بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز: نەوشیروان مستەفا تاقانە سەرکردەکەی مێژوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە درێژایی مێژووی سەرکردایەتی کردنی شۆڕشەکان، هەموو سەرکردەکان ئەگەر چی قوربانی و خوێنی زۆریان داوە، بەڵام هیچ یەکێک لە سەرکردەکان لە چینی هەژارەکان نەبون، خۆ ئەگەر بەرهەمی ئەم شۆڕشانە لە ناوچەیەکی بچوکدا حکومڕانیان کردبێت ئەوا ئەو حکومڕانیە نەیتوانیوە تا ئاستی دەستەڵاتێکی ڕەشید جۆرێک لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەرهەم بهێنێ، بە پێچەوانەوە بونەتە جێی ڕەخنەی جیاوازی چینایەتی، لە کاتی شۆڕشەکانیشدا لەسەر بنەمای هاتنی بیری ئایدۆلۆژیە جیهانیەکان قوربانی سەرەکی جارێکی تر چینی هەژارەکان بون، بە مانایەکی تر هەژارەکان لەهەموو قوناغەکانی شۆڕش و قوربانیداندا خاوەن و هەڵگری ناسنامەی نەوەتەوە بون، بەڵام لە کاتی حکومڕانیدا هەژارەکان وەک گەورەیی قوربانیدانیان عەدالەتی کۆمەڵایەتیان بۆ دەستەبەر نەکراوە.
هەمو سەرکردەی شۆڕشەکانی میژووی کورد لە چینە دەستەڵاتدارەکان بون و زۆرینەی قوربانی ئەم شۆڕشانە هەژارەکان بون، سەرکردەکان یان لە بنەماڵەیەکی شێخ یان مەلا یان قازی یان خان بون، تاکە سەرکردەیەک کە لە چینی هەژارەکان توانیبێتی ببێتە ڕابەری سێ قۆناغی گرنگی شۆڕش و ڕاپەڕین و بیری چاکسازی نەوشیروان مستەفا بوە، بەدەر لە نەوشیروان مستەفا چەندین سەرکردەی تر هەبوە، بەڵام بە هۆی قوربانی شەهید بونەوە دەرفەتی زیاتریان نەبوە بە نمونەی شەهید ئارام و چەندینی تر، ئەوەی کە توانی ببێتە سەرکردەیەکی دیار و کاریگەری پەنجا ساڵی سێ قۆناغی گرنگ و لە بنەماڵەیەکی هەژارەوە ببێتە سەرکردە تەنها نەوشیروان مستەفا بوە.
نەوشیروان مستەفا شارەزای چەندین بوار تا ئاستی ئەوەی بتوانێت وەک سەرکردەیەکی جیاواز لە سەرکردەکانی پێش خۆی بە هۆی باکگراوندێکی قوڵی ڕۆشنبیری گشتیەوە سەرکردایەتی بکات بە پێ ی خوێندنەوەی پلان و سیناریوی دوژمن و بەریەککەوتنەکان و چۆنێتی خۆڕاگری و مانەوەی شۆڕش و نەهێڵێت دۆسیەی نەتەوەیەک و شۆڕشێک بکەوێت ، ئەو شارەزای بواری سەربازی و شارەزای سیاسەت و مێژوو و جوگرافیا و ڕۆژنامەوانی و یاسایی و ئەدەبی، هەر بۆیە دەتوانین نەوشیروان مستەفا بە تاقانەترین سەرکردە دابنێین کە بە ئاستێکی بەرزی ڕۆشنبیری گشتیەوە و تاکە سەرکردەیەک بێت کە لە چینی هەژارەکان بە تاقانە ناوی بهێنین.

نەوشیروان مستەفا ڕابەری سێ قۆناغی گرنگ بوە:
1- دوای ئاشبەتاڵ هەڵسانەوەی شۆڕش و دروستبونی کۆمەڵە کە قۆناغیکی هێکجار گرنگی نەکەوتن و هەستانەوە بوە وهەر لە دوای ئەنفالەکانیش توانی جارێکی تر ببێتەوە بە داینەمۆی مانەوە و هەستانەوە و خۆڕاگری.
2- ڕاپەڕین کە نەوشیروان مستەفا بە پێ ی خوێندنەوەی بەریەکەوتنی ناوچەیی و جیهانی و لاواز بونی بەعس توانی ببێتە ڕابەری ڕاپەڕین کە هەمو سەرکردەکانی ئێستا و ئەوکاتیش بە دوای نەوشیروان مستەفاوە بون.
3- قۆناغی خەباتی مەدەنی و چاکسازی کە گرنگترین قۆناغی هەرێمی کوردستانە کە پرۆسەی نیشتمانی بون ڕای خەڵک و هوشیارکردنەوەی تاک بوە سەرەتای ئەم قۆناغە، کە هەر نەوشیروان مستەفا ڕابەری بو .
سەرکردەیەک لە پەنای ئەم هەمو ئالۆزی و بەرپرسیاریەتیە گەورانەدا کە خاوەنی دەیان کتێبی سیاسی و ئەدەبی گرنگە کە بەدەم ڕۆشتن لە ڕێگایەکی سەختی خەباتی چەکداریەوە لە پەنای ڕێگایەک کە پڕ بێت لە مەرگ ئەم بە دەم ڕێگاوە گوڵ چنێک بکات ببێتە دەیان کتێبی ناوازەی گرنگ و فەرهەنگی نەتەوەیەک دەوڵەمەند بکات.
نەوشیروان مستەفا ئەو سەرکردەیە تاقانەیە بو کە مێژوو شاهیدی بۆ دەدا و لە دوای چەندین ساڵی تر خوێندنەوەی زیاتر بۆ بیرەکانی دەکرێت و دەبێتە میتۆد بۆ کاری دەوڵەتداری و دەبێتە جێ ی شانازی نەتەوەیەک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت