نەوزادى موهەندیس: وشکە ساڵى، مەترسیە گەورەکەى ئایندە بۆ سەر تەواوى جیهان!

گۆى زەوى وەک یەکەم هەسارەى کۆمەڵى گەردوونى(ڕۆژى) و تاکە هەسارە کە ژیان و ئاوەدانى تیادایە و بۆ ملیۆنان ساڵ دەگەڕێتەوە، یان تاکە هەسارە سەوزەکەى کۆمەڵى ڕۆژ. هێواش هێواش ڕووبەڕووى مەرگ و مردن و لەناوچوون و کاڵبونەوە وچۆڵبوون و وشکبونەوە و زەردبوون دەچێت، بەهۆى کۆمەڵێک دیاردەى سروشتى و دەستکردى مرۆڤەکانەوە، هەر لە کارەساتە سروشتیەکانى وەکو باوبۆرانە کاولکەرەکان و لافاو و ڕاماڵینى خاک و بەرزبونەوەى پلەى گەرما و وشکەساڵى و دیاردەى بە بیابانبوون و پەنگخواردنەوەى گەرماو بەرزبونەوەى ڕێژەى گازە کوشندەکان وپەتا کوشندەکان و… هتد. کە هەموانیان بونەتە بەڵاو ئافاتێکى مەترسیدار بۆ سەر ئایندەى ژیان و ئاوەدانى و تەمەنى گۆى زەوى و ئەوەى لەسەریشێتى لە مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەک و سروشتەکەشى لە هەوا و خاک و ئاو و… هتد. کە بەڕاستى ئەرکى هەموو کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکانە کە بە گەرموگوڕى و ڕژدى بکەونە گەڕان بۆ چارەسەرکردنیان و هەوڵى ڕێگرتن و بڵاوبونەوەى زیاتریان بدەن، چونکە بەدڵنیایى هێواش هێواش دەبنە مەترسیى زۆر گەورە بۆ سەر هەموو دەسکەوت و پێشکەوتن و داهێنانە تەکنەلۆژیەکانى ملیۆنان ساڵ کە بەرى ڕەنجى شارستانێتیە جیاوازەکانى مرۆڤایەتیە لە سەر ئەم هەسارەیە.
یەکێک لەو دیاردانە کە لێرەدا مەبەستمانە تیشکێکى کەمى بخەینە سەر بریتیە لە دیاردەى وشکە ساڵى،کە بۆ ماوەى کەم یان دووردرێژ یەخەى ناوچە و کۆمەڵگا جیاوازەکانى گرتوە و بەردەوامیشە لە هەر 7 کیشوەرەکەى زەوى لە ئاسیاو ئەوروپا و هەردوو ئەمریکاباکور و لاتینى و ئەفریقیا و ئوستوڕالیا وکیشوەرى جەمسەرى باشوور (ئەنتارکتیکا).
وشکە ساڵى، بریتیە لە کەمى سەرچاوە ئاویەکان، بەهۆى کەمبارانیەوە لەڕێژەى سروشتى خۆى یان دابەزینى ئاستى ئاوى ڕووبارەکانە بەهۆى کەمى باران لە جێگەى سەرچاوەکانیاندا ڕوودەدات.

هۆکارەکانى وشکە ساڵى:
1. کەمى باران بارین.
2. بەرزبونەوەى پلەى گەرماى زەوى. هەرکاتێک پلەى گەرماى گۆى زەوى بە ڕێژەى 1.5-2 پلەى سەدى بەرزببێتەوە ئەوا 24% ڕووى گۆى زەوى تووشى وشکە ساڵى دەبێتەوە. ئاشکرایە کە ساڵانى نێوان 2013-2017 گەرمترین ساڵەکانى گۆى زەوى بوون و بەتایبەتیش ساڵى 2017 یەکێک بوە لە 3 ساڵە هەرە گەرمەکەى گۆى زەوى کە تا ئێستا پلەى گەرما بە ڕێژەى 1.1 پلەى سەدى بەرزبۆتەوە بە بەراوورد بە ماوەى پێش شۆڕشى پیشەسازى (سەدەى هەژدەهەم). دەتوانرێت لەڕێگەى ڕێگەگرتن لە دەرچوونى گازە ژەهراویى و گەرمەکانەوە ئەم بەرزبونەوەى پلەى گەرمایە بوەستێنرێت.
3. بەرزى ڕێژەى بەهەڵمبوون بەشێوەیەک ساڵانە ڕێژەکەى لەنێوان 3000-4000 ملم دایە لە جیهاندا.

کاریگەریە پڕ مەترسى و گەورە و تۆقێنەرەکانى وشکە ساڵى بریتین لە:
1. کاریگەرى خراپى هەیە بۆ سەر ژینگە و کشتوکاڵ وپیشەسازى و دوترایش ئابورى کۆمەڵگاکان.
2. وشکە ساڵى کورت خایەن یان درێژخایەن زیانى گەورە دەگەیەنێتە ئابورى کۆمەڵگا و ناوچەکان.
3. لەسەر ئاستى جیهانیش کاریگەرى خراپ دەگەیەنێتە کەرتى کشتوکاڵ. بە پێى ئامارێکى نەتەوە یەکگرتوەکان،ڕووبەرى ئەو زەویە بەپیتانەى کە ساڵانە بەهۆى وشکە ساڵی و بڕینەوەى دارستانەکان و ناجێگیرى کەشوهەواوە لەدەستدەچن یەکسانە بە ڕووبەرى وڵاتى ئۆکراینا کە بریتیە لە 603628 کم.
4. گەر ماوەى وشکەساڵى دوورودرێژ بێت،ئەوا دەبێتە هۆکارى کۆچکردنى بەکۆمەڵ کە ئەمەش کارەساتى مرۆیى لێدەکەوێتەوە و بەتایبەتیش لە شاخى ئەفریقیا و کەنارى ئەفریقیادا.
5. کاریگەرى خراپى هەیە بۆ سەر سوێربوونى خاک.
6. دیاردەى بە بیابانبوون زیاتر دەکات.
7. کاتێکیش خاک وشکدەبێتەوە، بەهۆى ڕەشەباوە دیاردەى خۆڵبارین و ڕووتاندنەوەى زیاد دەکات و لەکاتى لافاوى خوڕیشدا داماڵین و و ڕاماڵینى زەوى ڕوودەدات.

جا بۆ ڕێگەگرتن لە وشکە ساڵى یان کەمکردنەوەى کاریگەریە خراپ و زیانبەخشەکانى پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێتە بەر:
1. دەستگرتنەوەیەکى ژیرانە بە بەکارهێنانى ئاوى سەرزەوى و ژێر زەوى کە دەبنە هۆى پاراستنى ئاسایشى خۆراکى و ئاوى و ژینگەیى.
2. باشترکردنى سەرچاوەکانى ئاو بە گلدانەوەى و دروستکردنى بەنداوى هەمەجۆر لە قەبارە و توانا و شێوەکانیاندا و لەناوچە جیاوازەکاندا.
3. سەوزکردنى زۆرترین ڕووبەر و پانتایى گۆى زەوى، بەمەبەستى پاراستن و گلدانەوەى ئاو و سەوزایى و پاراستنى خاک لەداماڵین و ڕاماڵین.
4. پاراستنى دارستان و لەوەڕگاکان لە سووتاندن.

لێکۆڵینەوەیەک دەریخستوە کە ناتوانرێت خۆ لە وشکە ساڵى بپارێزرێت لە 2/3ى جیهاندا، و بەشێوەیەک لەسەر ئاستى جیهان:
1. 9% ناوچە تەڕەکان دەبنە ناوچەى وشکى نیمچە تەڕ.
2. 6% ناوچە تەڕ و وشککان دەبنە ناوچەى وشکى تەواو.
3. 15% ناوچە نیمچە وشکەکان دەبنە ناوچەى وشکى تەواو.
هەرکاتێکیش ئەم مەترسیانە دەستیان پێکرد و بونە مەترسى گەورە ئەوا کاریگەریان دەبێت لەسەر دیاردەکانى بەبیابانبون و وشکە ساڵى و ئیدارەدانى ئاویش.
مەترسیە هەرە گەورەکەش بریتیە لەو گریمانەیەى کە پێشبینى دەکرێت ڕێژەى بەرزبونەوەى پلەى گەرماى گۆى زەوى بۆ 4 پلەى گەرما زیاتر بەرزببێتەوە، کە بەڕاستى مەترسى زۆر گەورەى لێچاوەڕوان دەکرێت.
جا ئەم دیاردەى وشکە ساڵیە تەواوى گۆى زەوى دەگرێتەوە هەر لە ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا و ئەمریکاکان و ئوستوڕالیاوئەنتارکتیکا و… هتد. بەڵام لەناوچەیەک بۆ ناوچەیەکى تر گۆڕانکارى تیادا دەبێت بەزۆر یان بەکەم.
ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش بەدەر نیە لەم مەترسیە و لەناویشیاندا عێراق و زۆرێک لەوڵاتانى عەرەبى و لەو چوارچێوەشدا هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە.

ئەوەتا هەر لە ئێستاوە وشکە ساڵى سەرەتاکانى و کاریگەریە خراپەکانى سەریان هەڵداوە لە کوردستاندا بەهۆى:
1. کەمى باران بارین.
2. کەمبونەوەى ئاوى سەرزەوى وەک ((پڕۆژەکانى ئاو 83 پڕۆژەى ستراتیژین و بەنداوەکان)) و ژێر زەوى وەک ((بیرەکان)).
3. خراپ بەکارهێنان و بەرزى ڕێژەى بەفیڕۆدان.
4. هەڕەشە و پیلانە دوژمنکارەکانى وڵاتانى دراوسێى عێراق و هەرێم لەهەریەکە لە تورکیا و ئێران و سوریا.
5. نەبوونى بەنداو و دروستنەکردنیان.
6. کەمى ڕێژەى دارستان و سەوزایى لەهەرێمدا.
7. نەبوونى پلان و ستراتێژێکى ئاشکراو و ڕوون و تەرخانکردنى بودجەیەکى ساڵانە بۆ ڕێگەگرتن و ڕووبەڕووبونەوەى ئەو دیاردانە و وشکە ساڵیش بەتایبەتى کە مەترسى گەورەیە بۆسەر کەرت و ئاسایشى خۆراکى و ژینگەیى و ئابورى و ئاوى دانیشتوان و هەرێمى کوردستان.

زیانەکانى هەرێمى کوردستان بەهۆى وشکە ساڵیەوە:
1. زیانى گەورە بەر کەرتەکانى کشتوکاڵ و ئاودێرى و گەشتوگوزار و ژینگە و سەرچاوەکانى ئاو و پیشەسازى دەکەوێت.
2. زیانى گەورە بەر سەرچاوەى ماسى و ئاژەڵ و ڕوەکى سروشتى کوردستان دەکەوێت،ئەوەتا تەنها لەم ساڵدا بەهۆى گرتنەوەى ئاوى ڕووبارى سیروان لەلایەن ئێرانەوە بەهۆى دروستکردنى چەندین بەنداو 70% ئاوەکەى کەمى کردوە و ئەمەش بۆتە هۆى کەمبونەوە و دابەزینى ئاوى بەنداوى دەربەندیخان بە ئاستى 8 مەتر.بەهەمان شێوە گرتنەوەى ئاوى زێى بچوک.
3. کەمکردن و دابەزینى ئاستى ئاوى بەنداوەکانى کوردستان،ئەوەتا بەنداوى دهۆک 9 مەتر ئاستى دابەزیوە و بەنداوى دەربەندیخان 8 مەتر و بەنداوى دوکانیش 8 مەتر ئاستى ئاوەکەى دابەزیوە.ئاوى سەرچنار بەڕێژەى 30% کەمیکردوە. کە بەپێى ئامارەکانى ئاو و ئاوەڕۆى هەرێمى کوردستان ڕۆژانە لە ڕێگەى 91 پڕۆژە و 5710بیرەوە نزیکەى 2ملیۆن مەتر سێجا ئاو دابەشدەکرێت. بەسەر 980 هەزار هاوبەشدا.
4. دابەزینى ئاستى ئاوى ژێر زەوى کە خۆى لە بیرەکاندا دەبینێتەوە،بەشێوەیەک لە ساڵى 2019دا بیرێک لە پارێزگاى هەولێر لە قوڵایى 200-250 مەتر دەگەیشتە ئاو، بەڵام لە ساڵى 2021دا قوڵاییەکە گەیشتۆتە 350-400 مەتر ،و لە پارێزگاى سلێمانیش لەساڵى 2019دا قوڵایى بیرەکان لە 50 مەتردا بون، بەڵام لەساڵى 2021دا قوڵاییەکان گەیشتونەتە 100مەتر. لەدهۆک لە 150مەترەوە بۆتە 200-250 مەتر و لەگەرمیان لە 80-90 مەترەوە بۆتە 110-130 مەتر.
5. کۆچکردنى دانیشتوانى ئەو گوند و ناوچانەى کە وشکە ساڵى دەیانگرێتەوە بە ئاژەڵەکانیانەوە بۆ ناو شارۆچکە و شارە گەورەکان و یان ئەو ناوچانەى کە کەمێک باشترن لەناوچەکانى خۆیان ئەمەش هێندەى تر زیانى گەورە دەگەیەنێت بە دیموگرافیا و خەرجى و داهاتى حکومەتى هەرێمى کوردستان. سەرهەڵدانى کێشەى کۆمەڵایەتیشى لێدەکەوێتەوە.
بەم شێوەیە مەترسى وشکە ساڵى لەهەرێمى کوردستاندا دەگاتە 50% بۆ ساڵى 2021.حکومەتى هەرێمیش بەنیازە کە لەڕێگەى دروستکردنى 15 بەنداوى گەورە و بچوکەوە ڕێگە بگرێت لە وشکەساڵى و کەم بارانى و گلدانەوەى ئاو کە تائێستا نەکەوتونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بەوهیوایەى هەر لەئێستاوە کە مەترسیەکە هاتۆتە بەردەم ماڵى هەرێمى کوردستان و ناوچەکەش، حکومەتى هەرێم و دامودەزگا تایبەتمەندەکان پلان و هەوڵى گەرموگوڕ و کردارەکیان هەبێت بۆ کەمکردنەوەى ئاسەوارە خراپ و زیانبەخشەکانى وشکەساڵى و هەموو دیاردە سروشتیە مەترسیدارەکاتى تر.