هۆشیار جەمال: چیرۆکی ” گەشتی کوردستان” ئاوێنەی بەشێک لە مێژووی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چیرۆکی” گەشتی کوردستان” لە نوسینی ” گەلاوێژخان”ە و لە دووتوێی ( 104 ) لاپەڕە دا نووسراوە، کە شوێنی ڕووداوەکان باشوری کوردستان و وڵاتی سویدە و ژیانی چەند خێزانێکی پەنابەر دەبێتە خوڵقێنەری ڕووداوەکانی ناو چیرۆکە کاتی نووسینی چیرۆکە قۆناغێکی هەستیار و پڕ ئازارە ئەویش ساڵی (1996)ی زاینییە، کە تاکی کورد لەگەڵ گەڕانەوە بۆ ئەو کاتانە شەڕی نەگریسی ناوخۆی بیردەکەوێتەوە.
هەموو گەلە زیندووەکانی جیهان مێژوویان هەیە و تۆماری ڕابردوویان لە لایەن مێژوو نووسانەوە نووسراوەتەوە، لە تەنیشت نووسینەوەی مێژوودا لە زاری مێژوونووسەوە، نووسەران و شاعیرانی تریش هەوڵیانداوە ژانەرەکانی ئەدەب وەک (چیرۆک، ڕۆمان، شیعر) بەکاربهێنن بۆ کارکردن لە نێو مێژوودا.
چیرۆکی “گەشتی کوردستان” بەکارهێنانی ژانەرێکی ئەدەبیە لە پێناو گێڕانەوە قۆناغێکی مێژووی نەتەوەی کورد کە زمانی گێرانەوەکە زیاتر لە دید و بۆچوونی هاوڵاتیانی ئاسایە کە چۆن دەڕواننە سیاسەت و دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ لە باشوری کوردستان.
ڕووداوەکان لە سەرەتاوە لە وڵاتی سوید دەستپێدەکات کاتێک کە دوو خێزانی کورد تاراوگەیان بۆ ژیان بەسەربردن هەڵبژاردووە، لە پێناو مافی مانەوەشدا لە وڵاتی سوید وتوویانە لە ستەمی دەسەڵاتی بەعس ڕامانکردووە، بەڵام لە ڕاستدا هیچ کات ئەو خێزانانە بەشداری هیچ کارێکی سیاسیان نەکردوە و هیچ ئازار و ماندووبوونێکیان نەدیوە، ژیانی تاراوگەشیان ئەو خەیاڵانەی بۆیان کردوە لە ژیانێکی خۆش وانەبووە، بەڵکو لە پێناو پەیداکردنی بژێوی ژیانیان هەموو کارێکی سەختیان کردوە، لەبەرامبەردا زۆرینەی خەڵکی کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتی بەعسی دیکتاتۆردا جینۆساید دەکرا و بە هەموو شێوەیەک دەچەوسێنرایەوە و زمان و کلتوری دەسڕایەوە، لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستان ئازارەکانی بەردەوام بوو. چونکە شەڕی ناوخۆی نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتدار هەموو کوردستانی گرتەوە و هاوڵاتیانیش زۆرترین قوربانی بوون.
دوو خێزانە کوردەکەی تاراوگە کە بە سەردان دەگەڕێنەوە کوردستان ساتەوەختی شەڕی ناوخۆی نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتدار (یەکێتی و پارتی)ە، لێرەوە نووسەر لە زمانی کارەکتەرەکانەوە کە گفتوگۆی ئاسایی شەوان دەکەن دەکەوێتە باسکردنی ئازارەکانی تاک بە تاکی کوردستان کە حیزبەکان لە جیاتی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان زۆرترین پارەی بەردەستیان بۆ شەڕی نەگریسی ناوخۆ تەرخانکردوە، و دەزگا خێرخوازیەکانی جیهانیش تاڕادەیەک هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان دەکەن.
ژیانی سەختی هەژاری و نەداری هاوڵاتیان و کاسبوون بە دەنگی فیشەکی شەڕی ناوخۆ مێشکی تاک بە تاکی باشوری داگیرکردووە. هەر بۆیە کاتێک کە ئەم چیرۆکە دەخوێنیتەوە تێدەگەیت کە ئەو شەڕە ماڵ وێرانکەرە چۆن تاوەکو ئێستاش کاریگەری خۆی بە جێهێشتووە، لەسەر هەموو هاوڵاتیەک چۆن هاوڵاتی یەک نیشتمان دووچاری دابەشبوون و لەتبوون بووە لە هەموو ڕوویەکەوە.
هەردوو خێزانە کوردەکەی تاراوگە هەتا لە سویدن کە بەهۆی ئازارەکانی نەتەوەی کوردە وە مافی مانەوەیان پێدراوە، بەڵام ڕێگایان نەداوە هیچ کات مناڵەکانیان نزیکی سیاسەت بکەونەوە و دژی بەشداریکردنی هەر چالاکیەک بوون لە پێناو گەلی کوردیشدا بێت، هەتا لە کوردستانیش کە بە گەشت گەڕابوونەوە هەرکات باسی سیاسەت بکرایە ئەوان سەریان ئازاری هەبوو بەو باسانە و خۆیان لێ دوور دەخستەوە. بەڵام ئیتر ئەم جۆرە پەروەردەکردنی مناڵ و ژیان بەسەربردنە تا ماوەیەک کاریگەری هەبوو، کاتێکی کە دووبارە کوردستانیان جێهێشتەوە کچ و کوڕە گەنجەکانی هەردوو خێزانەکە لەگەڵ گەڕانەوە بۆ تاراوگە بۆچوونیان گۆڕابوو بۆ نەتەوەکەیان و سیاسەت هەربۆیە بەژداری خۆپیشاندانێکیان کرد کە لە پێناو مافی چەند هاوڵاتیەکی کورد دا ڕێکخرابوو، وە پۆلیس دەستگیریان دەکات و دواتر سەرکۆنە دەکرێن لە لایەن باوکیانەوە، بەڵام ئیتر ئەو پەروەردە خراپەی باوکەکان شکستی هێنا و دیواری پۆڵاینی ڕووخا، کچ و کوڕەکان دایک و باوکیان ئاگادارکردنەوە کە ژیان کردن جۆری تریشی هەیە، تەنها پارە پەیداکردن و سەرکز کردن نیە لە گۆشەیەکی نیشتمانەکەت یان تاراوگە، بەڵکو ژیان کردن هەڵوێست و بەرگری کردنە لە زمان و نەتەوە و کلتوری خۆت، ململانێیە لە پێناو مانەوەی نەتەوەکەت نەک مانەوە لە پێناو ژیانێکی کاتی و دروستکردنی نەوەیەکی نابەرپرس، کە نیشتمان و زمان و نەتەوەی خۆی بە کەم بزانێت ، یاخود لە ژێر ناوی تر و دروستکردنی مەترسی وەهمی هەموو بەرپرسیارێتیەی نەتەوەی خۆی لە دەستبدات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت