زەبەنگ بەهادین: منداڵی جاران و منداڵی ئێستا…

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جاران لە منداڵت بپرسایە دەتەوێت ببی بە چی کە گەورە دەبیت، دەیوت دەمەوێ ببمە مامۆستا یان دکتۆر یا ئەندازیار یاخود شانۆکار، جاران خەونی مناڵان دروست و زانستی بوو هەم لە بیری خۆیان و هەم لە بیری نیشتیمانەکەیاندا بوون. ئێستاش لە منداڵێ دەپرسی دەتەوێ ببی بە چی کە گەورە بووی دەڵێ بازرگان یان مۆدێل یان ئەندام پەرلەمان یاخود سیاسی ناو حیزبە گەندەڵەکان. لە ئێستادا بیری منداڵ بە شێوەیەک شێوێنراوە چاکبونەوەی زۆر قورسە. دەبێت لامان سەیر نەبێت بۆ منداڵی ئەمرۆ خەونەکانی شێواو و ناتەندروستن، ئەوان چی دەبینن! سیاسیەک دەبینین لەسەر خوێنی میللەت بە ملێونان دولاری هەیە، منداڵەکانی لە باشترین خوێندنگەی تایبەت داناوە و جیایکردنەوەتەوە لە منداڵانی ئاسایی، هەموو بۆ نەیەک بۆ گەشتو گوزار دەچنە دەرەوەی ووڵات، باشترین باخ و فیلا و ئوتۆمبیل. مۆدێلێک دەبینن ئیشی لە هەموو شوێنەکان بە ئاسانی دەروا بەرێوە، جی کلاس و رانجی پێیە و گاڵتە بە زانست و پەروەردە دەکات، تەنها ئەوان دەبینن لەسەر شاشەی میدیاکان چەپلەیان بۆ لێدەدرێ. منداڵانی خەڵکی ئاسایی نەبوونی و ئێش و ئازارەکانی باوانی دەبینێ بۆ پەیداکردنی پارویەک نان چ ئەستەمێکە، دەترسێ هەمان داهاتوو چاوەروانی ئەویش بێت، بۆیە ئاراستەی بیرکردنەوەی دەگۆرێت.
خێزان لە ئێستادا لە دوو دۆخدایە، یان دۆخێکی پارە زۆری کە لەبەر گەران و تەکنەلۆژیا و کەیف و خۆشی خۆیان ئاگایان لە منداڵ نەماوە، دۆخێکی کەیان بە هۆی کەمدەرامەتی ماندوو زیاد لە کارێک دەکەن تا بە دەم داخوازی خێزانەکانیان بگەن و تا بگەنەوە ئاستی ناوەندی کۆمەڵگا بە هۆی ئەمەوە دەبینین دوورن لە منداڵ و ماڵ، بە هەردوو دوخەکە ئەوەی دەبێتە قوربانی منداڵە، مەڵبەندی دووهەمی پەروەردە کردن قوتابخانەیە، ئەویش بە هۆی کێشە دروستکراوەکانی دەسەڵات ئیفلیج بووە توانای نەک پەروەردە بگرە گەیاندنە زانستیەکشی نەماوە.
هاوتەریب بەم دۆخە ناهەموارانە تەکنەلۆژیای بێ بەرنامەو بێ سانسۆر هێندەی دی خەونی مناڵانی شێواندوە، هەلبەت رێکخستنەوەی هەموو ئەم نەهامەتیانە ئەرکی دەسەڵات و حکومەتە کە بە داخەوە لێرە پێچەوانەکەی دەبینین لە بری ئەوەی حکومەت نەوەیەکی تەندروست بەرهەم بهێنێ بە ئاکارێکدا دەروات نا پەروەردەی زیاد کردوە، کێشە لەوەدایە رەنگە تا ئێستاش کەمێک لە ساغلەمی مابێت لە کۆمەڵگای کوردیدا، بەڵام ئەگەر بەم ئاراستەیە برۆین و دەسەڵاتیش بەم شێوەیە مامەڵە لەگەل پەروەردەی مناڵاندا بکات داهاتویەکی رەش چاورەێمانە.
باشترین چارەسەر لە ئێستادا ماندوو بونی زیاترێ باوانە بۆ پەروەردەی مناڵەکانیان، دەبێت باوان لە بەشێکی خۆشیەکانی ژیان بگەرێن و بگەرێنەوە ناو ماڵەکانیان لە پێناو بەرهەمهێنانی نەوەیەکی تەندروست، وەک چۆن تاکی کورد لە رووی خزمەتگوزاری ئاو کارەبا و مووچە و نەخۆشانە وای لێهاتووە دەستی لە حکومەت شتوە دەبێت بۆ پەروەردە و فێرکردنی منالەکەشی تەواو پشت بەخۆی ببەستێ و هەول بدا مناڵێک بخاتە ناو کۆمەڵگا کە خەونەکانی تەندروست بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت