بورهان شێخ رەئوف: چیرۆکى بێ سەرو شوێنکراوان لە عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ونکردن و بێ سەروشوێنکردنى خەڵک و کەسانى چالاکوان و ڕۆژنامەوانان تاوانێک لە کوشتن قورسترو قێزەونتر، کاریگەرەیەکەشى خراپتر، چونکە کوشتن کەسوکارەکەى دڵنیادەبن نەماوە، بەلام ونکراو تارۆژگارێکى درێژ هەردەبێت لە چاوەڕوانیدا بن، ئەنجامدەرانى پاڵەوانى گومناون و ناوێرن خۆیان ئاشکرا بکەن، چونکە بەرنەفرەتى گەل دەکەون.
هەمووان لەو باوەڕدا بووین لە دواى ڕووخانى ڕژێمى دکتاتۆرى بەعس، ئیتر توندوتیژى سیاسى کۆتایى بێت، بەڵام بەداخەوە بە پێچەوانەوە فڕاندن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و هەتک کردن و گەندەڵى و پێشێلکردنى مافى مرۆڤ و لەلایەن هەندێک هێز و لایەنى سیاسى و میلیشیاوى یەوە پەیڕەو دەکرێت و هیچ تێناگەن لە ماناى دیموکراسى و ئازادى و یەکسانى و سەروەربوونى یاسا، بەڵکو دەستەمۆى بیرو باوەڕى کۆنەپەرستى و وڵاتانى دەرەکین.
ئەوەى مایەى شەرمەزارى و لە هەمانکاتیشدا زەنگێکى مەترسیدارى گەورەیە بۆئایندەى عێراق و عێراقیەکان، ڕاپۆرتێکى کۆمیتەى نێودەوڵەتى خاچى سوورە کە دان بەوەدا دەنێت ( عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زۆرترین حاڵەتەکانى شوێن بزربووانى تێدا تۆماردەکرێت لەسەر ئاستى جیهان،کەژمارەى ونبووان بە 250 هەزار کەس تا 1ملیۆن کەس دەخەمڵێنێت).
کە چاوێک بە ڕۆژنامەو ماڵپەڕە تایبەتەکان بە مافى مرۆڤ دەگێڕیت، بەڕاستى سەرت سوڕدەمێنێت لە ئاست ئەو هەموو بێ ئابڕوویى و سووکایەتى و ئەشکەنجەدان و سەرانە سەندن و دەیان و سەدان چیرۆکى کارەساتبارت بەرچاو دەکەوێت لەلایەن تاقم و گروپە چەکدارەکانەو دەرهەق بە زیندانیان و فڕێنراوەکان و دواتر سەرانەو پارە وەرگرتن لە خێزان و کەس و کارەکانیان.
لەلایەکى ترەوە کۆمیسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤ لە عێراق 75 حاڵەتى ونکردنى تۆمار کردووە لە سەرەتاى خۆپیشاندانەکانى تشرینەوە لە ساڵى 2019 ەوە، هەندێکیان ئازادکران لە زیندان، بەڵام 50 کەسیان تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
هەر بە گوێرەى کۆمیتەى نێودەوڵەتى خاچى سوور عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زۆرترین حاڵەتى بێسەروشوێنکردنى تێدا تۆمار دەکرێت لە سەر ئاستى جیهان، ئەم کۆمیتە نێودەوڵەتیە تایبەتە بەم کەیسە،کەلەگەڵ حکومەتى عێراق بە هاوبەشى کاردەکەن بۆ دیاریکردنى چارەنووسى هەموو ئەو شوێن بزرکراوانە،کە ژمارەکەیان لە نێوان 250 هەزارکەس تاوەکو 1ملیۆن کەسە لە کاتى پێش ڕووخانى ڕژێمى سەدامەوە تا ئێستا.
کۆمیسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤ لە عێراق لە نێوان ساڵەکانى 2015 و 2020 دا (8615 ) حاڵەتى شوێن بزربوونە تۆمارکردووە 12هەزار ونبوو، زیاتر لە 8000 لە نێوان ساڵەکانى 2015 و 2020.
زۆربەى ئەوانە تاوانەکەیان ئەوە بوو کە چالاکوانى مەدەنى بوون یان ڕایەکى جیاوازییان هەبووە یان پۆستێکیان نووسیووە دژ بە میلیشیاکان.

گۆڕستانى بە کۆمەڵ یان گۆڕستانى ئاسایى
بە گوێرەى سەرچاوەکانى پزیشکى دادوەرى لە بەغداد فەرمانگەکەیان تەنها لە ساڵى 2020 دا ((491))تەرمى نەناسراویان بەخاک سپاردووە،کەپێدەچێت تەرمى ئەو کەسانە بوون کەلە زیندانى میلیشیاکاندا کوژراون یان مردوون کە خەڵکى بەغداو نەجەف و کەربەلاوباشوورى عێراق بوون، بەبێ ئەوەى لێکۆڵینەوە لە هۆکارى مردنەکەیان بکرێت.
لە ماوەیەى دواییدا گۆڕستانێک لە خۆرئاواى عێراق لە پارێزگاى ئەنبار دۆزرایەوە، تەرمى چەند کەسێکى تێدابوو، کە جل و بەرگ و ئێسکانى تێدابوو، نیشانەى ئەوە بووکە قوربانیەکان خەڵکى سڤیلن، لەسەر کەلەسەرەکانیان کون تێدابوو، نیشانەى ئیعدام کردن بوو بەکۆمەڵ و گولـلەباران کرابوون، بەرپرسێکى ئاسایشى ناوچەکە بە ڕۆژنامەوانانى وتبوو ئەم شوێنە پێشتر بارەگاى میلیشیاکان بووە.

قەربووکردنەوە
دەربارەى قەرەبووکردنەوەى کەسوکارى شوێن بزرکراوەکان لەلایەن دەوڵەتەوە بە بڕەپارەیەک، ئەندامێکى کۆمیسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤى عێراقى بە میدیاکانى ڕاگەیاندووە حکومەت هیچ زانیارییەکى واى لە بەردەستدا نیە کە بتوانێت گەڕان و لێکۆڵینەوە بکات بۆ دیاریکردنى چارەنووسى و نبووەکان و سزادانى تاوانباران، هەربۆیە حکومەت هەموو ئەوانە دیار نەماون تۆماریان دەکات ،چ ئەوانەى لە کاتى کردەوە تیرۆریستیەکاندا نەماون ، یان ئەوانەى کە کۆچیان کردووە و ئاوارەن ، بێ ئەوەى هیچ لێکۆڵینەوەیەک لە تۆماریان یان شوێنەکانیان بکات، ئیتر ئەگەر کوژرابێتن یان لە زیندان بن یان پەیوەندییان بە تاقمە تیرۆریستەکانەوە کردبێت.
لە کۆتاییدا کۆمیتەى نێودەوڵەتى چاودێرى پابەندبوونى عێراق دەربارەى بەزۆر شوێن بزرکراوەکان، کە دەستەڵاتى وەرگرتنى سکاڵاى کەسوکارى شوێن بزرکراوەکانى هەیە، داواى ڕوونکردنەوەى لە وەزارەتى دادى عێراق کردووە سەبارەت بەو کەیسانە، بەڵام وەزارەتەکە هیچ وەڵامێکى نەداونەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت