عەبدولکەریم شێخانی: تاوانەکانی 9 ى حوزەیرانی 1963 پەڵەیەکی ڕەشی دیکەن بە نێوچەوانی بەعسی فاشییەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ بچمە نێو باسەکەوە حەز دەکەم ئاماژە بە چەند وشەیەکی پێویست بکەم.
حزبی بەعسی سۆشیالیستى عەڕەب لەسەر هەمان ڕێبازی حزبی (سۆشیالیستی نەتەوەیی) ئەلمانیا کە بە ( نازی) ناسراوە دروست بوو. حزبە نەتەوەییە عەڕەبییەکان هەر هەموویان لە سوریا دامەزران وەک ئەوەی سوریا مەکینەی هەڵهێنانی جووجەڵەی بیری نەتەوەیی دەمارگیری عەڕەبی بێت و ڕەنگە ئەوە میراتی ئەمەوییەکان بێت لە سوریا کە بیری ڕەگەزپەرستی عەڕەبییان هەبوو و تەنانەت بە چاوی هاووڵاتیی پلە دوو سەیری موسڵمانە ناعەڕەبەکانیان دەکرد و هاوشێوەی ناموسڵمانەکان ( جزیە)یان لێ دەستاندن. میشێل عەفلەق ( حزب البعث العربی) دامەزراند کە شیوعییەکان پێیان دەگوت ( حزب العث العربی). ( العث) جۆرە مۆرانەیەکە لە خوری و جل و کەلوپەلی لە خوری دروست کراو دەدا. وا دیارە عەفلەق ئەو حزبەی دژى ( الحزب القومی السوری) بە سەرۆکایەتیی ( ئەنتوان سەعادە) پێکەوەنا کە هەردووکیان مەسیحی بوون. لەلایەکی دیکەشەوە ( أکرم الحورانی) حزبێکی نەتەوەخوازیی عەڕەبیی بە ناوی ( الحزب الإشتراکی العربی ) دامەزراند کە لە ئامانج و ڕەوتا لە حزبەکەی عەفلەق نزیک بوو, بۆیە کەوتنە دانوستان و سەرەنجام ڕێک کەوتن کە هەردوو حزبەکە یەک بگرن و ناوی ( حزب البعث العربی الإشتراکی ) لێ بنرێ و لە 7- 4- 1947 لە کۆنگرەیەکیاندا ئەو بەڵایە دروست بوو.
وەکو گوتم بەعس هاوشێوەو هاوڕێبازی حزبی نازیی هیتلەری بوو و چۆن ئەو دەیگوت ( ئەڵمانیا لەژوور هەمووانەوەیە ), بەعسیش دەڵێ (عەڕەب لە سەرووى هەمووانەوەیە ) و دروشمی ( أمة عربیة واحدة ذات رسالة خالدة ) ى بەرز کردەوە, لە کاتێکدا عەڕەب لە مێژوودا بۆ تاکە سەعاتێکیش یەک میللەت و یەکگرتوو نەبووە. جگە لەوەش بە چاوی سووک و بەکەمزانی سەیری هەموو میللەتانی دیکەیان دەکرد و پێیان وابوو مادامەکێ قورئان لە نیمچە دورگەى عەڕەب و بە عەڕەبی بۆ پێغەمبەر دابەزیوە, دەبێ میللەتانی دیکە پاشکۆ و خزمەتکاری عەڕەب بن و هیچ حیسابێکیان بۆ مافی نەتەوەیی میللەتانی دیکە نەدەکرد. دەبێ ئاماژە بەئەوەش بکەم کە هەر کاتێک ڕەگەزپەرستانی عەڕەب لە عیڕاقدا حوکمیان گرتبێتە دەست, چارەنووسی کورد لە مەترسیدا بووە, دیارترین نموونەش بۆ ئەوە حکومەتەکەی ( یاسین الهاشمی ) یە و کۆدەتاکەی ( بکر صدقی ) تا ڕادەیەکی زۆر کاردانەوەى ئەو سیاسەتە ڕەگەزپەرستانەیەیان بوو .
لەساڵی 1975 کە بەرەی یەکگرتنی نیشتمانی ( جبهة الإتحاد الوطنی ) لە نێوان حزبی شیوعیی عیراقی و حزبی بەعس و حزبی ئیستیقلالی نەتەوەپەرست دروست بوو, بەعس دژى وەرگرتنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەستا, بۆیە حزبی شیوعی بەرەیەکی دوو قۆڵیی لەگەڵ پارتی پێک هێنا بۆ نزیک کردنەوەی پارتی لەو بەرەیە.
دواى شۆڕشی 14ى تەموزی 1958 ڕەگەزپەرستە عەڕەبەکان, لەپێش هەمووشیانەوە حزبی بەعس, دژى هەموو مافێکی نەتەوەیی کورد بوون و ئەوان لەچاو حزبە عەرەبییەکانی دیکە لەڕووی ڕێکخراوەییەوە پتەوتر بوون. عەبدولسەلام محەمەد عارف هەر زوو هەوڵی ئەوەی دەدا عیڕاقیش بچێتە پاڵ ( الجمهوریة العربیة المتحدة ) کە لە یەگکرتنی مصر و سوریا پێک هاتبوو و ئەگەر ئەوەش دروست بوایە کورد زیاتر دەکەوتە بەر دەست و پێی ڕەگەزپەرستە عەڕەبەکان. شیوعییەکان و کورد و عبدالکریم قاسم دژى ئەو هەوڵە وەستان. هەر لەو سەروبەندەدا ( کلۆفیس مقصود ) ی ڕەگەزپەرستی لوبنانیی هاوبیری ڕەگەزپەرستانی عیراق گوتارێکی لە ڕۆژنامەی ( الثورة ) ی ( یونس الطائی ) ى ڕەگەوپەرست بڵاو کردەوە و لەو گوتارەدا دەڵێ ئەوانەی لەسەر خاکی عەڕەبدا دەژین دەبێ لە بۆتەی نەتەوەیی عەڕەبدا بتوێنەوە. ئەو ڕەگەزپەرستە کوردستانی بە کورد ڕەوا نەبینیبوو بە بەشێک لە خاکی عەڕەبی دانابوو. هەموو کورد و دیموکراتخوازە عەڕەبەکان دژی ئەو بۆچوونە ڕەگەزپەرستانەیە وەستان و وەک کاردانەوە گەلێک نووسین دژی ئەو نووسینەو خاوەنەکەی بڵاوکرانەوە.
ئاشکرایە کە ڕەگەزپەرستانی تورک و عەڕەب و فارس ددان بە مافی کورددا نانێن کوردستان بە بەشێک لە خاکی خۆیان دەزانن. تورکە ڕەگەزپەرستەکان کورد بە تورکی شاخاوی ناو دەبەن و فارسیش کورد بە ئاری نەژاد دادەنێن هەروەک موحسینی پزیشکپور لەڕۆژنامەی خاک و خوندا دەڵێ و،عبدالسلام عارفیش کورد بە عەڕەب دادەنێ هەر وەک لە گوتارێکدا گوتی:
لعمرک ماالأکراد بأبناء فارس|| و إنما هم أبناء کرد بن عامر ڕەگەزپەرستە عەرەبەکان دەستیان کرد بەپیلانگێڕی دژی کۆماری عیڕاق و تەقەیان لە عبدالکریم قاسم کرد و برینداریان کرد. ئەوە بوو لە ڕۆژى هەینیی ڕێکەوتی 8ى شوباتی 1963 کۆدەتایان بەسەر قاسمدا کرد و بۆ ڕؤژى دووەم کوشتیان و دەستیان بە کوشتاری هەموو شیوعی و دیموکراتخوازەکان کرد و عیڕاقیان کرد بە گۆمی خوێن. ڕۆژی یەکەم خوا لێ خۆشبوو صالح یوسفی بروسکەنامەیەکی بۆ کۆدەتاچییان لێدا بە ناوی ( تلاحمت ثورتانا ) و ئەمە وەک پشتگیری وابوو, چونکە تا ڕادەیەک دڵنیابوون لەوەی کورد دژیان ناجووڵێتەوە. دەڵێن ڕەنگە بەڵێنی ئەوەیان بە کورد دابێ کە ئەگەر بێنە سەر حوکم ددان بە مافی کورددا دەنێن و هەر لەسەر ئەو بنچینەیەش دانوستان دەستى پێ کرد، بەڵام بۆ ( لامرکزی) و زمانیان تواناى گوتنی (ئۆتۆنۆمی ) نەبوو . بەڵام دواى مانگێک لە کۆدەتاکەی خۆیان, واتە لە 8ی ئادار بەعسییەکان لە سوریا کۆدەتایان کرد و ئەمەش بوو بە پشتیوان بۆ ئەو ڕژێمە تازەیەی عیڕاق و ئیدى وردە وردە لە بەڵێنەکانیان پاشگەز بوونەوە و کەوتنە شەڕ فرۆشتن بەکورد تا لە ڕۆژی 9 ى حوزەیران هێرشێکی بەربڵاویان بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرد ومقدم روکن صالح مەهدی عەماش کە وەزیری بەرگری بوو لە لێدوانیکدا گوتی سوپای عیراق دەستی بە سەیرانێکی نیشتمانی کردووە لە باکووری عیڕاق. جگە لە جاشی کورد کە ناویان لێ نان فرسان صلاح الدین, جاشی عەڕەبیشیان پێک هێنا بە ناوی فرسان الولید و کەوتنە گوند سووتاندن و ماڵ تاڵان کردن لەو شوێنانەی دەستیان پێی دەگەیشت. من ئەو کاتە هەشت مانگ زیاتر لە بەندیخانەی حیللە زیندانی بووم و بەیانییەکەی لەنەڕەنەڕی ڕادیۆ خەبەرم بووەوە و ئەو دەگە زۆر لە باوکەڕۆ ناخۆشتر بوو . وەک هەواڵیان بۆ هێناین گەورەترین زەبری کوشندە بەر سلێمانی و کۆیە کەوت . دەکرێ بڵێێن ( زعیم صدیق ) ى خوێنڕێژ گەورەو بچووکی پیاوانی سلێمانی دەسگیر کردبوو. مامۆستایان ئەنوەر دارتاش و حەمەبۆرو چەند کەسێکی دیکە لەیاریگاى سڵیمانی گیران و شەهید کران. لە حامیەش ( کە ئێستا پاڕکی ئازادییە ) چەندان کەسی دیکە شەهید کران کە یەکێکیان حاجی باقیی کۆیی بوو و باشترین و زیرەکترین مامۆستای بیرکاری و فیزیابوو نەک لەسەر ئاستی کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستى هەموو عیڕاق. لە ساڵی 1964 پاش ئەوەی عبدالسلام عارفی سەرکۆمار کۆدەتای بەسەر بەعسدا کرد و کۆتایی بە حوکمەکەیان هێنا, تەرمی ئەو شەهیدانە لە حامیەو یاریگای سلێمانی دۆزرانەوە. گیراوەکان ماوەیەکی زۆر مانەوە و دواى ئەوە هەندێکیان ئازاد کران.
خوا لێ خۆشبوو ( نوری وەشتی ) شیعرێکی جوانی بۆ 9ی حوزەیران داناوە و ( رفیق چالاک ) بە دەنگە بەسۆزەکەی گوتوویەتی. ئەو تاوانە کەم وێنەیە پەڵەیەکی شەرمەزارییە بە نێوچەوانی بەعسەوە و دەخرێتە سەر تاوانەکانی دیکەی لەوە بە دوای وەک ئەنفال و کیمیاباران و چەندان تاوانی دیکە.
بە داخەوە ئێمە هەندێکمان ڕەفتاری دوژمنانی خۆمان زوو بیر دەچێتەوە و بۆ بەرژەوەندی تایبەتیی خۆمان ئامادەین دەست بخەینە ناو دەستی دوژمنان کە بە خوێنی کورد سوورە. شەرمەزاری بۆ کوردکوژان و هەموو ئەوانەی ڕؤژێک لە ڕۆژان هاوکاریان بوون و لەدژی گەلەکەی خۆیان بوونەتە چاوساغ بۆ دوژمنان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت