناگات یەکێک دەپرسێت لە کونەبەبوو: بۆچی پێدەکەنیت؟ دەڵێت: بە ئێوە پێدەکەنم کە سەیری جەنگی دوو ڕێوی دەکەن، ئەوان ئێوەیان فریوداوەو سەروچاوی یەکیان هێناوەتە خوارەوە. بەڵام بێئاگان لەوەی ئەوە فێڵێکەو ئەوانی دی لە ناو ماڵەکانتان خەریکى دزی کردنن، هەمووان دەڕۆنەوە ماڵ، یەکێک هاوار دەکات کەڵەشێرەکەم و یەکێکی تر هاوار دەکات قەلەکەم و یەکێک هاوار بۆ جوجکەکانی دەکات و… هتد.
بەڵێ بەڕێزان ئەم چیرۆکە پڕ لە پەندە پێمان دەڵێت ڕێویەکان ئێمە دەخەڵەتێنن، هەر ڕۆژەو شتێکمان لێ دەبەن هێندەمان لێدەبەن هیچمان نامێنێتەوە ڕۆژانەش سەیری شەڕی ڕێویەکان دەکەین و بەشێکیشمان چەپڵە بۆ ڕێویەک و بەشێکى ترمان چەپڵە بۆ ڕێویەکی تر لێدەدەین.
ڕێویەکان دەکرێت سیاسی، فەرهەنگی، کەسانی ئائینى، کەسانی پەروەردەیی، کەسانی بازرگان و دەوڵەمەند، کەسانی جوتیار و شوان و گاوان بن… مەترسیدارترین جۆری ڕێویش سیاسیەکانن …. با شەڕی ڕێویەکان نەمانخەڵەتێنن و دواتر گلەیی لە خۆمان نه كه ين.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت