نوری کەریم: سەرانی کورد، دۆستی شیخ و شۆڕشەکەی بون؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مامۆستا عەلائەدین سەججادى لە لاپەڕە751ى شاکارەکەى رشتەى مرواریدا لەمەڕ دووا رۆژەکانى ژیانى مەلیکى کوردستانى باشوور، نهێنییەک دەدرکێنێت من بەشبەحاڵى خۆم لەهیچ سەرچاوەیکى خۆماڵى یا بێگانەدا نەمدیوە (ساڵى 1956 رۆژى 10 / 8 ى ئەو ساڵە بوو، من لە مزگەوتە شڕەکەم بووم لە بەغدا، دەمەدەمى نیوەڕۆ بوو، دەورەى مزگەوتەکە پڕبوو لە خەڵک، ئەوەندەم زانى شێخ مەحموودى حەفید بە پێ پیلکەکانا سەرکەوت و سەرى کرد بە ژوورەکەى منا. ئەو شێخ مەحموودە کە وەختى خۆى ئەت وت شێرە، لاواز و باریک بوبوو، هەر ئەو نەخۆشییەى بوو کە لەو ساڵەدا بەهۆیەوە کۆچى دوایى کرد. هەر من و ئەو بووین لەژوورەکەدا، حەوشەو دەورى مزگەوت پڕبوبوو لە خەڵک، چونکە شێخ مەحموود هاتۆتە ئەوێ و ئەیانەوى چاویان پێ بکەوێ. وردە وردە دەستى کرد بە قسەکردن و بە دەردەدڵ کردن، فرمێسک بەسەرگۆناکانیا هاتە خوارەوەو وتى: زابتەکان و زۆرتر لەوانەى کە لەگەڵمابوون هەموویان خیانەتیان لەگەڵ کردم، فرمێسکیش بەسەر گۆنایا هەر دێتەخوارەوە، لەگەرمەى ئەو قسەکردنەیا، ئەوەندەم زانى لەگەڵ ئەو بى هێزیەشیا هەستاو ناوچەوانى ماچ کردم و وتى: رۆڵە هومێدم بەکەس نەماوە بە تۆ نەبێ. وتم: یا شێخ! ئەوە چى ئەفەرمووى؟ من چیم، چ کەسم، چ پشت و عەشرەتێکم هەیە؟ وتى: رۆڵە تۆ قەڵەمت بەدەستەوەیە، قەڵەم لەشیر بە بڕشت ترە، ئەمەى وت و هەستا، وتم: یاشێخ! وەختى نوێژ هاتووە، نوێژ ناکەى لێرە؟ وتى:بەرێ وەڵڵاَ. ئیتر چووینە خوارەوە نوێژمان کرد و ئەو رۆیشت. بەڵام لەبەر زۆرى خەڵک کەبۆ چاوپێکەوتنى شێخ مەحموو هاتبوون، زۆر بەزەحمەت دەربازبوو).
مامۆستا سەججادى لە لاپەڕە 765 یشدا لەزمان (جەمال عارف!)ەوە رووداوێکى ناوازەو سەرسورهێنەر دەگێڕێتەوە: (جەمال عارف بۆى گێرامەوەو وتى: ساڵی 1932 لە سولەیمانى بەناوى مەولوودییەوە کۆبوونەوەیەک لەمزگەوتى گەورەدا کراو هەندى قسە و باسی نهێنى لەگەڵ چەند کەسێکا کرا. شێخ مەحموود کاغەزێکى بۆ شێخ ئەحمەدى بارزانى و هەندێ لەسەرۆک عەشرەتەکانى وڵاتى بادینان نووسى کە ئەوان لەو وڵاتەو شێخیش لەوڵاتى ئەم لا، قۆڵ بکەن بەقۆڵى یەکاو بەهەموویانەوە بچن بەگژ حوکومەتى ئەو وەختەدا (رژێمى پاشایەتى عێراق . ن . ک .) بۆ وەرگرتنى حەقى کورد. وتى: ئەم کاغەزە درا بەمن کە بچم بیگەیەنم و وەڵام بێنمەوە. وتى: رۆیشتم بەبێ دەنگى و چاوم بە گەلێ لەو رەئیس عەشرەتانە کەوت و کاغەزم دانێ. ماجد مستەفا ئەو وەختە قائمقام بوو لە ئامێدى، بەناوى هاوڵاتى و زابتى و دۆستایەتییەوە بووم بە میوانى ئەو. پێى وتم جەمال چۆن هاتووى بۆ ئەم وڵاتە؟ وتم بۆ گەڕان و بۆ دیدەنى تۆ. یەک دوو رۆژى ترى پێچوو دیسان لێى پرسیمەوە… منیش هەر بەوجۆرە وەڵامم دایەوەو مانەوەشم ئەوە چەند رۆژە لەوێ بۆ ئەوە بوو کەرەئیس عەشرەتەکان هەموو پێیان وتم ئێمە لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیەداین، پاش چەند رۆژێک وەرەو جوابى کاغەزەکەشت ئەدەینەوە، بیبەوە بۆ شێخ مەحموود. وتى ئەوەندەم زانى ماجد دەستى برد یەکە یەکە ئەو کاغەزانەى کە من هێنابووم بۆ سەرۆکى عەشرەتەکان و زۆر بە نهێنیش ئیشەکەم گرتبوو، دەریهێناو خستییە بەردەستم، هەروا لە شوێنەکەى خۆم وشک بووم. بەشوێن ئەوەدا دەستى برد کاغەزێکى ترى دەرهێنا کە لە لایەن” موتەسڕفى ” موسڵەوە نێرراوەتە سەر ئەو، کە بمگرێ و بەباڵبەستى بمنێرى بۆ موسڵ و لەوێوە بمنێرن بۆ بەغدا. کە ئەمەم دى هەر بەجارێ وشک بووم، لەترسى گرتنەکە نەبوو، لەوە بوو کە من ئەم ئیشەم زۆر بە نهێنى گرتووە، کەچى بەمجۆرە بڵاوبۆتەوە. ماجد پێى وتم: جەمال ئەگەر تۆ راست ئەکەى وەرە ئەوا ئێستە من پیاوى حوکومەتم. لەم دەقیقەیە زیاتر نییە تفەنگ ئەکەمە شانم، ئەوا ئارارات دیارە پێکەوە ئەچین و ئەدەینە شاخ، چیمان پێ بکرێ ئەیکەین، خەڵکى تریش لەوێ هەیە لەگەڵ ئەوان دەست ئەکەین بە ئیش کردن. تۆ هاتوویت بۆ لاى ئەمانە؟ ئەمانە هەموو درۆ ئەکەن، لەژێرەوە لەگەڵ حوکومەتن. یەکەیەکە ئەو کاغەزە نهێنییانە کەتۆ هێناوتە، هەموویان هێناوە بۆ من، بەوەشەوە نەوەستان خەبەرى ئەم هاتنەتیان گەیاندۆتە موتەسڕفى موسڵ، ئەویش بەفەرمانێکى رەسمى کردوویەتە سەر من کە بتگرم و بەباڵبەستەیى بتنێرم. ئەمەیە حاڵى ئەم سەرۆکانە. بەبێ چرپە بەو شوێنەدا کە هاتوویت، هەر بەو شوێنەدا بگەڕێوەو خەبەرەکە بەرەوە بۆ شێخ. منیش ناتگرم ئەگەرسەریشم تێدا چووە. هەندێ پارەى دامێ، خۆى لەگەڵم هات تا قەراخى شارەکە بەبێ ئەوە پۆلیس بزانێ رەوانەى کردم، خستمیە سەر لاڕێگەیەک و وتى لێرەوە بڕۆ. تا لەسنوورى ئامێدى دەرچووم هەر بە لارێگاو بەترسەوە ئەهاتم. بەوجۆرە گەیشتمەوە وڵاتى سلێمانى و چوومە وە بۆلاى شێخ و کارەساتەکەم تێگەیاند).

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت