ھوشیار ئەحمەدی: کەچ کولاە (کڵاولار) لە شێعرێکی “تاھێربەگ”ی شیرین گوفتارا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تاھێربەگی جاف بە شاعیری شیرین گوفتار ناسراوە. ئەو خاوەنی ھەستێکی تەڕ و پارا و شیرینە، ھەستێکی وا کە زەوق و شادییەکی تایبەت بە شێعرەکانی ئەبەخشێ، زەوق و شادییەکی وا، وەک لاولاو چۆن لە قەدی گوڵەشەسپەڕ دەئاڵێ، وەک تووڕک چۆن ئەپێچییە بە تووڵە نەماما، ئەوا لە بەژنی دڵ و ڕۆحی خوێنەر دەئاڵێ.
ئەو لەم شێعرەیا ھێند ناسک ، ھێند جوان، ھێند شیرین بانگی دڵبەری شیرین نگار و مانگ روخسار و گوڵعوزاری شۆخ و شەنگی ئەکا، مرۆڤ باوڕ ناکا دوڵبەر گوێی لێ بێ و تەنانەت بە ھەوای نازیش بووبێ، ساتێ خۆی بگنخێنێ.
کە لە شێعری زۆرێ لە شاعێرانی کلاسیکمان رائەمێنی، ھەست ئەکەی کاراکتێری ژن و خاڵە پەیوەندیدارەکانی لە شاعێر وەربگیرێ، شێعرەکانیان لە ڕۆح، شادی، زەوق، جوانی و ناسکی بەتاڵ ئەبنەوە. جا ئەو شاعێرانە با مەحوی بێ، با سالم بێ، با کوردی بێ، با سافی و بێسارانی و مەولەوی و خاڵۆی کۆماسی و سەیدی و ھێمن و ….بن، تۆفیرێکی وا ناکات.
ئەم چوار دێڕە شێعرەی خوارەوەی تاھێربەگ لەتەک ئەوەیدا کە جوانن، ناسکن، شیرینن، زۆریش رەوان و پاراون. تەنیا خاڵێ سەرنجی ڕاکێشام، وشەی “کەچ کولاە” بوو. ئەم کەچ کولاھە لە شێعری زۆرێ لە شاعێرانمانا ھاتووە. ھەندێکیان بە “کڵاو لار” ناویان بردووە.

حەزم کرد لەم شێعرا تیشک بخەمە سەر ئەم خاڵە.
کەچ کولاە یان کڵاو لار چیە؟
کڵاوێکی کچانە، ژنانەی ناسک و جوان بوو کە ھەندێ بە سەر لاچاو و برۆیەکیانا لاریان ئەکردەوە، بە چەشنێ سێبەرێکی ئەخستە سەر روومەتیان. بەمەش زیاتر ھەوڵی ڕاوی دڵ و ھەست و ڕۆحی بەرامبەریان ئەدا.
وا باسە ژنی ناپلیئۆنی سێھەم ئێمپڕاتوری فەرانسە ژنێکی ناسک و جوان و ھاوکاتیش زۆر بە ناز و کریشمە ئەبێ، حەزی لە مۆد داھێنان و جلوبەرگی و شێوازی تایبەت بەخۆی ئەبێ. کڵاوێکی تایبەت دادێنێ، واتە ھەمان ئەو کڵاوەلارەی بووەتە ھەوێنی شێعر و خەیالی شاعێران.
کڵاوەکەی ئەبێتە مۆد، کچان و ژنانی فەرانسە و بریتانیا و دواتریش ھەموو وڵاتانی ئۆروپایی بە حەزەوە لە سەری ئەنێن و بە جۆرێ کەسایەتی و مودێڕن بوونیشی دائەنێن.

چوار دێڕ لا شێعرەکەی تاھێر بەگ:
نازەنینەی، سوخمە ئاڵەی، دیدە مەستەی، کەچ کولاە
گوڵعوزارەی، شۆخ و شەنگەی، شاھی خوبانم وەرە
خانە وێرانم لە دووریت، رەھزەنی ئیمان و دڵ
زینەتی بەزم و سروورم، شەمعی دیوانم وەرە

ھەڵبەت مامۆستا گۆرانی ناسک خەیاڵیش ھەر لە شێعرێکا بەکاری ھێناوە و ئێژێ:
کڵاو لار ! گورجی کەو رەفتار! نەزەر ناکەی ئەرۆی ئۆغر!؟
لە تیری ئاهی ناکامیم حەزەر ناکەت ئەرۆی ئـــــــــۆغر!؟
بە دوتا ئەشکی حەسرەت خوێن ئەبارێنێ بە سەر دەشتا
تەماشای لالە زاری ڕاگوزەر ناکەی ! ئەرۆی ئۆغــــــــر؟
لە لای خەلقی گەدایە! گەردی ژێر پێی موڵکی دڵداری!
بە سایەت وەک هوما تاجم لەسەر ناکەیت ئەرۆی ئۆغر؟
لە دێڕی دووھەما یارەکەی بە شاە خوبان ناو ئەبات، مەبەستی لە شاە خوبان، وەک شاعێرانی شێعری کلاسیکی فارس، پاشای جوانانە، پاشای شیرین روخساران و شیرین کرداران و شیرین گوفتارانە. کە ئێژن شاە خوبان، واتە ئەبێ خانم لە روخسار و کردار و گوفتار و بیرکردنەوەشدا شاھانە بێ، نەک تەنیا بووکەڵە ئاسا روخساری جوان بێ. ئەمەش پێوەرێکە لە دونیای ئەمڕۆدا بۆ ھەڵبژرادنی شاجوان بەکار دێ.
تاھێربەگ لە دێڕی سێھەمیشا دوڵبەرەکەی بە “ڕەھزەنی ئیمان و دڵ” دائەنێ. رەھزەن ھەمان رێگر و چەتەیە. زیاتر سەردەمانی کۆن باو بووە، کە ئۆتۆمۆبیل و جادە و ئیمکانی گواستنەوە و ئاسایش و پەیوەندی باش نەبوو، کاروانەکان بە ئەسپ و قاتر و وشتر و ئەو شتانە تێدەپەڕین، رێگر و چەتە رێگایان لێ ئەگرتن و رووتیان ئەکردنەوە، بەگشتی رێگر لەبەر ئەوەی سەرو کاریان زۆر لەگەڵ ویژدانا نەبوو، دەستیان بەسەر دار و نەداری کاروان و وڵاغارەکانا ئەگرت.
جا تاھێربەگیش لەم سۆنگەوە ئێژێ، “رەھزەنی ئیمان و دڵ” واتە وەک ئەو ڕێگر و چەتەگەلە، دەستت بەسەر تەواوەتی ئیمان و دڵما گرتووە و ھەر ھەمووت لێ داگیر و زەوت کردووم. ئەمەش ئەوپەڕی کوشتەیی و گرفتاریی دڵدەر ئەگەیێنێ لە بەرامبەر دوڵبەرا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت