عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: راپۆرت نووس.

راپۆرت نوس، ئه‌و که‌سه‌ ده‌رون نه‌خۆشانه‌ن، به‌ کاروکرده‌وه‌ی بوده‌ڵه‌یی و په‌ڕپوتیان هه‌ست به‌ گرێی که‌میان، ئه‌و زنجیره‌ راپۆرتانه‌ پڕ ده‌که‌نه‌وه‌، بۆ ده‌زگا نهێنیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌م دیارده‌یه‌، له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی رژێمه‌ یه‌ک له‌ داوی یه‌که‌کانی کۆماری عێراق، سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و بوو به‌ کلتورێکی تایبه‌تمه‌ندی دیاری عێراق. له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسین، به‌هۆی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌من، ئیستخبارات، موخابه‌رات، راپۆرت نوسین گه‌یشته‌ ئاستێکی به‌ربڵاو ، هه‌موو عێراق و کوردستانی گرتەوه‌.
به‌هۆی درۆ و سیناریۆی راپۆرت نوس، ده‌یان تێکۆشه‌ر و که‌سانی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و بێ لایه‌ن ده‌سگیر و زیندان و ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌دران به‌ سینارۆی جیا جیا له‌ سێداره‌ ده‌دران، گوله‌باران ده‌کران، ته‌رمه‌کانیان بێ سه‌روشوین ده‌کرا.
له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌، له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردو حیزبه‌کانی کوردستان، په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، راپۆرت نوس ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوون، ده‌گه‌نه‌ هه‌موو کون و قوژبنێکی سه‌رشه‌قام و بازاڕ و چایخانه‌ و دوکان و شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌کان، کۆڵان و گه‌ڕه‌ک و ماڵان.
ئه‌و راپۆرت نوسانه‌ به‌ ئامیری تایبه‌ت قسه‌و ره‌خنه‌ی خه‌ڵک تۆمار ده‌که‌ن، راپۆرته‌کانیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ ئه‌و که‌س و شوێنانه‌ی که‌ رایان سپاردون.
به‌ هۆی باری قورسی بژێوی و دژواری ژیان و بێ بازاڕی، هاوڵاتیان بێزارو توڕه‌ن له‌ حیزب و له په‌رله‌مان و له‌ حکومه‌تی هه‌رێم، له‌ درۆی ره‌نگاو ڕه‌نگی مه‌سوله‌کان، له میدیا زه‌به‌لاحه‌کان که‌ بنه‌مای باڵاوکردنه‌وه‌ی کلتووری نابه‌جێی و نه‌شیاوه‌.
رۆژانه‌ هاوڵاتیان ره‌خنه‌ ده‌گرن، ئاماژه‌ به‌و هه‌موو ناعه‌ده‌له‌تیانه ده‌که‌ن، راپۆرت نوسه‌کان، ئه‌و ره‌خنه‌و بێزاری و ئاماژانه‌ی هاوڵاتیان ده‌که‌ن به‌ راپۆرت، به‌ مشتێ پاره‌و ئافه‌رینێک، ده‌یفرۆشن به‌ ده‌سه‌ڵات.
هاوڕێ یه‌کم له‌ ساڵی 1985 له‌ به‌شی مێژوو، له‌ کۆلێجی په‌روه‌رده‌ له‌ زانکۆی به‌غداد وه‌رگیرابوو، له‌ مه‌نعته‌جوله‌که‌ی 17 / 10 / 1985 سلێمانی، ئه‌و له‌ به‌غداد سه‌رقاڵی خوێندن بوو، له‌وێ هه‌واڵی پشکنینی شارو تراژیدیای کۆمه‌ڵکوژی مه‌نعته‌جوله‌که‌ی سلێمانی بیست بوو، ئه‌و هه‌واڵه زۆر ئازاری ناخی دابوو، دڵی لای کتێبخانه‌که‌ی بوو، پڕبوو له‌ بڵاوکراوه‌کانی شاخ و وێنه‌ی شه‌هیده‌کان، به‌یان و بڵاوکراوه‌کانی شۆڕش. هه‌ر که‌ له‌ به‌غداد گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سلێمانی ره‌نگی به‌ته‌واوی تێک چووبوو، توشی تێڕمان بوو، چۆن براکانی و باوک و دایکی ده‌سگیر نه‌کراون؟ چۆن خانوه‌که‌یان به‌شۆفڵ خاپور نه‌کراوه‌؟ هه‌ناسه‌یه‌کی دڵنیایی هه‌ڵکێشابوو، برا گه‌وره‌که‌ی پێ ی وتبوو: من پێشتر زانیم چی له‌ کتێبخانه‌که‌تا هه‌یه‌، کتێبه‌کانی سه‌دام و قادسیه‌م له‌ به‌رده‌م کتێبخانه‌که‌و ناو کتێبخانه‌که‌ دانابوو، هه‌ر که‌ چه‌کداره‌کان روویان کرده‌ ماڵه‌وه‌، ئه‌و کتێبانه‌یان بینی، کتێبخانه‌که‌یان نه‌پشکنی.
هاوڕێکه‌م زۆر دڵی به‌ به‌شی مێژوو خۆش بوو، له‌ نیوه‌ی ساڵدا بیانوی به‌عسێتی یان پێ گرت و ملی بۆ نه‌دان، به‌عسییه‌کان نه‌یان هێشت ئیمتیحان بدات، ئه‌و ساڵه‌ی خوێندنی مێژوو و زانکۆی فه‌وتا، بۆساڵی داهاتوو گواستیانه‌وه‌ بۆ به‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی، کۆلێجی ئاداب.
دوای راپه‌رین دوکانێکی له‌ بازارێک دا به‌ کرێ گرت، له‌ به‌ر بێ سیسته‌می و نه‌بونی ده‌ستوورو یاسا و رێسا، خاوه‌ن موڵکه‌که به‌ بیانوی دروست کردنی کۆشکی نوێ، به‌رنامه‌ی تێکدانی هه‌موو دوکانه‌کانی دا، بڕیاری دادگا له‌ به‌رژوه‌ندی خاوه‌ن موڵك بوو، دوای دروست کردنی کۆشکه‌ نوێ که‌، ده‌بوایه‌ دوکانی نوێ بدرێ به‌ خاوه‌ن دوکانه‌کان، به‌ڵام هاوڕێکه‌م و هه‌موو خاوه‌ن دوکانه‌کان له‌و مافه‌ی خۆیان بێ به‌شکران ، هه‌مویان ده‌رکران. دواتر هاوڕێکه‌م دوکانێێکی بچوکی له‌ چه‌په‌کێک، به‌ کرێ گرت، سه‌رقاڵی کاسپی خۆی بوو. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر چه‌ند چه‌کدارێک هه‌ڵیان کوتایه‌ سه‌ر ئه‌و بازاره‌ و له‌دوکانه‌که‌ی دا دەستگیریان کرد،گوایه‌ له‌ دوکانه‌که‌ی دا ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات گیراوه‌. ‌ ئایا ئه‌مه‌ شه‌رمه‌زاری نییه‌، بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ ده‌زگاکان دا کار ده‌که‌ن، له‌سه‌ر راپۆرتی که‌سێکی نه‌فس نزم، که‌سێکی وه‌ک ئه‌و ده‌سگیر بکه‌ن و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵدا بکه‌ن، گه‌ر بڕوانینه به‌های کرده‌وه‌و هه‌ڵویستی ئه‌و هاوڕێیه‌م، زۆر له‌و که‌سانه‌ باڵا تره‌، ئه‌و بڕیاره‌ نابه‌جێ یه‌یان یۆده‌رکردووه‌.
به‌م ره‌فتارو هه‌ڵوێست و سیناریۆیه‌ی دام و ده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێم، ملازم محسن و مه‌فره‌زه‌که‌یمان دێننه‌وه‌ یاد، ده‌بوایه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد په‌یڕه‌وی، کلتوری راپۆرت نوسینی سه‌رده‌می سه‌دام – یان نه‌کردایه. به‌ جۆرێک هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌ گه‌ڵ هاوڵاتیان دا ‌ بکردایه‌، پاراستنی ئه‌منی قه‌ومی ئه‌رکی سه‌رشانی، هه‌موو هاوڵاتی یه‌که‌ بۆ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی.
ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی قسه‌ ده‌که‌ن و ره‌خنه‌ ده‌گرن، له‌و هه‌موو غه‌در و ناعه‌داله‌تی و جیاوازیانه‌ی، رۆژانه‌ به‌ چاوی خۆیان ده‌یبینن، بەو هه‌موو ژیانه‌ دژوارو قورسه‌یانه‌وه‌، له ‌بێ بازاڕی و بێ کاسپی. به‌ڵام ئه‌وان که‌سه‌ نوخبه‌ دیاره‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌وارین، خاوه‌ن ویژدانن، قه‌د که‌رامه‌تی خۆیان نافرۆشن، راپۆرت نوسه‌کان نوقمی راپۆرتی درۆ و فێڵ و ته‌ڵه‌و سیناریۆن، هیچ به‌هایه‌کی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تیان تیا نی یه‌، بۆ پاره‌و ئافه‌رینێک، خیانه‌ت له‌ نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌که‌یان ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت که‌رامه‌تی خۆیان و ئه‌وانه‌ی رایان سپاردون، هه‌راج ده‌که‌ن.
ئایا ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌م راپۆرت نوسه باوه‌ڕپێکراوانه‌یان، ئه‌منی قه‌ومی ده‌پارێزن؟
ئه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران، ئیوه‌ ده‌توانن، چی به‌و هه‌موو سه‌ربازگه‌و ، ده‌زگا نهێنییه‌ سیخوڕانه‌ی بێگانه‌ دەڵێن که‌ له‌ نیشتمانه‌که‌مان دا، سه‌ربازگه‌و ده‌زگای جاسوسی و سیخوڕیان داناوه‌و ته‌راتێن ده‌که‌ن..؟

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies