ھوشیارئەحمەدی: بڕینی دارستانەکانی کوردستان لە لایەن سوپای تورکیاوە، ئەنفالی ژینگەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەڕی داگیرکەرانی کوردستان لە تەک نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەیا، شەڕێکی بەرفراوانی فرەڕەھەندە. چونکی ئەوان بە درێژایی شەڕیان دژی کورد و نیشتمانەکەی، بەو باوەڕە گەییشتوون، تەنیا بە گرتن و زیندان و ئەشکنجە و ئێعدام و کوشتوبڕ و بوردمان و قڕکردنی گشتی وەک ئەنفال و کۆمەڵکوژی و تەنانەت بەکارھێنانی چەکی قەدەغەی کیمیایی و فسسۆڕی، ناکرێ کورد لەناو ببەن یان لانیکەم بۆ ھەمیشە ئیفلیجی بکەن.
بۆیە چەندین دەھەیە ھەموو دوژمنانی کورد، بە پێی ئیمکان و توانا لە ڕەھەندەکانی دیکەی شەڕیش کەڵک وەردەگرن. یەک لەو ڕەھەندانە شەڕی ئێکۆسیستمی(ژینگەیی) کوردە. واتە لێدانی ژینگەیی بە مەبەستی شێواندنی ژینگەی کورد و نالەبارکردنی بۆ ژیڤن و مانەوە تێیدا. ئەوان بۆ ئەم مەبەستە پلانی خۆیان توکمە و لەسەرخۆ ئەبەنە پێش و لە ھیچ شتێکیش ناسڵەمنەوە. لە بنەڕەتیشا کورد توانای پێش پێگرتنیانی وەک پێویست نیە و لایەنی تریش وەک کۆڕو کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان کاری پێیانەوە نیە.
بۆ وێنە سەردەمی بەعس، پێنج ھەزار ئاوایی کوردستان بە بیانوی سەرکوتی شۆڕشەوە لە تەک خاکا یەکسان کران و خەڵکەکەیان بە زۆر لە کەمپی بنچاوی حکومەتییا نیشتەجێ کران. بیریشمان نەچێ، زۆرێ لەو کارە بە باسکی بەھێزی جاش و موستەشار و گەورە جاشەکانی کورد کران کە دواتر زۆرێکیان لە حکومەتی کوردیشا ھەر لە نازو نێعمەتا ژیان و کەسیش پێی نەوتن پشت چاوتان برۆیە.
ڕژیمی بەعس بەوەشەوە نەوەستا و بە سەدان ھەزار داری لە ژینگەی کوردستانا ڕیشەکێش کرد. بە ھەزاران کانیاوی ھەڵکۆڵی و بە بتۆن پڕی کردنەوە. وای لە ژینگەی کوردستان کرد، ھیوایەک بە ژیانەوەی نەمابوو، ژینگەی گەش و جوانی کوردستانی کردە قاقڕستانی بەرەھوت، چیاکانی لە سەوزەڵانی ڕووتاندەوە.
ڕێژیمی سێدارەی ئێرانیش لە ڕێگای دەستوپەیوەندەکانیەوە بەردەوام دارستانەکان و لەوەڕگەکانی کوردستان ئاگر ئەدات، بەم سیاسەتەی بە ڕادەیەکی زۆر زەبری کاریگەری لە ژینگەی کوردستان داوە. بە دەیان ژینگەپارێزیش لە بەر لەقاودانی ئەو سیاسەتەی ڕێژیمی ئێران، لە لایەن ئیتلاعاشەوە گیراون و لە ئەشکنجەخانەکان پەستێنراون.
بەڵام ڕێژیمی فاشیستی تورکیا وەک چۆن بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە لە مرۆڤایەتی، لە ھەرکوێ بیھەوێ کورد ئەکوژێ، شار و گوندی وێران ئەکات و ژینگەی ئەسووتێنێ، ھەر بەو مێتۆدە ئێستا لە ناوچەی بادینانی باشووری کوردستان خەریکە ڕۆژانە بە سەدان تۆن لە داری بەتەمەنی دارستان و لێرەوارەکانی کوردستان ئەبڕێتەوە و وەک پیشەی تاڵانچیەتی و دزیی ئەجدادیان، ئەینەبەوە بۆ تورکیا.
دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان بە ھەر ھۆیەکی بێ پاساو ھەیە، تا ئێستا لەو تاوان و دزی و ھەتک کردنەی سوپای داگیرکەری تورک بێدەنگن. بەڵام ھیوامە بابەتەکە باڵ بکێشێتە سەر ڕای گشتییا و ڕێگا لەو تاوانەی سوپای دز و چەتەی تورک بگیرێ.
بەو ھیوایە.
#کوردستان # کورد # ژینگەی کوردستان # دارستان

# نا بۆ بڕینی دارستانەکانی کوردستان

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت