دلێر محەمەد نوری: کاتێ مەغروورەکان مەسروور ئەبن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە لای هەمووان کە هەرێمی کوردستان بە خراپترین دۆخەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری خۆیدا تێدەپەڕێت. شتێک نەماوە لەم هەرێمەدا مرۆڤ قسەیەکی لە سەر نەبێت. گەندەڵی، خیانەت، جەردەیی و قاچاخچێتی میری، هەڵکشانی ژمارەکانی کوشتنی بکەرنادیار و خۆکوشتن، بێئومێدی، پاوانخوازی، خۆسەپاندن، بەد بەکاربردنی چەک و هێز و دەسەڵات و دادگاکان، لوتکەی بێخزمەتی، بێمووچەیی درێژخایەن… زۆری دیکەش.
ئەگەر ئێمە بزانین کە کلیلی دەرگاکانی چارەسەری هەموو ئەمانە لای خودی دەسەڵاتە و ئامادە نیە بیکاتەوە. ئەگەر ئێمە بزانین پارە و داهات هەیە و دەسەڵات بۆ خۆی قۆرخی کردووە و نایداتەوە. ئەگەر ئێمە بزانین گەندەڵکاران و گەندەڵی لە دەسەڵاتە و لە لایەن خودی دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێت و ئامادەی گۆڕانکاری نیە. ئەگەر ئێمە بزانین دەسەڵات لە بەرژەوەندی خۆی و دژ بە ئێمە چەک و هێز و یاسا و دادگا بەکاردەهێنێ و ئامادەی چاکسازی نیە. ئێمە هەموو ئەمانە و زۆرێک دەردە دەسەڵاتی دیکەی کوردی ئەزانین بەڵام دابەشبوونمان بۆ سێ کۆمەڵ لە جێگەی دوو کۆمەڵ کاری چاکسازی و گۆڕانکاری سڕ کردووە یان هەر لە ناوی بردووە.
ئەمڕۆ هەرێم دابەشی‌ سێ کۆمەڵە خەڵک بووە کە ئەمانەن:

1- ئازادەکان:
هەموو ئەوانەی کە بە بێ بوونی پاڵپشتییەکی یاسایی و پلە و پایەیەکی حزبی و حکومی، ئازادانە دەنگ هەڵئەبڕن، دەست ئەخەنە سەر برینەکان، ڕووە دزێوەکانی دەسەڵات دەردەخەن، خۆپیشاندان ئەکەن و بە ئاشکرا ناڕەزایی دەردەبڕن، لە خراپەکارییەک لە هەر لایەکەوە بێت، بێ بەرژەوەندی و خاترگرتن قسەی خۆیان هەیە، هەموو ئەمانە لە کۆمەڵەی ئازادەکانن. جا ئەمانە هەر سیفەتێکیان هەبێت، سیاسی، ڕۆژنامەوانی، چالاکوانی مەدەنی یان فەرمانبەر و مامۆستا و خەڵکی ئاسایی، ڕاوەدوو دەنرێن، بە ناهەق زیندانی دەکرێن، نانبڕاو دەکرێن، دەست درێژییان دەکرێتە سەر یان تیرۆر دەکرێن. جا تەماشایەکی دەوروبەری خۆتان بکەن بزانن کەسیان لێ ئەناسنەوە. چونکە دواجار ئەمانە کەمینەیەکی زۆر کەمن.

2- کۆمەڵەی زەلیلەکان:
یەکێتی و گۆڕان و حیزبە ئیسلامییەکان و حزبە بچووک و نەوەی نوێش. کە تەنها ناڕەزاییان لەوەدا چڕکردۆتەوە کە لێرە و لەوێ ڕەخنە بگرن، دەنگ هەڵبڕن بۆ ئیستیهلاکی ناوخۆیی و ورەوری هەڵبژاردن. لە کاتێکدا نەمانبینی لە سەر گەندەڵی وداهات و مووچە و قۆرخکاری و ناعەدالەتی و نایاسایی و زۆری دیکەش ئەمانە هەڵوێستی جێگیر و توندیان هەبێت بەوەی بایکۆتی دەسەڵات و پارلەمان و کاری سیاسی بکەن لە گەڵ پارتی وەکو حزب و وەکو دەسەڵاتیش تا ئەو کاتەی مل دەدات بۆ داواکان. ئەمەش بە هۆی ئەوەی یان بەشێکن لەوە سیستمە گەندەڵە یان سودمەندن. بۆیە هەر هەموویان وەها زەلیلن. هەرچی ڕێکخراو و سەندیکا و نەقابە و یەکێتی و کۆمەڵەکان هەیە کە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گرێدرای ئەو دەسەڵات و سیستەم و حزبە زەلیلانەن. ئەمانیش هەر لە زەلیلەکانن. هەموو مەلا و بانگخواز‌ و شێخ و پیاوانی ئایینی سەر مینبەری مزگەوت و مینبەرە جیاوازەکانی ناو سۆشیال میدیاش هەیە لە زەلیلەکانن. چونکە ئەوان دونیای سیاسەت سەروژوور بێت لەو جوخزەی خۆیان نایەنە دەرەوە. ئەوانیش یان گرێدراوی دەسەڵاتن یاخود سود لە گەڕەلاوژێ دەبینن. ئەوان خاوەن سەددان هەزار دواکەوتەی خۆیانن، بە یەک هاوار ئەتوانن کاریگەری دابنێن، بەڵام نایکەن چونکە ئەمانیش لە زەلیلەکانن. فەرمانبەران و مامۆستایان و کاسبکاران، کە زەرەرمەندی سەرەکی دەستی ئەم دەسەڵاتەن، جگە لەو پرتەوبۆڵە و هاتوهاواری ڕۆژانە هەڵوێستێکی توند و ڕاشکاویان نیە بۆ ئەم دۆخە جا یان بە هۆی نەوێڕی یاخود وا بەستەبوون بە حزبی دەسەڵاتدار یان حزبە زەلیلەکان، جا بۆیە ئەمانیش لە زەلیلەکانن. گەر وردی بکەینەوە هەویر ئەم باسە ئاو زۆر ئەکێشێت، زەلیلەکان زۆرینەی زۆری هەرێم پێک دەهێنن. خۆ ئەگەر زەلیلەکان بچووبوونایەتە پاڵ ئازادەکان ئەوا مەغروور خۆی نەدەگرت لە بەریان.

3- مەغروورەکان کێن؟
سەرۆکی مەغروورەکان، مەسروور بارزانییە. ئەو کە بۆ ڕۆژێکیش دەستی بۆ کورد بە ئاودا نەکردووە، نیوەی تەمەنی لە ڕۆژئاوا بە پارەی شۆڕشی سەردەمی باپیری بەڕێ کردووە و نێوەکەی دیکەشی لە سەر کورسی دەسەڵات دانیشتووە. ئەو بە بێ هیچ دەست مایەیەکی سیاسی یاخود خەباتی چەکداری یان مەدەنی گەورەترین دەسەڵاتی ئەم هەرێمەی لە ژێر دەستە. ئەو بەردێکی بۆ کورد لە سەر بەردێک دانەناوە بۆیە بێباک وا خەریکە ئەیرووخێنێ. پارتی بە گشتی و کاراکتەری‌ مەسروور و باوکی لە مەغروورەکانن. چونکە پارتی لە دەست بردن بۆ خیانەت هیچ کات سڵ ناکاتەوە تا ململانێکان بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە، بۆیە مەغروورە. حزبەکانی دیکەی دەرەوەی پارتیش کە زەلیل و ملکەچ و بێ هەڵوێستی جدین هۆکارکی دیکەی ئەم غروورە سیاسییەی پارتی و مەسروورن.
هەر بۆیە لە سەرووبەندی پەسەندکردنی بڕیاری زیندانی کردنی زیندانیانی بادینان ئەم غروورەی مەسروور بارزانی گەیشتە لوتکە چونکە نە گوێی بە دادپەروەری و نە گوێی بە گلەیی و گازندەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و نە گوێی بە گیانی مرۆڤایەتی دەرەق بە خێزان و مناڵانی ئەو گیراوانەدا. ئەو قسەیەی کردبووی نەیکرد بە دوو سوربوو لە سەر سزادانیان و بەمەش یاسای خستە ژێر پێڵاو و تەرازووە خواروخێچەکەی هەرێمیشی هێنایە خوارەوە و پێکەنینێکی خۆی لە جێگەی دانا، بۆیە پێشنیار ئەکەم ناوی خۆی بگۆڕێت بۆ مەغروور چونکە کەسانێک هەن سروور لە غرووردا ئەبینێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت