ھوشیار ئەحمەدی: ژن لە ئەدەبی رۆمانتیکی کوردا، ھەوێنی کائیناتە..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاکڵی ئەم ئیدیعایەش، بەگشتی لە شێعری رۆمانتیکی زۆرێ لە شاعێرانمانا و بەتایبەت وەک نمونە لەم دوو دێڕە شێعری “ناری” دا دەرئەکەفێ:
بە ھەوری پەڕچەم و زوڵفی، رۆخ و ئەبڕۆی کە داپۆشی
لە شەوقی رۆئیەتی بەدر و ھیلالی یەک شەوەی کردین

ژن لەم تابلوە جوانەی ناری دا، ئەبێتە بەشێ لە سروشت، بەشێ لە سرووشت و کائینات. لەو تابڵوە ھەڵبەستانەیەدا ژن ئەبێتە کاکڵ و ناوەندی جوانییەکان، کورتکراوەیەک لە تاقی ئاسمان و جوانییەکانی.
روخسار و روومەتی یاری لێ ئەبێتە”بەدر” مانگی پڕ و تەواو، مانگێکی پڕ کە بە ھەوری ڕەشی پەڕچەم و زوڵفی دایپۆشیوە. گەرچی زوڵف و پەڕچەمیش لە جوانترین کاراکتێرەکانی شێعری رۆمانتیکی ئەدەبی کوردی و لە خاڵە تایبەتەکانی بیاڤی جوانیناسانەن، بەڵام لێردا وەک ڕەقیبێ لە بەرامبەر ھەستی بینایی شاعێرا دەرئەکەفن و لە شاعێر ئەبنە ھەوری ڕەشی نەگبەت و مانگی روخساری یاری لێ دائەپۆشن و لە شەوقی بەدری روخسار و ھیلالی یەکشەوە و باریکی برۆی یار بێبەشی ئەکەن!

لە دوو دێڕی دواترا ئێژێ:
ئەگەرچی کوشتنی خۆ (قابض الأرواح )ی موژگانی
بە قانونی مەسیحایی، بە خەندەی لێوی، حەی کردین

لێرەدا یارەکەی ھەم خودا ئاسا گیان ئەستێنێ، ھەمیش مەسێح ئاسا موعجیزە ئەکات و گیان بەبەرا ئەکاتەوە. لە دێڕی یەکەما گازندە لە برژانگە تیژەکانی ئەکا و بە گیانکێش، بە مەلەکەی رۆح ئەستێنیان ئەشوبھێنێ و ئێژێ ئەگەرچی موژەکانی گیانیان لێ ئەستانم، بەڵام دیسانەوە بە خەندەیەکی، وەک عیسای مەسێح گیانی بە کردەوە بە ێەر قاڵبما.
لای ناری ژن لە قاڵبی یاردا ئەبێتە کاکڵی سروشت و کائینات، ئەبێتە سەنتەری بوون و ژین و روخساری یار، عەشقی یار، وێنا و خولیا و خەیاڵی یار ئەبنە ھەوێنی بوون و مان و بەردەوامی بۆ شاعێر، بە چەشنێ ئەیانشوبھێنێ بە ھێزی لایەتەناھی و بێ کۆتای خالق و کائینات، بە پەیغەمبەران و موعجیزەکانیان.
ئەمەش نیشان ئەدا شاعیرانی کورد جوانبین، جوان بێژ، جوان ھۆن و جوانپەرست بوون. ئەوان بەناچار ھەندێ لە شێعرەکانیان بە ناوی شێخ و خودا و پەیغەمبەرانەوە بە عەشقی حەقێقی ناوھێناوە و خۆیان لە عەشقی راستەقینە ، ئەو عەشقەی بۆ وێنە لەم شێعرەی ناری دا خۆی دەرخستووە، دزیوەتەوە.
_ تێبینی: ئەم شێعرە بە شێعرێکی ھاوبەشی ناری و تاھێربەگی جاف ناسراوە، تەنانەت زۆر کەس بە تەواوی بە شێعری تاھێربەگی ئەزانن، کەچی لە بنەڕەتا شێعری “ناری”یە و ئەمیش وەک شێعرەکەی مەلای گەورەی کۆیە”:
بەڕیشی پان و پرچی پڕ لە ئەسپێ
بناغەی کاری کوردان چۆن ئەچەسپێ
چۆن بە ھەڵە بە ناوی “حاجی قادر”ەوە کراوە، ئاوا بە ھەڵە بە ناوی “تاھێربەگ”وە کراوە و لە دیوانەکەشیا چاپ بووە. تەنانەت لەم پەیوەندییا “کاکەی فەللاح” لە دیوانی ناری ، چاپی 1984 دا ئێژێ:
“بە ناھەق ئەم غەزەڵەیان کردووە بە دانانی من و تاھێربەگ، راستییەکەی ئەوەیە ھەمووی ھی خۆمە.”
بەڵام بەم مشتومڕەشەوە دیسان ئەوترێ، لەبەر ئەوەی ناری لە مەکتەبی عیرفان و تەسەوفا ژیاوە ناکرێ ئەم شێعرە ھی ئەو بێ، ھەر ھی تاھێربەگە. کەچی کەسێ وەک وەفاییش ھەر لە مەکتەبی تەسەوفا ژیاوە، بەڵام شێعری “شیرینی تەشی ڕێس” شاھکارێکی بێ وێنەی رۆمانتیکە. بەگشتی، بە مشتومڕێکی یەکجار زۆر و ئیدیعای خودی ناریشەوە، ھێشتا گومان ئەکرێ ھی تاھێربەگ بێ، گەرچی بە ناوی ناریشەوە ھەر تۆمار کراوە.

ئەمەش تەواوی قەسیدەکە:
بە خەمزەی چاوی مەخمووری سیاهی، مەستی مەی کردین
بە ماچی لێوی موستەغنی لە ئەنواعی مەزەی کردین
ترازا بەندی سوخمەی ئاڵی گوڵناری بە ئاهی من
کە چی دەستی لە سەر دانا، لە سەیری باخی بەی کردین
بە هەوری پەرچەم و زولفی، روخ و ئەبرۆی کە داپۆشی
لە شەوقی روئیەتی بەدر و هیلالی یەک شەوەی کردین
ئەگەرچی کوشتنی خۆ((قابیض الارواح))ی موژگانی
بە قانوونی مەسیحایی، بە خەندەی لێوی حەی کردین
عیلاجی دەدری دڵ”ناری”لە “تاهر بەگ”تەمننا کە
بڵێ ئەمرۆ گوڵئەندامێ، بە تیرێ جەرگی پەی کردین
“ناری”

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت