ئارام هادی: ژنە قژ سپی یەکه” هۆشداری بە لێپرسراوانی هەرێمدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ژنە قژ سپی یەکە (جینین بلاسخارت) نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ عیراق، ڕایگەیاند “وامەزانن ئەم جۆرە ئۆتۆنۆمیە هەر بەمسەوگەریی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، هەربۆیە یەکڕیزی بۆ مانەوەی قەوارەکە لەو پەڕی پێویستیدایە”!. ئەم ڕاشکاوییەی لە دەربڕینی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی “یەکڕیزی و دەستوور” هەفتەی پێشوو لە شاری هەولێر ئەنجامدرا، لە چوارچێوەی وتارەکەی ئاماژەی پێدا.
ئەم ژنە قژسپیە بە حوکمی پێگەکەی باشتر لە سەرکردایەتی سیاسی کورد ئاگاداری ئەجێندای وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستانە دژی کورد، پەیامەکەشی دوور لە ئامۆژگاری و هۆشداری توندبوو بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد.
جارێ لە دەستوور گەڕێ و قسە لەسەر یەکڕیزی بکەین، کە دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کورد پێش نوسینەوە و دەنگدان لەسەر دەستوور، زەمینەی بۆ بڕەخسێنێت و بگەنە لێکتێگەیشتن و پرۆژە و ئامانجی هاوبەش پێکەوە کۆیان کاتەوە، سیاسەتی ستراتیژی دوورمەودا داڕێژن و لەسەری کۆکبن، دواتر بیر لە ئایندەی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەنەوە و بەپێی هەل و مەرجی ئەمڕۆ لەگەڵ قۆناغەکە بڕۆن و دەرفەت لە پێشکەوتنەکان ببینن و هەوڵی دوورخستنەوەی گرژیەکان بدەن، کە لە ئێستادا ئەمانە هیچیان بونی نیه، ئەوکات یەکڕیزییەکە دێتەدی و دەستووریش ئەو دەستورە دەبێت کە هەمووان ڕازی بکات. بەڵام نوێنەرەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان باش دەزانێت بەم دۆخەی ئەمڕۆوە کە هەرێمی کوردستانی پیا تێپەڕدەبێت، هەر وەکو ئێستا دەستوورمان نەبێت باشترە، چونکە دەستوور پێش ئەوەی هەڵگری ئامانجی (سیاسی. یاسایی. ئیداری) بێت، دەستەبەری کۆمەڵایەتی یە و دەبێت دەستوور پێش ئەوەی خاڵی کۆکەرەوەی هەمووان بێت، دۆخەکە لەم قۆناغە چەقبەستووەوە بگوازێتەوە قۆناغێکی باشتر و چاکتر تیایدا:
1. دەستی دەرەکی لە هەرێمی کوردستان ببڕێت.
2. یاسا بەجۆرێک سەروەربێت لە داهاتوودا هاوشێوەی کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان بنبڕبکات.
3. داهاتە جۆرا و جۆرەکانی هەرێم شەفاف بن و هاوڵاتیان ئاگاداربن کە داهات چەندە و چۆن خەرج دەکرێت.
4 . ئاشتەوایی نیشتمانیی ڕابگەیەندرێت.
مانەوەی دۆخەکە بەم جۆرەی ئەمڕۆ زیاتر درز دەخاتە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیان، لە ئێستاشدا کەم نین ئەوانەی متمانەیان بە دامەزراوە حکومیەکان و لایەنە سیاسیەکان و سیمبول و پیرۆزیەکان نەماوە، هەروەها تادێت درزەکە فراوانتردەبێت و ئەمەش وادەکات قەوارەی هەرێم لە دۆستە جیهانیەکان دادەبڕێت و وڵاتانی چواردەوریشمان دراوسێ یەکی باش نین و هەلەکان لە دژی ئێمە دەقۆزنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت