عیماد عه‌لی: پارتی و یه‌كێتی و په‌كه‌كه‌، چی بكه‌ن؟

ئه‌م باره‌ ترسناكه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو كاتێك هه‌ستیارتره‌ و له‌ رۆخی چونه‌ نێو قۆناغێكی گواستراوه‌ی زۆر سه‌ختداین له‌ خه‌باتماندا. له‌ مه‌ڕ ململانێكانی ناوچه‌كه‌ و دوژمنان هه‌موو پیلانگێڕیه‌كیان له‌به‌رده‌سته‌ و ئاماژه‌كان وا پێشان ده‌ده‌ن كه‌ دوژمنان به‌ نهێنی چه‌ن رێككه‌وتون و خاڵی هاوبه‌شی بیركردنه‌وه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو شتێك له‌ پێناو له‌ناوچونی ئه‌زمونی كوردستانی باشور به‌هه‌ر نرخێك بێت بخه‌نه‌ گه‌ڕ. به‌دبه‌ختیه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی كوردستانی باشور بێ ئاگایه‌ وهه‌نگاو ده‌نێت و له‌ دژایه‌تی یه‌كتر نه‌بێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگایان له‌ مه‌حموی بێزه‌وان نیه‌ و ته‌نها خه‌ریكی حزبایه‌تی ته‌سك و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ بچوكه‌كانن.
كه‌ پارتی و یه‌كێتی له‌ ململانێدا بن، له‌ لایه‌كه‌وه‌ هه‌ر یه‌كه‌و ده‌یه‌وێت پشتی ئه‌ویتر بدات به‌ ئه‌رزدا، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ خه‌ریكی سازشن بۆ دوژمنان و به‌خۆیانیش بێ ئاگا له‌وه‌ی كه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كی نه‌خوازراودا قه‌تیس كراون و له‌ هه‌مولایه‌كه‌وه‌ ده‌وره‌دراون و دوژمنان به‌ هه‌موو بارێكدا زه‌فه‌ریان پێ بردون، كه‌چی ئه‌وان به‌ ناچاری ته‌نها جێبه‌جێكه‌ری فه‌رمانه‌كانیانن و هیچیان پێناكرێت بۆده‌ربڕینی راوبۆچون و بریاری سه‌ربه‌خۆی خۆیان، به‌تایبه‌تی له‌ رووی ده‌ست تێوه‌ردان و ئیستغلال كردنی خاڵه‌ لاوازه‌كانیانه‌وه‌ زه‌فه‌ریان پێبردوون و زیاتر له‌ باری ئابووریه‌وه‌ هه‌ڵیانخه‌ڵه‌تاندون، له‌مه‌شدا ئه‌وه‌ی به‌ ترسناكی بكه‌وێته‌وه‌ ته‌نها خه‌ڵك زه‌ره‌مه‌ند ده‌بێت و هه‌ر خه‌لك باجه‌كه‌ی ده‌دات و له‌ دواجاردا به‌ هه‌ر لایه‌كدا بشكێته‌وه‌ ئه‌وان وه‌ك به‌رزكی بانان لێی ده‌رده‌چن و ئاینده‌ی خۆیان و نه‌وه‌كانیشیان ده‌سته‌به‌ر كردووه‌..
ئه‌ولای هاوكێشه‌كه‌ش به‌كه‌كه‌یه،‌ كه‌ وه‌كو ئه‌سپێكی زینكراوی لغاودراو به‌ ئاراسته‌یه‌كی راست و رێك و ره‌وان بێ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای ئه‌ملا و ئه‌ولا بكات ڕاسته‌ڕێی گرتۆته‌ به‌ر و ته‌نها به‌ دیدگایه‌كی باكوریانه‌وه‌ ته‌ماشای مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌كات.
ئه‌وه‌ی راست بێت، ده‌بێت په‌كه‌كه‌ش ئه‌م بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌ به‌ وردی و جوانی له‌به‌رچاو بگرێت و به‌ شێوه‌یه‌كی ستراتیجی هاوكێشه‌كان بخوێنێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ توانایدا بێت كاری بۆ بكات وا ره‌فتار بكات كه‌ به‌هانه‌ی زیاتر نه‌دات به‌ده‌ست توركیاوه‌ و ده‌ست پێشخه‌ری له‌ هیچ شتێكدا نه‌كات و هۆكاری ئاڵۆزی زیاتری هه‌رێم نه‌خاته‌ ئه‌ستۆی خۆی و ئه‌ویش له‌م كاته‌دا كێرڤی حزبایه‌تی ته‌سك كه‌م بكاته‌وه‌ و چه‌ند ده‌توانێت قورسایی چالاكیه‌كانی هه‌رچه‌ند كه‌میش بێت و له‌ توانای خۆیدا بێت له‌م ماوه‌یه‌دا بیخاته‌ نێو خاكی كوردستانی باكوور و توركیا و به‌ هه‌مان شێوه‌ی كوردستانی باشوری دوای ئه‌نفال شه‌ڕی چه‌ته‌گه‌ری بكات و بۆ ماوه‌یه‌ك په‌نا بۆ په‌نادان و خۆشاردنه‌وه‌ ببات و خۆی بپارێزێت بۆ كاتی شیاو، بۆ خه‌باتی هه‌مه‌جۆر. ئه‌وجا ده‌كرێت له‌ كاتی رزگاربوون له‌م قه‌یرانه‌ هه‌مه‌لایه‌ن و بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ی ‌ئه‌م قۆناغه‌ زۆر سه‌خته‌ هه‌ناسه‌یه‌ك بدات و دواتر ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت زه‌مینه‌ی باشتر له‌ پاش تێپه‌ربونی قۆناغه‌كه‌ مه‌یسه‌ر بێت و ئه‌گه‌ر ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌ باشی رووبدات هه‌لی خه‌بات زۆرتر و فراوانتر و ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتن زیاتر ده‌بێت و ده‌كرێت له‌ نێو یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌ باشه‌كاندا وا بكه‌وێته‌وه‌ بچنه‌ نێو قۆناغێكی ئاسان و هه‌لی باشی فراهه‌مبوو بۆ رزگار بوون.
ئه‌و داواكاریانه‌ی له‌ پارتی و یه‌كێتی مان هه‌یه‌، زۆرجار دووباره‌مان كردۆته‌وه‌ و گوێ ناگرن و، كه‌س له‌وباوه‌ڕه‌دا نیه‌ له‌م سیاسه‌ته‌یان زیاتر هیچی تر بكه‌ن و له‌ بڕیاره‌ سه‌رپێیانه‌كانیان پاشگه‌ر نابنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وان ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر خوا.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies