نەوزادى موهەندیس: مرۆڤایەتى لەبەردەم هەڕەشە و مەترسى بەردەوامدا!

هەموو پێشبینى و خوێندنەوە و تێڕوانینەکانى زاناکان بۆ ئایندەى مرۆڤایەتى و ژیان و گوزەرانى سەر ئەم ئەستێرەیەى کە ناوى ((زەوى))ە و لانکە و جێگەى مانەوە و شارستانیەتى مرۆڤە بۆ ملیۆنان ساڵ، هێواش هێواش و ساڵ بەساڵ و سەدە دواى سەدە ئەستێرەى گەش و تەمەنى بەرەو کزبوون و لاوازبوون و کەمبونەوە و لەناوچوون دەچێت، بەهۆى گەلێک هۆکارى سروشتى و دەستکردى مرۆڤ خۆیەوە لەوانە،کارەساتە سروشتیەکانى وەک: ڕوودانى بومەلەرزە و گڕکانەکان و هەڵچوون و داچونەکانى ئاوى زەریا و دەریاکان و لافاو وگێژەڵوکە و تسونامیە وێرانکارەکان و دیاردەکانى پەنگخواردنەوەى گەرما و بە بیابانبوون و ئەوانەشى کە دەستکردى مرۆڤەکان خۆیانن وەک: بەهۆى چالاکیە پیشەسازى و کشتوکاڵى و … هتدوە. وەک دەرچوونى بڕى زۆرى گازە ژەهراویەکان کە بەپێى تەخمینەکانى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى ساڵانە 7 ملیۆن حاڵەتى مردنى پێشوەختە ڕوودەدەن بەهۆى پیسبوونى هەواوە و کاریگەریە گەورەکانیشى لەسەر بوارى تەندروستى تەنها لە ساڵى 2016دا بریتى بوە لە 5.7 تریلیۆن دۆلارى ئەمریکى کە هاوتایە لەگەڵ 4.8 لە کۆى داهاتى نیشتیمانى جیهانى لەو ساڵەدا.زۆر کاریگەرى تریشى هەیە لەسەر خاک و کشتوکاڵ و بەروبومە کشتوکاڵیەکان و پیسبوونى ئاو و خاک و… هتد. و نەهێشتن و بڕینەوەى سەوزایى و دارستانەکان و ئاگرکەوتنەوەیان تەنها لە نێوان ساڵانى 2000-2012 نزیکەى 2.3 کیلۆمەترى چوارگۆشە لەدارستانەکان لە جیهاندا بڕاونەتەوە و تەنها 6.2 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دارستانە باراناویەکان ماوەتەوە لەکۆى 16 ملیۆن کیلۆمەترى چوارگۆشە و لە ئێستادا لەهەر خولەکێکدا بەهاوتاى ڕووبەرى گۆڕەپانێکى تۆپى پێ لە دارستانى ئامازۆن لەناودەچێت و تەنها لەساڵى 2018دا ڕووبەرى 3.6 ملیۆن هێکتار لە دارستانە ڕەسەنەکانى کەمەرەیى گۆى زەوى لەناوبراون کە ئەم نەمان و لەناوبردنى دارستانانە کاریگەرى گەورە و خراپى دەبێت لەسەر ڕووتبونەوەى خاک و زۆربوونى ڕێژەى گازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆنى کوشندە و سەرهەڵدانى دیاردەى بە بیابانبوون و کۆچکردنى مرۆڤەکان و دیاردەى پەنگخواردنەوەى گەرما و کاریگەرى خراپى بۆ سەر چینى گازى ئۆزۆن و… هتد. و ڕاوى ئاژەڵەکان و لەناوبردنیان ودروستکردنى پڕۆژە ئاوەدانى و پیشەسازیەکان لە سەر زەویە بەپیتە کشتوکاڵیەکان و لەهەموشیان مەترسیدارتر ململانێ سیاسى و ئابورى و ئەمنیە ناڕەواکان وشەڕ و جەنگە کاولکاریەکان و دیاردەى تیرۆرە کە برسێتى و قاتوقڕى لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە تەنها لەساڵى 2007دا 923 ملیۆن کەس لەسەر زەوى بەدەست نەبونى و برسێتیەوە ناڵاندویانە و بەدڵنیاییش لە ئێستادا ئەو ڕێژەیە زۆر بەرزبۆتەوە لە ئەنجامى نایەکسانى و نادادگەرى لە دابەشکردنى سەروەت و سامانە سروشتیەکان بۆ مرۆڤەکان و چاوچنۆکى دونیاى سەرمایەدارى و سەرمایەداران و کۆمپانیا ئابورى و بازرگانیەکان و دزین و بەتاڵانبردنى سەروەت و سامانى گەلانى هەژار و… هتد. هەر لەم چوارچێوەیەدا و بەهۆى برسێتیەوە و بەپێى ئامارێک هەر چرکەیەک یەک کەس دەمرێت و لە کاتژمێرێکدا 4000 کەس و لە یەک ڕۆژدا 100 هەزار کەس و لەساڵێکیشدا 36 ملیۆن کەس دەمرن. زیادبوونى ژمارەى دانیشتوان و کەمى سەرچاوە خۆراکیەکانیش هۆکارێکى ترن و دواهەمینیشیان بڵاوکردنەوەى جۆرەها ڤایروسى کوشندەیە لەناو تەواوى مرۆڤایەتى و سەرتاپاى گۆى زەویدا،کە لەئێستادا و ماوەى یەک ساڵى ڕێکە پەتاى کوشندەى کۆڕۆنا و زنجیرە نەناسراوەکانى ترى کە سەریانهەڵداوە و بونەتە هۆى مردن و لەناوبردنى زیاد لە 3 ملۆین 390 هەزار و 416کەس و تووشبونى 163 ملیۆن 594 هەزار و302کەسى تر، کە هەموانیان هۆکارى لەناوبردن و پەککەوتن و کوژانەوەى مۆمى تەمەنى مرۆڤایەتى و ئەم گۆى زەویەن.
جا گەر مرۆڤایەتى بۆخۆى بەتەنگ ئایندەى خۆى و شارستانیەتى و ئاوەدانى و ژیان و گوزەرانى خۆیەوە نەبێت و بەدەست و عەقڵ و بیرۆکە شەڕەنگێز و شەیتانیانەکان بکەوێتە وێزەى خۆى بۆ لەناوبردن و نەمانى ژیان و گوزەرانى ئیدى بۆ گلەیى لە سروشت و خواوەند بکەین.
بۆیە بۆ ڕێگەگرتن لەم هەموو دیاردە و کارەساتانە هەق وایە کە سەرکردە و وڵاتان و بیرمەند و زاناکان لە پێش هەموانەوە ڕێگەبگرن لەم نەهج و بەرنامە و پلانانەى کە دانراوەو کاریان لەسەردەکرێت بۆ کەمبونەوەى ژمارەى دانیشتوانى گۆى زەوى لەلایەن وڵاتە پێشکەوتوەکانەوە، چونکە زەرەرمەندى یەکەم و سەرەتا کۆمەڵگا هەژار و دواکەوتووەکان دەبێت، چونکە نە ئابوریەکى بەهێزیان هەیە و نە هێندەش هۆکارە تەندروستیە پێشکەوتوەکانیان لەبەردەستدایە بۆ خۆپارێزى و چارەسەرکردنەکان، ئەوەتا وڵاتێکى وەکو هندستانى بە ژمارە زۆر و بە داهات کەم و هەژار و تاڕادەیەکیش پێشکەوتوو ڕووبەڕووى مەترسیدارترین پەتاو نەخۆشى نەناسراوى نوێ بۆتەوە و هەرلەوێشەوە بڵاوەى کردۆتە تەواوى جیهانەوە. بەم شێوەیە بێت ساڵ بەساڵ مرۆڤایەتى و گۆى زەوى لە کۆتایى تەمەنى خۆى نزیک دەبێتەوە و هیچ ساڵێک تێپەڕناکات بەبێ بوون و سەرهەڵدانى نەخۆشیەک یان پەتایەک یان جەنگ و کاولکاریەک.کە بەهۆى پێشکەوتن و داهێنانەکانەوە و بەهۆى سیستەمى بەجیهانبونەوە دەتەنێتەوە و هەموان گیرۆدەى دەبن و سنورە دەستکردەکانیش ناتوانێت ڕێگەیان پێبگرێت.
بە هەق مرۆڤایەتى گەر فریاى خۆى نەکەوێت ئەوا زۆر نزیکە کە کارەساتى جەرگبڕ و بەسوێیتر یەخەى پێبگرێت و ئەوەى بە ملیۆنان ساڵ لە پێشکەوتن و داهێنانەکان و خۆشگوزەرانى پێکەوەى ناوە بە چەند ساڵێکى کەم لەناوبچن و هەموان ببینە مێژوویەکى ڕەش و ناشیرین و کۆتایى مرۆڤایەتى و ئەم ئەستێرە سەوز و ئاوەدانەى زەوى بە چاوى خۆمان ببینین.