ئامانج نەقشبەندی: کورد و عەرەب و فەڵەستین ..کێ تاوانبارە و کێ کەمتەرخەم؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو ئەوانەی سەردەمی بەعسیان لەبیرە و لەو قۆناغەدا ژیاون یاخود خوێندنەوەیان بۆ ئەو قۆناغەی مێژووی عێراق و ئامێرە زەبەلاحەکەی ڕاگەیاندنی ئەو ڕژێمە هەبووە و کەم تا زۆر ئاگاداری پاڵپشتی بێ سنووری حکومەتی عێراقن بۆ گەلێک لەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی کە لە ناو عێراق و دەرەوەیدا بڵاو دەکرانەوە، دەزانن کە هەموویان ببوونە زمانحاڵی ئەو ڕژێمە و بەهەمان عەقڵیەت و نەفەسی بەعس سەبارەت بە دۆزی کورد دەیاننوسی، ئەمە جگە لە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی سەرانی عێڕاق بۆ خەڵکی فەڵەستین بە تایبەت و داگیرکاری ئیسرائیل کە عێراق بە (القضیة المركزیة) ناوی دەبرد، دەیان و سەدان نووسەر و ڕاگەیاندکاری وەک (ولید ابو ظهر و فؤاد مطر و عبدالباري عطوان و مصطفی بكري) و لیستێکی دوور و درێژ ئەو کارەیان پێ سپێردرابوو کە بە بەرژەوەندی عێراق و دژی کورد شەقامی عەرەبی بوروژێنن…
لە ساڵانی نەوەدەکانیشدا لە پاش گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و دامەزراندنی کۆمەڵێک کەناڵی ئاسمانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم ئاراستەیە زیاتر دەبوو دژ بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد بە تایبەتی دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەو ئان و ساتەدا و بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق لە سەردەمی دوای شەڕی کەنداو و ئابڵۆقەی ئابووریی دا بە جۆرێک لە جۆرەکان کوردستان سەقامگیریەکی ڕێژەیی تێدا بەدی دەکرا لە ڕووی ئابووری و ئاسایش و ئاوەدانیەوە. بەڵام جێگەی داخە کە چ لەسەر ئاستی دەسەڵات و ڕاگەیاندنی حزبی و چ لەسەر ئاستی نوخبەی ڕۆشنبیرانی شارەزا لە زمانی عەرەبی بە درێژایی سێ دەهە ئەم دەسەڵاتە و ئەو ڕاگەیاندنە و ئەو نوخبە ڕۆشنبیرە هیچ کاردانەوە و هیچ هەڵوێستێکی دیار و بەرچاویان لێ نەبینرا شایەنی باس بێت سەبارەت بە ڕاستکردنەوەی ئەو تێگەشتنە هەڵانەی نەتەوە و شەقامی عەرەبی و نووسەرانی عەرەب…
ساڵانێکی دوور و درێژ هێرشێکی سیستماتیکی پلان بۆ داڕێژراو دەکرایە سەر گەلی کورد و سەرکردایەتی سیاسی و تۆمەتبار دەکراین بە داردەستی جولەکە و ئیسرائیلی دووهەم کە لە ڕاستیدا کورد فەڵەستینی دووهەمە نەک ئیسرائیل، وەک ئەوەی بۆ خودی سەرکردایەتی عەرەب پەیوەندی ئاشکرا و نهێنی حەڵاڵ بێت لەگەڵ دەوڵەتی عیبری و بۆ کورد حەرام بێت…
جێگەی داخە هەمیشە هەر نووسەر و شرۆڤەکارێکی عەرەب لە چاوپێکەوتنەکاندا باسی پەیوەندی کورد و ئیسرائیلیان دەکرد ڕاستەوخۆ شریتە سواوەکەی نووسینەکانی دکتۆر محمود عوسمانیان وەک بەڵگە دەهێنایەوە؟!
وەک ئاماژەمان پێکرد دەسەڵاتی کوردی و ڕاگەیاندنە حزبیەکە و نوخبەی نوسەران یەکجار خوێن سارد و کەمتەرخەم بوون لە ئاست ئەو لێپرسراوێتیە، ئەگەر هەر کەسێکیش ئارەزوو مەندانە هەوڵێکی بدایە بەو ئاراستەیەی وەڵامی ڕاگەیاندنێکی بێ مۆڕاڵ و ناهەقی عەرەبی بداتەوە ئەوا نەک هیچ بوارێکی بۆ نەدەڕەخسا، بەڵکو ڕێگریان لێ دەکرد ، لێرەدا ئاماژە بە دوو چیرۆکی هەوڵدانی خودی خۆم بەم ئاراستەیە دەکەم کە لەو سەردەمەدا لە سۆنگەی دڵسۆزی و خەمخۆریەوە ویستم ئەنجامی بدەم، بەڵام بە داخەوە هەردوو جارەکە شکستیان بە هەوڵەکان هێنا…
لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا و پاش بڵاو بوونەوەی ئامێری سەتەلایت و دامەزراندنی چەندین کەناڵی ئاسمانی وەک (الجزیرة و A.N.N) و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پاڵپشتی کردن لە عێراق بەناوی دژایەتی کردنی ئیسرائیل و ئەمریکاوە و بێگومان هێرشی ناڕەوای بەردەوامیان بۆ سەر گەلی کورد، لەو کاتەدا وەک نووسەرێک و گەنجێکی شارەزا لە زمانی عەرەبی پێشنیاری ئەوەم کرد کە لەلایەن دەزگایەکی ڕاگەیاندنی حزبێکی دەسەڵاتەوە کار ئاسانی بۆ کەسانێک بکرێت کە لە ڕێگەی بەشداری کردن لە بەرنامەی پەخشی ڕاستەوخۆی ئەوکەناڵانەوە بە پەیوەندی تەلەفونیی نێودەوڵەتی (کە لەوسەردەمەدا) بەدەستهێنانی بۆ ئێمە سەخت بوو، بەڵام بۆ ئەو دەزگایە ئاسان بوو .. بتوانین پەیوەندی بکەین و وەڵامی هەندێک لەو چەواشەکاریانە بدەینەوە و ڕاستیەکان بۆ شەقامی عەرەبی ڕوون بکەینەوە سەبارەت مێژوویەک لە زوڵم و زۆر و خوێن ڕشتن ، مێژوویەک لە داگیرکاری و تەعریب و تەبعیس و پاکتاوکردن، بەڵام مەخابن هەر وەڵامیشیان نەداینەوە…
بەهەمان شێوە پێش داگیر کردنی عێراق و لە دوای جەنگی ئەمریکا لە ئەفغانستان و لێدانی ئەلقاعیدە و تالیبان و دامەزراندنی حکومەتی نوێی ئەو ووڵاتە بە سەرۆکایەتی (حامد كارزای)، لەو کاتەدا ڕۆژانە لە کەناڵە عەرەبیەکانی هاوسۆزی قاعیدە و ڕژێمی عێڕاقی پێشوو دەستەواژەیەکی نوێ هاتە ئاراوە کە ئەویش (کارزای العراق) بوو وەک سوکایەتیەک هەم بە سەرۆکی نوێی ئەو ووڵاتە و هەم ئاماژەیەک بە سەرۆکێکی داهاتوو دوای قۆناغی بەعس و سەدام حسین… لە سەردەمەدا لەگەڵ نووسەرێکی هاوڕێم کە بەردەوام لە ڕۆژنامەیەکی حزبیدا نووسین و بەرهەمەکانی بڵاودەکرایەوە و لە ئێستادا لێپرسراوێکی باڵای حزبیە گفتوگۆیەکمان کرد سەبارەت بەو بارودۆخە، پێشنیاری ئەوەی کرد کە زۆر پێویستە کە کورد گفت و گۆ و قسە لەگەڵ (ئەوانی دیکە) بکات بە زمانی خۆیان مەبەستیش زمانی عەرەبی بوو… ئاشکرایە کە حزبە کوردیەکان ڕۆژنامەی عەرەبیان هەبوو کە زمانحاڵی فەرمی حزب بوو، بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی بارەگای سەرەکی دەزگای ڕاگەیاندیانمان کرد و پاش قسەو باس و گفتوگۆ ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی زنجیرە ووتارێک بنووسین بە زمانی عەرەبی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە نووسەرانە و ڕاستکردنەوەی هەندێک تێگەیشتنی هەڵە سەبارەت بە کورد و عێڕاقی دوای ڕژێمی بەعس، بێگومان وەک خۆم جەختم لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم کارە بێ هیچ بەرامبەرێک ئەنجام دەدەم و تا ئەم ساتەش هەر وەهام کردووە..
یەکەم ووتاریشم کە ئامادەم کرد وەڵامدانەوەی ئەوانە بوو کە بەردەوام دەتەواژەی (کارزای العراق) یان بەکار دەهێن، کە ئاماژەیەکی پێشوەخت بوو بۆ سووکایەتی بە سەرۆکی داهاتووی عێراقی پاش صدام حسین کە تا ئەم ساتەش دەستنووسی ووتارەکەم پاراستووە کە بە لەبەرچاو گرتنی پێگەی بەهێزی کورد و دامەزراوەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم لەو کاتەدا بە بەراورد عەرەب بە سوننە و شیعەوە، کە ئاخۆ کورد دەبێت بۆ بێدەنگ بێت لە ئاست ئەم سوکایەتیە؟ وەک پرسیارێک پێشبینی ئەوەمان کردبوو ئاخۆ کێ ناڵێت سەرۆکی داهاتووی عێراقی داهاتوو کورد نابێت؟ کە هەرواش بوو دوای قۆناغی ئەنجومەنی حوکمی سەردەمی پۆڵ برێمەر خودالێخۆش بوو (جلال تاڵەبانی) بووە یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراو لە مێژووی عێراقدا … بەڵام بەداخەوە ئەو وتارە ڕۆشنایی نەبینی، ڕۆژێک و دوان هەفتە و دوان … لاپەڕەکانی ڕۆژنامە عەرەبیەکەی زمانحاڵی حزبی کوردی پڕدەکرانەوە بە پیاهەڵدان و بابەتی حزبی و یاد و یادەوەری و… هتد..
لە کۆتاییدا دەشێت لە خۆمان بپرسین ئایا تەنها ڕژێمە شۆڤێنیە عەرەبەکان تاوانبارن بەوەی لە ڕێگەی خەرج کردنی ملیۆنان دۆلارەوە ڕاگەیاندنی ئاراستەکراوی بێ مۆڕاڵ وبێ وێژدانەوە شەقامی عەرەبی ژەهراویی و ڕق ئەستوور دەکەن بەرامبەر کورد و لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە ململانێکە لە نێوان حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراقەوە بکەنە ململانێی نەتەوەیی نێوان کورد و عەرەب یاخود دەسەڵات و ڕاگەیاندن و نوخبەی بەناو ڕۆشنبیری کورد و قەڵەمی حزب و نووسەرانی دەربار کەمتەرخەم و خوێن سارد بوون لە فراوانکردنی ئەم بۆشاییەی نێوان دوو نەتەوە؟ ئایا ڕاگەیاندنی کوردیی لە بری خزمەت بە خاک و نیشتیمان و نەتەوە سەرقاڵی شەڕە دەنوک و ناشرین کردنی یەکدی و شەڕی ڕاگەیاندنی لابەلای بێ سوود نەبوون؟.
جا لێرەدا تەنها باسی بابەتی سیاسی و ڕۆشنبیری تیشکی خراوەتە سەر ، ئێمەی کورد لە بابەتی ململانێکانی فەلەستین و دەوڵەتی عیبریدا دەکرا کەمێک کارمان بکردایە بۆ جیاکردنەوەی ناکۆکی نەتەوەیی وئاینی لە بابەتە ئینسانیەکان، زۆرێک لە عەرەب و فەڵەستینی بەهەڵەدا براون ئەمە واتای ئەوە نییە ئێمەش هەڵە بە هەڵە چارەسەر بکەین… هەرچەندە بە ئەنقەست دوور و نزیک باسی ڕەهەندی ئاینیشمان نەکردووە کە گەلێک باس و خواستی دیکە هەڵدەگرێت و لەم ووتارەدا بواری ئەوەمان نەبوو .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت