نەبەز جەلال: حاڵی مام حاجی.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگێڕنەوە لە سەردەمی شەڕی ئێران، عێراق دا. تۆپخانەکانی ڕژێمی فاشی عێراقی بە تۆپی دوورهاوێژ تۆپبارانێکی خەست تووندی شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ناو شارۆچکەکەیان ئەشڵەقێ و خەڵکەکە هەراسان دەکەن و ترسی کیمیاویی ڕەشتنیش ئەخەنە دڵی خەڵکەکەوەو ناچاریان دەکەن کونە تەیارە و ژێرزەمینەکانیش چۆڵبکەن و بە ناچاری بەرەو بەرزی و شاخەکانی نزیک لە خۆیان بەڕێبکەون.
حاجییەکی تۆزێ تەمەن هەڵکشاوی بە ئەزمون و سەرکێش؛ پەروەردەی ژیانی ئازاری پڕ شەڕە بۆماوەکانی کورد و دوژمنانی.
بە هێمنییەکەوە چاو دەگێڕێ و سەرنجی چواردەوری خۆی ئەداو بەهێواشتر لە ھێواشی دەڕوا، لە ژێرەوە بە ئاهێکەوە سکاڵای ناشوکرانەی دڵی خۆی لای خوا دەکاو دەڵێ دەک ھەزار جار بە قوربانی بەشتبم، تۆ ئەزانی چەند ساڵە ئێمە دەربەدەرین و ڕائەکەین و پێی ناگەین.!
دەزانی چەند ساڵە ئازار ئەچێژین و ناگەینە مەنزڵ ، دەزانی بەشمان ھەر ڕاکە ڕاکەو کەس بە ھانامانەوە نایە؛ لەو غایلەو لێکدانەوەو سکاڵاو گلەیی و سەرنجانەدا دەبێ.
هەر تاو نا تاوێ یەکێک لە دۆستەکانی لێ پەیدادەبێ و بەدەنگێکی غەمگینەوە دەڵێ دەتۆزێ پێ هەڵبگرەو پەلە بکە با زوو بگەینە دەرەوەی شارو خەسارەت نەدەین و ترسمان لەسەر نەمێنێ.
ئەویش بە کاوەخۆ، هەڵوێستەیەکی کورتی بۆ دەکاو سەرێکیان بە کزۆڵەیی بۆ ئەلەقێنێ و بەسەرنجێکی کورتەوە لێیان دەڕوانێ و بە هێواشی دەکەوێتەوە سەر نەرمەڕێ.!
تا دوا جار دۆستێکی نزیک و ئازیزی داوای لێدەکا کە پێ هەڵبگرێ و دوا نەکەوێ لەگەڵ پێی ئەواندا پێنەبڕێ و بکەوێتە ڕێ و خۆی دوا نەخا، بەڵام ئەو لە نێو ئەو زرمە زرمی دەنگی تۆپ و، تۆپ کەوتنانەدا هەر بەهێواشی لەسەر نەزمی خۆی دەڕوا و هیچ خۆی تێکنادا.
ئەمەش دەبێتە بێزاری دۆستەکەی و لێی دێتە دەنگ و بە توڕەیی پێی دەڵێ: دە بکەوەرەڕێ بێ قەزابی، ئەڵێی پێ ئەنێی بە هێلکەدا، تۆزێ گورجبە گورج!.
خۆ تۆ لاخۆی دنیا دییەی بۆ وا حەپەساوی و، لە جوڵە کەوتووی ئەڵێی ئەترسی؟!.
ئەویش زۆر بە هێواشی و بە پێکەنییەوە سەیرێکی دۆستەکەی دەکاو دەڵێ: سێ بەسێ تەڵاقم کەوتبێت کەس نازانێ بە خێرایی بڕۆی باشە یان ئاوا وەک من خاو، دە تۆ سەیرێکم بکە با ئەوەندەی تۆزقاڵێک تێتگەیەنم، بە ئیمانم لەوانەیە وەک تۆ بە خێرایی بڕۆم و خۆم بەم بە تۆپێکی قورسا و بمرم، یان بەو خاوییەی خۆم لەسەرەخۆ تۆپێکی بچوک بگرمەوە.
بە بزیەکەی ناخ پڕ لە ئازارەوە دەڵێت: دە ئیتر وازم لێبێن و بڕۆن، هەرچییەک بووبو بەنسیب با ئەوەبێ و خۆتان لەگەڵ من ماندو مەکەن.
جا بە کورتی دۆخی ئێستای ئێمەی کورد لەم دەڤەرە ئاڵۆزکاو و ئاڵۆزەدا هەمان دۆخ و حاڵی مام حاجی لێهاتووە.!
سوێند بە هەموو شتە پیرۆزەکان؛ هەمووی واقی وڕ ماوە، نازانێ عێراق و ئێران باشە یان ئەمریکاو شوێنانی تر.!.
بۆیە زۆر بە کورتی و بەبێ گومان دەڵێم: ئەی کوردینە دەسا بیکەن ھەموو “هیمەتێ” ؛ تا ھەموومان نەمان چەشتووە دەردی قورس و ” نەعلەتێ”!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت