بەیان ئیبراهیم: بێهۆش کردنی کۆمەڵگا و نەمانی ڕاچڵەکینی کۆمەڵایەتی لە ئاست کوشتنی ژناندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر کۆمەڵگا لە ڕووی زانستی کۆمەڵایەتیەوە بەلاشەیەک وێنا بکەین، ئەوا لە ژێر ڕەحمی پرۆسەیەکی داگیرکاریی کۆی جیهازەکانی لەشی ئەم کۆمەگایەداین، بە پلانێکی هێواش ئەم کۆمەڵگایە وەک لاشەیەک براوەتە ژوری نەشتەرگەری و بێهۆشکاریی و بێهۆش ( بەنج ) کراوە تا ئەو ڕادەیەی وەک لاشەیەکی بەنجکراو گۆشتی لێ بکەیەتەوە هەست بە هیچ ناکات، بە مانایەکی تر ئەم کۆمەڵگایە وا بێ هۆش کراوە کە ڕاچڵەکینی نەماوە. ئا لێرەوە کاتێک کۆمەڵگایەک خاڵی بکرێتەوە لە پرۆسەی ڕاچڵەکین، ئەو کات نەک هەر گۆشتی لێ بکرێتەوە سەریشی ببڕرێت ئاگای لێ نابێت. خۆ ئەگەر کۆمەڵگایەک لە ژوری نەشتەرگەری بهێنینە دەر و هوشیار بێت ئەوا دەبو بۆ ئەم کوشتنی ژنانە و سەدان گوناهی تر وەک هاتنی بێگانە و دزی و نەبونی موچە پڕ ببوایە لە ڕاچڵەکین، ڕاچڵەکین یەکسانە بەوەی کە دەبو بۆ تاوانێکی وەک کوشتنی ژنان لە کەمترین ئاستدا پانجا ڕێکخراو بانگەوازی خۆپشاندانێکیان بکردایە، خۆ ئەگەر هەر ڕێکخراوێک دوو سەد کەسی بهێنایەتە سەر شەقام، ئەوا یەکسان دەبو بە دەهەزارکەس کە ئەمە دەیکردە ڕاچڵەکین و دەبوە گوشاری قورس لەسەر دەستەڵات و هەتا ئەو کەسانەی کە ئەم تاوانانە دەکەن. کە ئەم ڕاچڵەکینە نەبێت هیچ کاردانەوەیەک یان ڕاچڵەکینێکی کۆمەڵاتی لێ نەبێت، بکوژەکان ترسیان نیە، خۆ لە حاڵەتی بونی ڕاچەڵەکینی کۆمەڵایەتیدا بەدەر لە گوشار بۆ سەر دەستەڵات دەبوە چاو ترسێنێک بۆ سەر ئەو کەسانەی کە جەلادانە گوناهبارن بە کوشتنی ژنان.
کاتێک کۆمەڵگا بێهۆش کراوە و خاڵی بوەتەوە لە ڕاچڵەکین ئەو کات کوشتن و تاوانکردن ئاسایی دەبێتەوە، وەک ئەوەی ئێستە ڕودەدا نەک هەر تاکەکان هەستی پێ ناکەن، بەڵکۆ ئەو هەمو ڕێکخراوە ژنانە ناتوانن ترادسیۆنێک بەرامبەر ئەم غدرانە دروست بکەن.
پڕۆسەی بێهۆشکردن (بەنج)ی کۆمەڵایەتی لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە ئێمە خاوەنی دەستەڵاتی خۆیی نین و سەرچاوەی ئەم بێهۆشکاریە دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکاریی وڵاتانی باڵا دەست لەم هەرێمەی ئێمەدا، کە دەتوانین بە بێهۆشکاری (بەنج ) ی گشتی ناوزەند بکرێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا چالاک و پڕ جوڵە نەبێت و چۆنیان بوێت لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاری بهێنن.
لەم هەفتەیەدا چەندین کوشتنی ژن بڵاو کراوەتەوە ئەوەی کە زانراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کۆی کۆمەڵگا لە ژوری نەشتەرگەری وڵاتانی زلهێزدایە و بێهۆشکراوە بۆیە نە دەبیتە ڕاچڵەکینێکی بەهێز نە دەتوانرێ هیچ بکرێت، بەدەر لە پرسەیەکی شەرمنانە بۆ خۆێنی قوربانیانی ژن هیچی تری لێناکەوێتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت