عیماد عه‌لی: كابینه‌ی نۆیه‌م به‌رپرسه‌ له‌م هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌؟

جارێك راگه‌یاندنی زیادبونی قه‌رزه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌م كاته‌دا جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌. ناكرێت تۆ داهاتی نه‌وتت هه‌بێت و نرخه‌كه‌ی بگاته‌ ئه‌م ئاسته‌ زۆر به‌رزه‌ و هیچ كاریگه‌ریه‌كی ئه‌رێنی له‌سه‌ر زیادكردنی داهاته‌كه‌ت نه‌بێت، له‌كاتێكدا تۆ دامه‌زراندنت راگرتووه‌ و خانه‌نشینی به‌رده‌وامه‌ و به‌ قه‌وڵی خۆت خه‌رجیه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌شت كه‌م كردۆته‌. ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌یت متامنه‌ت پێ بكرێت، به‌دوور له‌ پابه‌ندبون به‌و ده‌ستگیرۆییه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌و ره‌فتارانه‌ی كابینه‌كانی پێشتر، خاڵه‌ ورده‌كانی ئه‌و كێشه‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ خه‌ڵك ئاشكرا یكه‌ و گرفت و خاڵه‌ ئاڵۆز و چڕبووه‌كه‌ی دیاری یكه‌ و خه‌ڵك له‌ رێككه‌وتنه‌ قوڕبه‌سریه‌كان ئاگادار بكه‌ره‌وه‌ و حه‌قیقه‌ته‌كان روون بكه‌ره‌و ه‌، ئه‌وجا ده‌كرێت به‌ هه‌وڵی هه‌مووان و به‌ متامنه‌یه‌كی زۆره‌وه‌ تا رأده‌یه‌ك چاره‌سه‌ریشت ده‌ستكه‌وێت.
بۆچی ئه‌م كابینه‌یه‌ بۆ په‌رێز یاكی خۆیشی بێت خه‌تاكه‌ له‌سه‌ر شانی خۆی لانادات. بۆ ئه‌وه‌ی راستیه‌كان ده‌ربخات؛ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ناداته‌وه‌ كه‌ بۆچی داهاتی نه‌وت ته‌نها 42%ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، كه‌چی كۆمپانیاكان وخه‌ڵكی تری ده‌ره‌كی و ته‌نانه‌ت دوژمنانی گه‌له‌كه‌شمان 58% ی به‌رده‌كه‌وێت و بۆ به‌ده‌نگی به‌رز رایناگه‌یه‌نێت و ناڵێت كێ به‌رپرسیاری یه‌كه‌می ئه‌م ماڵوێرانیه‌یه‌، كێ به‌رپرسه‌ له‌م هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ ده‌گاته‌ ئاستی ناپاكی له‌ خه‌لك و سه‌روه‌ت وسامان به‌هه‌ده‌ردان. بۆچی خه‌ڵكی ده‌ستڕۆیشتووی باڵا به‌ به‌رزكی بانان لێی ده‌رچێت و باجی نه‌زانی و هه‌ڵه‌ و په‌ڵه‌كانی خۆی نه‌دات، كه‌ زیانی گه‌وره‌ی به‌ ته‌واوی پرسی سه‌د ساڵه‌ی گه‌لی كوردستانی گه‌یاندووه‌
فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵاتداری و حوكمڕانی به‌ سۆزداری و بنه‌ماڵه‌یی و خزمخزمێنه‌ به‌ڕێوه‌ناچێت، گه‌ر براكه‌شت هه‌ڵه‌ی كردبوو كه‌ زیان به‌ خۆت وگه‌له‌كه‌ت بگه‌یه‌نێت، ده‌بێت به‌ ده‌نگی به‌رز بۆ خه‌ڵكی مافخوراو و زوڵملیكراوی باس بكه‌یت.
دیاره‌ هه‌شت كابینه‌ی پێشوو، كه‌ داهاتی به‌غدا و نێوخۆییش به‌ لێشاوده‌هات و كوردستانی ته‌نیبوو، حزبه‌كان درێغیان نه‌كرد له‌ گه‌نده‌ڵی و دزی به‌ بێ ئه‌وه‌ی چركه‌یه‌ك بیر له‌ ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان بكه‌نه‌وه‌ و هیچ پێشبینیه‌كی وه‌زعه‌كه‌یان نه‌كرد وسه‌ره‌ڕای زۆری هه‌ڵه‌ و بینینی ده‌رئه‌نجامی خراپی كاروكرده‌وه‌ی خۆیان، كه‌چی دانیان پێدانه‌نا و ماوه‌یه‌كی دورودرێژ خۆیان و خه‌ڵكه‌ حزبیه‌ باوه‌رڕپێكراوه‌كانیان خۆیان به‌ كورسی حوكمرانی كوردستانه‌وه‌ به‌ستبووه‌ وه‌ و به‌ستۆته‌وه‌ وبه‌ تۆپ و تفه‌نگیش لێی نه‌بوونه‌وه‌ و ناشبنه‌وه‌.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، بودجه‌ی حزبه‌كان دیاریكراو نه‌بوو، كه‌س نه‌یزانی بودجه‌یان چه‌نده‌ وبۆچی ئه‌وان له‌ حكومه‌ت ده‌وله‌مه‌ندترن و بۆچی ئه‌وان فه‌رمانڕه‌وای راسته‌قینه‌ن و له‌ راستیدا حكومه‌ته‌ له‌ ئاست حزبه‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كان كارتۆنی بوو، كێ ده‌یزانی پلانی دارایی حكومه‌ت چیه‌ و داهات چه‌نده‌ و چۆن خه‌رج ده‌كرێت. له‌ سایه‌ی ئه‌و پشێویه‌ی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كابینانه‌وه‌ خه‌ڵكی بوده‌ڵه‌ و كاسه‌لێس و شێخانی ده‌ربار بوون به‌ ملیاردێر و داهاتی شایسته‌ی گه‌لی كوردستان چووه‌ گیرفانی ئه‌وانه‌وه‌ و بۆ مه‌به‌ستی كه‌سی وحزبی لافاوی داهاتی كوردستانیان به‌فیرۆداو له‌دواجاردا خه‌ڵك به‌ ده‌ستی به‌تاڵ هاته‌‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌چی ئه‌وان ژیانی خۆیان ئاینده‌ی حه‌فتا نه‌وه‌یان ده‌سته‌به‌ر كرد و ئه‌م كوردستانه‌یان به‌م ده‌رده‌ بردووه‌ كه‌ كلیلی ده‌سته‌به‌ری ژیانی خه‌ڵكه‌ عه‌وامه‌كه‌ و ئاینده‌یان داوه‌ به‌ده‌ستی دوژمنانه‌وه‌، ته‌نها له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سیایه‌تی و بنه‌ماڵه‌ گه‌نده‌ڵه‌ فه‌رمانره‌واكانی كوردستانه‌وه‌ ژیانی خه‌ڵكیان تێكداوه‌.
ئه‌وه‌ی زۆر پێویسته‌ و ئه‌ركێكی جه‌ختلێكراوی ئه‌م كابینه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ڕاست بكات و بیه‌وێت خۆی له‌م به‌رپرسیارێتیه‌ قوتار بكات و هه‌ڵه‌و راسته‌كانی كابینه‌كانی پێشوو بخاته‌ روو و خۆی بێبه‌ری بكات له‌كرده‌وه‌ی ناراستی پێشووی ئه‌وانیتر، ئه‌گینا به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌ویش نه‌ك ته‌نها بۆ له‌م كابینه‌یه‌ به‌ڵكو به‌خۆی به‌رپرسیارده‌بێت له‌ هه‌موو كاره‌ نابه‌جێكانی كابینه‌كانی پێشوش. له‌م باره‌شدا ده‌توانێت خه‌ڵكی پسپۆڕ و دڵسۆزی گه‌له‌كه‌ به‌شداری پێبكات له‌ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی دروست و ده‌رچه‌یه‌كی مه‌عقول بۆ ده‌ربازبون له‌م قه‌یرانه‌ به‌رده‌وامه‌ی كه‌ به‌رۆكی ده‌سه‌ڵات و گه‌لی كوردستانی گرتۆته‌وه‌، به‌وه‌ش ئه‌ستۆپاكی خۆی بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌سه‌لمێنێت.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies