دانا مەنمی: دوای ڕاپەڕین تورکیا لە نێوان تاڵەبانی و بارزانیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

محەمەدی حاجی مەحمود لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی “ڕۆژمێری پێشمەرگەیەکدا “ بەرگی چوارەم دا لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ تورکیا و شەڕی پەکەکە نوسیویەتی و دەڵێت؛ رۆژی 13ی10ی1992 پارتی و یەکێتی کۆبونەوەیان لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکاندا کردووەو داوایان کردووە کە پێشمەرگەی حیزبەکانی تریش هاوشانی پێشمەرگەکانی پارتی و یەکێتی شەڕی پەکەکە ئەنجام بدەن. هەروەها محەمەدی حاجی مەحمود لە کتێبەکەیدا دەشلێت؛ پێشتر پارتی و یەکێتی بۆ شەڕی پەکەکە لەگەڵ تورکیا ڕێکەوتبوون، لەو کۆبونەوەیەدا پارتی و یەکێتی هەڕەشەیان لێ کردین و وتیان لێتانی قبوڵ ناکەین، بەڵام ئێمە وەک سۆسیالیست لەو کۆبەنەوەیەدا دژی ئەوەبوین لەبەر خاتری تورکیا شەڕی پەکەکە بکەین.
دوای ڕاپەڕین جموجۆڵی سیاسی و دیپلۆماسی لەنێوان هەریمی کوردستان و هەریەک لە وڵاتانی ئێران و تورکیا کرایەوە سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی پۆل پۆل لەهەوڵی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیاندا بوون و بۆ ڕازیکردنی دڵی داگیرکەران سازشیان لەسەر کوردایەتی هەر بابەتێک دەکرد کە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت، هۆڵۆسی تورگوت لە وتارێکدا لەبارەی مام جلال سکرتێری یەکێتی دەلێت؛ پەیوەندیمان توندوتۆڵ بوو، هەموو جارێک لەچوونە دەرەوە بەخاكی توركیادا سەردانی سەرۆك وەزیران سلێمان دەمیرەل و وەزیری دەرەوەی ئەوكات“حیكمت چەتین” ی دەکرد. هەرچەندە ئێمە زۆر هاوکاری مەعنەوی تاڵەبانی بووین، بەڵام تاڵەبانی ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک لە بارەی پەکەکە بە تورکیا بدات و ھەر جارەو بەبیانویەك خۆی لەم داخوازیەی دەوڵەت دەدزیەوە و پاش ماوەیەک زانرا کە تاڵەبانی ژێر بەژێر هاوکاری ماددی و مەعنەوی پەكەكەیە.
هوڵۆسی تورگوت لە وتارەکەیدا لە بارەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نوسیویەتی و دەڵێت؛ لەدوای سەردانەکانی مام جلال لە مارتی 1991 زانیمان مسعود بارزانیش چاوەڕێی ئیشارەتێك دەكات لەلایەن بەرپرسانی توركیاوە. چاڤیت چاغڵار سیاسەتمەدارو وەزیری دەوڵەتی تورکیاو شایەتحاڵی دیداری مەسعود بارزانی و سلێمان دیمیرڵ لەبارەی ئامانجی بانگێشتنامەکەی تورکیا بۆ بارزانی دەڵێت؛ دەوڵەتی تورکیا بانگێشتی مەسعود بارزانی کرد بە مەبەستی هەماهەنگی و هاوکاری تورکیا دژ بە پەکەکە لەبەرامبەریشدا چەك و پارەو خۆراک وەربگرێت.
چاڤیت چاغڵار وەزیری دەوڵەت دەڵێت ؛ مسعود بارزانی بۆیەكەمجار لە 20ی شوباتی 1992 سەردانی تورکیای کرد و بەپێی خۆی ھاتبوو تا ھاوكارمان بێت، بەعەڕەبی قسەی دەكرد، بۆ ئێمە دەكرا بەتوركی، بەچڕی حمایە دەكرا نەماندەویست ڕاگەیاندنەكان بەم كۆبوونەوەیە بزانن، بەڵام ئەم زانیاریە بەجۆرێك لەجۆرەكان دزەی كردە نێو میدیا، بەر لەدەستپێكردنی گفتوگۆ سەرەتا مەسعود بارزانی ڕێزی خۆی پێشكەش بە سەرۆك وەزیران سلێمان دەمیرال كرد، پاشانیش سوپاسی دەوڵەتی توركیای لەبەرامبەر ھاریكاریەکانمان کرد، دواتر بارزانی دەستی كرد بەڕێكخستنی چەند ڕستەیەكی چاوەڕوان نەكراو زۆر دەڵەڕاوكێی ھەبوو، بە ھەستەوە سەری بەملاو ئەولای خۆیدا دەسوڕاندو قسەی دەکرد، دوای ھەموو ڕستەیەك قسەكردن تەرجەمە دەكرا، پاشان دەستی کرد بە خوێندنەوەی وەسێتنامەکەی باوکی دەربارەی ئێمەی تورک، وەزیرەکەی دەوڵەتی تورکیا لە درێژەی گێڕانەوەی سەردانەکەی مەسعود بارزانی لە ساڵی 1992 دەشلێت؛ مەسعود بارزانی گوتی؛ باوكم لەساڵی 1979 وەفاتی كردووەو لەدوای خۆی وەسێتنامەکەی بەجێماوە لەوەسیەتنامەیەدا پێمان دەڵێت: “پشت بەتورك ببەستین و تەنھا لەگەڵ توركیا ھەماھەنگ بن”.
وەزیری دەوڵەتی تورکیا لەکۆتاییدا دەڵێت؛ مەسعود بارزانی كاتێ وەسیەتەكەی باوكی دەخویندەوە دڵەڕاوكێی پێوە دیاربوو، ترسێکی زۆری پێوە دیار بوو، ترسیش پەڕیبووە ڕوخساری، دەشمانزانی لەپێناو پاراستنی خۆیدا ئامادەیە ھاوكاریمان بکات، لەكۆتایی لەگەڵ مسعود بارزانی ڕێك كەوتین، ئێمە هاوکاری بکەین بە چەك و بەپارە، ئەویش ئارام بووەوەو پەیمان و بەڵێنی دا كە ھاریكاری دەوڵەتی تورکیا بێت دژی پەکەکە، دوای ئەو سەردانەی یەکەمی بارزانی ئیدی ھاتوچۆی بۆ تورکیا زیادی كرد، بارزانی ڕاستگۆ بوو بەرامبەر بەڵێنەکەی، ھاوكاری زۆری توركیای كرد، ئێمەش ھاوكارو پشتیوانی بارزانیمان كرد جگە لەچەك یارمەتی ماددیمان دەکرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت