مازن کەمالمازن: فەلەستینی ئازاد: یانی چی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

و: زاهیر باهیر
ئازادیی بۆ فەلەستین!! کێ دەتوانێت بڵێ نا… تەنانەت مستەر بایدن- یش بە گوێرەی بۆچوونی تایببەتی خۆی ئەم داخوازییە پەسەنددەکات.. بەڵام بۆچی بە تەنها بۆ فەلەستینییەکان؟ وەڵامی ئەوەش ئاسانە: چونکە خەڵکێکی سەرکوتکراون… بەڵام لە ڕاستییدا ئەمە یانی چی؟ ئایە ئەمە یانی ئەوەی کە حوکمی خاكدەکات دەبێت فەلەسەتینییەکان بن نەك ئیسرائیل: حوکمڕانانی: پۆلیس، پاسەوانی بەندیخانەکان، دادوەرەکان، لە سێدارەدەران، ئەوانەی کە گەمە بەڕای گشتی دەکەن، دەستەبژێرانی ئابووریناس و ئەوانەی لە بەشی داراییدا کاردەکەن و… تد، دەبێت فەلەستینی بن … ئەوەش ” دەسەڵاتێکی شەرعیانەیە” کە پەسەندی عەرەب بەسەر ” هاووڵاتیانی” دیکەدا دەکات، کە عەرەبن، بە تایبەتیش موسڵمانن، کە دەتوانن خراپەکاریی و کەڵەگایی بەسەر غەیرە- عەرەب و دراوسێیانی غەیرە موسڵمان یاخود تەماشاکەران، بکەن….
مرۆیانە نییە داوا لە فەلەستینییەکان بکەیت دوای چەند تەمەنێك کە خراپەیان بەرانبەر دەکرێت و تا ڕادەیەك لە لایەن هەموو کەسێکەوە یارییان پێدەکرێت، ئیتر جوولەکە یا موسڵمان بێت، ئیسرئیلی یاخود عەرەب بێت، کە ئاوا بیرنەکەنەوە…
وەسفی تۆ بۆ ئەم بارودۆخە، دەکرێت ئازادیی بوونی دەوڵەت بێت ئەگەر تۆ یەكێك لە سوودمەندەکانی ڕێکخستنی نوێی بەرتەلەکان بیت. بەڵام ئەوانەی کە لە بەندیخانەکاندان، لە خانووە سەر بە پووش و لەوحگیراوەکانا دەژین، لە جۆرەکانی کامپە زۆرەملێییەکانی وەکو خەستەخانەکانی نەخۆشی دەرونی و عەقڵیی، هەمان شتە یاخود خراپتر….
باوەڕت بێت یا نا، سەرکوتکردنی خەڵکی لە لایەن حەماسەوە خراپترە و زۆر دڕندانەتر لە هی ئیسرائیل…… فەلەستینیییەکان دەتوانن ناڕەزایی دژ بە سەرکوتکردنی ئیسرائیل بکەن، بەڵام نەك دژ بە حەماس.
پاش قوربانیدانی یەك ملیۆن کەس بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، وەکو گەنجێکی جەزائیری وتی، ئەم گەنجانەی جەزائیر زیاتر قوربانیدەدن بۆ دەربازبوون لە دەوڵەتە سەربەخۆیەکەیان، تاکو بگەنە خاکی سەرکوتکەرەکەی پێشتریان و دووبارە ببنە فەرەنسی.
ئەوە خاڵێکی کۆڵۆنالیزم نییە، خاڵێکی گەورەیە دژ بە دەوڵەتەکە، هەموو دەوڵەتەکان، هەموو جۆرەکانی، لێگەڕێن با ” ئازاد” بێت یا نا، ” کۆڵۆنی” بێت یا نا ….
ئیسرائیل دەوڵەتی داگیرکەرە؟ کێ هەیە نکوڵی ئەوە بکات!!
بەڵام ئایا کەسێك دەتوانێت خەیاڵی ئەوە بکات یاخود ئەوە بلێت کە دەوڵەت داگیرکەر نییە، کۆڵۆنیال نییە؟ بی گومان دەتوانین… هەموو دەوڵەتە ” لاوازەکان” خۆیاندەپارێزن لە هێڕشکردنە سەر دراوسێکانیان و خۆیان دەگرن لە داگیرکردنی نەتەوەکانی دیکە کە دەتوانن سەرکەوتوانە بەرگری لە خۆیان بکەن… بەڵام بۆ بەدبەختی کەسێك ناتوانێت بڵیت و دڵنیابێت کاتێك کە بەهێزتر دەبن لە دراوسێکانیان، چۆن ڕەفتاردەکەن….کێ دەتوانیت دڵنیابێت لەوەی پیاوانی دەوڵەتی ئازادی فەلەستین، یاخود جێنراڵەکان هەوڵی داگیرکردنی درواسێیانی عەرەب و غەیرەعەرەب، ئەگەر بتوانێت، نادات.
لە وشەیەکدا: دەوڵەتی فەلەستینی یانی ئازادیی نییە، تەنانەت خۆشگوزەرانی باشتریش نە بۆ فەلەستینییەکان، هەتا بۆ دراوسێکانی هەموو کەسی دیکە، نییە…
دواوشە بۆ خەڵکانی گەنج کە عاشقی نەژاد، نەتەوە، دین …تد ی دایك و باوك و باپیرانیانن و ئاوا بیردەکەنەوە کە باشترە لە وانی دیکە و شایستەی سەرکەوتن و کۆنترۆڵکردنی هەموو کەسێکی دیکەن، تۆ زۆر ئەلتەرناتیڤی گونجاوت هەیە کە لێیان هەڵبژێریت، بەڵام ئەنارکیزم یەکێك نییە لەوانە!!

* – ئەمە وتارێکی مازن کەمالمازنە، ئەنارکیستێکی چالاکی سوریایە کە سەبارەت بەم شەڕەی دوایی لە نێوانی فەلستینییەکان و ئیسرائیلد لە 06/05/21 ڕوویدا، نوسیوێتی. منیش بە هۆی بەهێزیی و باشی وتارەکەوە لە ئینگلیزییەوە کردومە بە کوردی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت