باشترین هاوڕیێ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی: محەمەد بەرزی

منداڵە خۆشەویستەکان: دانا و دیلان دوو هاوڕیێ گیانی بە گیانی یەکتریی بوو، هــەردووکیان پێکەوە بــە بیابانێکدا دەڕۆیشتن. پاش دەمەقاڵێیەک، لە یەک زویر بوون و دیلان هەتا توانی زلـلەیەکی زۆر قایمی لە دانا سرەواند. جا لەگەڵ ئەوەشدا جێگای زلـلەکەی دەکزایەوە و زۆر ئازاری هەبوو، بەڵام دانا بێدەنگبوو، هیچ کاردانەوەیەکیشی بەرامبەر بە دیلان نەبوو، تەنها لەسەر لمەکەی بەردەمیان بە گەورەیی نووسی: ( ئەمڕۆ خۆشەویسترین هاوڕێم زللـەیەکی زۆر قایمی لێدام ). پاشان لە ڕۆیشتندا بەردەوامبوون تا گەیشتنە کەناری ئاوێکی زۆر قوڵی لە خوڕ، هەردووکیان بڕیاریاندا تۆزێک مەلەی تێدا بکەن. دانا لە ناوەڕاستی ئاوەکەدا قاچەکانی لە شتێک گیرا و شڵپەشڵپ خەریکبوو بخنکێت. کاتێک دیلان ئەوەی بینی گورج چوو بە هانای داناوە و لە خنکاندن و مردن ڕزگاریکرد. پاش ئەوەی دانا بە هۆشی خۆیدا هاتەوە، زۆر سوپاسی دیلانی کرد و ئنجا چوو لەسەر بەردێکی گەورە بە جوانی نووسی: ( ئەمڕۆ خۆشەویسترین هاوڕێم لە مردن ڕزگاریکردم ).
دیلان کە ئەوەی بینی زۆر سەری لە هاوڕیێ کەی سوڕما، بۆیە ڕوویکردە دانا و وتی: ( باشە بۆچی یەکەمجار، کە زللـەکەم لێدای لەسەر لمەکە نووسیت، کەچی ئێستا، کە ڕزگارم کردوویت لەسەر ئەو بەردە گەورەیە دەنووسیت؟ ). داناش لە وەڵامدا وتی: ( دیلان گیان: کاتێک کەسێک ئازارمان دەدات، ئەوا پێویستە لەسەر لـم بینووسینەوە، چونکە شەپۆل و شنەی هەوای لێبوردن، زۆر زوو دەیسڕێتەوە و هیچ ئاسەوارێکی لە ناو دڵماندا ناهێڵێت، بەڵام کاتێک کەسێک چاکەیەکمان لەگەڵدا دەکات، ئەوا پێویستە لەسەر بەرد بینووسینەوە، چونکە شەپۆل و تەوژمی زریان و باوبۆران چەند بەهێزیش بن، ئەوا مەحاڵە بتوانن بیکوژێننەوە و هەمیشە وەک خۆی بە جوانی و پاکی لە ناخماندا دەمێنێتەوە ).
دیلان بەو وەڵامە جوانەی دانا زۆر شەرمەزار بوو، بۆیە گورج چوو دەستیکردە ملی دانا و داوی لێبوردنی لێکرد و وتی: دانا گیان سوپاس بۆ تۆی ئازیز و خۆشەویست، کە ئەمڕۆ فێری وانەیەکی ئێجگار بەنرخ و جوانتکردم.

تێبینی : ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نەبوو. لەبەرئەوەی لە وڵاتدا پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن بەتەواوی تووشی شکست بووە، جێگای خۆیەتی ئاوڕ لەو چیرۆکانە بدرەینەوە، کە هەڵگری پەیامن.

 

وێنەکە لەم لینکە وەرگیراوە/ fritzundfraenzi.ch

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت