زمناکۆ ئیسماعیل: پڕۆژەی بەبیابانکردنی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەیەک کاتداو لەلایەن هەردوو دەوڵەتی دراوسێی هەرێمی کوردستان، تورکیا و ئێران، دوو پڕۆژەی جیاواز جێبەجێدەکرێت، هەردوو پڕۆژەکە دژ بەسروشتی هەرێمی کوردستانە، لەلای جمهوری ئیسلامی ئێران، بەتەواوی روباری سیروان ژێردەست (کۆنتڕۆڵ) کراوە، ئەوەش بووە بەهۆکاری کەمکردنی ئاوی روباری سیروان و دابەزینی ئاوی بەنداوەکانی دەربەندیخان و حەمرین، لەلای تورکیاش هەوڵی ووشککردن و بڕینەوەی، دارەکانی سەرسنوری هەرێم و باکوری کوردستان دەدرێت، ئەم دوو پڕۆژەیە، هاوتەریبی یەکترن، لەیەک کاتدا دەست بەجێبەجڕکردنی کراوە، یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش بەبیابانکردنی هەرێمی کوردستانە.

ئیران ڕووباری سیروان ژێردەست (کۆنتڕۆڵ)، دەکات.
ڕوباری سیروان، دەکەوێتە نێو دوو پارچەی خاکی کوردستان، درێژیی ڕووبارەکە 445 کم دەبێت، سنوری دەستکردی نێوان ئێران و عێراق دەبڕێت، سەرچاوەی ئاوی ئەم ڕوبارە، پێکدێت لە لقە روباری (گاوەڕۆ، قشڵان، مەریوان، تەنگیوەر، نگڵ، چەمی پاوە), ئێران بەبیانوی کۆکردنەوەی ئاوی روبارو چەم و دەریاچەکانی نێو پارێزگای سنە و کرماشان، چەندین بەنداوو بەربەستی لەنێو، سەرچاوە ئاوییەکانی روباری سیروان دروستکردوە، کە ئەو بەنداوانەش بونەتە هۆی ژێردەستەبوون (کۆنتڕۆڵ) کردنی ئەو روبارە، لەو ڕوانگەیەشەوە کۆماری ئیسلامی، کەی بییەوێت و دەتوانێت، وەک چەکێک ئەو روبارە، بەراوبەر بەهەرێمی کوردستان بەکار بهێنێت، کە گرنگترین بەربەست و بەنداوەکان ئەمانەن.
بەنداوی سلێمانشا: لەنێوان هەردوو ساڵی 2004 و 2007دا دەستکرا بەدروستکردنی، ساڵی 2011 بەتەواوی پڕ ئاو بووە، ئەم بەنداوە دەکەوێتە شارۆچکەی سونقوری پارێزگای کرماشان، بەرزییەکەی 36 مەترە، پانی بنکەکەی هەزار و 277 مەترە، توانای ئەمبارکردنی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، لەسەر چەمی گاوڕۆ دروستکراوە.
بەنداوی گاوشان: ساڵی 1999 دەست بەدروستکردنی کراوەو لەسەر روباری گاوەڕۆ جێبەجێکراوە، دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی کامیاران، بەرزییەکەی 123 مەترە، پانییەکەی لەبنکەوە 647 مەترەو لەسەرەوەی بەنداوەکە 14 مەترە، توانای ئەمبارکردنی 550 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوی ژاوە: دەکەوێتە خواروی شاری سنە، لەسەر روباری ژاوەڕۆ دروستکراوە، لەمانگی ئەپڕێڵی 2009 دەستکرا بەدروستکردن، لەمانگی ئەپڕێڵی 2013 تەواو بووە، بنکەکەی 447 مەترە، بەرزییەی 33 مەترە، پانییەکەی لەسەرەوەی تونێلەکە 14 مەتر دەبێت، توانای گلدانەوەی ئاوی هەیە بۆ 126 ملیۆن مەتر سێجا.
بەنداوی ئازاد: ئەم بەنداوە لەسەر روباری کۆماسی دروستکراوە، دەکەوێتە رۆژئاوای شاری سنە، بەرزی بەنداوەکە 125 مەترە، بنکی بەنداوەکە هەزارو 600 مەتر پانە، لەسەرەوەش 25 مەتر، ئەم بەنداوە توانای گلدانەوەی ئاوی هەیە بۆ 300 ملیۆن مەتر سێجا.
بەنداوی قشڵان: دەکەوێتە سەر روباری قشڵان 14 کیلۆمەتر لەسنە دوورە، لەساڵی 1973 دەستکراوە بەدروستکردنی، لەساڵی 1984 تەواو بووە، توانای گلدانەوەی 224 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوی گاڕان: پانزە کیلۆمەتر لەشارۆچکەی مەریوان دوورە، بەرزییەکەی 62 مەترە، بنکی بەنداوەکە هەزارو 23 مەترە، لەسەرەوەی بەنداوەکە پانی 23 مەتر دەبێت، توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوی زیوێ: دەکەوێتە سەر روباری تەنگیوەر، 26 کیلۆمەتر لەشارۆچکەی کامیاران دوورە، بەرزییەکەی 52 مەترە، 20 ملیۆن مەترسێجا ئاو گل ئەداتەوە، ساڵی 2005 دەستکراوە بەدروستکردنی، ساڵی 2013 تەواو بووە.
بەنداوی داریان: دەکەوێتە نزیک شارەدێی نۆتشە، لەسەر روباری سیروان دروستکراوە، پانیی بنکی ئەم بەنداوە، دەگاتە 300 مەتر، لەسەرەوە پانییەکەی 15 مەتر دەبێت، بەرزییەکەی 190 مەترە، توانای گلدانەوەی ئاوی بۆ 700 ملیۆن مەتر سێجا هەیە، لەساڵی 2009 دەستکراوە بەدروستکردنی، ساڵی 2018 تەواو بووە.

حکومەتی ئێران روباری سیروان دەگرێتەوە.
هەموو ئەم پڕۆژانە و چەندین پڕۆژەی دیکە، چەکێکی بەهێزن بەدەست کۆماری ئیسلامی ئێران، کەتوانیویەتی کۆنتڕۆڵی ئاوی سیروان بکات، کەی بیەوێت دەتوانێت ئەو رووبارە بگریتەوە، بەشێکی زۆری دەشتی شارەزوورو گەرمیان ووشک بکات، چونکە ڕوباری سیروان، لەنێو هەرێمی کوردستان، دوو چەمی تێ دەڕژێت، ئەوانیش چەمی تانجەرۆو چەمی چەقانە، کەئەو دوو چەمەش، بەتەنها بەشی ئاودێری، چەند روبەرێکی بچوکی شارەزوور دەکات، خۆ کاتێکیش دەڕژێتە نێو بەنداوەکانی وەک دەربەندیخان و لەوێشەوە درێژ دەبێتەوە بەنێو گەرمیان، هەتا دەگاتە نێو بەنداوی حەمرین، ئەو روبارە بەتەنها بەشی ئاودێری دەکات و بەفیڕۆو بەهەدەر دەچێت، حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە هیچ بەنداوێکی دیکە لەسەر سیروان دروستبکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەتونرا، ئاوی سیروان بەچەندین تونێل و کەناڵی دیکەدا ببرێت، لەچەندین ناوچەی شارەزوورو گەرمیان بەنداوی لەسەر دروست بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم، پشتگوێخەر و بێباکە، ماوەی 15 رۆژە حکومەتی ئیسلامی ئێران بەبیانووی ووشکە ساڵی، لەشەوورۆژێکدا یەک دەمژمێر ئاوی روباری سیروان بەرئەداتەوە، ئەمەش بووە بەهۆکاری کەمبونەوەو ئاوی سیروان و دابەزینی ئاوی دەربەندیخان و حەمرین، کار وابڕوات، ئەو ناوچانەی سیروانی پیادا تێدەپەڕدەبێت، بەچاوی خۆمان بەبیابانبونی دەبینین، چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران، پڕۆژەی زیاتری بەدەستەوەیە، کە لەسەر ئەو روبارە دروستی بکات.

تورکیاش پڕۆژەی بەبیابانکردنی، هەرێمی کوردستانی هەیە.
دەوڵەتی تورکیا بەبیانووی لێدان لەگەریلاکانی پەکەکە، بەجۆرەها بۆمبی نایترۆجینی و کیمیایی و کلۆر لەناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان ئەدات، چەندین ساڵە ئەم جۆرە کردارەی سوپای تورک، باخو بێستان و دارستانی ناوچەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی بن دەستی خۆی تەفروتونا کردووە، دەوڵەتی تورکیا، لەدوا ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر ناوچەکانی بەهدینان، کە لە 23 ی ئەپڕێڵی 2021 دەستیپێکردووە، هەموو ئەو ناوچە سنورییانەی کە لەڕابردوو ئێستاشدا توانیویەتی بەهێزی ئاسمانی و چەکی کیمیایی و کلۆرو بەهاوکاری پارتی توانیویەتی کۆنتڕۆڵی بکات، درەختەکانی دەبڕێتەوەو دەیبات بۆ تورکیا، بەمەبەستی کردنی بەپڕۆژەی جیاوازو بەکارهێنانی لەبەرهەمەکانی نێوماڵ و شوێنەگشتییەکان، ئەم سیاسەتە هاوشێوەی سیاسەتی تاڵانکردنی رۆن زەیتون و دار زەیتونەکانی ئاڤرین (عفرین)، ی داگیرکراوە، کە لەساڵی 2017 و پاش ئۆپەڕاسیۆنی بۆسەر ئەو ناوچەیە کردی، ئەمڕۆش ناوچە سنورییەکان تاڵان دەکات و پڕۆژەی بەبیابانبونی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکات، ئەوەش بۆ ئەو دەستکەوتێکی ستراتیژی و چەند دەستکەوتێکی لاوەکی هەیە.

دەستکەوتە لاوەکییەکان:
لەڕووی سەربازی: دەتوانێت ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکات و جموجۆڵی گەریلاکان بەئاسانی ببینێت، بەتایبەت بۆ درۆن و سوپای نێو قولە بەرزەکان.
لەڕووی ئابووری: دەتوانێت ئەو دارانە بەمەبەستی بەکارهێنانەوەیان لەکاری پیشەسازی دارتاشی بەکار بهێنێت، بۆ ئەوەش هەم لەئاستی ناوخۆ، دەستی کار بۆ چەند کارگەیەک دەستەبەر دەکات، هەم لەئاستی دەرەوەش خواست بۆ کوالێتی دارەباشەکانی ئەو ناوچە داگیرکراوانە پەیدا دەکات، بەوەش بازاڕێکی باش بۆ خۆی بونیاد دەنێت.
لەڕووی سیاسی: دەستگەیشتنی سوپای تورکیا بە بەرزایی چیاکانی کوردستان و چونە نێو ئەو شوێنە تەنگەبەرانەی کە بەمۆڵگای گەریلاکان ناساندویانە، خواستی مانەوەی ئەردۆگان وەک سەرۆک و وەک کەسایەتییەکی دەگمەن و ئاسنین لەنێو گەل و ووڵاتەکەی زیاتر دەکات، بەمەش ئەگەر نەتوانرێت لەئاستی کەمال ئەتاتورک، باوکی رۆحی تورک دابنرێت، خوازیارە لەپاش ئەو ناوی ئەم هەبێت.

دەستکەوتە سەرەکییەکان چییە؟!.
ئەردۆگان خوازیارە کە تورکیایەکی بەهێز هەبێت، لەهەمانکاتدا دەیەوێت لەبەردەم رکابەرکارەکانی خۆی بسەپێنێت، بۆئەوەش پێویستی بەپڕۆژەی ستراتیژییە، ئەردۆگان مەبەستییەتی پشتێنەیەکی سەربازی ئارام، بەقوڵی 30 کیلۆمەتر لەسەر سنوری هەرێم دروست بکات، خوازیاریشە لەنێو ئەو پشتێنە ئەمنییە، کەمپی نیشتەجێبون، بۆ ئاوارەکانی سوریا و فەڵەستین و خێزانەکانی داعش و بەرەی نوسرە بکاتەوەو لەوێ نیشتەجێیان بکات، بەڵام ئەم پڕۆژەیە بۆ ئێستای ئەو دەوڵەتە، کێشەدارەو ناتوانێت جێبەجێی بکات، بەراوبەر بەوەش، دارەکانی ئەو ناوچانە دەبڕێتەوە، دەیکات بەناوچەیەکی ڕووتەڵ، شەقامی بۆ دەبات، ئاوو کارەبای بۆ رادەکێشێت، بەوەش شێوە ئامادەکارییەک دەکات، بۆ داهاتویەکی دووری ئەو پڕۆژەیە.
ئەمڕۆ لێکەوتەکانی پڕۆژەی داگیرکردنی ئاڤرین دەبینین، ئەردۆگان دەیەوێت فەڵەستینییە ئاوارەکان لەوێ نیشتەجێ بکات، کاتێکیش داوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ناوچەی ئارامی باکوری سوریای کرد، لەڕووی کردارەکییەوە لەهەوڵی ئەوەدابوو، سووننە مەزهەبەکانی سوریا بباتە ئەو ناوچانەو لەوێ نیشتەجێیان بکات، بەمەبەستی دروستکردنی کیانێکی بەهێز بۆیان، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆکەوە ئەردۆگان مەترسی لەهێزی رۆژئاوای کوردستان هەبوو، بۆ ئەوەی پشتێنەیەکی سەربازی لەنێوان باکورو رۆژئاوای کوردستان دروست بکات، پێویستی بەوەبوو دیوارێک بەمرۆڤی شەڕانی و پڕ چەککراوو، بەناوی ناوچەی ئارام لەوێ نیشتەجێ بکات، لەهەمانکاتدا ئەردۆگان و سیاسەتەکەی، گەرەکییەتی پڕۆژەیەکی گرنگ بۆ ئۆپۆزسیۆنە سوننەکانی عێراقی بونیاد بنێت، بۆ تورکمانەکان چاوی لەباکوری موسڵ و کەرکوکە، بەڵام بۆ عەرەبە سوننەکان، چاوی لەناوچە سنورییەکانی هەرێم و باکوری کوردستانە، ئەو دەیەوێت ئەو ناوچە سنورییانە وەک ناوچەی ئارام بۆ داهاتوو بناسێنێت، خۆی داگیری بکات، هەرچۆن ناوچەی ئارامی لەرۆژئاوای سوریا داگیرکرد، بەوەش پشتێنەیەکی سەربازی لەو ناوچانە بەعەرەبی سووننی سوریایی و فەڵەستینی و عێراقی دروست بکات، ئەمە لەناوەڕۆکدا نەخشەیەکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی خۆی، بەڵام بەخشیشە بۆ سوننەکان، بەجێبەجێکردنی ئەم نەخشەیە، ئەم چەند ئامانجە دەپێکێت.
لەڕووی سەربازییەوە پشتێنەی ئەمنی دەبێت لەنیوان سنوری تورکیاو ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی پەکەکە وەک خۆیان دەیڵێن لەباکوری عێراق.
لەڕووی سیاسەتی نێو دەوڵەتییەوە، ئەم نەخشەیە دەبێت بەهێز بەراوبەر بەرکابەرکارەکانی دەوڵەتانی سعودییە و میسڕ، کە ئەمڕۆ خوازیارن ببن بەسەرداری دەوڵەتانی سوننەی ئیسلامی، لەسەر ئاستی دینیش، بەو نەخشەیە گرەوی خۆی لەئێران و ووڵاتانی دیکە دەباتەوەو خۆی دەکات بەسەرداری دینی ئیسلام، وەک چۆن عوسمانلییەکان کردیان، لەڕووی ئاستی نێو دەوڵەتی، دەبێت بەهێزێکی هەژمار بۆ کراو، چونکە لەلایەک سوننەی جیهان لەژێر چەترەکەی ئەردۆگان کۆ دەکاتەوە، لەلایەکی دیکە دەوڵەتانی تورک زمان کە 11 دەوڵەتن، بەدەوڵەتانی ئیسلامی گرێ ئەدات، لەلایەکی دیکەش وەک فریادرەسی ئەوروپا خۆی دەنوێنێت، خۆی دەکات بەڕێگریکاری کۆچباران بەڕووی ئەوروپا، لەلای ئەمریکاش خۆی دەکات بەچارەسەرکاری کێشەی عەرەب ئیسرائیل، لەلای روسەکانیش خۆی دەکات بە چارەسەرکاری شەڕی سوننەی سوریاو سوپای بەشار ئەسەد.
ئەگەر ئەم دوو پڕۆژەیەی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران وەک خۆیان جێبەجێ بکرێت، هەرێمی کوردستان بەبیابان دەکرێت و ئەو ناوچانەی خۆیان مەبەستیانە بەسەوزی دەمێنێتەوە، ئەو ناوچانەشی کە خاکی کوردەو کورد تیایدا نیشتەجێ دەمێنێتەوە، بیابان و ووشک و کەم ئاوو کێشەدار دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت