ھوشیارئەحمەدی: ڕێبەرایەتی کورد، حیزب و ڕێکخراوەکانیان پێ کۆمپانیایە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تەواوی کێشەکانی کورد، لە پەروەردە مان دایە. زۆربەی حیزبەکانمان ئیدیعای دیمۆکرات بوون، مودێڕن بوون، پێشکەوتنخواز بوون و لێبوردە یی و لەخۆبردوو یی لە بەرامبەر بەرژەوەندی ی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیا ئەکەن. لێ مخابن وانیە، ھەر ھەمووی لە ئیدیعایەک زیاتر نیە.
سەرجەم حیزبە کوردییەکان بە کۆن و نوێیەوە، نەیانتوانیوە لە پێکھاتەی موڵکداریی و کۆمپانیایی دەرچن. ھەر ھەموویان ڕێبەران یان مەگەر بە مەرگ یان پەککەوتەیی وازیان لە پۆست و پلەکانیان ھاوردبێ. ھەندێکیشیان لە ژێر گوشارا وازیان لێ ھێناوە، بەڵام دواتر ھەر چاویان لە دوای جێگە و پێگەکەیان بووە و سەرئەنجام گۆنگەڵێکیان سازکردووە و حیزبەکەیان تووشی لەتوپەتبوون و دابڕان کردووە.
بەکورتییەکەی، بەناو ڕێبەرایەتیی کورد، حیزب و ڕێکخراو وەک کۆمپانیای وشە کەی کاک نەوشیروان، بە کۆمپانیا و موڵکی شەخسی ئەزانێ. ھیچیان لەم بۆچوونە بەدەر نین. لە ڕاستییا ئەمەش دەردێکی گشتگیری کۆمەڵگاکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە کە کورد تێیدا بەشێکی زیاتری بەرکەوتووە. سەرجەم ڕێبەرایەتیی ئێستای کورد، حیزب، ڕێکخراو و پلەو پۆستەکانیان بە میرات و موڵکی شەخسی ئەزانن. یان لانیکەن وەک کۆمپانیایەکی ھاوبەش سەیریان ئەکەن کە تێیدا پشکیان ھەیە و ئەو پشکانەش ئەبێ زیاد بکەن و ھەتا مردنیش بەرژەوەندییان بۆ دابین بکەن.
بۆیە ھەوڵ ئەدەن مناڵەکانیان بۆ ڕابێنن، زاواکانیان بۆ باربێنن، خزم و کەس ڕاکێشنە بازنەی میراتگرییەکەیانەوە و سەرئەنجام گەرا بۆ داھاتوویان لە حیزبەکەیانا بنێننەوە. خۆئەگەر سەێر بکرێ، لە دەسەڵاتی ھەرێمی باشووریشا ڕاست ئەوە زقی زق ئەبینرێ.
ئەو دەردە واتە مانەوەی تاکی کورد لە ھەرەمی دەسەڵاتا تا مردن، وایکردووە، لە ھەرەمی دەسەڵات ی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانا دەیان ساڵ کەسانێ سیاسەت بکەن، پلان داڕێژن، بەڕێوەببەن، شەڕ و دانوستان بکەن کە ھەر ھەموویان یەکتر باش ئەناسن و بە جۆرێکیش خۆیان بە ھاودەرد، ھاوباوڕ، ھاوبیر، ھاوکار، ھاوبەرژەوەندی و ھاوداھاتوو ئەزانن.
بە کورتییەکەی، پێکھاتەی سیاسی کورد، ڕەوتێکی نەگۆڕی ھەیە و ئەمەش بەردەوام لە ناو بازنەیەکا بە دەوری خۆمان و دروشم و مەرامنامە خەیاڵییەکانمانا ئەمانسووڕێنێتەوە و بەداخەوە زۆربەی خەڵکەکەشمان بە ناچاری و بێ ھیوایی لەو ڕەوتە ڕاھاتوون.
تەنیا بە گۆڕانکاریی عەقڵی، فیکری، پەروەردەیی ئەکرێ ھیوایەک بە شکانی ئەو مۆتەکەی حیزب و دەسەڵات بە میرات زانینە ھەبێ کە ئەویش ھەر سەرجەمی ئەو ڕێبەرایەتیەی ئێستای بزووتنەوەی کورد خودی موتەکەکەن و بە مانی ئەوانیش ھیوایەک بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و بناغەیی نیە. پێش ئەوەی بشمرن، وەک دووپشک لە سەر پشتی خۆیان میراتگرەکانیان ئامادە ئەکەن بۆ بەردەوامیی ڕەوتە موتەکەییە نەگۆڕەکە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت