عەبدولکەریم شێخانی: ئیش کردن شەڕەفە وپەندە کوردییەکە دەڵێ : دەستى ماندوو لەسەر زگی تێرە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جارێکیان شتێکم لەسەر ئیش نووسیبوو و گوتبووم هیچ کار و کاسبییەک مایەى شەرمەزاری و شوورەیی نییە، مادامەکى بە ڕێگایەکی شەریفانەیە و ماڵ و منداڵی پێ بەڕێوە دەبرێ.دزی شوورەییە, ماڵی خەڵک خواردن نەنگی و مایەىشەرمەزارییە, هەر کردەوەو کارێک زیان بە جەماوەری گەل بگەیەنێ و ببێتە هۆی دەستدرێژی کردن بۆ سامانی گەل, نەک شوورەیی و شەرمەزارییە, بەڵکو دەچێتە خانەی خیانەتەوە. هەندێک هەر دەنووسن کار بەلای ئیشدا ناچن و دەڵێن گوایا ئیش تورکییە. بەڕای من ئیش و کار هەردووکیان کوردین. بیرمە لە پۆلی دووەمی سەرەتایی بووم ئەوسا باوکى خوا لێ خۆشبووم کرێکاری فەرمانگەی ( ئینحیصار) ی تووتن بوو و پیاوێکیان لەگەڵ بوو لەناو هەموویاندا تەنیا ئەو خوێندەوار بوو . شیعرێکی نووسیبوو لەبارەی بێ کارییەوە تەنیا چوار دێڕم بیرماوە:
چەند ناخۆشە بێ ئیشی
پیاو دەبى هەر دانیشی
چوار فلس پەیدا ناکا
کە پێی بتراشی ڕیشی
ئاخر ئەو سەردەمە چوار فلس, واتە عانەیەک گەلێک زۆر بوو.
کورد ئیش و کار هەردووکیان بەکار دێنێ و تکایە زمانمان لە قاڵب مەدەن و یەکێک لەو دوانەمان بەسەردا ساغ مەکەنەوە و ناچارمان مەکەن تەنیا یەکێکیان بەکار بێنین.
ئەو شارانەی زێرابیان نەبوو و ئاوەڕۆی قورس ( پیس ) بە تایبەتیش ئاودەىست, بیریان بۆ هەڵدەکەند و کە پڕ دەبوو دەردەدرا. ئەوەی من دەیزانم لە هەولێر و کەرکووک و زۆربەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بەوشێوەیە بوو. بەڵام ئەو شارانەی بەرزی و نزمییان تێدابوو وەک سلێمانی و کۆیە و رواندز ئەو گرفتەیان نەبوو و زیرابیان هەبوو. کەسانێک هەبوون ئەو بیرانەیان دەردەدا و لە هەولێر پێیان دەگوتن ( پۆخچی ), پۆخ واتە پیسایی. قسە قسەی بەدوادا دێ, هەندێک کەس دەعیە گەورەو تڕزلن, بەڵام توانای پیاوانەیان نییە. ئیستاش کەسانى لەو شێوەیە هەن خۆیان یان بەحزبەوە, یان بە بەرپرسێکی حزبی هەڵواسیوە و ماستاوی بۆ دەکەن, یان خۆیان خزم و کەسی بەرپرسێکن, بەوانە دەڵێن تڕگەورە و دەڵێن ئەوەندە تڕی زلە, تڕی بە نۆ بیوران ناشکێ ( وا دەخوێنرێتەوە بی ـ ور) و لە سلێمانی و هەندێک ناوچـەی دیکـەی کوردستان پێی دەڵێـن ( تەور )و پێم وایە ( طبر) ی عەڕەبی لە تەورەکەی ئێمە وەرگیراوە, چونکە ئێمە تەورداسیشمان هەیە کە دەمەکەی پانە و کەوانەییە و ئەویش بۆ داربڕین بەکار دێت. لە هەولێرێ بە تورکمانی بەو جۆرەکەسە تڕزلە هیچ لەبارا نەبوانە دەڵێن ( بەباسی گوێرمەسایدى خلە پۆخچنن یەخاسی توتاردی), واتە ئەگەر بابی خۆی نەدیتبا, یەخەی خلە پۆخچی دەگرت و و دەیگوت ئەوە باوکمە. وادیارە خلە پۆخچی ناوبانگێکی هەبووە. جارێکیان پۆخچییەک بیری مالە حاجییەک دەردەدا و دەیژمێرێ پەنجا تەنەکە بووە و هەر تەنەکەیەکی بە عانەیەک ( چوار فلس ) دەردابوو. حاجی دەڵێ چل و هەشتە و کابراش دەڵێ پەنجایە. لێیان دەبێ بە مشتومڕ و سەرەنجام حاجی تەنیا پارەی چل و هەشت تەنەکەی دەداتێ. کابرا لە ڕقان دەڵێ: ( قەیدی نییە حاجی عافێتت بێ, با تۆ دوو تەنەکە گووی منت خواردبێ ). بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەى شارەوانی پێش کەوتووە و تانکەری زۆریان هەیە, شارەوانی خۆی ئەو کارە دەکات و پۆخچێتی نەماوە.
کارێکی دیکە هەیە هەندێک کەس بە چاوى سووک سەیری ئەنجامدەریان دەکەن ئەویش بۆیاخچێتییە, واتە پێڵاو بۆیاخ کردن. بەڕای من ئەوانەی وا بیر دەکەنەوە ستەم لەو کەسە دەکەن کە ئەو ئیشە دەکات. باشە, کێهەیان شەریفانەترو پیاوانەترە, پێڵاو بۆیاخ کردن, یان خزمەتکاری و نۆکەری و پێڵاو بۆ خەڵک دانان؟ بۆ ڕێز لە نۆکەر دەگیرێ، بەڵام بەچاوی سووک سەیری بۆیاخچى دەکرێ؟ دواى ئەوە پینەدۆزی ( پینەچێتی ) چەندان ساڵە لە کوردستان هەیە و پینەدۆز پێڵاوی خەڵکی دەدوورێتەوە و پینەی دەکات, بۆ ئەمیان مایەى شەرمەزاری نییە, بۆ بۆیاخچێتی شوورەیی بێ؟ ئەی پێڵاوفرۆش کە دەچی بۆ دوکانەکەی چەندان پێڵاوت بۆ دێنێ و لەبەر پێتیان دادەنێ و چەند جارێک پێڵاوەکە بە لاڕانی خۆیدا دێنێ و بە جلەکانی خۆی دەیسڕیتەوە و بۆت دادەنێ, ئەى ئەویش هەر مامەڵە بە پێڵاو ناکات؟ ئەو کەسانەی وا بیر دەکەنەوە دەرووننەخۆشن و لە ناخەوە پاک نین. باشە ئەى ئەو کەسە ئەگەر نانی بۆ خۆی و ماڵ و منداڵێ دەست نەکەوت, بچێ دزی بکات باشترە؟ خەڵک بکوژێ و ماڵی تاڵان کات؟ ئەى ئەو هەموو منداڵانەی دەیانبینی لە سەر شۆستەکان دانیشتوون و پێڵاو بۆیاخ دەکەن, ئادەمیزاد نین و مافی ژیانیان نییە؟ کەمێک ویژدان و دوو ئەوەندەش بیر کردنەوە شتێکی باشە بۆ ئەوانەی تڕوتۆپیان گەورەیەو وەکو لەپێشەوەگوتوومە تڕزلن و تڕیان بە نۆ بیور ناشکێ.
ئەمەم جارێکی دیکە نووسیوە, بەڵام ڕەنگە کەم کەس دێتبێتی و ئەگەر دووبارە بە هەندێک زیادەوە بینووسمەوە بەپێی ئەو گوتەیە: ( دووبارە کردنەوە سوودبەخشە ) لەوانەیە بێ سوود نەبێ.
ساڵی 1973 نزیکەی ساڵێک زیاتر بوو تووشی ( خزانی کڕکڕاگەی سێبەندەمــ الإنزلاق الغضروفی ) بووبووم و نەمدەتوانی بڕۆم و ئازاری قاچی ڕاستم گەلێک زۆر بوو. با درێژەی نەدەمێ, چوومە نەخۆشخانەى ( جراحة الجملة العصبیة ) لە بەغدایە. کە داخڵى نەخۆشخانە کرام, سەرەتا لە قاوشێکی شەش کەسی دایاننام. دوا دواى مانگی /11 بوو ئەو کاتە شەڕە قسەى نێوان هەردوو ڕۆژنامەی ( التآخی ) و ( الثورة) لە گەرمەیدا بوو, چونکە ڕژێم نیازی شەڕکردنەوەی هەبوو و کەوتبووە بڕوبیانوو. یەکەم ڕۆژم بوو چەند ڕۆژنامەیەکم پێ بوو دەمخویدنەوە. کوڕیک هات بۆ قاوشەکە و کەچاوی بەمن کەوت خەریکى ڕۆژنامە خوێندنەوەم, هات بۆ لام و لێی پرسیم چیتە؟ منیش پێم گوت کە تووشی خزینى کڕکڕاگەی سێبەندە هاتووم. گوتی: منیش وەکو تۆ وام، بەڵام ناوێرم دەرزییەکە لێ بدەم، چونکە وەکو بیستوومە زۆر دیشێ. قسەکەى ڕاست بوو من ئەو دەرزییەم لەخۆم دابوو و ئازارەکەی لەباس کردن نایە. بەڵام بۆ ئەوەی ورەی بدەمە بەر گوتم, وانییە ئازارەکەی زۆر کەمە. گوتی بەخوا دەڵێن ئازاری زۆرە، بەڵام ئێوە کوردن و زۆر خۆڕاگرن و باکتان بە ئازار نییە. ئینجا گوتی: قاوشەکەی ئێمە سێ کەسییە و ئیستا من و کوڕێکی دیکە لەوێین, بۆ نایەی بۆ لای ئێمە. ڕەزامەندیی بەرپرسانی نەخۆشخانەم وەرگرت و چووم بۆ لایان. لەڕاستیشدا ئەوە بۆ من بەخێر گەڕا, چونکە تەنیا بووم و کەسم لەگەڵ نەبوو بەڕاستی خزمەتی زۆریان کردم, بە تایبەتی ئەو کوڕەیان کە ناوى عبدالأمیر ـــ أبو حیدر )و مامۆستاش بوو لە حیللە. دوای نەشتەرگەرییەکە کە زۆر سەرکەوتوو بوو و دکتور (سعد الوتری) بۆی کردم, ئەو پیاوە زۆر پێمەوە ماندوو بوو, بە تایبەتیش کە زانی مەیلێکی ئەدەب و نووسینم هەیە.
رۆژێکیان کە هێشتا هەر لەسەر پشت ڕاکشابووم و نەمدەوێرا بجووڵێمەوە, گوتی شتێکت پێ دەڵێم, بەڵام توخوا دڵگیر مەبە. گوتم فەرموو ئەگەر قسەکەت بەجێ و ماقووڵ بێ پێم ناخۆش نییە. گوتی هەرچی بۆیاخچی هەیە هەموویان کوردن و ئەو پیشەیەش مایەى شوورەیی و شەرمەزارییە, بۆ سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد بڕیارێک دەرناکات بۆ ئەوەی کەس بۆیاخچێتی نەکات. منیش زۆر بە هێمنی پێمگوت: کاکە ئەمە کاسبییە وە ک هەموو پیشەیەکی دیکە. دواى ئەوە لای ئێوە کەسانێک هەن بیری پیسایی ماڵان دەردەدەن, بۆئەمەیان مایەى شەرمەزاری نەبێ, بۆچ بۆیاخچێتیی شوورەیی بێ؟ منیش شتێکت پێ دەڵێم توخوا تۆش لێم دڵگران مەبە. کە گوێی لێ ڕاگرتم گوتم: جارێ سەرکردایەتیی شۆڕش دەسەڵاتی بەسەر هەموو جێگایەکدا ناشکێ و ئەوەش بە جۆرەکاسبییەک دەزانێ و بەچاوی سووک سەیری هیچ پیشەوەرێک, بەتایبەتیش بۆیاخچى ناکات. بەڵام خۆ ئێوە حکوومەتن و دەسەڵاتی تەواوتان بەسەر هەموو لایەکی وڵاتدا دەشکێ و وەکو دەشزانی هەرچی گەواد لەو شارانە هەیە هەرهەموویان عەڕەبن, ئەى حکوومەتی ئێوە بۆچى بڕیاری قەدەغەکردنی گەوادی دەرناکات.. توخوا بۆیاخێتی مایەى شەرمەزارییە یان گەوادی؟ سەیرێکی کردم و هیچ قسەیەکی نەکرد. خۆشەویستان ماویەتی, جاری داهاتوو باسی بۆیاخچیی وڵاتانی دیکەتان بۆ دەکەم بۆ ئەوەى وا نەزانن کە هەر کورد بۆیاخچێتی دەکات.. بەخێر دانیشن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت