ھوشیار ئەحمەدی: جوانبینی” شاباڵی خەیاڵی شاعیرانی کوردە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەقشی زاری لێوی ئاڵت، نایێتە جەدوەلکەشی
مانی چینیش وا تەحەییۆر ماوە لەو پەڕگارییە “سافی ھیرانی”
مەلی خەیاڵی شاعیرانی کورد، لە ئەدەبیاتی رۆمانتیک دا گەییشتوەتە “عەرشی ئەعلا⁄ بەرزترین خاڵی ئاسمان”ی ناسکی و جوانیی ئەدەب و زوان.
بۆ وێنە سەێری ئەو دوو دێڕەی مامۆستا “سافی ھیرانی” بکەن. ئەو بە رادەیەک لە نەخش و نیگار و جوانیی نەقشی زاری لێوی ئاڵی یارەکەی(راست یان خەیاڵی)دا نوقم بووە، پێیوایە بە جۆرێ لە موعجیزە ئەچێ، لە نەخشێ ئەکا، نەخشێ لە کێشران نەھاتوو، نەخشێ رەنگەکەی دەستنیشان ناکرێ، نەخشێ سەری لە بینایی خەیاڵی شاعێرانەش شێواندگە.
لێ نەدیارە مەبەستی شاعێر لە “زاری” زار و پەرێشانە یان زاری دەمولێوی یارەکەیە. گەرچی ھەردووکیان ھەر جوانن و وەک خشت لە بینای خەیاڵیی شێعرەکا جێیان گرتووە.
بە سەرسووڕمانێکی پڕ لە باوڕ و یەقینەوە ئێژێ، ئەو نەخشە جوانەی زاری لێوی ئاڵت نایێتە “جەدوەلکەشی”. من گەرچی لە ھۆگرانی نقاشی و نیگارکێشیم، بەڵام فرە شارەزاش نیم بەس ئەزانم نیگارکێش و نقاشە شارەزا و کارزانەکان، بۆ دەرھێنانی وردی نەقشی ھاوشێوە لە نەقاشییا، لە دوو ئیمکانی گرینگ سودیان ئەبینی: یەکەم کاغەزی جەدوەلی، دووھەم پەڕگار. بەو دوو ئیمکانە ئەتوانن لوت، چاو، برۆ ، لێو، تەنانەت ئەگەر خاڵ و نیشانەش لە روخسارا ھەبێ، ھەم جێگای دەقێقی و ھەمیش قەبارەکەی دەستنیشان بکەن. بەڵام شاعێر لێرەدا پێیوایە دەرھێنان و کێشانەوەی نەخشی زاری لێوی ئاڵی یارەکەی، کاری جەدوەلکەشی و پەڕگاریش نیە. ئەو لەوەش زیاتر ئەڕواتە پێش و ئێژێ، “مانی”ی “چین”یش سەری لەو نەخش و نیگارە ورد و ناسکە جوان و پەڕگارکێشییەی کائینات سووڕماوە.
مەبەستی لە “مانی”ی چینی، ئایینی “مانی⁄مانەوی”ییە. ئەم ئایینە زیاتر بە رێبازێکی عیرفانی، فەلسەفی ناسراوە. شارەزایان پێیانوایە تێکەڵەیەکە لە ئایینەکانی زەڕتۆشت، مەسیحییەت، بودایی و گنوسی. ئێرانییەکان ھەوڵیان داوە بیکەنە دینی خۆیان و خۆشیان بە خاوەنی بناسێنن، بەڵام لە راستیدا ئایینێکی چینییە و ساڵانێکی زۆر دینی فەرمیی وڵاتی ” ئۆیغورستان”ی چین بووە.
بەشێ لە حەز و کارە جوانەکانی مانییەکان، نەقاشییە بە شێوازی رەنگڕێژی و جوانکاری. ئەوان زۆر گرینگییان بە کێشانەوەی روخساری ژنان داوە. کارەکانیان لە مینیاتۆرەکانەوە نزیکە، بەڵام ھی ئەوان وەک شاعێر ئێژێ، جەدوەلکەشی، ئەندازە و پەڕگارکاریی تێدا بەکار ھاتووە.
ئەگەر سەرنجتان دابێ، مامۆستا “وەفایی” شاعێریش ھەر لە شێعرە ناسک خەیاڵانەکەی “شیرین تەشی ئەڕێسێ”دا کە مامۆستا مەزھەر خالەقی بە گۆرانی، رۆحی بە بەرا کردووە، ئێژێ: “وەک رەنگی نەخشی مانی، باڵا و کوڵمو خەتوخاڵ”
بۆیە شاعێر بە ئیدیعای نزیک لە یەقینەوە ئێژێ، کێشانەوەی نەخشی زاری لێوی ئاڵی یارەکەی، تەنانەت لە توانای نیگارکێشانی مانەویش بەدەرە. پێیوایە ئەوانیش ئەگەر زاری ئەو لێوە ئاڵانە ببینن، خەیاڵیان سەری لێ ئەشێوێ و دەست و قەڵەم و پەڕگاریان تێک دەئاڵێ.
من کە شانازی بە زمانی کوردی و ئەدەبیاتە دەوڵەمەنەکەمانەوە ئەکەم و پێشموایە دیوانی ئەو شاعێرانەمان وەک کۆڵەکەی پۆڵایینن بۆ زمانی کوردی و ئەکرێ بۆ زیندوومانەوەی زمانەکەشمان، ھیوامان پێیان ھەبێ.
سڵاو ئەنێرم بۆ گیانی شاعێران و ئەدیبانی پایەبەرزمان، بەتایبەت مامۆستا “سافی ھیرانی”ی جوانیناس و جوانی ھۆن.

_ وێنەکە نقاشی مینیاتۆرییە لە گوگل وەرمگرتووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت