عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: شه‌ڕی براکان، کورد کورد بکوژێ.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

له‌ رابردوو و ئێستادا، مێژوویه‌کی پڕ له‌شه‌رمه‌زاری و رسواییه‌ بۆ ئه‌و سه‌رکردانه‌ی به‌ سیناریۆی داگیرکه‌رانی نیشتمان، ئه‌و ئاگره‌ هه‌ڵده‌گیرسێنن، کوردو خاکه‌که‌ی سوتماک بکه‌ن.

رێباز، سه‌رکرده‌ی ئەفسانه‌ی پارتیزانه‌کان
نیوه‌رۆیه‌کی پایزی ساڵی1986، شه‌ڕی قه‌یوان – ماوه‌ت بوو، ده‌نگی ره‌تڵی تۆپ و راجیمه‌ی ‏تۆپخانه‌ی سوپای عێراق له‌ نێو ئه‌و شاخ و دۆڵانه‌دا ده‌نگی ده‌دایه‌وه‌، له‌ باره‌گای یه‌کێتی نوسه‌رانه‌وه‌ له‌ گوندی ‏یاخسه‌مه‌ره‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵی خۆمان له‌ قزله‌ر، له‌ یاخسه‌مه‌وه‌ره‌وه‌ به‌ هه‌نگاوی خێرا ‏رووم کرده‌ گوندی چۆخماخ. رێبازی فه‌رمانده‌و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک، له‌ که‌پری چا‏یخانه‌که‌ی خواری ئاواییه‌که‌وه‌ دانیشتبوون، تاوێک له‌وه‌به‌ر له‌سه‌ر شاخ، له‌ قۆڵی ‏شه‌ڕه‌کانی به‌رامبه‌ر دوژمن، به‌دل کرابوون و له‌وێ نانیان ده‌خوارد. ئه‌و کاته‌ ئه‌و فه‌رمانده‌ خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌م ‏نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام سه‌رنجم دایه‌ شێوه‌ی قسه‌کردن و هه‌ڵسوکه‌وتی پڕ بوو له‌ ورد بینی، توشی ‏تێڕامانی کردم.
کۆمه‌ڵێ پرسیاری بێ وه‌ڵامی له‌ ناخما گه‌ڵاڵه‌ کرد، ناو به‌ناو پێشمه‌رگه‌کان ‏پرسیاریان رووبه‌روو ده‌کرده‌وه‌، ئه‌ویش به‌ هێمنیه‌که‌ی خۆی وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه‌، دواتر ئه‌وه‌ی ‏زیاتر سه‌رنجی راکێشام تا دوا هه‌ناسه‌م ناتوانم له‌ بیری بکه‌م. ریباز ده‌ستی کرد به‌ به‌ر ‏باخه‌ڵه‌که‌یا ، ده‌فته‌رێکی ده‌رهێنا، ناوی ئه‌و هه‌موو لێپرسراو فه‌رمانده‌ سه‌ربازیانه‌ی سوپای ‏عێراقی تیا تۆمار کردبوو، ئه‌وانه‌ی له‌ فه‌یله‌قی یه‌ک و فه‌یله‌قی پێنچ که‌ سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕی ‏ناوچه‌ جیا جیاکانی کوردستان یان کردبووه‌، لیستی ناوی مسته‌شارو ئامر سریه‌و ‏مه‌فره‌زه‌خاس و، ناوی هه‌موو فه‌وجه‌ سوکه‌کانی و خاسوسه‌کانی به‌ پێی شوین و کرده‌وه‌ په‌ڕپوته‌کانیانی ‏تۆمار کردبوو.
چه‌ند زانیارییه‌کی له‌ سه‌ر گونده‌کانی دۆڵی جافایه‌تی، ناوی شاخ و لوتکه‌کانی، رێگا و توله‌رێ گرنگه‌کانی کۆکرد بۆوه. ئه‌م قه‌ڵه‌مه‌ عا شق و ‏عه‌وداڵی نوسین و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌موو ئه‌وشوێنانه‌ بوو که‌ رووی تێ ‏ده‌کرد. هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ ده‌فته‌ره‌که‌ی به‌ر باخه‌ڵی دا تۆمار کردبوو. توانایه‌کی زۆر ‏باش و وردی هه‌بوو له‌ تۆمار کردنی هه‌واڵ و راپۆرتی رۆژنامه‌وانی. ‏
رێبازی فه‌رمانده‌ی پارتیزانی له‌ هه‌ردوو کتێبی [قه‌ند یل به‌غدادی هه‌ژاند ] به‌ سه‌لیقه‌یه‌کی پڕ له‌ ‏ورده‌کارییه‌وه‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی و نه‌به‌ردو چالاکی و داستانه‌کان و روودا و ‏مه‌رگه‌ساته‌کانی تۆمار کردووه‌. به‌ گوزارشتی پڕ له‌ مرۆیانه‌وه‌، شۆڕ بووه‌ته‌وه‌ بۆ ناو ناخی پڕ له‌ ‏رۆمانسیه‌تی پارتیزانه‌کان و سروشتی پڕ له‌ چۆڵه‌وانی و سوتماک، دنیای پڕ له‌ په‌نهانی ‏شوانه‌کان، تامی نانی وشک و شیر له‌کاتی برسێتی دا.
دڕندایه‌تی مرۆڤ کاتێ ده‌بێت به‌ ‏جه‌لاد، ده‌ست و رۆحی به‌ خوێنی دیل سوورده‌کات، رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ئه‌نفال ‏و ئه‌نفاله‌کانی دوای ئه‌نفال، پیرۆزی و مه‌زنی پێشمه‌رگه‌و پێشمه‌رگایه‌تی به‌ها ‏مه‌زنه‌کانی پارتیزانی ئه‌وساو شکۆمه‌ندی شه‌هیده‌ سه‌روه‌ره‌کان، دڵ و ناخ و هه‌ست و ‏نه‌ستی رێباز له‌ قه‌ندیل باڵاتر و، له‌ سه‌راپا نیشتیمانه‌که‌ی ‏به‌رینتربوو.
رێباز، رێبازی وه‌فا و ئه‌مه‌ک پێزانینی هه‌ستی به‌رز بۆ ‏شه‌هید، بۆ خاک، بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی، بۆ منداڵان و شوان و جوتیار، بۆ پێشمه‌رگه‌و ‏پارتیزانه‌کانی هاورێ ی.
با بڕوانینه‌ مێژووی نزیکی کورد، بزانین خۆمان چه‌ند ‏جه‌لادین، چه‌ند دڕنده‌ین بۆ کوشتنی براکانمان، ئه‌و رێبازه‌ی که‌ رێبازی کرد به‌ ‏رێڕه‌وی به‌ها مه‌زنه‌کانی پارتیزانی تا دوا هه‌ناسه‌ دژی شه‌ڕی براکان و شه‌ڕی خۆکوژی بوو، که‌چی خۆی وه‌ک مه‌سیح له‌و پێ ناوه‌دا به‌ ده‌ستی براکانی خۆی له‌ خاچ ‏درا.
له‌ شه‌ڕی ناوخۆ ی براکان، براکان لوله‌ی کڵاشینکۆفه‌کانیان ئاراسته‌ی جه‌سته‌ی رێبازو مه‌لا سلێمان کردووه‌، مه‌خزه‌نی کڵاشیکۆفه‌کانیان له‌ دوو دیل و دوو برینداردا خاڵی کرده‌وه‌. ئه‌و برایانه‌ له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ پارێزگاریان له‌و جاش و مسته‌شارو خائین و جاسوسانه‌ ده‌که‌ن که‌ رێبازی فه‌رمانده‌ له‌ ده‌فته‌ره‌که‌ی به‌ر باخه‌ڵی دا ناویانی تۆمار کردبوو. براکان رۆڵی دیارو پله‌ پایه‌یان به‌و خائین و جاسوسانه‌، له‌ دام و ده‌زگاکانی حیزبه‌کان و حکومه‌تی هه‌رێم سپارد. ئایا ئه‌م ترژیدیای کۆمیدیایه له‌ ئه‌زموونی کام گه‌لانی دنیا هه‌یه‌. حیزبه‌کانی کوردستان شانازی به‌و مێژووه‌ پڕ له‌ شه‌رمه‌زاریه‌وه‌ی تۆڵه‌ی کوشتنی براکانه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌برا برای خۆی له‌سه‌ر ره‌نگ و ده‌نگ و هزری جیا کوشتووه‌.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت