هۆشیارجەمال: گۆران” شاعیری جوانی و سروشت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ژیاننامەی گۆران
گۆران :عه‌بدوڵڵا به‌گ كوڕی سلێمان به‌گی كوڕی عه‌بدوڵڵا به‌گه‌. باوكیشی‌ و باپیریشی له هۆنراوه‌ و وێژه‌دا به‌هره‌یان هه‌بووه‌ و به كوردی‌ و به فارسی نووسیویانه ‌و هۆنراوه‌یان وتووه، به‌تایبه‌تی عه‌بدوڵڵا به‌گی باپیری له زمان‌ و وێژه‌ی فارسیدا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه و هه‌ر بۆیه‌ به “كاتبی فارسی” ناوبراوه‌
گۆران له ساڵی 1904یان له 1905دا له هه‌ڵه‌بجه له‌دایكبووه. بنه‌ماڵه‌ی باپیری له به‌گزاده‌ی “میران به‌گی” بوون له ناوچه‌ی “مه‌ریوان” و عینایه‌توڵڵا به‌گی كوڕی ئه‌مانوڵڵا به‌گیان به‌ خۆی ‌و خێزانیه‌وه دێته‌ سلێمانی ‌و له ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ ماوه‌یه‌ك دائه‌نیشێ. زۆری پێ ناچێ كۆچی دوایی ده‌كات.
عه‌بدوڵڵا به‌گی كوڕی (باپیری گۆران) له‌گه‌ڵ هه‌موو خێزانه‌كه‌یاندا، ئه‌وه‌ی له برایه‌كی بچووكی ‌و دایكی‌ و ژنه‌كه‌ی ‌و منداڵه‌كانی خۆی پێكهاتوه ڕووده‌كه‌نه هه‌ڵه‌بجه چونكه خۆیان به‌ جاف زانیوه ‌و له‌وێ جێگر ئه‌بن.
له‌و گه‌شته‌دا دایكی عه‌بدوڵڵا به‌گ‌ و براكه‌ی به نه‌خۆشی “سێ‌به‌ڕۆ” ده‌مرن‌ و ئه‌مێننه‌وه عه‌بدوڵڵا به‌گ ‌و مناڵه‌كانی خۆی ئه‌مانه بوون: مسته‌فا به‌گ، نووری به‌گ، نه‌فێ خان، سلێمان به‌گ و حه‌بیبه خان. له‌مانه نه‌فێ خان شوو ده‌كات به مه‌جید به‌گی عوسمان پاشا. حه‌بیبه خانیش شوو ده‌كات به‌ یه‌كێ له شێخانی خانه‌گای لای پاوه‌. مسته‌فا به‌گ ‌و نووری به‌گیش كه‌سیان له ‌‌پاش به‌جێ نامێنێت. به‌ڵام سلێمان به‌گ ئه‌م مناڵانه‌ی ئه‌بێ: عه‌لی. شه‌مسه، موحه‌ممه‌د، عه‌بدوڵڵا. عه‌لی و شه‌مسه به لاوی مردوون. موحه‌ممه‌دیش كه ناوبانگی بوو به “حه‌مه به‌گه ڕووشه‌” پاش مردنی باوكی به دوو ساڵ ئه‌كوژرێ. به‌م چه‌شنه له‌م بنه‌ماڵه‌یه هه‌ر عه‌بدوڵلا (گۆرانی دواڕۆژ) ده‌مێنێته‌وه.
گۆران لای باوكی قورئان ‌و سه‌ره‌تای خوێندنی خوێندووه‌. پاشانیش له “مزگه‌وتی پاشا”‌ی هه‌ڵه‌بجه بووه به فه‌قێ‌ و ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌كیش به‌ “فه‌قێ عه‌بدوڵڵا” ناسراوه‌.
له دوا ساڵه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌م ‌و سه‌ره‌تای هاتنی ئینگلیزدا، بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌ڵه‌بجه چۆڵ ئه‌‌بێت ‌و خه‌ڵك ڕووده‌که‌نه لادێكانی ده‌وروپشت. ماڵی باوكی گۆرانیش له به‌هاری 1919 وه تا پاییزی ئه‌و ڕووده‌كه‌ن چه‌می بیاره ‌و له‌وێ له باخێكدا هه‌وار ئه‌خه‌ون ‌و بۆ پایز ئه‌وسا ئه‌گه‌رێنه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه.
گۆران خۆی بۆ مامۆستا ڕه‌فیق حلمی گێڕاوه‌ته‌وه و وتوویه‌: “له‌بیرمه، كه یه‌که‌م قوتابخانه‌ی زمانی تورك له هه‌ڵه‌بجه دانرا، بۆ پۆلی یه‌كه‌م وه‌رگیرام، بۆ پۆلێك وه‌رگیرام، ئه‌وه‌ی به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌مان به‌ڕه‌حمه‌ت بێت تاهیر ئه‌فه‌ندیی مه‌لا ئه‌مینی جه‌ففار پێی ‌ئه‌وت پۆلی ئیحتیا‌ت”.
وه‌ك گۆران خۆی گێڕاویه‌ته‌وه چوونی بۆ قوتابخانه‌ی فه‌ڕمییشدا پچڕ پچڕ بووه. پۆلی چواره‌می له سه‌رده‌می داگیركرانی هه‌ڵه‌بجه‌دا له‌لایه‌ن ئینگلیز‌ه‌وه ته‌واو كردووه.
هه‌ر له 1919 دا سلێمان به‌گی باوكی گۆران كۆچی دوایی ده‌كات. پاشان له 1921دا موحه‌ممه‌د به‌گی برای، به هاندانی مسته‌فا سائیب، له‌گه‌ڵ عه‌بولواحید نووریی خاڵۆزایدا ئه‌یاننێرێت بۆ قوتابخانه‌ی “عیلمی”یه‌ی كه‌ركوك بۆ خوێندن. به‌ڵام هه‌ر له‌وساڵه‌دا موحه‌ممه‌د به‌گی برایشی ده‌كوژرێ. ئیتر گۆران كه‌سی‌ وه‌های نامێنێ گوزه‌رانی خوێندنی خۆی ‌و ژیانی دایكی ببات به‌‌ڕێوه‌، له‌به‌رئه‌وه ده‌ست له خوێندن هه‌ڵئه‌گرێت ‌و له ساڵی 1922ه‌وه تا ساڵی 1925 گه‌لێ ده‌ست ته‌نگی ئه‌چێژێ.
گۆران بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1925دا به مامۆستایی له قوتابخانه‌ی هه‌ڵه‌بجه دامه‌زراوه ‌و تا 1937 له قوتابخانه‌‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا ماوه‌ته‌وه. پاشان گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌شغاڵ – به‌شی كاروباری ڕێگاوبان ‌و تا گیرانی یه‌كه‌می له 1951دا، جگه‌ له‌و چه‌ند ساڵه‌ی، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕۆشنبیرێكی تری كوردا ئه‌چێ بۆ یافا و له ئێستگه‌ی ڕادیۆی ڕۆژهه‌ڵات نزیك به مه‌به‌ستی به‌شداری له خه‌باتدا له ‌دژی فاشیزم به‌شی كوردستان ئه‌كه‌نه‌وه، له ئه‌شغاڵدا ئه‌مێنێته‌وه.
له ته‌شرینی دووه‌می1952 دا له به‌ندیخانه‌ی یه‌كه‌می دێته‌ده‌ر و ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی ‌و ئه‌بێ به به‌رپرسی ڕۆژنامه‌ی “ژین”. تا ئه‌یلوولی1954 له‌سه‌ر ئه‌م كاره ئه‌مێنێته‌وه. له 1954 بۆ جاری دووه‌م له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ له ئاشتی خوازانی سلێمانی ئه‌گیرێ‌ و فه‌رمانی ساڵێ به‌ند و ساڵێ خستنه ژێر چاودێریی پۆلیسی به‌سه‌ردا ئه‌درێ. ماوه‌ی به‌ندكردنه‌كه‌ی له سلێمانی‌، كه‌ركووك، كوت، به‌عقووبه ‌و نوگره سه‌لمان ‌و ماوه‌ی چاودێرییه‌كه‌شی له به‌دره به‌سه‌رده‌با.
له 1956/9/12ئه‌م فه‌رمانی به‌ندكردنه‌ی ته‌واو ده‌‌كات و ئازاد ده‌کرێت ‌و ده‌چێته به‌غداد و چه‌ند ڕۆژێك له‌وێ له ‌یه‌کێك له پڕۆژه میریه‌كانی خانوودا ئه‌بێت به چاوه‌شی كرێكار. زۆری پێناچێت دیسانه‌وه له هێرشی میریدا بۆ سه‌ر نیشتمان په‌روه‌ران به ‌بۆنه‌ی ده‌ستدرێژییه سێ‌ قۆڵییه‌كه‌ی سه‌ر میسره‌وه، ئه‌گیرێته‌‌وه له 1956/11/17دا دادگای عورفی له ‌كه‌ركوك فه‌رمانی سێ ساڵ به‌ندی به‌ بارمته دانانی هه‌زار دیناری کاتی ده‌‌سپێنێت به‌سه‌ریدا، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه تا سێ ساڵ ورته‌وی له‌ ده‌م ده‌رنه‌یه‌ت ‌و كرده‌وه‌ی ‌وای لێ نه‌وه‌شێته‌وه میری پێی دڵگران ببێ.
گۆران نه هه‌زار دیناره‌كه‌ی ئه‌بێ ‌و نه‌ ئه‌شیه‌وێ گفتی وه‌‌‌ها به میری بدات، بۆیه ئه‌خرێته‌وه به‌ندیخانه ‌و تا 1958/8/10پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 14ی گه‌لاوێژ له زینداندا ئازاد ده‌کرێت. گۆران ئه‌م ماوه‌یه‌ی به‌ندیخانه‌ی كه‌ركووك‌ و به‌عقووبه به‌سه‌ربردووه.
پاش به‌ربوونی له زیندان ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی‌ و پاش ئه‌وه به ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ شاندێكی میللی سه‌ر له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت ئه‌وسا و چینی میللی ‌و كۆریای دیموكراتی (باكووری) ئه‌دا.
له سه‌ره‌تای 1959دا سه‌رپه‌رشتیی گۆڤاری “شه‌فه‌‌ق” ئه‌گرێته‌ ده‌ست‌ و به‌ ناوی “به‌یان” ده‌رده‌کات. له ئیسكانی سلێمانیش دایده‌‌مه‌زرێنێت و تا ناوه‌ڕاستی 1960 كاری تێدا ده‌کات. ئینجا به ‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه گوایه بەبێ پرس كاری به‌جێهێشتووه – كار به‌جێهێشتنه‌كه‌ی بۆ چوون بووه بۆ شه‌قڵاوه بۆ به‌شداربوون له كۆنگره‌ی دووهه‌می مامۆستایانی كورددا – له‌سه‌ر كار لای ‌‌ده‌به‌ن.
له ناوه‌ڕاستی ساڵی 1960دا دێته‌ به‌غداد و ئه‌بێ مامۆستا له به‌شی كوردی كۆلێژی ئادابی زانكۆی به‌غداد و به ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی ئازادی.
له سه‌ره‌تای 1962دا ژانه‌سك زۆری پێ ئه‌هێنێ. ده‌رئه‌كه‌وێ كه گه‌ده‌ی تووشی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ بووه. نه‌شته‌رگه‌رێكی سه‌ركه‌وتووی له به‌غداد بۆ ده‌كرێ به‌ڵام به‌داخه‌وه پاش ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه له نیساندا ئه‌چێ بۆ مۆسكۆ و سێ مانگێك له نه‌خۆشخانه‌ی “كرێملین” و سه‌نه‌تۆری “به‌رڤیخه‌” به‌سه‌رئه‌با و پاشان ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی به ‌ماوه‌یه‌كی كه‌م نه‌خۆشییه‌كه‌ی سه‌رهه‌‌ڵئه‌داته‌وه ‌و ته‌نگی پێ هه‌ڵئه‌چنێ. له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی‌ و له‌وێ له جێدا ئه‌كه‌وێ، تا سەرلەبەیانی 1962/11/18 کۆچی دوای کردووە.

قۆناغەکانی بیری شیعرایەتی گۆران
گۆران لە ساڵی 1929 لە مەشقی شیعر نووسین لەسەر پێ وەستاوە، لەو کاتەوە تا کۆچی دوایی لە شیعر وتن نەوەستاوە. ژیانی شاعیر لە ڕووی بیری شیعرایەتییەوە دەکرێ بە دوو بەشەوە:
1/ شاعیری ئافرەت و جوانی: نەتوانرێت ئەو وەسفەی نێوەندی ئەدەبی بۆ ” گۆران”ی کردووە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا (شاعیری ئافرەت و جوانی ) ببێت بە پێوانە بۆ ناسینی ئەم شاعیرە. لە بنەڕەتا شاعیرێتی گۆران لە بازنەی ڕستەی کورت و جوانەدا کۆدەبێتەوە.
گۆران پارێزگاری لە هەندێک نەریتی کوردەواری کردووە، هەروەها هەندێک نەریتی ئەوروپای وەکو خۆی وەرگرتووە، هەندێک جاری دیکەش تێکەڵ بە نەریتی کوردی کردووە، بە هەموو جۆرێک هونەرێکی نوێی لە ئەدەبی کوردیدا دروستکردووە لە ڕووی وەسفی ژن یان وەسفی سروشت و لە دواجاردا تێکەڵکردنیان. نوێکردنەوەکەی زیاتر لەمەیاندا دەکەوێتە بەرچاو.
2/ شاعیر و ئایدۆلۆجیەکەی دیاریکراو: گۆران تا ساڵی 1949 شاعیری (ئافرەت و جوانی)بوو، تا کۆتایی ژیانی ئەم سیفەتەی لە دەستنەدا، لەگەڵ ئەوەشدا شاعیری کوردایەتی و هۆگری سروشتی کوردستان بوو. ژیانی کۆمەڵایەتی و زەبروزەنگی دەسەڵاتی کاربەدەست و دەرەبەگی ڕەنگدانەوەی لە شیعری گۆراندا هەبووە.

شیعری گۆران لە ڕووی ڕوخسار و ناوەڕۆکەوە
گۆران یەکێکە لەو شاعیرانەی زۆرترین بەحری عەروزی لە کێشی شیعردا بەکارهێناوە، هەروەها پارێزگاریی لە قافیە و پاش قافیە کردووە.
هەروەها لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، زۆربەی شیعری گۆران شێوەی لیریکی ئەوروپایی وەرگرتووە، لەبەرئەوە زۆرجار لە یەکێتی ناوەڕۆکی تایبەتیی کلاسیکی، یاخود یەکێتی دێڕە شیعر دەچێتە دەرەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت شیعری بناسرێتەوە لە ڕووی ناوەڕۆک یان ئەو بابەتەی شاعیر مەبەستێتی. لەبەر ئەوە وێنەی زۆر لەو ناوەڕۆکەی پەیوەندی بە ژیانەوە هەیە لە شیعریدا بەرچاو دەکەون.

گۆران و کوردایەتی
كوردستان
كوردستان: جێگامی، جێی هه‌زار ساڵه‌م،
په‌روه‌رده‌ی ئه‌م دۆڵ و سه‌ر لوتكه‌ و یاڵه‌م!
هه‌ناسه‌م تێر بۆنی بای كوێستانته
دوو لێوه‌م پاراوی به‌فراوانته
سه‌رنجم ڕاهاتووی زیوی زه‌ڕكه‌فته
به‌ زه‌رده‌ی سه‌ر به‌فری ئێواره‌ وه‌خته
گوێم فێره‌ بیستنی خوره‌ی قه‌ڵبه‌زه‌
له‌و عاسته‌ی ژوور به‌فره‌، داوێن گیای سه‌وزه


زمانم پشکوتووی قسه‌ی جوانته‌
قسه‌ی ناو گۆرانی شاخاکانته‌
هی ناو چیرۆکی گوێ ئاگردانته‌
هی ناو لایلایه‌ی مناڵانته‌
قوڵپێ با خوێنی ناو ده‌ماره‌کانم
به‌ زه‌بری عیشقی تۆ نه‌یدا نه‌زانم!
عه‌شقی تۆ، ئه‌ی دایکی خۆم و هاوخوێنم
هه‌ر له‌ پشتی باوکا چووه‌ هه‌وێنم
ئه‌شچێته‌ هه‌وێنی کوڕو کوڕه‌زا
تا تاقێ کورد مابێ له‌ چیای به‌رزا!
ئەم شیعرەی گۆران موناجاتێکە لەگەڵ خاکدا دەیکات. ئەو خاکەی لە پێش گۆراندا بووە. چارەنووس وای کردووە لەو خاکەدا پەیدا ببێت و بە هەموو جەوهەرەکانی ئەو پەروەردە ببێت. سروشتی کوردستان دروستی کردووە، پێی گەیاندووە. هەناسەی لای کوردستانە، گوێی فێری ئاوازی قەڵبەزی ئەوێیە، زمانی بە وشەی جوانی کوردی کراوەتەوە. گۆران دەڵێت” کورد لە پێشدا هەبووە، باب و باپیرانی بەڵگەی ئەوەن، ئێستاش خۆی ڕەمزی ئەوانە، لە دوا ڕۆژیشدا دەمێنێت و گیانی کوردایەتی دەچێتە ناو خوێن و دەماری منداڵەکانیەوە.
عەبدولڵە سلێمان گۆران لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم و سەرەتای نیوەی دووەمی یەکێک بوو لە شاعیرە دیارەکانی ئەدەبی کوردی. لە ڕووی ئەدەبییەوە ئەوسەردەمە گرنگەی بەسەرکردەوە، لە هەرسێ قۆناغی دامەزراندن و گواستنەوە و نوێکردنەوە دەوری باڵای هەبوو. بە پێچەوانەی شاعیرانی دیکە بوو ئەوانەی تا دوایی قاڵبی کۆنیان هێشتەوە و نوێگەرییان لە ناو ئەو قاڵبەدا کرد و بەرهەمە شێوە کلاسیکیەکەیان زاڵبوو بەسەر نوێگەریەکەیانەوە.
گۆران لەسەرەتادا دەریخست شاعیرێکی بە توانای قوتابخانەی “نالی”ە، هەندێک شیعری باشی هێنایە ناو ئەدەبی کوردییەوە. چاکی کرد ئەو شیعرانە کەم بوون.
ئینجا قۆناغی گواستنەوە کە خۆی ناوی نابوو لاسایی شیعری نوێ یان ڕۆمانتیکی عوسمانی، لەم مەیدانەشدا ئەوی دەرخست کە وەستایە. باشبوو لەم جۆرە شیعرەش زۆری نەوتووە. ئیتر کەوتە سەر نوێگەری زۆربەی شیعری دەچێتە ئەم خانەیەوە.
گۆران بە بڕیار لە کێش و قافیەیێک نەگەڕاوە لە شیعریدا بە کاریان بهێنێت. زمانی بەهێز بووە، ئەگەر هەندێک ڕستە و وشەی نەبیستراویشی بەکارهێنابێت لە شیعریدا لە دوایدا دەبوون بە ئاسایی. پارێزگاریی ڕوخساری شیعری کلاسیکی کردووە، هی تازەی دروستکردوە و هەندێکی ئەوروپاشی هێناوەتە ناو ئەدەبی کوردیەوە.
هەروەها گۆران لە قۆناغی دووەمی ژیانی ئەدەبیدا بایەخێکی زۆری بە شیعری سیاسی داوە. بە زەقی لایەنگری بلۆکی ڕۆژهەڵات یان یەکێتی سۆڤیەتی سۆسیالیسی کۆن بووە. بۆ کۆریا شیعری داناوە، ستاشی” لینین”ی کردوە، وەسفی شاری مۆسکۆی کردوە. لەو کاتەی ئەمانە هەموویان دەچوونە ناوبەرەی ” پێشکەوتنخوازی”یەوە. بەرامبەر بەمە هەڵوێستی شاعیر توڕەبوون و داشۆرین بووە بەرامبەر بە بلۆکی ئیمپرالیستەکان کە بەڕیتانیا و ئەمریکای دەگرتەوە.
هەرچۆنێک بێت گۆران یەکێکە لەو شاعیرە گەورانەی دەوری باڵایان بووە لە نوێکردنەوەی شیعری کوردی لە نێوان هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهاندا لە سەدەی بیستەم لە کوردستانی باشوردا.

سەرچاوەکان
1/ دیوانی گۆران، کۆکردنەوە و پێشەکی محەمەدی مەلا کەریم،تاران چاپخانەی داڵاهو،چاپی چوارەم ساڵی 1389هەتاوی،بەرامبەر ساڵی 2010 ی زاینی.
2/دکتۆر مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی شەشەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر، ساڵی 2006 ی زانینی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت