بورهان شێخ رەئوف: لەیادى 49 ساڵەى خۆماڵى کردنى نەوتى عێراقدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەوت لە نیعمەتەوە بۆ نیقمەت
وەکو باس دەکرێت نەوت زۆر لە مێژە لە خاکى دێرینى عێراقدا دۆزراوەتەوە، بۆ سەردەمى بابلیەکان و پێشتریش دەگەڕێتەوە، تەنانەت سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوەدەکەن بابلیەکان نەوتى ڕەشیان لە دروستکردنى تەلارو خانوو و ڕێگەوبانەکاندا بەکارهێناوە.
بەڵگەى لەوەش ڕوونتر هەیە کە لە زۆرێک لە بیرە نەوتەکان نەوتەکە خۆى هەڵدەقوڵیەتە سەر زەوى و ئەمەش سیفەتێکى گرنگى نەوتى عێراقە کەلەسەر رووى زەوییەوە زۆر نزیکەو ئەمەش بڕى تێچوونى دەرهێنانى زۆر ئاسان و کەم خەرجى دەکات، پێچەوانەى زۆرێک لە وڵاتانى تر کە نەوتەکەیان زۆر قووڵەو خەرجى و تێچووى زۆرى گەرەکە بۆ دەرهێنانى. بەڵام دۆزینەوەو دەرهێنانى نەوت لە عێراقدا بەئاشکرا لە مێژووى نوێدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانى سەدەى بیست، یەکەم کۆمپانیا کارى لە دەرهێنانى نەوتى عێراقدا کرد ساڵى 1912 کۆمپانیایەکى تورکى بوو.
بەگوێرەى توێژینەوەو لێکۆڵینەوە جیولۆجیەکان پێکهاتەى خاکى عێراق (530) ئاوێتەو پێکهاتەى جیۆلۆجى تێدایە، ئاماژەى بەهێزن بۆ بوونى بڕێکى ئێجگار زۆرى نەوت، هەرچەند تائێستا لە (115) شوێن کارى هەڵکەندنى بۆکراوە، لەوانە (71) شوێن دەرکەوتووە کە بڕێکى گەلێک زۆریەدەکى نەوتى تێدایە کە دەکەونە زۆر شوێن جیاوە لە عێراق.
کۆمپانیاى نەوتى عێراق ناسراو بە (IPC) ئەو ناوەیە کە لە کۆمپانیاى نەوتى تورکى نرا دواى ڕووخانى دەوڵەتى عوسمانى، بۆیەکەم جار لە ساڵى 1927 دەستى کرد بەدەرهێنانى نەوت لە کێڵگەى بابەگوڕگوڕ، دواتریش کۆمپانیاى ناوبراو مۆڵەتى دەرهێنانى نەوتى وەرگرت لەزۆر شوێنى تر لەوانە لە عەرەبستانى سعودیەو کوەیت و دوبەى تاوەکو ساڵى 1961.
لە ساڵى 1961 عەبدولکەریم قاسم کەلە دواى شۆڕشى 14 تەموزى 1958 ەوە بووبووە سەرۆکى عێراق، یاساى ژمارە (80) دەرکرد، بەگوێرەى ئەو یاسایە کارى کۆمپانیا بیانیەکانى سنوردار کرد، تەنها لەو کێڵگانەدا کاربکەن کە پێشتر کاریان تێدا کردووە، بۆیان نیە پشکنین و گەڕان بکەن بۆ دۆزینەوەى کێڵگەى نوێ.
لە ساڵى 1964 یش سەرۆک کۆمارى عێراق عەبدولسەلام عارف کە لە ئاکامى کودەتاى ڕەشى 8 شوباتى 1963 دەستەڵاتى گرتە دەستە لە گەڵ بەعسیەکاندا، دامەزراوەیەکى نیشتمانى عێراقى دامەزراند بەناوى ( کۆمپانیاى نەوتى نیشتمانى ) ئامانجى دۆزینەوەى کێڵگەى نەوتى نوێ و وەبەرهێنانى نیشتمانى تێدابکرێت، تا لە ساڵى 1972 سەرۆک کۆمارى ئەو کات ئەحمەد حەسەن بەکر ئەویش لە ئەنجامى کودەتاى 17-30 تەموزى 1968 بە سەرکردایەتى حزبى بەعس جڵەوى حوکمڕانى عێراقیان گرتە دەست، نەوتى عێراقى خۆماڵى کرد.

خۆماڵى کردنى نەوت
ئەوەى ئاشناى مێژووى نوێى عێراق بێت ئاگادارى خۆماڵی کردنى نەوتى عێراقیشە، بەعسیەکان لە (35) ساڵى حوکمڕانى (1968-2003) خۆیاندا هەمیشە ئەمەیان بە سەروەرى و دەستکەوتێکى گەورە بۆخۆیان لە قەڵەم دەدا.

هۆکارى ئەم بڕیارە؟
هۆکارى ئەم بڕیارەى حکومەتى ئەوساى عێراق وەکو خۆیان ڕایانگەیاندبوو نیگەرانیان بوو لە شێوازى بەڕێوەبردنى کۆمپانیا نەوتیە بیانیەکان لە چۆنیەتى بەڕێوەبردنى ئاستەکانى بەرهەم هێنانى نەوت، بە گوێرەى بەرژەوەندییە بازرگانیەکانى خۆیان لە شوێنەکانى تر، هەروەها ناکۆکى زۆریان لە سەر نرخى نەوت هەبوو، داواى پشکى 20 % لە کۆمپانیاى نەوتى عێراق دەکرد، بەڵام ئەو کۆمپانیانەى ئەم ئیئتلافەیان پێکهێنابوو قایل نەبوون بەم داواکارییەى عێراق.
کۆمپانیا نەوتیە بیانیەکانى بەریتانى و فەرەنسى و ئەمریکى و شل ى هۆلەندى بە ڕێژەى یەکسان 23.75% پشکەکانیان بۆخۆیان دابەشکردبوو هەر لە ساڵى 1928 ەوە تەنها پشکى گولبنیکان 5% بوو.
پێداگیرى ئەو کۆمپانیانە لە سەر پشکەکانى خۆیان و قایل نەبوون بۆ دەستکارى و هەموارکردنەوەى گرێبەستەکان و زیادکردنى بەرهەمهێنانى عێراق، دەستوەردانى زیاتر بۆ دەستگرتن بەسەر پیشەسازى نەوتى عێراقدا، حکومەتى عێراق و ئەحمەد حسەن بەکر یان ناچارکردکە یاساى خۆماڵى کردنى نەوت دەربکات، بە وتەى کاربەدەستانى ئەوساى حکومەتى عێراق کە بەعسیەکان سەرکردایەتیان دەکرد، ئەمەش سەرکێشیەکى گەورەبوو لەو کاتەدا لە ڕووى ئابورى سیاسیەوە.
بارودۆخى نێودەوڵەتى ئەو وەختەو شەڕى عەرەب ئیسرائیل لە ساڵى 1973 کە بەشەڕى تشرین ناسراوە زیاتر یارمەتیدەرى عێراق بوون بۆ چەسپاندنى بڕیارەکەیان بە تایبەتى هەردوو حکومەتى هۆڵەندا و ئەمریکا ى تۆمەتباردەکرد بە یارمەتیدانى ئیسرائیل تاوەکو دەست بەسەر پشکەکانى کۆمپانیاکانیاندا بگرێت.
لەلایەکى ترەوە وڵاتانى هەناردەکەرو فرۆشیارى نەوت ( ڕێکخراوى ئۆپیک ) لایەنگرى تەواوى بڕیارەکەى حکومەتى عێراق بوون بۆ دەستگرتن بەسەر کۆمپانیاى نەوتى عێراق، پێشنیارى پێشکەشکردنى قەرزى کرد بۆ ئەوەى یارمەتى دابینکردنى ئەو کەم بوونەوەى کەلە درواى بیانیدا هاتبووە ئاراوە لە بازارو بانکەکاندا بدات کە لە ئاکامى زیان بەرکەوتنى نەمانى داهاتەکانى کۆمپانیاى نەوتى عێراق.
هەر بەگوێرەى یاساى خۆماڵیکردنى نەوتى عێراق هەموو ماف و ماڵ و موڵک ومەوجودات و کەرەسەکانى کۆمپانیاى نەوتى عێراق گوێزرایەوە بۆ کۆمپانیایەکى حکومى نوێ بەناوى ( کۆمپانیاى عێراقى بۆ پرۆسیسە نەوتیەکان ) بۆ ئەوەى لەلایەن کارمەندان و کرێکارانى کۆمپانیاى نەوتى عێراقى خۆماڵى کراوەوە بەڕێوە ببرێت.

دواتر ڕێککەوتن
ساڵى 1973 حکومەتى عێراق و کۆمپانیاى نەوتى عێراق ڕێککەوتن کە کۆمپانى ناوبراو (350) ملیۆن دۆلار بە حکومەتى عێراق بدات وەکو قەرەبووى ئەو داهاتە نادیار و فەوتاوانەى عێراق لە ماوەى ئەو ساڵانەى کە نەوتى عێراقیان فرۆشتووە.
لە بەرامبەریشدا حکومەتى عێراق ڕەزامەندى نیشاندا کە ( 15)ملیۆن تەن لە نەوتى خاوى کەرکوک بە خۆڕایی بدات بە کۆمپانیاى نەوتى عێراق کە نرخەکەى بە (300)ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرا ئەمەش لە چوارچێوەى ڕێککەوتنی کۆتایى لەنێوان هەردوولایاندا.

لێککەوتەکانى بڕیارى خۆماڵیکردنى نەوت
وەکو پێشتریش ئاماژەم پێداوە بڕیارەکانى خۆماڵیکردنى نەوت لە نێوان ساڵانى 1972-1975 ئاکامى ئەو گۆڕانکارى و پێشڤەچوونە سیاسى ناکۆکیە زۆرانە بوو لە نرخى نەوت و نەگونجان لە سەر شێوازى کارگێڕى و بەڕێوەبردنى کۆمپانیاى نەوتى عێراق و ڕێژەى پشکى عێراق و لاوازى گەشەکردنى بەرهەمهێنان بوو.
سەرەڕاى گرنگى بڕیارەکە بەڕاى زۆرێک لە شارەزایان و پسپۆڕانى بوارى نەوت بەتایبەتى ناسیەنالیستە عەرەبیەکان، چونکە پیشەسازى نەوتى عێراقى ڕزگارکرد لە دەستى دەرەکى، بەڵام زەمینەى سازکرد بۆ تێوەگلانى عێراق بە شەڕلە گەڵ ئێراندا، بەرزبوونەوەى بەرهەمهێننانى نەوتى عێراق لەلایەن کادرو پسپۆڕانى عێراقیەوە وەکو عێراقیەکان و بە تایبەتى بەعسیەکان وایان وتووە، بەڵام من بۆخۆم هاوڕا نیم لە گەڵ ئەم بۆچوونە، چونکە هەڵوەشانەوەى ڕێککەوتننامەى جەزائیر لە لایەن سەدام حوسینەوە هۆکارى ڕاستەوخۆى جەنگى هەشت ساڵەى عێراق و ئێران بوو، ئەوەش ئاشکرایە ڕێککەوتننامەى ناوبراو دژ بە گەلى کورد و لە گۆڕنانى شۆڕشەکەى ئەنجامدراو دەستهەڵگرتن لە نیوەى شەتولعەرەب بۆ ئێران بوو نەک بەزبوونەوەى بەرهەمى نەوتى عێراق لێرەدا هەر ئەوەندە بە پێویست دەزانم ئەگینا لە وتارو باسى تردا باسى ئەم بابەتەم بە درێژى کردووە.
لەلایەکى ترەوە بەعسیەکانى بڕیارێکى وا قورس و چارەنووسسازیان دا نەیانتوانى داهاتى نەوتى عێراق بخەنە خزمەت دروستکردنى ژێرخانى ئابوورى و پیشەسازى و کشتوکاڵى گرنگ بۆ وڵات سەرەڕاى چەند هەنگاوێکى سەرەتایى بۆ خوێندن بە خۆڕایى و خوێندنى ئیلزامى ونەهێشتنى نەخوێندەوارى کۆمەڵێ هەنگاوى تریش لە بوارى سەربازى و پیشەسازى سەربازى و بەرهەمهێنانى مووشەک و ڕۆکێتى دوور هاوێژووچەکى کیمیاوى و بایۆلۆجى هێزى ئاسمانى گەورە و یارمەتى زۆر گروپ و بزوتنەوەى ناسیونالیستى عەرەبى وەکو لقى حزبى بەعس لە وڵاتانى عەرەبى تر لە باکورى ئەفریقیا و لە ئوردن و یەمەن و سودان و… تد، دواتر عێراقیان تێوەگلان بە شەڕو شۆڕى لاوەکى و درێژخایەنى وەکو جەنگى هەشت ساڵەى عێراق ئێران و داگیرکردنى کوەیت و قەتلوعامى خەڵکى کوردستان و شیعەکانى باشوور و بەکارهێنانى چەکى کیمیاوى قەدەغەکراو تەختکردنى هەزارەها گوندو شارۆچکەى کوردستان و وشککردنى زۆنگاوەکانى باشوورو زۆر تاوانى گەورە کە مرۆڤایەتى شەرمەزارە لە ئاستیاندا ئەمانە هەموو خێرو بەرەکەتى خۆماڵیکردنى نەوت بوو بۆیە بەڕاستى ئەو وتەیەیان سەلماند کە نەوت لە نیعمەتەوە بووە بە نیقمەت بۆ گەلانى عێراق.
هەر لە ئاکامى ئەو هەموو جەنگ و ململانێ و ناکۆکیە نێودەوڵەتى و ئیقلیمیانەدا کەرتى پیشەسازى نەوتى عێراق گورزێکى کوشندەى بەرکەوت و بە هۆى گەمارۆو سزارى ئابورى نێو دەوڵەتى بەسەر عێراقدا، کەرتى نەوت لە هەموو پێشکەوتن و تەکنۆلۆجیاى نوێ بێبەش و بێبەرى بوو، تا لە ساڵى 1995 بەگوێرەى بڕیارى 986 ئەنجومەنى ئلسایش ناسراو بە بڕیارى نەوت بەرامبەر بە خۆراک بواریان دا عێراق بە شێوەیەکى سنوردار نەوت بفرۆشێت لە ژێر چاودێرى نێودەوڵەتى.

نەوتى عێراق لە دواى 2003
لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراقیشەوە کەرتى نەوتى عێراق بە هۆى سزاو دابڕانەزۆرەکانى لە جیهانى دەرەوە نەیتوانى بە خێرا بکەوێتە سەرپێ ى خۆى و برینەکانى ساڕێژ بکات، هەرچەند پرۆگراو و پلانى زۆر دانران بۆ ئەوەى تواناى بەرهەمهێنانى نەوت بەرز بکەنەوە، چونکە عێراق تەنها پشتى بە نەوت بەستووە بۆ دابینکردنى هەموو پێداویستیە بنەڕەتیەکانى خۆى و هیچ داهاتێکى ترى جێ بایەخى نیە لە بەردەستدا، سەرەڕاى بوونى زۆر سکتەرى گرنگ کە حکومەتى عێراق دەتوانێت وەبەرهێنانى خێراى تێدا بکات چ لە کشتوکاڵ و گەشتیارییەوە تا زۆر بابەتى تر، بەڵام دەستى بۆ هیچى نەبردووە.
دواتر کێشەو ململانێکانى ناوخۆى عێراق لە شەڕى تائیفى و سەرهەڵدانى ڕەوتە توند ئاژۆکانى قاعیدەو داعش و پەلاماردانى بۆڕى و بیرەنەوتەکان دۆخى شڵەژاوى کەرتى نەوتیان خراپتر و نوغرۆتر کرد.

هەرێمى کوردستان و نەوت
ڕێککەوتێکى سەیرە، یان بەمەبەست دانراوە نازانم،کاتێک ئەم باسەم دەنووسى گەیشتمە ئەوەى باسى نەوتى هەرێمى کوردستان بکەم ڕۆژى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان 1/6/2009 ڕێککەوتى ڕۆژى خۆماڵى نەوتى عێراق بوو لە ساڵى 1972، لە هەرێمیش لە دواى هەناردەکردنى نەوت کێشەو قەیرانى زۆر بەرەو ڕوى خەڵکى هەرێم بووەتەوە، لێرەش نەوت لە نیعمەتەوە بوو بە نیقمەت، بەهەرحاڵ قسەوباسى زۆر لە سەر نەوتى هەرێم و دەرهێنان و فرۆشتنى کراوە لە ساڵانى ڕابردوودا لەوەیە بوار نەبێت لێرەدا من بچمەوە سەرى، بەڵام ئەوەى گرنگە گرێبەستەکانى نەوت بۆجۆرێکە بەشێکى کەمى داهاتەکەى دەگاتە دەست خەڵکى کوردستان، ئەمەش مایەى سەرسووڕمان و نیگەرانى زۆرە بۆ خەڵکى کوردستان و عێراقیش کە هتوبەشن چونکە بە گوێرەى دەستوورى عێراق نەوت و غاز و سامانى سروشتى موڵکى گشت گەلى عێراقە،دەبێت بپرسین لەهەرێمیش ڕۆژێک نایەت بیر لە خۆماڵیکردنى نەوت بکرێتەوە؟
لە کۆتایدا لە هەموو ئەوانە خراپتر و کاریگەرتر گەندەڵیە کە وەکو سەرەتان هەموو جەستەى عێراقى تەنیووەو بە تایبەتى سکتەرى نەوت کە فراوانترین و بەرینترین گەندەڵى تێدا دەکرێت کە مەترسیەکەى لە داعش و تیرۆر زیاترە.
ئەوەى مایەى خۆشى و ئۆمیدى گەلانى عێراقە بوونى سامانى سروشتى و کشتوکاڵ و گەشتیاریی گرنگە لە عێراقدا، ئەگەر حکومەتێکى نیشتمانى خەمخۆر هەبێت دەتوانێت لە نزیکترین و کورتترین ماوەدا چارە بۆ زۆرێک لە کێشەکانى وڵات بدۆزێتەوە، چونکە ئەزموونى دەوڵەمەندى زۆرێک لە گەلانى جیهانمان لە بەردەستدایە کە لە دۆخى ئەمەى عێراق زۆر خراپتردا تێپەڕیوون، دواتر توانیوویانە هەستنە سەرپێ ى خۆیان وگۆڕانکارى ڕیشەیى ئەنجام بدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت