عیماد عه‌لی: كاردانه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ دواجاره.

له‌م كاته‌دا كۆمه‌ڵێك پرسیار و گفتوگۆی هه‌مه‌جۆر له‌ ناوه‌ند و شوێنه‌ گشتیه‌كان وته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی ماڵان ده‌رباره‌ی بابه‌تی ڕۆژ كه‌ ئه‌ویش قه‌یرانی ئابووری و نه‌دانی موچه‌یه‌ ده‌وروژێنرێت و سه‌رجه‌م گفتوگۆكان له‌ نێو ئه‌و بازنه‌یه‌دا خول ده‌خواته‌وه‌ و هه‌ر یه‌كه‌و وه‌ڵامی خۆی پێیه‌، به‌ڵام فاكته‌ری هاوبه‌ش و ڕێڕه‌وی گه‌یشتن به‌ ده‌رئه‌نجام لای زۆرینه‌، ئه‌م پرسیارانه‌ دێنیته‌ ئاراوه‌ كه‌ بریتین له‌:
A- بۆچی خه‌لك تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م ناحه‌قیانه‌ پشودرێژه‌ و خۆی راگرتووه‌ و به‌تایبه‌تی موچه‌خۆران تا ئه‌م ساته‌ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌نواندوه‌، سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی ده‌زانن هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌دان و دواخستنی موچه‌ی ئه‌م جاره‌ به‌ ڕه‌هایی به‌ده‌ست حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات خۆیانه‌ نه‌ك نه‌بونی دراو و بودجه‌ی تایبه‌ت به‌ موچه‌؟
B- بۆچی رۆشنبیران و رێكخراوه‌كان و خه‌ڵكی خه‌مخۆر كه‌متر خۆیان له‌قه‌ره‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ ده‌ده‌ن و بێئومێدبون زیاتر باڵی به‌سه‌ریاندا كێشاوه‌ و پێشوه‌خت قه‌ناعه‌تیان به‌وه‌یه‌ كه‌ قسه‌كردن بێ ده‌رئه‌نجام ده‌بێت؟
C- بۆچی ئه‌وحزبانه‌ی له‌ قۆناغه‌كانی پێشتردا تا ڕاده‌یه‌ك قسه‌ی خۆیان ده‌كرد و هه‌ندێك حه‌قیقه‌تیان ده‌رده‌خست و به‌ نهێنیش بێت هه‌وادار و لایه‌نگرانیان راده‌سپارد قسه‌ی خۆیان بكه‌ن، ئه‌م جاره‌ ده‌ڵێیت خۆڵه‌مێشیان كراوه‌ به‌سه‌ردا؟
D- بۆچی هه‌موو لایه‌ك به‌ڕه‌هایی گه‌یشتون به‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ گوێ ناگرێت و تلانه‌وه‌ی نه‌داران به‌ ئازاری نه‌بونی و كه‌مده‌رامه‌تی و هه‌ژاریه‌وه‌ به‌ هه‌ڵپه‌ركێی ده‌بینێت و ده‌ڵێت با نه‌بوان له‌ جیاتی نان بسكێت بخۆن؟
ئه‌وه‌ی له‌م جاره‌ جیاوازه‌ و هه‌موو شتیك لای خه‌ڵك به‌ گشتی روون بۆته‌وه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت زیاتر گومان له‌ مێژووی شۆڕشه‌كانی پێشتر بكه‌ن و به‌ شۆڕشی دانه‌نێن، بێباكی و خه‌مساردی هه‌موو لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات و به‌ناو ئؤپۆزسیۆنه‌ كه‌ به‌ نوزه‌نوزێك و به‌ ترسه‌وه‌ قسه‌یك فڕی ده‌ده‌ن و هاوارێك به‌رده‌ده‌نه‌وه‌، لێڕه‌دا باس له‌ موزایه‌ده‌ به‌ مه‌به‌ستی شه‌خسی و كاری پۆپۆلیستی به‌رده‌وامی هه‌ندێك كه‌س و لایه‌نێك له‌ كاتی پێش هه‌ڵبژاردن ناكه‌م كه‌ لای خه‌ڵك متمانه‌ به‌وانیش نه‌ماوه‌.
بۆیه‌ زۆر كه‌س گه‌یشتون به‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ ڕقی یه‌نگخواردوی گه‌ل بته‌قێته‌وه‌، دواجار ده‌بێت و كه‌س ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی نازانێت كه‌ به‌ كوێدا ده‌كه‌وێت، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری بابه‌تی و خودیی له‌ ئاستی نێوخۆیی و ناوچه‌یی و جیهانیدا:
لێكدابڕان و ناكۆكی نێوخۆیی گه‌یشتۆته‌ چڵه‌پۆپه‌ و هه‌ر هه‌ڵچونێك به‌ ئاسانی كۆنتڕۆڵ ناكرێت و خه‌ڵكی حازربه‌ده‌ست زۆرن كه‌ سواری شه‌پۆڵی ناڕازیان بن و ته‌ڕو وشك پێكه‌وه‌ بسوتێنن و ئه‌گه‌ری داگیرساندنی شه‌ڕیش دوور نیه‌، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی كه‌سی وحزبیه‌ نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان وا ده‌كات باوه‌ڕ نه‌كه‌یت شه‌ڕه‌كه‌ به‌م ده‌سوده‌م نزیكانه‌ رووبدات.
هیچ كاتێك خۆمه‌ڵاسدانی ده‌ستی ده‌ره‌كی و ده‌ست تێوه‌ردان ئه‌وه‌نده‌ فراوان نه‌بوون و ده‌رگاكان ئه‌وه‌نده‌ واڵانه‌بوون بۆ جێبه‌جێكردنی فرت و فێڵ و كاری به‌رده‌وامی دوژمنان له‌سه‌ر زه‌مینه‌ سازی پێش داگیركاریی دوورمه‌ودا و نه‌هێشتنی ته‌نانه‌ت ئه‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌ی كورد بۆ كۆتاییهاتن به‌ كیانی تایبه‌تیمان و هێنانه‌ ئارای ئیمپراتۆریه‌ته‌ خوێنمژه‌كانی ئه‌م و ئه‌وی خاوه‌ن مێژووی داگیركاری و زوڵم و سته‌می درێژخایه‌ن و به‌رده‌وام هه‌وڵی له‌ناوبردنی گه‌لی كوردی سته‌مدیده‌ی ژێرده‌سته‌.
ئه‌وه‌ی واتلێدكات زیاتر هه‌ست به‌ نزیكبونه‌وه‌ی قۆناغێكی مه‌ترسیدارتر و ناخۆشتر بۆ خه‌ڵك بكه‌یت، خودی ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ خاوه‌نی پرسه‌كه‌ ده‌زانن ئێستا گه‌یشتونه‌ته‌ قه‌ناعه‌ت كه‌ شكستیان هێناوه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی تروتفاق و زیاترین مه‌بله‌غی به‌ده‌ستهاتویی كاری گه‌نده‌ڵێان ده‌ده‌ن و له‌ شوێنه‌ تایبه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ توندی ده‌كه‌ن. بۆیه‌ گریمانه‌ی روودانی ئاشبه‌تاڵ و فه‌وتانی ئه‌زمونه‌كه‌ له‌ هه‌موو جارێك زۆرتره‌ و ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌زانن و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هایان هه‌یه‌ خه‌ریكی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌كه‌ی خۆیانن و له‌م قه‌یرانه‌ قوڵه‌ ئاڵۆزه‌ و مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌یه‌ خۆیان لێ كردووه‌ به‌ نه‌بان و مێشیش میوانیان نیه‌.
بۆیه‌، ئه‌گه‌ر به‌ وردی له‌ هاوكێشه‌كان بڕوانیت و لێكیان بده‌یته‌وه‌ و زه‌مینه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌ له‌ هه‌ردو لایه‌نی بابه‌تی و خودیه‌وه‌ شیی بكه‌یته‌وه‌، له‌سه‌رئه‌نجامدا بێ دوودڵی ده‌گه‌یته‌ قه‌ناعه‌تێك كه‌ له‌ رۆخی دۆخێكی زۆر مه‌ترسیداری له‌ناوبرد ن و قڕكردنداین، له‌وانه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی خۆرسكانه‌ و هاندانی خودی خۆمان له‌لایه‌ن دوژمنانه‌وه‌ به‌ فریودان و فێلكردنیان له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌زانه‌ له‌دواجاردا ده‌ستی به‌ به‌تاڵی له‌ هه‌مبانه‌كه‌ بێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ ده‌ستی خۆمان خۆمان له‌ناوبه‌رین و چه‌ند سه‌ده‌یه‌كیش ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دانیشین و له‌عنه‌ت له‌ خۆمان بكه‌ین. به‌لێ ئه‌گه‌ری له‌ناوچونی یه‌كجاره‌كی ئه‌م ئه‌زمونه‌ له‌ هه‌موو كاتێك نزیكتره‌ ، بۆیه‌ ده‌ڵێم ئه‌م جاره‌ دواجاره‌ هه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی كوردی خه‌وتوو..

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies