عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له‌ پێناو سه‌رمایه‌ی پرۆژه‌ی که‌رته‌ تایبه‌تیه‌کانیان،که‌رتی گشتی خزمه‌تی هاوڵاتیان ئیفلیج ده‌که‌ن!

له‌ دوای راپه‌ڕین و هه‌ڵبژاردنی پەرله‌مان و حکومه تی هه‌رێمی کوردستان، دوای گۆڕانکاری 9 / 4/ 2003، ده‌سه‌ڵاتدارانی حیزبی و حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، له‌بری ئه‌وه‌ی، له‌ پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداریان سه‌رمایه‌ی نیشتمانی بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌‌رێمه‌ به‌کار بهێنن، هه‌موو توانایان بۆ که‌م کردنه‌وه‌و له‌ ناوبردنی که‌رتی گشتی یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی هاوڵاتیان که‌م بکرێته‌وه‌. ئه‌وان گرنگی ده‌ده‌ن بەکه‌رتی تایبه‌تیه‌کانی خۆیان و ده‌وروبه‌ره‌کانیان، ده‌ستیان به‌سه‌ر بیره‌ نه‌وته‌کانی ئه‌م نیشتمانه‌دا گرتوه‌وه‌، رێژه‌یه‌کی یه‌کجار زۆری داهاتی نه‌وت به‌ده‌یان سیناریۆی زه‌ردو سه‌وز، ده‌به‌ن بۆ خۆیان.
هه‌مووبه‌رهه‌می سه‌رمایه‌ی نیشتمانی و که‌رتی گشتی هاوڵاتیانیان کردوه‌ به‌ موڵکی تایبه‌تی خۆیان و خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌و دارو ده‌سته‌و ده‌وروبه‌ره‌کانیان، گه‌ر بڕوانینه‌ کۆشك و ته‌لار و قاسەی زه‌به‌لاح و بانکی نهێنی ژێر زه‌مینه‌کانی ناوه‌و ده‌ره‌وه‌یان، ئۆفیس و کۆمپانیاو پرۆژه‌ی که‌رته‌ تایبه‌تیه فه‌نتازیاو خه‌یاڵاوییه‌کانی یان لۆژیکی عه‌قڵ له‌ به‌رده‌م ئه‌و هه‌موو دزییه‌ی ئه‌واندا ده‌سته‌وسان و دۆش داده‌مێنێ. ئه‌وان چه‌ندان پسپۆڕ یاساییان به‌ کرێی گرتوه‌، هه‌موو کاره‌ دزیو نایاساییه‌کانیان، به‌ جۆرێك کردوه به‌ کاری یاسایی و ره‌وا، به‌و هه‌موو دزییه‌ی ئه‌م نیشتمانه‌وه‌، ئه‌وان خاوه‌نی هیچ نیین. دزی له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم‌ ده‌کەن.
گه‌ر وڵاتێک ده‌ستوورو یاسا و رێسا ی تیا نه‌بێ، سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ خۆپه‌رست و نه‌رجسی بن، به‌ عه‌قڵێکی مه‌زاجی یه‌وه‌، هه‌ڵسوکه‌وت له‌ گه‌ڵ سه‌رمایه‌ی نیشتمانیی بکه‌ن، پلان و نه‌خشه‌ی ئاوه‌دانی وڵات بۆ مه‌رامه‌کانی خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ، داهاتی سه‌رمایه‌ی نیشتمان بۆ بواره‌کان بزنز و بۆ که‌رتی تایبه‌تی خۆیان به‌کار بهێنن،گرنگی به‌ که‌رتی گشتی نه‌درێ، ساڵ به‌ساڵ خزمه‌ت گوزارییه‌کانی ئه‌و که‌رته‌ که‌م بکرێته‌وه‌، تا به‌ته‌واوی هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌کانی هاوڵاتیان ئفلیج ده‌که‌ن. ده‌بێت چاره‌نووسی که‌رامه‌ت و که‌سایه‌تی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ره‌و کام ئاراسته‌ و تێکشاکانی تر ببێته‌وه‌.
گه‌ر به‌رواردێکی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری که‌رتی گشتی بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان بکه‌ین، له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی که‌رتی گشتی بۆ سه‌رمایه‌و کاره‌ بزنزه‌کانی سه‌رکرده‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌، دوو ته‌رازوی لاسه‌نگی نایاسای و غه‌درو خیانه‌ت ده‌بین، که‌ هیچ ده‌ستوورو یاساو رێسایه‌ک، هیچ ویژدانێك ئه‌مه‌ قبوڵ ناکات، ته‌نیا سه‌رکرده‌ سه‌رمایه‌داره‌کانی حیزب و په‌رله‌مان و حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم نه‌بێت.

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies