بەهرۆز جەعفەر: بە خەونی گەورەوە کەوتنە ڕێ: ئایا هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش بۆ بەگژاچونەوەی ڕژێمی عێراق بو؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مامۆستا جەعفەر، چل و چوار بەرهەمی چاپکراوی فیکریی، مێژوویی، ئەدەبی، سیاسیی بەزمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئەڵمانی نوسیوەو بڵاوی کردونەتەوە. ماستەری لە کۆمەڵناسی دا هەیەو، ئەندامی ناوەندی کۆمەڵەو مەکتەبی سیاسیی بووە لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو. فازڵ کەریم ئەحمەد” لەناوەڕاستی حەفتاکاندا هۆگری لێهاتوویی و زیرەکی و ئازایەتی “جەعفەر عەبدلواحێد” بووە، بۆیە دوای لە سێدارەدانی ئەو ناوی پێشمەرگایەتی خۆی ئەگۆڕێت بۆ “ جەعفەر” و بە “ مامۆستا جەعفەر” ناو دەرئەکات. دوایین کتێبی دوو بەرگە، بەناونیشانی “ بە خەونی گەورەوە کەوتینە ڕێ”. بە قەبارەی نزیک بە (800 ) لاپەڕە بیرەوەرییەکانی خۆی نوسیوە:
خوێندنەوەی ئەم کتێبە گرنگە!. لە بەر کۆمەڵێک هۆکار؛ کتێبەکە تێمان ئەگەیەنێت ئایا دروستبونی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان زادەی پێداویستی مێژوویی و هەلومەرجی ناوخۆی کوردستان بو یان گرێدراوی یارییەکی هەرێمایەتی بوەو فاکتەری دەرەکی تیایدا ڕۆڵی بینی بەتایبەت سوریاو لیبیا؟. ئایا کۆمەڵەی مارکسی لینینیی ئەو کوتلە مرۆیی و تیۆرییە سەربازییە بوە کە تەحەددای ڕوداوەکان بکات؟. کێ کاک ئارامی بەشەهیدکردن داوە؟. لەگەڵ ئەمەشدا ئەم بەرهەمە وێنەیەکی پڕ لەفیداکاری و ماندونەناسی زۆرێک لەپێشمەرگەکانی شۆڕشی کوردە لەقۆناخێکی دژواردا…
ئەگەرچی تا سەرەتای هەشتاکان مامۆستا جەعفەر عەرەبییەکەی باشتربوە لە کوردییەکەی، بەڵام لەمدواییانە بەوە ناسراوە کە ئاستی تەکنیکی نوسینی بە کوردی زۆر بەرزە، لەم کتێبەدا دەستت بە ووشەگەل و دەستەواژەهای ئەوتۆی دوورە دەست ئەکەوێت کە پێی نەگەیشتویت؛ “لە بەر سمێڵی دوژمن تەپ و تۆزمان ئەکرد…هەلیکۆپتەر بەئاسمانەوە بۆ دەرزی لەناو کاداندا دەگەڕێت… وەک ڕەشەبای ئاگر خۆی کرد بە ژوورا.. تادوایی”. لەوەش گرنگتر لەم کتێبەدا ناوی سەدان گوندو ناوچەو شاخ و گژوگیاو بەزمەساتی کوردیی ئەبیستیت کە تا ئەم چرکەیە پێی نەگەیشتوی و نەتزانیوە چین و لە کوێن!.
ماوتیستۆنگ و عەرەبانەکەی عەلی شامار!
یەکێک لەو ئایکۆنە سەیرو سەرەکییانەی لەناو شۆڕش و چەپەکانی کوردستاندا جێی گریان و هەم پێکەنینیشە بۆ ئێمەی نەوەی دوای ڕاپەڕین پرسی ئامادەگی “ ماوتسیتۆنگ” ە. تێناگەیت ئەم برادەرانە بە شاخەکانی کوردستانەوە چییان ویستوە، خەباتی چینایەتی یان خەباتی نەتەوەیی!؟. یەکێک لەو پیاوە سەر ڕاست و ماندووانەی ناو شۆڕشی کوردی لە حەفتاو هەشتاکاندا “ عەلی شامار” ە:
“عەلی شامار، باوک و دایک و خوشک و برای، هەرهەموی لەدەست دا بوو. ماڵی مامەکانی بۆی ببونە هێلانەو لە سێبەری ئەواندا ژیانی بەسەر دەبرد. عەرەبانەیەکی دەستیی هەبوو، سێو، پرتەقاڵ و سەوزەی لەسەری دەفرۆشت، بەشێک لە کۆبونەوەو یەکتر بینینەکانمان لای عەرەبانەکەی عەلی شامار بوو. ژێر عارەبانەکەی هەمووی کتێبی ماوتسی تۆنگ و شۆڕشی چین و ماچین بوو، هەرکەسێک سڵاوی لێبکردایە، یان دوو کیلۆ تەماتەی لێ کڕیبایە، باسی (پرۆلیتاریا) و (شۆڕشی جوتیاران و شەری پارتیزانی) بۆ دەکردو چەند نامیلکەیەکی ماوتسۆنگ و کیم ئیل سۆنگی دەخستە بەر باخەڵییەوە (بەرگی یەکەم. ل37).

کۆمەڵە و هەزار پرسیارو گومان
ئەم ڕووداوانە هەر بۆ ئەوە خۆشەو باشە بیانکەیت بە زنجیرە فیلم و بە دیاریانەوە لە قارەمانێتی و هێزی باوەڕی کورد ڕابمێنیت. سەیری کە!. هەموی واقیعەو لە فیکشن ئەچێت، لە شوێنێکدا مولازم جوامێر لە ناو بەغدا پیلانی داناوەو ئەیەوێت سەددام بکوژێت!؟. لە شوێنێکی تردا، سیروان تاڵەبانی ئازاری ددان تەنگی پێ هەڵچنیوە، نیوەی کوردستان پزیشکێک یان ددان کێشێکی تیانییە، ئەو پیاوەی لە ئاوایی ناڵ و بزماری گوێدرێژ دائەکوتێت بە گازو بزمار. گازەکەی دەستی شیاکەی ئاژەڵەکانی پێوەیە کە توندی ئەکا لەددانی و بێ بەنج ڕای ئەکێشێت!.
لەم نێوەندەدا، کۆمەڵەو کاک ئارام دوانەیەکن، توانایەکی ئەوتۆی فیکریی و تیۆریی و سەربازییان نەبوە، کەچی تا ئەم چرکەیە بووەتە میراتێک بە هەزاران لاپەڕەی لەسەر نوسراوە!. مامۆستا جەعفەر، ئەنوسێت:” کۆمەڵە لەو ماوەیەدا بەیانێکی بڵاوکردەوە گوایە: ناکۆکی ئێمە لەگەڵ (ئیمپریالیزم) و (زایۆنیزم) و (کۆنەپەرستی جیهانییە)، واتە ناکۆکی ئێمە لەگەڵ (ڕژێمی بەغدا)دا لاوەکییەو سەرەکی نییە و دەتوانرێت (بەرەی نیشتیمانی) لەگەڵیدا دروست بکرێت” بەرگی یەکەم- ل105. ئەمە ئاماژەیەکە کە ئەو دەنگۆیەش تەواوە کە دروستبونی یەکێتی بەرئەنجامی پیداویستی و گەمەی هەرێمایەتی ئەو سەردەمە بوە. وە تەنانەت لەوە زیاتر ڕامان ئەکێشێت بۆ گومانی دیکە…
لە لاپەڕە ( 114 ) شدا، هەمان شت ئەڵێتەوە: هاوینی 1975 سەرکردایەتی (کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان- کملک) ناکۆکی لەگەڵ ئیمپریالیزم و زایۆنیزم بە ناکۆکی سەرەکی دادەناو ناکۆکی لەگەڵ ڕژێم بە ناکۆکی لاوەکی دادەنا..”.
هەروەها ئەنوسێت: عەلی شامار هاوینی 1975 کاتێک بەیانی کۆمەڵەی بینیبو، هەزاران ڕەخنەی توندی لە بیرکردنەوەی سەرکردایەتی کۆمەڵە گرت». نوسەر سەرکردایەتی کۆمەڵە بە بێ ئەزمون و لاوازیی لە ئاستی تیۆریی لەقەڵەم ئەدا، ئەڵێت؛ حیزب بەکەسانێک دروست ناکرێت شارەزایی تیۆرییان ئەوەندە کەم بێت ل 115.
تەنانەت شەهید ئارام خۆی دانی بەوەدا ناوە و وتویەتی؛ ئێمە هێزێکی زۆر بچوک و کەم ئەزمونین، شەڕمان دژی حکومەتی عێراق ڕاگەیاندووە، ڕژێمی ئێران تەنگمان پێ هەڵدەچنێت و پاڵەپەستۆمان دەخاتە سەر، لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی عێراقی لە ململانێ و زۆرانبازی فیکری توندداین، بەرانبەر (بزوتنەوە) و عەلی عەسکەری بەردەوام لە کێشەو بێنەوبەرەداین، ئێمە تەنانەت ددان لە مام جەلالیش جیڕ دەکەینەوە. ل144.
ئەگەر ووردتر سەیری بکەیت، کۆمەڵە هیچ بنەمایەکی سەربازیی و توانستی سەرکردەبونی ڕەچاو نەکردوە لە هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکەشیدا، ئەوەتا نوسەر ئەڵێ من هەر ئاگام لێ نەبوەو لەو ئاستەدا خۆم نەبینیوەتەوە ئەوکاتە بکرێم بە ئەندامی سەرکردایەتی ڕەوتێکی وەها، نوسیویەتی؛ لەگەرمیان بووم کاتێک دەنگوباسی ئەوەم بیست لە کۆبونەوە فراوانەکانی (نۆکان) دا سێ کەس وەکو سەرکردایەتی نوێی کۆمەڵە، پاش شەهیدبونی ئارام هەڵبژێردراون؛ (نەوشیروان و ئازاد هەورامی و بەندە). ل295. ئەمە ئەوە ئەگەیەنێت دەستێک لە سەروو وە لە پشت “کۆمەڵە”ەوە هەبوە، ویستویانە خەڵکانێک کە تەمەن و توانای سەربازیی و تەحەدداکردنیان لە ئاستێکی لاوازدایە بخەنە سەرکردایەتی، بۆ ئەوەی هەرکاتێک ویستیان کۆنترۆڵیان بکەن و بە گوێیان نەکەن… ئاخەر ئەگەر کۆمەڵەو ئارام ئەوەندە گەورە بون، بۆچی کە لیژنەی لێکۆڵینەوە ئاشکرای کرد ئاوات قارەمانی دەستی لە شەهیدکردنی کاک ئارام دا هەبووە مەکتەبی سیاسی و ناوەندی کۆمەڵە ئاواتیان ئیعدام نەکرد!؟.
من لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەو کتێبەکانی تری هاوشێوەدا، لەوە تێ ناگەم، کە کاک ئارام هیچ شارەزاییەکی سەربازیی و پارتیزانی نەبوە، کە تەنانەت کتێبێکی نییە ئیمڕۆکە بیخوێنینەوە، لە ڕووی تیۆریی و فیکریشەوە چ کۆمەڵە و چ تەواوی باڵەکانی شۆڕش کورتیان هێناوە. ئیتر کاریگەری کۆمەڵەو کاک ئارام لە کوێدا بوە!. کامەیە تێزی بزوتنەوەی سوشیالیستی لە ڕێگای خەباتدا؟. هێشتا مامۆستا جەعفەر لە لاپەڕە ( 402 ) دا پێی وایە؛ ئارام لە ژیاندا بوایە، ئەو دەمڕاستی کۆمەڵە بوو، بەبێ قەڵەم و ئیمزاو بڕیاری ئارام، کەس نەیدەتوانی لووت بژەنێتە کاروباری کۆمەڵەوە.!.
سەرەڕای ئەمەش، من کە هەردوو بەرگی ئەم کتێبەو هاوشێوەکانیم خوێندۆتەوە، سێ شتی جیاواز بە مێشکم دا دێت:
یەکەم/ ئەو ماندوو نە ناسی و ئازایەتیەی لە پێشمەرگەی کوردستان و هەندێک لە فەرماندەکانی دا هەبوە، هیچ گیڤارایەک و هیچ رائولێک نەیبوە…
دووەم/ ژیانی هەر کام لەم سەرکردەو فەرماندانەی شەست و حەفتاو هەشتاکانی شۆڕشی کوردستان وەربگریت، بەشی زنجیرەک فیلمی هۆلیودیانە ئەکات. وەک مامۆستا جەعفەر وتویەتی؛ بڕواناکەم جگە لە کورد هیچ گەلێکی تر بەرد بکاتە دۆشەک و سەرین، بە لێفەی ئاسمانیش خۆی داپۆشێت. ل 215. هەریەکێک لەمانە ئەگەر نوسەرێکی وەک “یەشار کەمال” لە نزیکەوە بیانی ناسیبایە ڕۆمانێکی وەکو “ حەمەدۆک” ی لەسەر ئەنوسین. ئاخەر ئەوە چەندە بەسەرهات و دیمەنێکی سەرنجڕاکێشە کە “ حەمەی تەلە بە دەرزی شاخی زەردە کون ئەکات!”. ئەبێت کام ئەکتەری بەناوبانگ ڕۆژێک ڕۆڵی پێشمەرگایەتی و قسە خۆشەکانی “حەمەی تەلە- شاهۆ” و عەشقەکەی بۆ شاخی زەردە بگێڕێت!.
سێهەم/ دواجار، هەموو ئەم ئازایەتی و تێکۆشان و سەرگوزەشتانەی شۆڕش و پێشمەرگایەتی، تەنهاو تەنها ڕاستی ناونیشانی کتێبەکەی حەمەی موکری “ سەگوەڕ” مان بۆ ئەسەلمێنێت!. هەروا خەڵک بوە لە بەلاش گوللـەباران کراوە، لەولاوە بزوتنەوەی سۆشیالیستی، لەملاوە کۆمەڵەو ئاڕاستەکانی، لەمسەرەوە ڕەسول مامەند پشێوی دروست ئەکا، ئینجا هێڵی گشتی و تەجەموعاتە عێراقییەکان، لەولاترەوە پارتی، شیوعی، پاسۆک…و… تادوایی. لەسەرووی هەڕەمەکەوە هەموو خەریکی پاشقول لەیەکگرتن و کینەو داخی مێژوویی بونە بۆ گیانی یەکتر. زۆربەیان خەریکی تۆڵەکردنەوەو ململانێی شەخسیی بونە.
نوسەر ئەڵێت، کاتێک لە ڕادیۆ هەواڵ بیستراوە “ ماوتیستۆنگ” مردوە، لە بەرەو هەورزاێکدا “ حامیدی حاجی غالی” لەگەڵ چەند هەڤاڵێکیدا ئەبن، دەست ئەکات بە باوکە ڕۆ کردن “ برا ڕۆ باوکە ڕۆ سەرۆک ماو مرد،،، سەرۆک ماومان ڕۆ”…ئاخیر ئەمە لە کاتێکدا ماوتیستۆنگ نەک لە خزمەت چەپایەتی و چینایەتیدا نەبوە، بەڵکو بەرپرسیاری کوشتنی نزیکەی ( 12 ) ملیۆن جوتیارە. دیکتاتۆرێک بوە بۆ خۆی…

هەڤاڵانی شام پەلەیان بو لە دامەزراندنی یەکێتی!.
ئەم کتێبە زیاتر بەرسڤی ئەوە ئەدا کە دامەزراندنی یەکێتی لە کەشێکی ئاڵۆزدا بوە. بەڵام پێویستە بپرسین خودی دامەزراندنەکە بۆ ئەوە بوە کە تاڵەبانی و نەوشیروان موستەفا جێگە بە ماڵی بارزانی لە خەباتدا لێژ بکەن و ئەو گرەوە مێژووییە ببەنەوە؟. یان ئەم سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و (ی، ن،ک)ە لە گێژەنگی ڕووداوە ناوچەییەکاندا بوەو پێداویستی دەرەکی بوە؟. وە یاخود ئەمە پێویستی ناوخۆی کوردستان بوە لەو کاتەدا کە شۆڕشی ئەیلول لە میانەی ڕێککەوتننامەی جەزائیری – 1974 دا کۆتایی پێ هێنراوە؟.
لە لاپەڕە (51- بەرگی یەکەم) دا لەمیانەی گفتوگۆی نێوان مامۆستا جەعفەر و جوامێر (مولازم جوامێر) دا، لە پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی شۆڕش و نا-هاوسەنگی چەک و تواناکانی نێوان حکومەت و پێشمەرگە، جوامێر ئەڵێت: ئێمە بڕیارمان دابو خۆمان لە ڕووبەڕووبونەوەی سەربازیی بپارێزین.. کەچی مام جەلال و هەڤاڵانی شام هەر زۆر بە پەلە بوون و پێیان وابوو لە ٢٦/ئابی ١٩٧٦ واتە هەر یەک دوو مانگ پاش هەڵگیرساندنی شۆڕش، لە بەغدا باڵی سوری حیزبی بەعس کودەتا دەکات و بۆیە هانی خەڵکیان دەدا بە لێشاو ڕووبکەنە شاخ و کورد لە ئاهەنگی دابەشکردنی کێکی پاش کودەتای سەربازیی بێبەش نەبێت!
ئەو قسەیەی جوامێر ڕاستییەکی تێدایە، بەڵام ئەوەی کە هەڤاڵانی شام وتویانە بەلاڕێدا بردنە بۆ ئەوەی بنچینەی بابەتەکە کەس نەیزانێت.
سەیری تەوقیتەکە بکەین؛ دیارە کە سوریا ئەو کاتە، بەسەرۆکایەتی “حافز ئەسەد” ڕێبەرایەتی باڵی عەلەویی حیزبی بەعسی ئەکرد دژی باڵی سووننە بەسەرۆکایەتی سەدام حوسێن لە عێراق و تورکیاو ئیسرائیل… چونکە لە دامەزراندنی (ی،ن،ک) دا سوریا “مەکۆی خۆ سازدان” بو، لیبیاش سەرچاوەی چەک و پارە بو. تەنانەت لە ڕووداوەکانی دواتردا، لە باسی دیلەکانی کارەساتی هەکاریدا مامۆستا جەعفەر ئەڵێت: مام جەلال وتی نامە بۆ ئەسەد ئەنوسم بۆ ئەوەی داوا لە پارتی بکات دیلەکان نەکوژن.

ئایا حکومەتی بەغدا دەیەوێت کێشەی گەلی کورد چارەسەر بکات؟
سەت ساڵە کورد ئەم پرسیارە لە خۆی ئەکات: ئایا بەغدا مافی کورد ئەدات یان نە؟. ئەم کتێبەش لە بەرگی یەکەم و دووەمیشدا باسی کردوە. بێ ئەوەی ئەم برادەرانە بیرێک لەوە بکەنەوە بۆچی لە ناو یەک دۆڵ دا لە قەندیل چوار خێمەی جیاواز هەڵدراوە! چوار حیزب و بەرەی جیاوازی کوردیی تێدایە؟!.
سەیری ئەم نمونەیە بکەن: ڕۆژێکیان مام جەلال هەستی بەوە کردبوو، سەرماو سۆڵە خەریکە پیشمەرگەکان شپرزە دەکات، گوتی: (دەبێ دۆڵێکی تۆزێ گەرم بدۆزینەوە، هەندێک دارودەوەنی تێدابێت و… تاد). دکتۆر مەحمود گوتی:( سەیری ئەقڵی کورد بکە، چوارساڵ لەمەوپێش، ساڵی ( 1974 ) ڕژێمی بەغدا ئامادەبوو، هەموو کوردستانمان بداتێ، تەنیا کەرکوک هەردوولامان بەهاوبەشی ئیدارەی بدەین، ئێمە ڕازی نەبووین، ئەمڕۆ هەموو خاکی کوردستانمان لەدەست دەرهێنراوە، بێ نان، بێ ئاو، بەدوای دۆڵێکی تۆزێک گەرمدا دەگەڕێین، کە هەندێک دارودەوەنی تێدابێت).
ئاخەر!. ئەوەتا شۆڕشی کوردی بە چاوی خۆی ڕووخانی “شا” ی لە ئێران ( 1978 ) دا بینیوە، لە بەرگی دووەمی کتێبەکەدا (لاپەڕە 62 – 63) باس لەوە ئەکات “شا”ڕۆیشت، کورد زۆر دڵی بەوە خۆش بوو، کە زوڵم و زۆرو دیکتاتۆریەت کۆتایی پێهات، بەڵام ئەم گەلە خاوەن دامەزراوەی نەتەوەیی یەکگرتوو نەبو؛ نە هێزی یەکدەست و نە بەرچاو ڕوونی هەبو… دواتریش کوردی عێراق لە ( 2003 ) ڕووخانی سەدام ئەبینێت، لە بەرئەوەی خاوەنی ستراتیجێکی یەکگرتوو نەبو بۆ بەغداو بۆ کەرکوک، ماوەی سیانزە ساڵ ( 2003 بۆ 2018 ) کورد فەرمانڕەوای سەرەتاو کۆتایی کەرکوک بو، جگە لە چەتەیی و دزی و داگیرکردنی زەوی و کونکردنی بۆڕی نەوت و پەلاماردانی خەڵکی کەرکوک و قووت کردنەوەی کۆمەڵێک هەتیوەو نەخوێنەوار هیچی تریان نەکرد، تا عەرەب بەتەواوی دواتر شارەکەیان لەدەست کورد دەرکرد.

ئاوات قارەمانی دەستی لە شەهیدبونی کاک ئارام دا هەبووە
لە لاپەڕە ( 351 بۆ 355) نوسەر پەردە لەسەر نهێنییەک لائەبات…کە تێیدا “ئاشتی چاوشین” لە زیندانی موسڵەوە نامەیەکی بە “کاوەی مەلا مەحمود” دا ناردوە، لە نامەکەدا بە ڕوونی و بێ پێچ و پەنا “ئاشتی چاوشین” گرتنەکەی ئەخاتە ئەستۆی ئاوات قارەمانی. تیایدا هاتوە کە “ تەنانەت بەیەکەوە ئەنوستین لە یەک ژووردا، لوولەی تفەنگی جاشەکان لە ژوور سەرم بو بواری ئاوڕدانەوەشم بۆ نەمابو، کەچی ئاوات قارەمانی لە ژووری میوان دانیشتبو چای ئەخواردەوەو جاشەکان سەرێکیان بە ژوورەکەی ئەودا نەکرد!.
ئاوات قارەمانی دەستی لە شەهیدبونی “ئارام – شاسوار جەلال” یشدا هەبووە. دوای ئەوەی مام جەلال و نەوشیروان، بۆ لێکۆڵینەوە “ئازادی سەرگرمە” ئەنێرنە برایماوا و قارەمان و گەرەزیل و تەنگیسەر، لەوێ دوای لێپێچینەوەی ورد دەرئەکەوێت ئاوات قارەمانی دەستی لە شەهیدکردنی ئارام دا هەبوە. سەیرەکە ئەوەیە کە نەوشیروان لەوێدا وتویەتی “ من لایەنگری ئەوەم هەر ئێستا چەکی بکەین و سەری بخەینە ڕەشی بابیەوەو لەو چەمە با سزای ڕەوای خۆی وەربگرێت!” ل 352. کەچی لەمدواییە کە نەوشیروان لە یەکێتی جیابوەوە و بزوتنەوەی گۆڕانی دروست کرد “ ئاوات قارەمانی” ببو بە گۆڕانخواز!.
لە کۆتاییدا، دێڕێک لە نامەیەکی نەوشیروان موستەفا بۆ مامۆستا جەعفەر (کە چووە بۆ سابڵاخ) ئەکەم بە دەست مایەی خۆم، نامەکە باس لە هەندێ گۆڕانکاری و چالاکی ئەکات، یەکێک لەوانە لە سلێمانی ( 23) ئافرەتی جاسوس و خراپ کوژراون (بڕوانە بەرگی دووەم، ل 55). من وەکو خۆم پێموایە لەو سەدەی بیستەدا بە سەدان پیاو و ئافرەتی جاسوس و خراپ لە سلێمانی دا هەبوون، ئیمڕۆکە هەندێ لە سیاسی و پلە بەدەستی باڵای دزو هەلپەرست و سازشکەر لە عێراق و کوردستان ئەبینم، دووری نابینم کاتێک لەو گەرمیان و خەتە تەماسییانە باوک و باپیری ئێمە سەرقاڵی بەرگری و شاخەو شاخ بون، ئەمانە لە ناو شاردا خۆیان و دایکیان لە خزمەتی مولازم موحسینەکاندا نەبوبن!…

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت