دکتۆر محەمەد تۆفیق زەکەریا: فیکر و فەلسەفەی ئەرستۆ.

وەرگێرانی: ئەردەڵان عەبدوڵڵا
هەرکەسێک ئەفلاتون بناسێت، ئەوا خوێندکارێکیشی دەناسێت کە ناوی ئەرستۆ بوو، دواتر ئەویش دەبێتە فەیلەسوف، دەتوانم بڵێم کە لە مامۆستاکەی زیاتر شۆرەتی پەیداکرد و هەروەها لەرووی بەرهەمی فکریشەوە لەو زیاتر کتێبی نووسیوە.
ئەوەش دەزانین کە دوایین خوێندکاری ئەرستۆ ناوی ئەسکەندەری گەورە بوو” زۆرجاریش بە ئەسکەندەری مەکدۆنی دەناسرێت، و.ک”، ئەمیش هەر کە قۆناغی منداڵی تێپەڕاند و بووە گەنجێکی کامڵ، بوو بە مەزنترین سەرکردەی سەربازیی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەروەها توانیشی گەورەترین ئیمپراتۆریەت دروست بکات کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وێنەی نەبووە.
زنجیرەیەک لە مرۆڤی نا ئاسایی، لە سوچێکی بچووکی گۆی زەویدا لەدایک بوون کە ئەویش وڵاتی یۆنانە، بەتایبەتی لە سەدەی چوارەمی زایینیدا. زۆرجار خوێندکار هەمان رێچکەی مامۆستاکەی ناگرێتە بەر، ئەرستۆ قوتابخانەیەکی تایبەت بە خۆی لە شاری ئەسینا دروستکرد، کە زۆر لە ئەکادیمیەکەی ئەفلاتونی مامۆستای باشتر بوو.
ئیمپراتۆریەتەکەی ئەسکەندەری گەورە، کۆتایی بە شارستانی ئەسینا هێنا، کە خۆی لە شێوازی ” دەوڵەت شاری” دەبینییەوە، ئەمەش باشترین شێوازی حوکمڕانی بوو لە لای ئەرستۆ. ئیمپراتۆریەتەکەی ئەسکەندەر، بریتیی بوو لە کۆمەڵێکی زۆر لە ئێتن و مەملەکەتی جیاواز، کە لە یۆنانی کۆن” ئیغریق” دەسپێدەکات و بەرەو خۆرهەڵات درێژ دەبێتەوە هەتاوەکو دەگاتە نزیکی سنووری هیندستان.
لەناو ئەو ئیمپراتۆریەتەدا، شارە یۆنانییەکان کە ئەرستۆ هەموو هیوایەکی پێیان هەبوو کە ببنە هۆی پێشكەوتنی مرۆڤایەتی، هەموویان ئازادیی و شکۆمەندیی خۆیان دۆڕاند، کە هیچ کاتێک نەیانتوانی جارێکی تر ئەو شكۆمەندییەی جارانیان بگەڕێننەوە.

کوڕی پزیشێک
ئەرستۆ لە ساڵی 384 پێش زایین لەدایک بووەو لە ساڵی 322 پێش زایین کۆچی دواییکردووە. کاتێک سەیری چیرۆکی ئەرستۆ دەکەین، دەبینین کە تێکەڵە لەگەڵ ئەو رووداوانەی کە لەو کاتەدا لە مەکەدۆنیا روویانداوە ، ئەو وڵاتەی کە دەکەوێتە باکووری یۆنان لەسەر کەناری دەریای ئیجە، نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە تێکەڵەیەکن لە یۆنانیی و بەربەر، لەوکاتەدا وشەی ” بەربەر” بۆ ئەوانە بەکاردەهێنرا، کە یۆنانی نەبوون و خەڵکی وڵاتانی تر بوون.
ئەرستۆ وەکو سوکرات و ئەفلاتون لە ئەسینا لەدایک نەبووە، باوکی دکتۆر بووە لە کۆشكی پادشای مەکەدۆنیا، کاتێک منداڵ بوو، لە جەوێکی تەواو زانستیدا دەژیا، باوکی دەیویست وەکو خۆی ببێتە دکتۆر.
لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا، کاتێک باوکی دەمرێت، وڵاتەکەی خۆی بەجێدەهێڵێت و بەرەو باشووری وڵات دێت بۆ ئەسینا، پایتەختی شارستانی یۆنانی، ئەمەش بۆئەوەی پەیوەندی بکات بە ئەکادیمیاکەی ئەفلاتون و لەسەر دەستی ئەو فێری زانست بێت.
لەوێندەر ماوەی 20 ساڵ دەمێنێتەوەو فەلسەفە و ماتماتیک و زانستی ئەخلاق و سیاسەت و جواننناسی دەخوێنێت و فێر دەبێت. بەڵام ئایا جوانیی زانستە؟ بەڵێ ئەویش بەشێکە لە بەشەکانی فەلسەفە.
بەسێ سەدە پێش لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح، لە ئەسینادا ئەرستۆ فەلسەفە و جوانناسی دەخوێنێت، ئێمەش ئێستا لە سەدەی بیست و یەکدا دەژین، تازە قسەوباس لە بارەی سزای قەبر و رەجمکردنی مەیمونی زیناکەر دەکەین و دادگای پشکنینیش بۆئەوانە دادەنێین، کە دژی ئەم بۆچوونانە دەوەستنەوە.

خوێندکارەکەی ئەفلاتون
ئەرستۆ خوێندکارێکی زیرەکی ئەفلاتون بووە، هەربۆیە وەسفی ئەرستۆی دەکرد و پێی دەگوت ” عەقڵی” ئەکادیمیاکەم،بەڵام لەپاش مردنی، کەسێکی تریان کرد بە سەرۆکی ئەکادیمیاکە، هەربۆیە ئەرستۆش ئەسینا بەجێدەهێڵێت و بەرەو باکوور دەڕوات بۆ ئاسیای بچووک و کەناری دوورگەی لیسبوس و ماوەیەک لەوێ دەژی.
ئەرستۆ ماوەیەک لەلای برادەرێکی سەردەمی خوێندکاری دەمێنێتەوە، کە بووبوە حاکمی ئەم دوورگەیە و پاش ماوەیەکیش کچی برای ئەم حاکمە دەخوازێت و خێزان دروست دەکات. پاشان دووبارە حەزی بۆ زانستە سروشتییەکان دەجوڵێتەوەو دەستدەکاتەوە بە خوێندن و سەرنج و تێبینی نووسین، بەتایبەتی لەبارەی ئەو گیانلەبەرانەی کە لە کەناری دەریاکەدا رۆژانە دەیانبینێت، ئەمانە دەبنە ماددەیەکی باش بۆ لێکۆڵینەوە و سەرنجدان.

خەونی شا ڤلیپی مەکدۆنی
لەوکاتەشدا شا ڤلیپی مەکەدۆنیا، پیاوێکی ژیر و بلیمەت و خاوەنی توانا و فیکری بەهێز بوو، ماوەی چەندین ساڵ بوو کاری بۆئەوە دەکرد، کە هەرێمی مەکەدۆنیا، کە ناوچەیەکی هەژار و داماو بوو، زۆرینەی خەڵکەکەی خەریکی ماسیگرتن بوون، ئەم وڵاتە هەژارە بگۆڕێت بە دەوڵەتێکی دەوڵەمەندی بەهێز و ببێتە خاوەنی سوپایەکی بەهێز و تۆکمە.
سوپاکەی ڤلیپ زۆر رێکوپێک و بەهێز بوو، مەشق و راهێنانی زۆریکردبوو، ئامادەبوو بۆ جەنگ، سوپاکە لە کۆمەڵێک هێزی سوارەو پیادەی بەهێز پێکهاتبوو، بەم سوپا و سامانە نوێیەوە، ڤلیپ دەیویست سەرنج و سۆزی شارەکانی تری یۆنان بۆ لای خۆی رابکێشێت، بۆئەوەی بێنە ناو سوپاکەیەوەو پێکەوە پەلاماری ئیمپراتۆریەتی فارسی کۆن بددەن، چونکە لەو کاتەدا بوبووە مەترسییەکی گەورەو بەردەوام بۆ وڵاتی یۆنانی کۆن.
بەڵام شارەکانی یۆنان، گومانیان لە ئامانج و خواستەکانی ڤلیپی مەکدۆنی بوو. بۆ نموونە لە ئەسینادا، دیمۆتینیس کە یەکێک بوو لە بەناوبانگترین وتاربێژی ئەسینا، هەمیشە دژ بە شا ڤلیپ وتاری دەدا و بە ” حاکمێکی دیکتاتۆر و ملهوڕ و زاڵم و ستەمکار” وەسفی دەکرد، دەیوت شا ڤلیپ بە بیانوی ئەوەی هاوکاری گەلەکەی بکات، هاووڵاتیانی وڵاتەکە کردۆتە کۆیلەی خۆی.
هەرلەهەمانکاتیشدا شا ڤلیپ بە دوای مامۆستایەکی یۆنانی تایبەتدا دەگەڕا، بۆئەوەی کوڕە تاقانەکەی ” ئەسکەندەر” فێری خوێندن و نووسین و زانستی بکات. لەوکاتەدا ئەسکەندەر تەمەنی 13 ساڵ بوو. لە ساڵی 343 پ.ز. دا ، شا ڤلیپ پێشنیازی بە ئەرستۆ کرد، کە ببێتە مامۆستای تایبەتی کوڕەکەی. پاش ماوەیەکیش ئەرستۆ پێشنیازەکەی قبوڵ دەکات و دەبێتە مامۆستای تایبەتی ئەسکەندەری کوڕی شا ڤلیپ، کە دواتر بە ئەسکەندەری مەکدۆنی دەناسرێت.
ئەرستۆ و ئەسکەندەری گەورە
لە ساڵی 340 پ.ز تەمەنی ئەسکەندەر تەمەنی بووە پانزە ساڵ و لەجیاتی باوکی حوکمی مەکەدۆنیان دەکرد، لەوکاتەدا خەریکی هەڵمەتی پەلاماردانی شارو ناوچەکانی یۆنانی کۆن بوو.
لە ساڵی 338 پ.ز سوپای ڤلیپ رووبەروی سوپای ئەسینا بوەوە، بەڵام یۆنانییەکان توشی شکستێکی گەورەبوونەوە بەتایبەتی لە مەیدانی خیرونیا، پاشانیش تەواوی وڵاتی یۆنانی کۆن، کەوتە ژێردەستی سوپای مەکدۆنی.
دوو ساڵ دواتر، شا ڤلیپ دەکوژرێت، لەکاتێکدا خەریکی هێرشێکی گەورە بوو بۆسەر وڵاتی فارسی کۆن، ئەسکەندەری کوڕی جێگەی باوکی گرتەوە، ئەمیش لە باوکی زیرەکتر و بلیمەتر و ئازاتر بوو.
یەکەمین کاری ئەسکەندەر ئەوەبوو کە یۆنانییەکان ناچار بکات، ملکەچی حوکمی بن، پاشان دەستیکرد بە پەلاماردانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوین، یەک لەدوای یەک داگیریکردن، سەرەتا وڵاتی میزۆپۆتامیا و دواتریش میسر و ئێرانی کۆن.
ئەو وەکو رزگارکەرێکیش هاتە ئەم وڵاتەنەوە کە داگیری دەکردن، گەلانی ناوچەکەی لە رەگەزپەرستیی و تایەفەگەریی رزگارکرد و دەستیکرد بە دروستکردنی شاری نوێ لەسەر شێوازی یۆنانی کۆن، ئەم شارانەشی کردە سەنتەرێکی باش بۆ رووناکبیریی و شارستانیی و ئیدارە و فەرهەنگی.
بۆ نموونە شاری ئەسکەندەرییە لە میسر و کۆمەڵێک شاری تر لە تورکستان و سنووری هیندوستان. لە ساڵی 323 پ.ز بەشێوەیەکی کتوپڕ، ئەسکەندەر تایەکی بەهێز دەگرێت و پاشانیش دەمرێت. لەپاش خۆی ئەوانەی کە بوونە جێگرەوە، لەپاش جەنگ و ململانێی بەردەوام لە نێوانیاندا، ئیمپراتۆریەتەکە لە نێوان خۆیاندا دابەشدەکەن و بەتەواوەتی وێرانی دەکەن.

قووتابخانەکەی ئەرستۆ
پاشئەوەی ئەسکەندەر دەسەڵات دەگرێتە دەست و ئەسینا داگیر دەکات، ئەرستۆش دەگەڕێتەوە بۆ ئەسینا، لەوێ خانوویەک بەکرێ دەگرێت، کە پێشتر بۆ خودا” ئەبولو لیسیوس” دانرا بوو. ئەبولو مانای میری رووناکی دەگەیەنێت. لیسیوس وشەیەکی لێکدراوی یۆناییە، مانای رووناکی دەگەیەنێت، ئەرستۆ ناوی قووتابخانەکەی نابوو”لیسیوم”.
لە قووتابخانەی لیسیوم، ئەرستۆ دەستیکرد بە کۆکردنەوەی کتێب و دەستنووسەکان، بەتایبەتی لە بارەی زانست بەهەموو جۆرەکانییەوە، ئامانجیش لەمە خوێندن و لێکۆڵینەوە بوو، هەروەها ئەرستۆ باخچەیەکی تایبەت بە رووەکەکان و باخچەیەکیش بۆ ئاژەڵ و باڵندەکان دروستکرد، کە ئامانج لەمەش، تەنها بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوە لەسەرکردن بوو.
بەشێک یان زۆربەی خوێندکارەکانی ئەرستۆ، لەگەڵ سووپاکەی ئەسکەندەر بوون بەتایبەتی لەکاتی هەڵمەتەکانی بۆ وڵاتانی خۆرهەڵات، ئەوانیش هەرچییەکیان دەستبکەوتایە لە رووەک و ئاژەڵ و باڵندەی تایبەت و بیانی، یەکسەر دەیاننارد بۆ قووتابخانەکەی ئەرستۆ لە ئەسینا.
ئەرستۆ لە قووتابخانەکەیدا، خۆی کاری بەرێوبردن و گەڕان و پشکنین لەهەمانکاتیشدا وانەی دەوتەوە، لەهەموو زانستە جۆربەجۆرەکانی کە ئەوکاتە ناسراو بوون. هەروەها ئەو لە هەیوانەکەی کە دەیڕوانییە سەر باخچەکە، لە هەوای پاکو بێگەردا دەهاتودەچوو، وانەکانی بە خوێندکارانی دەوتەوە.
ئەم شێوازە نوێیە لە خوێندن، وای لە قووتابخانەی لیسیوم کرد، ببێتە سەنتەرێکی گەورە بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوە لە زانستی نوێ لەوانە: زانستی سروشتی، فەلسەفە، زانستی سیاسی و هی تریش. بەنیسبەت چالاکییەکانی قووتابخانە و ماوەی مانەوەو دەوام و ژمارەی خوێندکارەکانی، لە قووتابخانەکەی ئەفلاتونی مامۆستای تێپەڕاندبوو. جێگەی ئاماژەیە ئەکادیمیاکەی ئەفلاتون، لەپاش خۆی هەر بەپێی ئەو بەرنامەیە کاری دەکرد، کە پێش مردنی ئەفلاتون داینابوو.
بەڵام مردنی زووی ئەسکەندەری گەورە کۆتایی بە کارو چالاکییەکانی ئەرستۆش لە ئەسینا هێنا. لەوکاتەدا هەستی نیشتمانی لەدژی داگیرکاری مەکدۆنی لەناو ئەسینادا زۆر بەهێز بوو، ئەوانیان بە داگیرکار دادەنا، لەپاش مردنی ئەسکەندەری مەکدۆنیش هێندەی تر ئەم ڕقە بەهێزتر بوو، تا وای لێهات گەلی ئەسینا ڕقیان لەهەموو ئەوانەش دەبوویەوە کە پەیوەندییان بە ئەسکەندەر و مەکدۆنییەکانەوە هەبووە.
ئەرستۆ کە پێشتر مامۆستای ئەسکەندەر بوو، کاتێکیش گەڕایەوە ئەسینا کە مەکەدۆنییەکان داگیریان کرد، هەربۆیە کەوتە بەر هەڵمەتی چاودێرییکردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەسیناوە، هەر لەوکاتەشدا لێرەو لەوێ دەنگ بەرز دەبوویەوە، داوایان دەکرد، کە ئەویش وەکو سوکرات سزا بدرێت و لەسێدارە بدرێت وەکو پێش 80 ساڵ ئەمە روویدا.
بەڵام پێش ئەوەی ئەرستۆ دادگایی بکرێت، جارێکی تر رایکردەوە بەرەو باکوور، ئەمەش وایکرد کە ئەسینییەکان بۆ دووەمجار تاوان بەرامبەر بە فەلسەفە نەکەن، پێویستە باسی ئەوەش بکەین، کە ئەرستۆ پاش دوو ساڵ لە کالییس دەمرێت، لەپاش خۆی وەسیەتی کردبوو کە هەموو کۆیلەکانی ئازاد بکرێن.

قووتابخانەی لیسیوم لەپاش ئەرستۆ
قووتابخانەی لیسیوم بۆماوەی هەشت سەدە بەردەوام بوو، لەلایەن خوێندکارانی ئەرستۆوە بەرێوە دەبرا، هەتاوەکو پاشتر لەلایەن ئیمپراتۆری مەسیحی قوستەنتین ئەم قووتابخانەیە و ئەکادیمیەکەی ئەفلاتون ، قوفلی لێدا و دایخست، چونکە بە فەرمانێک فەلسەفە حەرام کرا و بووە کارێکی قەدەغەکراو.
لێرەشەوە ئیتر ئایین جێگەی فەلسەفە دەگرێتەوەو مەسیحیش جێگەی ئەفلاتون دەگرێتەوە، هەرلێرەشەوە پەردەیەکی قایم و تۆخ بەسەر عەقڵ و فیکردا دەدرێت. لێرەشەوە کاروانی هەزار ساڵەی سەدەکانی ناڤین و سەدەی تاریکی و دواکەوتووی دەستپێدەکات.

سەردەمی ئەرستۆ
ماوەی ژیانی ئەرستۆ، گوزارشت لە قۆناغێک دەکات کە یۆنانییەکان بە ئازادیی و شێوازی تایبەتی خۆیان دەژیان، هەروەها دژی هێرشی بەردەوامی داگیرکاری فارسی دەوەستانەوە.
پاش ئەوە شارە یۆنانییەکان نەیانتوانی پارێزگاریی لە شکۆمەندیی و شارستانی خۆیان بکەن و سەربەخۆیی خۆیان لەدەستدا و قووتابخانەکانیان داخران، ئیتر لێرەشەوە مەشخەڵی رووناکی دەستی بەکوژانەوە کرد لەم وڵاتەدا، تەنها هەندێک قۆناغی یۆنانی کۆن نەبێت، دەبینین تەواوی ساڵەکانی تر، یۆنان لە حاڵەتێکی زۆر خراپدا بوو، خەڵکەکەشی توشی هێزی داگیرکاریی و ناخۆشی بوونەوە، ئەم رەوشەش هەتاوەکو سەدەی نۆزدە بەردەوام بوو. ” واتە هەتاوەکو سەربەخۆبوونی یۆنان لەچنگی داگیرکاری تورکی لە ساڵی 1832 ،و.ک”
ئەرستۆ لەسەردەمانێکدا دەژیا، کە پاڵەوانەکانی سەردەمەکەی دەناسی” مەبەستی ئەسکەندەری مەکدۆنییە”، هەروەها لەپاش خۆشی لەهەموو بوارەکانی مەعریفەدا، فکرێکی مەزن و قووڵی بۆ بەجێهیشتین، لەهەمووشی سەیرتر بە تەنها وشەیەکیش باسی رووداوەکانی سەردەمی خۆی نەکردووە و هیچ هەڵوێستێکی دەربارەی رووداوەکان یان پاڵەوانەکانی دەرنەبڕیوە.
ئەرستۆ هیچ باسی ئەو شۆڕشانەمان بۆ ناکات کە لەو سەردەمەی ئەودا لەدەوروپشتیدا روویان دەدا، ئەو بەچاوی خۆی داگیرکردنی شارەکانی یۆنان و هێرش و پەلاماردانی ئەسکەندەری بینیووە، هەموو ئەمانەش مایەی گرنگی پێدان و بایەخی ئەو نەبوون، هەموو ئەم رووداوانە هیچ بایەخیان نەبووە لای ئەرستۆ.
ئەو زیاتر جەختی لە زۆر شتی قوڵتر و گرنگتر دەکردەوە، بە واتایەکی تر ئەو زیاتر جەختی لەسەر پڕەنسیپ و یاساکانی سروشت دەکردەوە کە ناگۆڕێت، هەروەها گرنگی دەدا بە بوون و هەڵسووکەتی مرۆڤ و مەنطیق و مەعریفە و هونەر.
ئێمە بیرەوەریی وانەکانیمان بینیوە کە بە خوێندکارەکانی دەدا لە قووتابخانەی لیسیوم لە ماوەی 13 ساڵی کۆتایی ژیانیدا، بەڵام بەداخەوە سێ یەکی کارو بەرهەمە فیکرییەکانی ئەرستۆ بەهۆی ئەو جەنگانە لەناوچوون و سوتێنران، کە لە پاش مردنی ئەسکەندەری مەکدۆنی، لە نێوان جێگرەوەکانی پەیدا بوو.
لەناو ئەو کتێبانەی کە بزربوون، وانەو دیالۆگەکانی کە وەکو هەمانشێوازی ئەفلاتون نووسرابون، ئەم کتێبەی بریتی بوو لەهەموو ئەو شتانەی کە نووسیبویی و بەسەر خوێندکارەکانیدا دابەشیکردبوون، لەم وتارانەشدا تەنها لێکۆڵینەوەیەکی کورت نەبێت لەبارەی دەستوری ئەسینا نەبێت، کە لە ساڵی 1890 دا لە میسر دۆزرایەوە، کە ئەویش لەسەر وەرەقەی دارین نووسرابووەوە.
بە رێکەوتێکی زۆر سەیریش، کۆمەڵێک دەستوونوسی تر دۆزرایەوە کە زیاتر ئەوانیش بیرەوەریی و سەرنجەکانی خۆی بووە، کە کاتی خۆی لە قووتابخانەی لیسیوم نووسیویەتی و ئەم دەستنووسانەشی بۆ کاتی جیاواز دەگەڕێتەوە کە لە بیرێکدا لە ژێر ئەرزدا هەڵگیرابوون لە ئاسیای بچووک، خەڵکی ئەمانەیان شاردبۆوە لەترسی ئەوەی نەوەکو پادشاکانی ” بیر گامون” دەستی بەسەردا بگرن و بیبەن بۆ خۆیان و لەکتێبخانەی خۆیان دایبنێن، جێگەی ئاماژەیە مەملەکەتی بیر گامون، دەکەوێتە نزیک شاری ئەنتالیای ئێستای تورکیا.
ئەم دەستنووسانە بۆ ماوەی دوو سەدە لەژێر زەویدا بوون، بەشێکی زۆری بەهۆی کەڕو ئاوی ژێرزەویی و خواردنی لەلایەن گیانلەبەرانەوە لەناوچووبون، پاش هێرشی بەربڵاوی رۆمانەکان بۆ ئاسیای بچووک، ئەم دەستنووسانە دۆزرانەوەو دواتریش گوازرانەوە بۆ رۆما. کاتێک برانە رۆما، زانایەک ئەم دەستنووسانەی بینیبوو، لە بەهای گرنگی تێگەیشتبوو، هەرچەندە دەستنووسەکان لە حاڵەتێکی زۆر خراپبدا بوون، بەڵام ئەو دووبارە دەستیکردووە بە نووسینەوەیان و هەوڵیشیداوە بەپێی تاوانای خۆی لەوکاتدا، ئەو شوێنانەی خراپبووە، باشیان بکاتەوەو بۆشاییەکان پڕبکاتەوە.
لە ساڵی 70 پ.ز لەلایەن فەیلەسوفی یۆنانی ئەندرومیکوس رودس، کە خۆشی هەوادارێکی فەلسەفەی ئەرستۆ بوو، جارێکی تر لەم دەستوونانەی ئەرستۆ کۆڵیەوەو دووبارە نووسیەوە، ئەمەش دەبێتە نووسخەی فەرمی و راستی کارەکانی ئەرستۆ. هەر ئەم نووسخەیەش نووسەرو فەیلەسوفی رۆمانی شیشرۆ دەیخوێنێتەوەو کاری لەسەر دەکات، هەر ئەم نووسخەیەش لە کارەکانی ئەرستۆ لەبەردەستی ئێمەیە، لەپاش ئەمە ئیتر بۆ ماوەی هەزار ساڵ، کاروبەرهەمەکانی ئەرستۆ لەبیر دەکەرێن.
هیچ شتێک هێندەی دۆزینەوەی چیرۆکی زانست و مەعریفەی کۆن سەرنجراکێش و گرنگ نییە، زۆرکەس پێی وابوو کە ئەمانە بۆ هەتا هەتایە نەماون، ئەم زانستانەش بۆ دوو بەش دابەش دەبن:
بەشی یەکەم: مەعریفە و چەمکەکان، کە هیچ شۆڕشێکی گەورە لە مەعریفە و چەمکەکانمان ناکەن، وەکو ئەوانەی کە لە دەریای مردوو دۆزرانەوە.
بەشی دووەم: ئەو مەعریفە و چەمکانە، کە پانتاییەکی گەورە لە فکر و شارستانیی پێکدەهێنێت.

بەرهەمەکانی ئەرستۆ
بەرهەمەکانی ئەرستۆ، بۆ مەسیحییەکانی ئەوروپا لە سەدەکانی ناڤیندا، وەکو نامەیەک وابوون کە لە هەسارەیەکی ترەوە هاتبێت بۆیان. بەرهەمەکانی نزیکەی سێ هەزار لاپەڕە دەبن، کە لە رووی ناوەڕۆکیشەوە پانتاییەکی زۆرباشی زانست و مەعریفەی تێدایە، کاریگەرییەکی ئێچگار گەورە و مەزنی هەبوو، کە پێشتر هیچ فەیلەسووفێک بەوشێوەیە کاریگەری نەبووە لەسەر فکری ئەوروپا. پێشم وایە بەرهەمەکانی ئەرستۆ بۆ گەلانی خۆرهەڵاتی ناڤین، تاکە رزگارکەرە بۆئەوەی لەم حالەتە ناخۆش و خراپەی ئێستایان کە تێیدا دەژین، هەرئەمەش وایکردووە کە ئەم زنجیرە وتارە لەبارەی ئەم فەیلەسوفەوە بنووسم.
ئەرستۆ کەسێکی ڤرە بەهرە بووە، کارەکانی زانستی بیۆلۆژیا و فیزیا و مەنطق و زانستی دەروونسانی، ئەخلاق و فەلەسەفە و زانستی سیاسی گرتۆتە خۆیی و باسی هەموو ئەمانەی کردووە، رێک دەڵێیت لە هەسارەیەکی ترەوە هاتووە، کە زۆر پێشكەوتوو و گەشەسەند بووە لە هی هەسارەکەمان.
کاروبەرهەمەکانی ئەرستۆ کە دۆزرانەوە، بە زمانی ئەسڵی خۆی نەنووسراون کە ئەویش ” یۆنانی” یە، هەروەها لەسەر باشترین قوڕ یان بەردی گرانبەها نەنووسراوە، هەروەها لەناو کۆشکی فەخفوریدا نەپارێزراون وەکو هەموو ئاسەوارە گرنگەکانی مێژوو، بەڵکە ئەوانەی کە دۆزراوەنەتەوە، بریتی بوون لە کۆمەڵێک دەستنووسی وەرەقی کە بەزمانی عەرەبی نووسراون، ئەم دەستنووسانەش کاتی خۆی لە سەنتەرەکانی مەعریفە لە کاتی خۆیدا لە شارەکانی بەغدا و قاهیرە و قوروتبە بڵاودەکرانەوە.
لەپاش رووخانی ئیمپراتۆریەتی رۆمانیی و هەرەسهێنانی سیستمی سیاسی ئەوروپا، کارەکانی ئەرستۆ و هەموو فەیلەسوفانی تری یۆنان، بوونە موڵکی شارستانی عەرەبی تازە لەدایک بوو، کەلەوکاتەدا حوکمی ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین و وڵاتی فارس و باکووری ئەفریقا و ئەندەلوسیان دەکرد، لەکاتێکدا ئەوروپا لەخەونێکی قووڵ و تاریکدا بووە لە سەدەکانی ناڤیندا.
تەنها دەتوانین قسە لەبارەی ئەو ئەو دەستنووسانە بکەین کە دۆزراونەتەوەو لەبەردەستان، دەتوانم بڵێم ئەوانە بەسن بۆ ئەوەی بڵێین کە ئەم پیاوە قووڵی بیرو هزری، بۆتە کۆڵەکەیەکی گەورە بۆ ئەو چادرەی کە شارستانی خۆرئاوایی مۆدێرن لەسەری بنایتنراوەو ئەمڕۆ تێیدا دەژین.
ئەرستۆ بەپێچەوانەی ئەفلاتونی مامۆستایەوە، خاوەنی عەقڵێکی مەنهەجی بوو، کارەکانی مەعقول و مەنتقیین، وتارەکانی زانستین، هەرهەموویان باسی بابەتێکی تایبەت دەکەن، بەپێچەوانەوەی کارو بەرهەمەکانی ئەفلاتوونەوە، کە زیاتر زانست و مەعریفەکانی لە میانەی نیقاش و قسەکانیدا دەردەکەوتن، هەرجارەشی لە بابەتێکەوە باز دەدات بۆ بابەتێکی تر، بە واتایەکی تر فیکرو بۆچوونەکانی رێکنەخرابوون، بەپێچەوانەی ئەرستۆوە، کە فیکرێکی رێکخراو مەنهەجیی بوو.
بەڵگەنامەکانی ئەرستۆ کۆمەڵێک بابەت لەخۆیان دەگرن کە ئەوانیش بریتن لە: مەنتیق، میتافیزیک، فەلەکناسی، فیزیا، بیۆلۆژی، فیسۆلۆژی، زانستی دەروونناسی، ئەخلاق، سیاسەت، بەلاغە و شیعر.
لەهەموو بوارەکاندا، ئەرستۆ کۆمەڵێک رێگە و داهێنانی نوێمان بۆ باس دەکات، پشت بە هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی نابەستێت، بەوەی بەڵێنی بەهەشت و حۆری جوانیان دەستبکەوێت، هەروەها ناشیانترسێنێت بە عەزابی دۆزەخ و قەبر و ئەژدهیای حەوت سەرە، بۆئەوەی خەڵکی باوەڕ بە بۆچوونەکانی بهێنن.
هەمووکەسێک دەتوانێت بە زانستی ئەرستۆ بگات
ئەرستۆ پێمان ناڵێت کە ئەم زانیاریانە وەحی نین لەئاسمانەوە بۆی هاتبێتە خوارەوە، ، بەڵکە ئەو پێمان دەڵێت ئەمانە زانیاری گشتین و هەمووکەسێکیش کە حەز بە زانست و مەعریفە بکات، دەتوانێت ئەم زانستانەی دەستبکەوێت.
هەمووکەسێک دەتوانێت لەرێگەی ئەزمون و بینین و خوێندنەوەو سەرنجدان، ئەم زانیاریانەی دەستبکەوێت، گەر قبووڵت بێت یان رەتی بکەیتەوە، مافی خۆتە و کەسیش ئیجبارت ناکات یان ناتکوژێت و سزات بدات، ئەوەی گرنگ و پێویستە کە تۆ خاوەنی عەقڵ و هەست و سۆزێکی باش بیت.

جیاوازی نێوان ئەرستۆ و ئەفلاتون
ئەوەی ئەرستۆ لە ئەفلاتون جیا دەکاتەوە ئەوەیە، کە ئەرستۆ کوڕی پزیشکێک بوو، لەباوکییەوە فێری ئەوەبوو کە زانستی سروشتی خۆشبوێت و فێری سەرنج و لێکۆڵینەوە بێت لەبارەی گیانلەبەرە زیندووەکانەوە.
دەتوانین ئەوەشی بۆ زیادبکەین، کە ئەرستۆ خوێندکارێکی زیرەک و نەجیبی ئەفلاتون بوو، لە مامۆستاکەیەوە فێری تێڕوانینی فەلسەفی قووڵ بووە بە شێوەیەکی گشتی لەبەرامبەر جیهان و فێری ناسینی سروشتی مرۆڤ و ناخی بووە، هەموو ئەمانەش دونیابینی ئەرستۆی قووڵتر و فراوانتر کردووە.
ئەو لە ئەفلاتونەوە فێری بەکارهێنانی میتۆدی هۆکار و پڕەنسیبی و پەند بوو، بەتایبەتی کاتێک کە بابەتەکە لە سیاقی ئەزمون و سەرنجدان دەردەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەرستۆ ئامادەبوو کە واز لە تیۆریەکەی بهێنێت، کاتێک ئەزمون دەریبخستایە، کە بۆچوونەکەی هەڵەیە.
ئەرستۆ لەیەککاتدا بیرمەندێکی مەزن بوو، لەهەمانکاتیشدا زانایەکی ئەزموونگەرایی مەزن بوو، ئەو زۆرجار دەیگوت، کە ئەم نموونەیە تەواو کامڵ نییە بۆئەوەی بە دەرئەنجامی کۆتایی دەستبکەوێت، گەر لە داهاتووا ئەزمون دەریخست کە ئەو بۆچوونەی راست دەرنەچووە، ئەوا دەبێت بۆچوونەکەت بگۆڕیت.
قسەکانمان لەبارەی ئەرستۆوە بەمە کۆتایی نایەت، بەڵکە لە وتارەکانی تردا، هەوڵ دەدەین بە زمانێکی ئاسان کە هەمووکەس لێی تێبگات، باسی کارو بەرهەمەکانی بکەین، بەو هیوایەی سوودی بۆ هەموان هەبێت.

سەرچاوە: سایتی حوار المتمدن